دانا مەنمی: کابینەی نۆیەم و سەرچاوەی هێزی جەنابی برا گەورە!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

خوێندنەوە و هەڵسەنگاندن بۆ سێ ساڵی تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکومەتەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان پێویستی بەدیراسە و لێوردبونەوەو وردبینی هەیە، وتارەکەی مەسرور بارزانی شانی خۆی کابینەکەی لە شکستی سیاسی و خولقاندنی قەیرانەکان و تێکچوونی دۆخی ئابوری و ئاسایش و سەقامگیری خەڵک پاکناکاتەوە، وێڕای ئەوەی کابینەی نۆیەم بە کابینەیەکی چاکسازیی ناسرا،نەک نەیتوانی چاکسازی ئەنجام بدات، بەڵکو هیچ کابینەیەک هێندەی کابینەی نۆیەم قەیرانەکانی کەڵەکەترو سیمای دوو ئیدارەیی قوڵتر نەکردەوە، هەر زوو کابینەی نۆیەم قەیرانی بە قەیران سپاردو تەسلیم بە شکستی ئیداریی و دواتریش شکستی سیاسی و پاشەکشەی دیپلۆماتی و شکستی دیموکراسی و پاشەکشەی ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی میدیایی بیستراو بینراو نوسراوو شکستی متمانەی خەڵک و هێزە سیاسییەکانی تری بە دوادا هات.
کابینەی نۆیەم کە بە ناوی حکومەتی ئیتیلافی پێکهینرا هیچ مواسەفاتێکی هاوبەشی و شەراکەتی ڕاستەقینەی بۆ یەکێتی و گۆڕان تێدانەبوو ، بەشداری پێکردنی یەکێتی و گۆڕان هێندەی بۆ ئیحتیواکردن بوو هیندە بۆ شەراکەت و هاوبەشی پێکردن نەبوو، هەم یەکێتی و هەمیش گۆڕان نەیانتوانی ببنە بەشێکی جدیی لە شەراکەت و نە توانیشیان ببنە هاوبەشێکی ڕاستەقینە لە کابینەکەی برا گەورەدا ! یەکێتی و پارتی وەک هەمیشە یەکتر بە خیانەتکار دەزانن بەڵام لە نەگونجانا گونجاون بۆ بەهێزبون و مانەوەی خۆیان زوو زوو خۆیان دەگۆڕن و دەزانن چۆن لەژێر سێبەری هاوپەیمانیەتیدا بەیەکەوە بمێننەوە! بزوتنەوەی گۆڕانیش وەک کارتێکی سوتاو ناتوانێت پاشەکشە بکات و مانەوەشی لە کابینەی نۆیەمدا ئامانج ویستەکانی بەدەست ناهێنێت ، بزوتنەوەی گۆڕان لەم دواییانەدا گوتاری سیاسی خۆیان بەرامبەر پارتی و کابینەی نۆیەم گۆڕیووە ، بەڵام تازە گۆڕان وەک هێزێکی سیاسی و میراتی نەوشیروان مستەفا ناتوانێت پێگەی خۆی بە دەات بهێنێتەوە و رۆژ-دواى-رۆژ لاوازتر ده‌بێت!
بەشێکی شکستەکانی کابینەی نۆیەم دەگەڕێتەوە بۆ کەسایەتی مەسرور بارزانی کە هیچ ستراتیژێکی بۆ چاکسازیی لە کەرتی گشتیدا نییەو خاوەنی کەسایەتییەکی وشک، سەربازی، دژە دیموکراتیک، هەواڵگری هەیەو تاکڕەوانە سیاسەتەکانی جێبەجێ دەکات و پشت ئەستورە بە مەسعود بارزانی باوکی و پاشانیش پشت ئەستوریشە بە حیزبەکەی، گومانیشی تیدا نییە مەسعود بارزانی بەتەواوی هێزیەوە لەپشتی کوڕەکەیەتی! دواجار مەسرور بارزانی پشت ئەستوریشە بە پەڕلەمانی کوردستان کە بووەتە دیوەخانێک بۆ شانۆگەرییەکانی حیزبەکەی و زۆر ئاسان پارتی دەتوانێت بۆ هەر پرۆژە یاسایەک 50+1 تێپەڕێنێت، بەدرێژایی تەمەنی خولەکانی پێشووی پەرلەمان هیچ خولێک هێندەی خولی پێنجەم وابەستەی حیزب و خێزانە سیاسییەکان نەبووە و پارتیش هیچ حیسابێک بۆ پارلەمانی کوردستان ناکات.
مەسرور بارزانی و کابینەکەی نەک نەیانتوانی گەندەڵییەکانی نێچیرڤان بارزانی ئامۆزای تێپەڕێنێت و هونەری ئیدارەدان لە قۆناغێکەوە بگوازێتەوە بۆ قۆناغێکی باشتر، بەڵکو نەشیانیوانی برینەکانی شکستی ریفراندۆم و یاریکردن بە چارەنووسی خەڵکی کوردستانیش ساڕێژ بکەن ! کابینەی نۆیەم لەو جۆرە کابینانەیە کە میللەت دەڕوخێنێت لە کاتێکدا هەموو گەلێک مافی ئەوەی هەیە کە حکومەتی گەندەڵکار بڕوخێنێت ، سەرچاوەی هێزی جەنابی برا گەورە لە لە غیابی پەڕلەمان و نەبوونی یاساو تێکشکاندنی پایەکانی دیموکراسییدایە، هێچ کوردێک دڵی بەم کابینەیە خۆش نییە و تەنانەت ئێستا پارتییەکانیش پەشیمانن لە گۆرانی گوتن بە باڵای کابینەی نۆیەم و جەنابی برا گەورەدا ، کابینەکەی جەنابی برا گەورە سیمایی دوو ئیدارەیی، دوو میلیشیایی ، گەندەڵیی، تۆختر کردووەتەوە ، سەرباری پاشەکشەی ئازادی و شەڕی نان و مووچە لەگەڵ خەڵکی کوردستان و دەرگای سنورەکانیش کراوەیە بۆ هێزە داگیرکەرەکان کە بە درۆن لە پێنجوێن و گەرمیان و دەڤەری ڕاپەڕین خەڵک تیرۆر بکەن ، نەبونی سیاسەتێکی نیشتیمانیی بۆ پەیوەندیی لەگەڵ بەغداد، لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و دونیادا ئەو کێشانە کە لە کابینەکەی جەنابی برا گەورەدا زەقتر بووەتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت