دلێر محەمەد نوری: بەردی ڕەجم و چیمەنی فووتباڵ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

1/ تۆپی پێ، لە دونیادا بووە بە یەکێک لە پیرۆزییەکان. هەواداری تۆپی پێ ڕەنگە لە ژیانیدا زۆر شتی گرنگی لە دەست چووبێت، بە هۆی بیرچوونەوە، بەڵام بۆ جارێکیش یارییەکی تۆپی پێی، خولێکی گرنگی ئینگلیزی، ئیسپانی یاخود جیهانی، تۆپی پێی لە دەست خۆی نەدابێت. هەن لە کاتی کاری ڕۆژانە و ژیانی خێزانی ئەگرن، لە پێناو دیتنی یارییەکی تۆپی پێی گرنگ. هەشن لە لای خاوەن کار، خۆیان دەکەن بە نەخۆش، تا یارییەکی ڕاستەوخۆ ببینن. جارێکیان، لە کۆگایەکی ئامێرە ئەلکترۆنییەکان، تەلەفزیۆنێکی زۆری، شاشە گەورەم بینی، کە لە نرخی خۆی کەمتر ئەفرۆشران. لە هۆکارەکەم پرسی، وتیان هیچ خەوشێکیان نیە، لێرە کڕیار مافی گەڕاندنەوەی ئامێرەکانی هەیە، تا ماوەی مانگێک. بە دڵنیاییەوە، ئێوەش ئەزانی، کە یارییەکان جامی جیهانی، کۆتاییان هاتووە، ئیتر کاتێتی ئامێرەکان بگێڕنەوە و ڕوو بکەنەوە شاشە بچووکەکەی خۆیان، بۆ سەیری هەواڵ و پرۆگرامەکانی دیکە. ئەمەش، فێڵێکی دیکەی، هەوادارانی وەرزشییە، تا لە شاشەی گەورە و گران بەها و بە کواڵیتی‌ بەرز، یارییەکانی مۆندیال ببینن. ئەمە ئەگەر هیچمان پێ نەڵێت، پێمان ئەڵێت، پیرۆزی تۆپێ پێ و هەواداری بۆ یانەیەکی دیاری کراو، هیچی وای کەمتر نیە، لە پەرستنی خودایەک، یان هەواداری بۆ ئایینێک.
لە پشووی ئەم هاوینەدا، سەردانی یاریگای (کامپ نو) ی بەرشلۆنەم کرد. جگە لەوەی سەردانی ئەم یاریگایە، وەکو مۆزەیەک، پارەیەکی زۆری گەرەکە، بەڵام هەروا ئاسانیش لێی دەرناچیت. لەوێدا، ڕێستورانت و کافتریای تایبەت بە یانەکەش هەن، کە بە نرخێکی گران، خواردەمەنیت پێ دەفرۆشن، هەروەها وێنەت، بۆ فۆتۆشۆپ ئەکەن لە گەڵ یاریزانان و زۆر چالاکی دیکەی بە مەسرەفیش. لە هەمووی سەیرتر، ئەم یانە پیرۆزەی جیهان، خەریکی بنیات نانەوە و گەورە کردنی یاریگاکەیانن لە ئێستادا. ئەو چیمەنە دەستکردەی یانەکەیان، هەڵتەکەندووە و بە لوولەکی قەبارە گەورە گواستوویانەتەوە بۆ شوێنی مەبەست. وەکو ئەڵێن، یاریگاکەیان خستووەتە سەر پلێت. لەولاشەوە، لە سوچێکی یاریگاکەدا خەریکن، بابەتی سەرنجڕاکێشی وەکو، مەدالیا و هەندێ بابەتی نایابی، تایبەت بە هەڵواسین بە ساردکەرەوە و دیواری ماڵدا، بە هەواداران و گەشتیاران ئەفڕۆشن. یەکێک لەو بابەتانە، پارچەیەک لەو چیمەنە دەستکردەی یاریگاکە بوو، کە بە مادەیەکی نایلۆن، لە قاڵب درا بوو کە پێوانەکەی 3×2 سەنتیمەترێک ئەبوو. نرخەکەی 6 ئیرۆ بوو. ئەگەر ئێمە بزانین یاریگایەکی یاسایی 100×64 مەترێک بێت، ئەوا ئەگەر پارچە پارچە بکرێت، بە ئەندازەی 3×2 سەنتیمەترێک، ئەوا بە ئاسانی 106600 دانە، لەم پارچە چێمەنە دەستکردە لە قاڵبدراوەی، تیا ئەبێت. ئەگەر هەر دانەی بە شەش ئیرۆ بێت، ئەوا نزیکەی 640 هەزار ئیرۆ، لە پاشماوەی ئەو چیمەنە کۆنە، بۆ یانەی بەرشلۆنە، لە سەر گیرفانی گەشتیاران کۆ دەبێتەوە. بەو پێیەی کە نە یانەی بەرشلۆنە لە مێژوودا ون ئەبێ و نە چیمەنی دەستکردی کۆن هەڵاتوو لە بەرشلۆنەدا ئەبڕێ، ئەبێت ئەم تیجارەتە هەر بەردەوام بێت.
2/ ئاشکرایە کە ئایینی ئیسلام، پیرۆزی خۆی هەیە، لە نێو موسوڵماناندا. شەیتانیش وەکو سیمبولی شەڕانگێزی، بە نەفرەتکراوە لە لای موسوڵمانان. ساڵانە لە وەرزی حەج کردن و لە کاتی عەمرەشدا، ملیۆنان موسوڵمان، بۆ گەشتی بە جێهێنانی مەراسیمی حەج کردن، ئەچنە مەکە. یەکێک لەو نەریتە ئایینیانەی ئەبێت ئەنجام بدرێ، بەردبارانکردنی شەیتانە. ژمارەی ئەو بەردانەی دەبێت بگیرێتە شەیتان، لە لایەن هەر موسوڵمانێکەوە، دەبێت 21 بەرد بێت. قسەگەلێکی زۆر هەیە، لە بارەی نرخی ئەو کیسە بەردانەوە. بەڵام بە پێی هەواڵێکی سایتی (العرب الاقتصادیة) بێت، لە دوای نەمانی کیسە بەردی ئامادەکراو، لە فرۆشگاکانی نزیکی نزارگەی شەیتان بەردبارانکردن. لە دەستی دوو لە مەکە، کیسەیەک بەرد کە تەنها 21 بەردی بچووکی تێدا بووە، دراوە بە نزیکەی 12ریاڵی سعودی. ئەم بڕە پارەیە، دەکاتە 4- 5 دۆلاری ئەمریکی. کەواتا هەتا هەوادارانی حەج هەبن و باوەر بوون بە شەیتانی لەعین هەبێت، ئەم تیجارەتەش بۆ وڵاتی سعودیا بەردەوام ئەبێت. هەر بە پێی ماڵپەڕی (CNBC العربیة) بێت، ژمارەی حەجکەرانی ئەمساڵ گەیشتە 900 هەزار کەس. خۆ ئەگەر هەر جاجییەک 5 دۆلاری دابێت بە بەرد. ئەوا کۆی داهاتی بەرد فرۆشتن گەیشتۆتە 4٫5 ملیۆن دۆلار، تەنها لەم مانگەدا. خوا نەێبڕێ لە سایەی سەری شەیتاندا.
ئەگەر کەمێک ژیرانە بیر لەم جۆرە بازرگانییە بکەینەوە، کە جۆرێکە لە یاریکردن بە هەست و سۆزی مرۆڤەکان و پارەکێشانەوە لێیان، ئەوا چ پێویست ئەکات 6 ئیرۆ بدرێ بە 3×2 سم چیمەنی دەستکرد و 21 بەردی ڕەجم کە هەر دوای گیرانە ئەو شەیتانەی کە دیاریش نییە لەوێیە یان نا، کۆ دەکرێنەوە و دووبارە بە مام حاجی ئەفرۆشرێنەوە، تا لە سعودیە پاشاکانی حەج و لە بەرشەلۆنەش پاشاکانی تۆپی پێ، خۆشگووزەر بژین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت