بارزان شێخ عوسمان: بەڵێ با پەروەردەی ئاینیی بخوێنرێت، نەک بە تەنیا ئیسلامیی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چەند رۆژێکە بەهۆی بڵاوبونەوەی دەنگۆی ئەوەی گوایە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەنیازە دەستکاری وانەی پەروردەی ئیسلامیی قۆناغەکانی خوێندن بکات، ڕاو و سەرنجی جیاجیا دەخرێتە ڕوو،کە ئیسلامچییەکان بەهەمو جۆرێک دژایەتیی ئەو بیرۆکەیە دەکەن، هەرچەندە بەداخەوە وەزیری پەروەردە رەتیکردەوە هەوڵی لەو جۆرە هەبێت.
بەندە لە چەند وتارێکدا روانینی خۆم خستۆتە ڕوو کە لایەنگری ئەوەم پەروەردەی ئاینیی بەو جۆرە بێت کە باسی هەمو ئاینەکان بکات، سوکایەتیی بە هیچ کام لە ئاینەکان نەکرێت، لە جێی پەروەردەی ئیسلامیی. ئەو کاتە قوتابیانی سەرەتایی و خوێندکارانی ناوەندیی و هەورازتر ئاشنای هەمو ئاینەکان دەبن، تاکە ئاینێک ناسەپێنرێت.
بەڵێ نەوەی رابردو کە ئێمەیش بەشێکی ئەو سەردەم و رۆژگارەین، وانەی ئاین و مێژو هەر هی ئیسلام و عەرەب بو کە دەمان خوێند، بەڵام بابەتەکان هەموی ئیسلامی سەردەمی مەککە بو کە ئەمانخوێند. هەموی باسی بەزەیی هاتنەوە بە هەژار و باڵندە و ئاژەڵەکان و یارمەتیدانی یەکتریی و چاکەکردن بو، یانی ئیسلامی پێش دەوڵەتداریی بو.
واتە ئیسلامی حوکمداریی نەبو ( ئاخر کە محەمەد پێغەمبەر چووە یەسریب، دینەکەی لە تاکپەرستیی و ویژدانییەوە کردە دەوڵەتداریی و دین و دەوڵەتی کرد بەیەک )واتە ئیسلامی کردە سیاسیی.
بۆیە دوای مەککە هەمو گوتارەکانی ئەو ئاینە لە دینی خۆتان بۆ خۆتان، کێ دەیەوێت ئیسلام بێت یا نا! ئارەزوی خۆیەتی، ئاینەکانی تریش هاوتای ئیسلامن،گۆڕا بە بیانکوژن و لە ملیان بدەن، تەنیا ئایین هەر ئیسلامە و تاکە پەیامبەریش هەر محمدە!.
ئێمە ئەو ئیسلامەی مەککەمان دەخوێند، مامۆستای قوتابخانەکان و مامۆستایانی ئاینییش هەر بەو گیانە ئێمەیان پەروەردە دەکرد کە موسڵمانی بێوەی بین و هەمو دینەکانی تریشمان خۆش بوێت، سوکایەتیی بە کەسانی نوێژ نەکەر یا بێ بڕواش نەکەین.
تەنانەت بە جۆرێک پێکەوە ژیانی ئاینیی و حورمەتگرتنی ئاین و باوەڕەکانی ترمان فێر دەکرا، هەمو خوێندکارەکانی پۆلەکەمان کە سێ کریستیانیمان لەگەڵدا بو وەک برای خۆمان خۆشمان دەویستن دەچوین بۆ ماڵیان. برای گەورە و ئازیزم مامۆستا شێرزاد شێخانی لەوتارێکیدا لە سایتی (وتاریکورد)، لەو بارەیەوە رونکردنەوە و نمونەی زۆر شایستەو جوانی هێناوەتەوە بۆیە بەندە دوبارەیان ناکەمەوە.
ئەمێستا بارودۆخەکە گۆڕاوە پەروەردەکە لە ئاینەوە بوە بە ئیسلامیی، ئیسلامیەکیش کە بیروباوەڕی ئیبن تیمیەو جەمالەدین سەرمەریی و کێ و کێ پەیڕەو دەکات و دەیسەپێنێت، واتە دور لەو ئیسلام و موسڵمانیەتییەی کە کوردی پێ ناسراوە.
ئیسلامەتییەک دەسەپێنرێت کە مناڵی باخچەی مناڵان ئیحرامیان پێ ئەپۆشن و وێنەکەی بەگەورەیی لەگەڵ فۆتۆشۆپێکی کەعبەو مەراسیمی حەج بەدیواری هۆڵەکاندا هەڵئەواسن.
من لە پۆلی یەکەمی ناوەندیی بوم مامۆستای مزگەوتەکەی لای ماڵمان پێی ئەوتم شێخە بچکۆل جارێ تۆ مناڵیت پێویست ناکات بیێیت بۆ مزگەوت بۆ نوێژکردن، زۆر بەدەگمەن رێگە ئەدرا بە گەنجی کەمتر لە 25ساڵ بچێت بۆ حەجکردن.
وەک بیستم ئەم جەژنی پیرۆزی قوربانە بە فیتی داکۆکیکەران لە پەروەردەی ئیسلامیی، مناڵان لەسلێمانی بەماڵاندا دەگەڕان بۆ جەژنە پیرۆزە، لەکاتێکدا مناڵان لە جەژناندا دەچون بۆ سینەما و شوێنی تایبەتی یارییەکان کە پێمان دەگوت(جەژنەکە).
مناڵ تەنیا لە شەوی بەراتدا دەگەڕان ئەوەش نەریتێکی کوردەواریی بو زیاتر نەک ئاینیی. ئێمەی کورد پێش هاتنی ئەمجۆرە ئیسلامەی ئیبن تیمیەی مێشکوشک،ئیسلامێکی جوانی کاک ئەحمەدی شێخانە و مەلای گەورە و مەلا رەسولی سەفوەتیمان هەبو، ئیسلامێکی بێوەی کەس بەکەسی نەدەوت تۆ کافریت، باوک بە مناڵ و خێزانەکەی نەدەوت قسە لەگەڵ مناڵی فڵاندا مەکەن نوێژ ناکەن یا بێ باوەڕن و… هتد.
کەواتە با ئەم وانەیەی ئێستا کە ئیسلامی ناشرینکردوە نەخوێنرێت، بکرێتە پەروەردەی ئاینیی و هەر ئیسلامەکەی سەردەمی مەککە بخوێنرێت، نەک دەوڵەتی ئیسلامییەکەی یەسریب و دواتر بەرەو فراوانخوازیی عەرەبیی بە ناوی ئاینەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت