بەهرۆز جەعفەر: بایدن و لاپید، پرسی ئێران یاخود سەرقاڵی بە داگرتنی نرخی نەوتەوە؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

یەکێک لەو تێبینییە تۆمارکراوانەی، کە ماوەی مانگێکە تا ئەمڕۆ بە جموجوڵ و لێدوانەکانی بایدنەوە دیارەو ئەیەوێت بیشارێتەوە، ئەوەیە کە: هەمیشە ئەیەوێت وا نیشان بدات بۆ پرسی ئاشتی و پێکەوەیی سەردانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردوە. هەروەها بابەتی ئێران و کۆتایی هێنان بە پرسە ئەتۆمییەکەی زۆر زیاتر زەق ئەکرێتەوە. لە ڕاستییدا وەک دەیڤید ماکۆڤیسکی David Makovsky یش لە پەیمانگەی واشنگتۆن لە ژێر ناونیشانی ” What Biden and Lapid Have in Common ” باسی ئەکات هەموو ئەمانە بۆ ئەوەیە پرسی گرانبونی نەوت و گاز و گران کەوتنی لەسەر ئەمریکاو ئەوروپا بشاردرێتەوە. دەیڤید ئەڵێت، تەنانەت لە لوتکەی ناتۆدا بایدن ئەوەندە مەسەلەی ئێرانی زەق کردەوە، وەهای کرد کە ئەجێنداکانی بۆ داگرتنی نرخی نەوت بخاتە گۆشەیەکی بچوکەوە.
ئەگەرچی سێ ڕۆژ پێش دەستپێکردنی گەشتەکەی بایدن بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دیدگایەکی پوختمان بەناونیشانی “جۆ-بایدن و سەردانەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: وەرچەرخان لە سیستەمی نوێی هەرێمایەتی دا” خستەڕوو. ئێستا ئیتر ئامانجە سەرەکی و لاوەکییەکانی ئیدارەی بایدن لەم سەردانەدا زیاتر ڕوونن:
یەکەم/ دابەزینی بەهای یۆرۆ، کەمبونەوەی گازی سروشتی و گرانبونی سوتەمەنی لە ئەوروپاو ئەمریکادا بووەتە بەڵایەکی گەورە. بە جۆرێک لە هەشتا ساڵی ڕابردوودا سیستی ئابوریی وەها ڕووی نەکردۆتە ئەو وڵاتانەی خۆرئاوا، بەتایبەتیش ویلایەتە یەکگرتوەکان، ئەڵمانیا، بەریتانیا، فەڕەنسا ، هەنگاریا و پۆڵەندا لەو ناوچانەی هەژمونی ناتۆن کە تەواو شەکەت بوون بە دەست نەبونی سوتەمەنی و هەڵاوسانی ئابورییەوە. لە زۆربەی ئەو ناوچانەی بەشە باکورییەکەی گۆی زەوی جگە لەوەی زۆر ساردن، ماوەی وەرزی هاوینیان زۆر کەمەو یەکسەر پایز و زستان دێت. ئەمریکا چەندی هەوڵدا..نەوتی هەڵگیراوو عەمبارکراوی خۆی خستە بازاڕەوە، کەچی نرخی نەوت هەر دا نەبەزی!. لەناوەوەی ویلایەتە یەکگرتوەکانیش کۆمارییەکان وەک هەمیشە بۆسەیان بۆ دیموکراتەکان ناوەتەوەو، دەنگە-دەنگ و هەڵڵایان دژی یەکتر گەرم و ئامادەکردوە. بایدن هاتوە کارێک بکات لە ماوەی چەند مانگی ئایندەدا نرخی نەوت داببەزێت. بە ئاشکرا سەرۆکی فەڕەنسا “ئیمانوێڵ ماکرۆن” ئەڵێت “ئەبێت خۆمان بۆ خراپترین سیناریۆ ئامادە بکەین- زستانێکی سارد بەڕێ ئەکەین”.
دووەم: سعودییە دووجار گرنگە بۆ ئیدارەی ئەمریکا، جارێکیان لە بەرئەوەی گەورەترین وڵاتی بەرهەمهێنەری ئۆپیکە، ڕۆژانە (11) ملیۆن بەرمیل بەرهەم ئەهێنێت، جارێکی تریش لە بەرئەوەی بەر بە هەژمون و فراوانخوازی ڕووسیاو چین بگرێت لەناوچەکەدا.
سێهەم/ پرسی ئێران وەک ئەوەی لە کۆنفڕانسەکان و لێدوانەکاندا زەق کراوەتەوە، بە جۆرێک کە ئەوەتا خەنجەری ئەمریکا لە کالا دەرهاتوە و ئێران ئەبڕێت وەها نییە. بایدن بڕوای تەواوی بەوە هەیە لە ڕێگەی دانوستاندنەوە کێشەکان لەگەڵ ئێران چارەسەر بکات، هەر نەبێت کاتیان لەگەڵ بکوژێت و یەکتری سەرقاڵ نەکەن تاوەکو سنورێک بۆ ڕووسیاو چین دائەنرێت. لەگەڵ ئەمەشدا ئیسرائیل دۆستێکی حەیاتیی ئەمریکایەو، ئێرانیش پێویستی بەوەیە سنوری خۆی بناسێت، بەتایبەتی لە مەسەلەی یەمەن و حوسسیەکاندا کە ناوبەناو مەترسی بۆ سەر خەزانەکانی سعودییە دروست ئەکەن.

کێرڤی ئیسرائیل یان یائیر لاپید بەرزبۆتەوە؟
بایەخێکی بێ ئەندازەو پڕ واتا بە ئیسرائیل درا، ئەو بایەخەش موزەیەف بو گوایە بە هۆی پرسی فەلەستینەوەیە یان ئێرانەوەیە. لە بنچینەدا زانیارییە پشتڕاستکراوەکان وەهان کە لەمەولا لە ستراتیجی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتوەکان و ئیسرائیلیشدا کێشەی فەلەستین لە ئەولەویەتدا نەماوە. هەرچی ئێرانیشە ئەگەر “سوپای قودس” بە نمونە وەربگرین کە قاسم سولەیمانی ڕێبەرایەتی ئەکرد، تا ئەم چرکە ساتە یەک گوللەی لە پێناو قودسدا نەتەقاندوە، هەر پەلاماری ناوچەیەکی وەکو کوردستان یان سووننە نشینی داوە لە عێراق و سوریا.. بۆیە لێرەدا بابەتەکە لە دەوری سێ مەبەستی ستراتیجی ئەخولێتەوە:
یەکەم/ پرسی ئیسرائیل ئیمرۆکەو ئەوە دە ساڵیشە بوە بە پرسی گازی سروشتی لە ڕۆژهەلاتی دەریای سپی ناوەڕاست. لە ساڵی ( 2020 ) ەوە بە ژێر ئاودا بە درێژایی ( 1900 کیلۆمەتر) گازی قوبرس و ئیسرائیل گەیشتۆتە یۆنان و لەوێشەوە بۆ ئەوروپا، ئیماراتیش ئەندامە لەم یانەیەی ووزە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی. ئێمە لە حەوت ساڵی ڕابردوودا زۆر لێکۆڵینەوەو وتارمان لەسەر ئەم بابەتە بڵاوکردۆتەوە. بە کورتیەکەی بەستنەوەی کەنداوی عەرەبی هەر لە (دوقم) ی سەر بە سەڵتەنەتەی عەممانەوە تا ئەگاتە سعودییەو ئیسرائیل ( واتە سنوری ئاوەکانی دەریای سپی) پرۆژەیەکە ئیشی لەسەر ئەکرێت.
دووەم/ هەریەکە لە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکان “جۆ-بایدن” و سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری ئیسرائیل “یائیر لاپید” خاڵی هاوبەشیان زۆرە. هەردوکیان لەناوخۆی ووڵاتدا بە دەست پۆپۆلیستەکانی ڕکابەریانەوە (ترامپ و ناتانیاهۆ) ەوە ئەناڵێنن کە ئەیانەوێت دەستەڵات بگرنەوە دەست. هەردوکیان چێژیان لە کۆدەنگی حیزبەکانی ناوخۆی وڵات بینوە لە ڕابردودا، بەتایبەتی لاپید بە هۆی یەکگرتنی هەشت لایەنی جیاوازەوە “هاوپەیمانی گۆڕان” پلەکەی وەها بەرزبۆتەوە. ئەگەرچی ئەوکاتەی لاپید وەزیری دارایی بوەو بایدن جێگری ئۆباما بوە لە ساڵی (2013 ) یەکتریان بینیوە! ئیمڕۆکە لاپید سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەرە، بە پێی یاسای ئیسرائیلیش سەرکوەزیرانی کاربەڕێکەر هەموو ئەو دەستەڵاتانەی هەیە کە سەرەکوەزیرانێکی ئاسایی هەیەتی. لە نۆڤەمبەری 2022 هەڵبژاردن لە ئیسرائیل بەڕێوە ئەچێت، هیچ ڕوون نییە دوای هەڵبژاردنیش بەو ئاسانییە حکومەت پێک بێت، بۆیە لاپید لە شوێنی خۆی ئەمێنێتەوە.
سێهەم/ تا ئەو ئاستەی کە بایدن دوپاتی کردەوە ئەو زایۆنیستە. ئیسرائیل و ئیسرائیل و ئیسرائیل وتراو ئەترایەوە. ئەو بایەخە گرنگەی بایدن بە ئیسرائیل بەشێکی پەیوەست بو بە بایەخدان بە یائیر لاپیدەوە، بەشەکەی دیکەشی پەیوەست بو بەوەی بایدن ئەیویست خاڵی جیاوازی هەڵوێستی خۆی و ئیسرائیل دەرهەق بە ئێران بشارێتەوە.

دەرئەنجام و سیناریۆکان
سەڕەڕای هەموو هەوڵ و پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان و بیرکردنەوە لە بەکارهێنانی ووزەی پاک، هێشتا جیهان ڕۆژانە (100.29) سەت ملیۆن و بیستونۆ هەزار بەرمیل نەوت بەکارئەبات. لە دوای ئەو قەیرانە جیهانییەی بۆ ووزەو ئاسایشی خۆراک و پرسی ئاسایش بەگشتی دروست بوە، بە سێ ڕێگە ویستێکی گەورە هەیە بۆ دابەزاندنی نرخی نەوت (گاز هەر بەگرانی ئەمێنێتەوە):
– لە ڕێگەی سعودییەو عێراق و قەتەرو ئیمارات کە هاوکار بن لە خستنە ڕووی زیاتری کاڵاکە بۆ ئەوەی نرخ لە بازاڕدا دابەزێت.
– لە ڕێگەی خاوکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ڕووسیاو ئۆکرایناوە، لە لوتکەی G-7 سەرۆکی ئۆکراینا “زیلینسکی” ئاماژەی بەوەدا کە ئاسۆیەک هەیە لە کۆتایی ئەمساڵی 2022 ەدا بگەنە ڕێککەوتن!.
– لە ڕێگەی ئەوەی ووڵاتانی گەورە بەکارهێنەری نەوت و پیشەسازی کەمترین نەوت بڕی بەکاربهێنن کە ئەوانیش : ئەمریکاو چین و هیندستان و سعودییەن. ئەوەش بەهۆی بڵاوبونەوەی چینی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا! و جۆرەها نەخۆشی پەتای دیکە! کە وا ئەکات ئەو ماوەیە کارکردن خاو بێتەوە…
بازاڕی نەوت هەمیشە نا سەقامگیرە. ڕۆژێک نرخی نەوت لە (20 بۆ 30 $) دۆلاردا ئەبینین، بەڵام لایەنی کەم تاکۆتایی ساڵی (2022) و سەرەتای (2023) ش نرخی نەوت نایەتە خوار ( 70 ) دۆلارەوە، بەڵکو هەر لە دەوروبەری ( 100$) و سەرووتردا ئەبنینرێت. ئینجا گرنگ ئەوەیە ئەم ماوەیە کە نرخ بەرزە ووڵاتێکی وەکو عێراق و هەرێمێکی وەکو کوردستان بەپەلە ژێرخانێکی بەهێز دروست بکەن و بە شێوەیەکی زانستی کەڵک لە دەرفەتەکە وەربگرن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت