نەوزادى موهەندیس: جۆبایدن سەرۆکی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چی دەوێت؟ چی دەدات؟

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئاشکرایە سیاسەتی ئەمریکا لەسەرەتای دامەزراندنیەوە و تائەوکاتەی لەسەرەتای جەنگی یەکەمی جیهانیشەوە وەک زلهێزێکی دونیا دەرکەوت،هەمیشە سیاسەتەکانی دەرەوەی لەسەر پاراستن و دەسکەوتنی بەرژەوەندیەکانی خۆی داڕشتوە و زۆرجارانیش وەک بازرگانێکی سیاسی مامەڵەی کردوە و هەمیشە مامەڵە سیاسەکان و ڕێکەوتن و گفتوگاکانیشی لەنێوان خۆی یان بەرامبەردا و تەنانەت وەکو ناوبژیوانێکیش هەمیشە بنەمای بەچەند ڕێکدەکەویت یان چەندەت پارە پێویستە؟ و…هتد.پیادەکردوە..
ئیدی لای ئەمریکا نە بیروباوەڕ پیرۆزە و نە ناو وناوبانگ و نەجێگە و پیگە و نە ئاین و نەتەوە و تایەفە و… هتد.
ئەوەتا هەربۆخۆی سەردانی سعودیەی کرد و دەستی خستە ناو دەستی محمد بن سەلمان کە کەمتر لەساڵک ناویدەهێنرا بە بکوژی ڕۆژنامەنوس عدنان خاشقوجی. بەهەمان شێوە ئەردۆگانیش هەرهەمان کاری کرد. هەموو ئەم شەڕ و پێکەوەنانی بەرەیەش سەنگەری یەکەمی عێراقە بە خاک و گەلەکەیەوە و لەناویشیاندا کوردیش هەیە و پڕیشکی باش یان خراپی بەردەکەوێت.
ئاشکرایە بۆخۆی ئەمریکا لە ئیستادا لە لوتکەی قۆناغی سەرمایداریدایە بەهەموو پۆخڵەوات و نەرێنیەکانی ئەو سیستەمە دژە مرۆڤایەتیەوە. بوشەتە تاکە زلهێزی بەهێزی دونیاش و گەرەکێتیشی هەموو ویستەکانی بۆبێتەدی جا بەخۆشی بێت یان بە جەنگ و داگیرکاری و کاولکاری بێت.
هەموو ئەم قسانەمان تا سەرەتای ساڵی 2000کان ڕاستبوون، بەڵام لەسەرەتای هەزارەی سێهەمەوە ئەمریکا تاکە باڵادەست و زلهێزی بێڕکابەر نەما لە جیهاندا، لەپاڵ کێبڕکێکەرە تەقلیدیەکەی کە ڕوسیا بوو چینی ورچە نوستوەکەشی هاتۆتە پاڵ و لە ئێستادا بەجدی چین بۆتە مەترسی گەورەی شاراوە و ئاشکرا بۆ سەر ئەمریکا و بەرژەوەندیەکانی.
بایدنی پیرە سەرۆکی ئەمریکاش لەم سەردانەی بۆ ئیسڕائیل و فەلەستین و دواتریش سعودیە چەند شتێکی دەوێت لەهەموان وەک:
1. ئاسایکردنەوەی پەیوەندی نێوان ئیسڕائیل و سعودیە بەپلەی یەکەم. چونکە تائێستا بەناویش بێت سعودیە وەکو دەمڕاستی جیهانی ئیسلامی ناڕازیە و نایەوێت ئەو کارە بکات. بەڵام بایدن بەگێڕانەوەی دوو دورگەی بچوک لەدەریای سور لەلایەن ئیسڕائیلەوە بۆ سعودیە. سعودیە ڕازی بوو بۆ یەکەم جار بواری ئاسمانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئیسڕائیلدا بکاتەوە و هەر بایدنیش یەکەم گەشتی ئاسمانی ئەنجامدا.
2. بایدن دەیەوێت ئیسڕائل بکاتە وڵاتێکی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەکو هەموو وڵاتانی تری ناوچەکە لەڕێگەی بەشداریپێکردنی لە هاوپەیمانی و بەرەی دژ بە ئێران و ڕوسیا و چیندا.
3. لەفەلەستینیەکانی دەوێت چیدی واز لە توندوتیژی بێنن و ڕووبکەنە کاری پێکەوەی و پێکەوەژیان لەگەڵ ئیسڕائیلدا لەناو دوو وڵاتی جیاواز و سەربەخۆدا. ئەمریکاش بەپێدانی هاوکاری مادی و تەکنەلۆژیا هاوکاریان دەبێت.
4. ئەمریکا لەلوتکەی وڵاتانی ئەنجومەنی کەنداوی 6 وڵاتەکە + میسر و تورکیا وئوردون و عێراقیش.گەرەکێتی هاوپەیمانی و بەرەکە فراوانتر و توندوتۆڵتر بکات. دژ بە ئێران و ڕوسیا و چین.
5. ئەمریکا بەکورتی دەیەوێت بەرژەوەندیەکانی خۆی لەم ناوچەیەدا بپارێزێت لە دابینکردنی نەوتی عەرەبەکان و ڕاوەستانیان لەیەکبەرەی دژ بە ئێران و ڕوسیا و چیندا کە بونەتە مەترسی سەرەکی بۆ سەر بەرژەوەندیەکانی و هاوپەیمانەکانیشی.
* لەبەرامبەریشدا ئەمریکاش هاوکاری مادی و سەربازی و تەکنەلۆجی بۆ هەموان دابین دەکات ولەسەر حسابی گەلان و سەروەت و سامانی میلەتانی ناوچەکە. چونکە ئاشکرایە تاکو ئێستا لەسەر خاکی خۆی هیچ شەڕێکی نەبوە و تەنها لەدەرەوەی سنورەکانی هانی شەڕ و پشتیوانی لەجەنگ و داگیرکاریەکان دەکات.
* کۆمەڵێک کێشەی تری ناوچەکەش هەر لە کێشەی لیبیاوە تا سوریا و عێراق و یەمەن و چەکی ئەتۆمی ئێران و… هتد. لەبەرنامەی کارەکانیدایە.گەرەکێتی ئەم وڵاتانە بکاتە قەڵغانێکی پتەو لەبەرامبەر هەڕەشە و هەژمونەکانی ڕوسیا و چین و ئێراندا.
بۆیە ئەم گەشتەی بایدنیش گەر ڕۆژان و مێژوو بەسەریدا تێپەڕ بکەن هەموان ئەنجامەکانی دەبینین بەشکست یان سەرکەوتن. چونکە وەک دەوترێت ئەوەی لای عەبد خەیاڵە لای خودا بەتاڵە. ڕەنگە ئەوەی لای ئەمریکاش پلانبێت بۆ ئایندە لای ڕوسیا و چین بەتاڵببێتەوە. هەموو جارێکیش ڕەشەبا بە ویستی کەشتیەکان هەڵناکات!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت