عەبدولکەریم شێخانی: خرتکە و پرتکە/ بەشی بیست و پێنج.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەنگەرگۆڕکێ بە پێی بەرژەوەندی هەندێک کەس باشی لێ دەزانن
ئەم شیعرە عەڕەبییە زۆرجار بۆ کەسانی ترسنۆک هیچ لەبارانەبوو بە نموونە دەیهێننەوە:
و فی الهیجاء ماجربت نفسی ولکن فی الهزیمة کالغزال
منیش وام کورداندووە:
خۆم تاقی نەکردۆتەوە نازانم چۆنم کاتی جەنگ
بەڵام لە هەڵاتنا وەک ئاسک ڕادەکەم کڕو بێ دەنگ
ئەمە زۆر کەس دەگرێتەوە لەوانەی لە هەموو ژیانیاندا شەڕێکیان بەرانبەر دوژمنی کورد نەکردووە, بەڵام دەکرێن بە پاڵەوان و پێشمەرگەی سەنگەر دەبێ کڕنووشیان بۆبەرن.
ببوورن هەندێک جار پەنجە بۆ سەردەمێک درێژ دەکەم کە نەوەی نوێ نەک هەر نەیدیوە , بەڵکو نەشیبیستووە . هەشن کە گوێیان لەو بابەتانە دەبێ تەقەى سەریان دێ وهەر دەڵێی گوێزیان بۆ دەژمێرن. ئەمە لە لایەک, لە لایەکی دیکەشەوە کەسانێک بەپێی قازانج و بەرژەوەندی خۆیان بیرو ڕای سیاسیی خۆیان دەگۆڕن و ئەوەی دوێنێ باوەڕیان پێی بوو و داکۆکییان لێ دەکرد و لە هەمان کاتدا هێرشیان دەکردە سەر یەرانبەرەکەیان, ئێستا داکۆکی لێ دەکەن و هێرش دەکەنە سەرئەوەی دوێنێ بە بیروباوەڕی پیرۆزیان دەزانی. بە کورتی ئەوەی دوێنێ بە پیرۆزیان دەزانی و داکۆکییان لێ دەکرد, ئەمڕۆ تفی لێ دەکەن وئەوەی دوێنێ تفیان لێ دەکرد ئەمڕۆ بە پیرۆزی دەزانن. ( سبحان اللە یا مغیر الأحوال ) نازانم چۆن بیروباوەڕچۆن ئاوەها بەزوویی دەگۆڕێ؟! لەم ڕووەوە شتێکی سەیرتان بۆ دەگێڕمەوە.
ساڵی 1952 ی سەدەی ڕابوردوو دکتۆر ( محمد مصدق ) بوو بە سەرۆک وەزیرانی ئێران. ئەو کەسێکی نیشتمانپەروەر و دیموکراتخواز بوو. ئەندامانی ئەنجومەنی وەزاڕەتەکەی هاوشێوەی خۆی بوون, بە تایبەتی ( حسێن فاطمی ) ی وەزیری دەرەوە. مصدق بۆ ئەوەی سامانی وڵات بپارێزێ و لەدەستی کۆمپانیا تاڵانکەرەکانی بێگانەی بەریتانیا و ئەمریکای دەربێنێ, نەوتی خۆماڵی کرد. ئەو پیاوە پشت ئەستوور بوو بە گەلی ئێران و ویستی سامانی ئێران بۆ گەلەکەی بگێڕێتەوە, بەڵام کۆمپانیا قۆرخکەرەکانی دەست بەسەر نەوتدا گرتوو ئەو هەنگاوەی (مصدقیان) پێ قبوول نەکراو کەوتنە هەوڵدان بۆ لادانی لە حوکم, ئەمە جگە لەوەی کە شای ئێرانیش خۆی کە ئەڵقەلەگوێێەکی ئیمپریالیزمی جیهانی بوو, بەتایبەتی ئەمریکا. لەو سەردەمە ئایەتوڵڵایەکی سەرسەخت لەئێران وەک خومەینی دەستڕۆیشتوو بوو ناوی ( آیت اللە ی کاشانی ) بوو کە بەرهەڵستکارێکی گەورەی دکتۆر مصدق بوو. لە بیرمە گۆڤاری ( روزا الیوسف ) ى مصری وینەیەکی کاریکاتێریی بڵاوکردبووەوە مصدق و شا یاری ( شطرنج ) دەکەن, لە ژێری نووسرابوو مصدق لە جیاتی (کش مەلیک) بە شا دەڵێ (کش کاشانی ). ساڵی 1953 شای ئێران هەڵات و سەرەتا هات بۆ بەغدا و ئینجا چوو بۆ ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا. لەو ماوەیەدا گەلی ئێران, بە تایبەتیش گەلی کورد بەشەقامەکاندا بڵاوبوونەوەو خۆشیی خۆیان دەردەبڕی. لەو سەروبەندەدا مامۆستا هێمنی نەمر شیعرە بەپەلەکەى ( بڕۆ شای خوێری بەغدا نیوەی ڕێیەت بێ )ی نووسی و وەکو خۆی دەیگوت شەو و ڕؤژ خەڵکی لەشارەکانی کوردستان هەڵدەپەرێن و ئەو شیعرەیان دەگوتەوە. بەڵام بە داخەوە ئەو خۆشییە درێژەی نەکێشا و( ژەنەڕاڵ زاهدی ) بە پشتیوانیی ئەمریکا کۆدەتای سەربازیی بەسەر مصدقدا کردو ئەرتەشی ئێران دەستی بەسەر وڵاتدا گرت و دکتۆر مصدق و یارانی لە وەزیر و سیاسەتمەدارانی پێشکەوتنخواز گیران. ( حسێن فاطمی ) خێرا خۆی شاردەوە و بەردەست نەکەوت. بەڵام دواتر گیرا و یەکێک لە دەستوپێوەندەکانی شا کە بە شەعبانی بێ موخ ( شەعبانی بێ مێشک ) ناسرابوو لەکاتی گرتنەکەی دایە بەرچەقۆ, بەڵام نەمرد و گەیاندیانە نەخۆشخانە و تیماریان کرد و کە چاک بووەوە لەسێدارەیاندا. مصدق درایە دادگاو داواکاری گشتی پیاوێک بوو بە ناوی (عقید ئازموودە). زۆر هێرشی دەکردە سەر دکتۆر مصدق و تۆمەتی دەدایە پاڵ. مصدق گوتی؛ ئەو ئازموودەیە کە بەو شێوەیە من تاوانبار دەکا, کاتی خۆی نامەی بۆ ناردووم و خاک و پام بووەو خۆی بە دڵسۆزی من داناوە, کەچی ئێستا بەو شێوەیە تۆمەتم بۆ هەڵدەچنێ. بەداخەوە لە کاتی دەسگیر کردنم و پشکنینی ماڵەکەم ئەو نامەیەی ئازموودە ون بوو. ئازموودە نکوولی لەوە کرد کە ئەو نامەیەکی لەو جۆرەی بۆ ناردبێ. لێرەدا مصدق نامەکەی ئازموودەی لە نێو پەڕە کاغەزەکانی بەردەمی خۆی دەرهێنا و گوتی؛ فەرموو سەرۆکی دادگا ئەمە نامەکەی داواکاری گشتییەکەتانە کە نکوولی لێ دەکات. ئای لە شەرمەزارییە, بەڵام ئێستاش کەسانی وەک ئازموودە هەن و هەموو شتێک دەکەن لە پێناوی بەرژەوەندی خۆیان هیچیان پێ شوورەیی نییە بۆ وەدی هێنانی قازانج و دەسکەوتی خۆیان و بگرە ئەوەندە بێ چاو و ڕوون, شانازیشی پێوە دەکەن.
توخوا با ئەم ڕووداوەشتان بۆ بگێڕمەوە. دەڵێم چەند خۆشە کە مرۆڤ خوا دەرگای لێ کردەوە, ئەویش دەرگای کراوە بێت بۆ نەدار و لی قەوماوان. دەوڵەمەندەکانی ئێمە کە شەیتان دەرگای لی کردوونەتەوە, کتکی کوێر نمەکیان ناکات و هەر لەسەر یەکی دادەنێن, خوایە خۆیان و کەسو کاریان لێی نەخۆن و خێری لێ نەبینن و لەپاشیان بەجێمێنێ.
ژنێک مێردەکەی بێ توانا بوو و هەتا بڵێی نەدار بوون. چوو بۆ ماڵی پیاوێکى هەبووە و دەوڵەمەند و لە دەرگای دا. خزمەتکارێک دەرگاى کردەوەو هاتە دەر و پێی گوت؛ چیت دەوێ؟ ژنەکە گوتی ک دەمەوێ چاوم بە گەورەکەت بکەوێ. خزمەتکارەکە گوتی تۆ کێی؟ ژنەکە گوتی پێی بڵێ خوشکت هاتووە. خزکەتکارەکە دەیزانی کە خاوەن ماڵ خوشکی نییە. چووە ژوورێ و گوتی گەورەم ژنێک لەبەر دەرگایە و دەڵێ گوایا خوشکى جەنابتە. گوتی: بیهێنە ژوورێ.
ژنەکە چووە ژوورێ و پیاوەکە بە ڕوویەکی خۆش پیشوازیی لێ کرد و لێی پرسی: خوا ئاگادارت بێ, تۆ کامە خوشکمی؟ ژنەکە گوتی لە ئادەم.
پیاوە دەوڵەمەندەکە لە دڵێ خۆیدا گوتی وا دیارە ژنێکی زۆر هەژار و بێ دەرەتانە, بەو خوایە دەبێ من یەکەم کەس بم کە یارمەتیی بدەم.
ئینجا ژنەکە گوتی: براکەم ڕەنگە یەکێکی وەک جەنابت نەزانێ هەژارى چەند تاڵە, هەر لەبەر نەدارییە من و مێردەکەم لەسەر دوو ڕیانی لێک جیابوونەوەین, ئایا تۆ شتێکت هەیە بۆ ماڵ لێ تێک نەچوون و ڕۆژی لێک نەترازانمان؟ ئەوەی ئێوە هەتانە کۆتایی دێت, بەڵام ئەوەی لاى خوایە هەر دەمێنێ و کۆتایی نایە.
کابرا گوتی دووبارەی بکەوە. ئەویش دیسان گوتیەوە و دووباروی کردەوە. سێ جار پێی دووبارە کردەوە. بۆ چوارەم جار کە داوای لێ کرد, ژنەکە گوتی: پێم وانییە تیم گەیشتبیت و ئەو هەموو دووبارە کردنەوەیە سەرشۆڕییە و فێر نەبووم لە خوا بەولاوە سەر بۆ کەسی دیکە شۆڕ کەم و خۆم زەلیل کەم.
پیاوەکە گوتی: بەو خوایە قسە جوانەکەتم بەدڵ بوو و ئەگەر هەزار جار دووبارەت بکردبایەوە, بۆ هەر جارێک هەزار دەرهەمم دەدایتێ.
ئینجا بە پیاوەکانی گوت: 10 حوشتری مێ ( لۆک) ی بدەنێ و مەڕیش چەندی خۆی ویستی و پارەش زیاتر لەوەی خۆی دەیەوێ, ئاخر با کارێک بکەین بۆ ڕۆژی بەیەک گەیشتن, چونکە ئەوەی ئیمە هەمانە دەبڕێتەوەو نامێنێ, بەڵام ئەوەی لای خوایە هەردەمێنێ بێ کۆتاییە. کۆتایی هات.
دەوڵەمەندە لەخوا نەترسەکان, ئەوەی ئێوە هەتانە چۆن بەئاسانی و بێ ماندوو بوون و زوو دەستتان کەوتووە, هەر بەو زوویی و ئاسانییە لەدەستتان دەچێ, ئەگەر بۆتان دەکرێ ڕاسپێرن گیرفان بۆ کفنەکانتان بکەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت