عارف باوەجانی: ئایا کورد دەبێت مافەکانی خۆی بە ئێرانی داهاتووەوە ببەستێتەوە، یا چارەی دیکە بدۆزێتەوە.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دەستپێک: بۆ ئەوەی دوورکەوینەوە لەو هزرە ژەهراوییەی کە چەندین ساڵە بە گوێماندا دەدەن. کە گوایا ئێمەی کورد خاوەنی هەموو ئێرانین و نابێت بیر لەدابڕانی بکەینەوە. بۆ ئەوەی نەکەوینە داوی ئەو سۆزدارییە هەڵەیە تا ڕێگربێت لە بیری نەتەوەییمان. پێویستە بیر لە ئاوەدانی و ڕزگاریی ماڵی خۆمان بکەینەوە و ماڵی خەڵکیش حەڵالی خاوەنی بکەین. کوڕی خۆمان نەدەین بە کووشت بۆ دیمۆکراسی تاران و چەپ و سوسیالیزم. بە شێوەی خوارەوە بابەتەکە دەخەمە بەر دەستان.
ناوی ئێران وەک جێگرەوەی ناوی فارس ( پەرسیان ) لە کەیەوە هاتووەتە کایەوە.
بۆ ئەوەی بە کورتی و بە کوردی تێبگەین لە ناوی ئێران وەک جێگرەوەی ناوی پەرسیان، لە کەیەوە بە چی مەبەستێکەوە هاتووەتە کایەوە. چۆن و یستیویانە نەتەوەی دیکەی غەیرە فارس بخزێنە نێو دەسەڵاتیان، لە ژێر ناوی وڵات و دەسەڵاتی هاوبەشدا! خاک و نیشتیمانیان لێداگیر و زەوت بکەن.
لە پاش نەمانی دەسەڵات و ئیمپراتۆری ماد لە ناوچەکە، دەسەڵاتێکی دیکەی کۆپیکراوی پاشماوەی ماد، بەڵام لە ژێر ناوێکی دیکە بووە بەمیراتی فارسەکان. بە گوێرەی هێندێک سەرچاوەی جۆراوجۆر وا ئاماژەی پێدەکرێت کە گوایا وشەی “فارسی”. لەلایەن یۆنانیەکان لە سەدەی پێنجەمی پێش زایینی بەکارهاتووە. وەک Pérsēs, Persikḗ وPersís . کە وەک ئاماژەکردنێک بووە لەو سەردەمەدا گوایا بە ئیمپراتۆریەتی کورشی گەورە. لەو کاتانەی یۆنانیەکان بەوێدا تێپەڕیون ئەوانیان دیتووە کە بەردەوام پاسەوان بوون. وشەی پارس لە ئەسڵدا بە کەسانێک وتراوە وەک پاسەوانی ئاژەڵ و گیانلەبەران بە کار هاتووە. ئیتر بەو شێوە ئەو کەسانە لەو سنوورە تایبەتەدا بە گرووپێک یا هۆزی پارسەکان، بە پێێ گۆڕانکاریەکان، لە باتی وشەی (پ) وشەی (ف) بە کار هاتووە، لەوەشدا پارس کراوە بە فارس. بەو پێناسە مێژووییە ئەوانیش بە شێکی بچووکن وەک هۆزێک لەو سنوورانەی کە تا ئێستاش لە چەند شارێکن و جیاوازن لە شاری نەتەوەکانی دیکەی بندەست. بەڵام لە دزینی مێژوو فەرهەنگی نەتەوەکانی دیکەش تا ئێستا لە پلەی یەکەمدان.
بە پێی هۆشیاری زیاتری خەڵک لە سەردەمانی دەسەڵاتدارێتی ئەواندا، سەرهەڵدان و ڕاپەڕین و مافویستی چەند نەتەوەیەکی بندەستی وڵاتانی هاوسنووری ئێران سەریهەڵدابوو، لە مەترسی ئاسیمیلاسێوندا بوون دەستیان دابووە خەباتی ڕزگاری نەتەوەیی و توانیان سەرکەوتن بە دەست بهێنن. ئاکامی خەباتی ئەو نەتەوانە وایکرد کە ڕەزا پەهلەوی هەست بە مەترسی ڕاپەڕینی گەلانی مافزەوتکراوی نەتەوەکان لە ژێر دەسەڵاتی خۆیاندا بکات، لەوەی نەوەک کە گوایا بیری نەتەوەیی لە نێوانیاندا سەرهەڵبدات. وەک یەکەم هەنگاو هەوڵی گۆڕینی ناوەکەی لە فارس^ پەرسیان^ دا بۆ ئێران. واتە ڕەزا شای پەهلەوی لە نەوڕۆزی ساڵی 1935داوای لە نوێنەرانی بیانی کرد کە ناوی ئێران وەک ناوێکی فەرمی لە نامە فەرمییەکاندا بەکاربهێنن.
مانای وشەی ئێران: لە پاش بیرکردنەوە لە گۆڕینی ناوی فارس بۆ ئێران، بیریان لەوەش کردووەتە کە ئەو ناوە تازەیەش دیاری دەکەن، بە زەقی هەمان ناوەڕۆک و دەسەڵاتی خۆیان پێشانبدات. بە واتای >ئاری< کە بە جۆرێک بە مانای” ئاریان لە دەسەڵاتی پێشوویاندا بووە، کردوویانەتەوە بۆ ئێران. لە پاش تێپەڕبوونی 24ساڵ بە سەر گۆڕانکاری ناوەکەی لە فارس بۆ ئێران، دیسانەوە شۆفینیستی فارسی بیریان لەگەڕانەوەی ناوی فارسی کردووەتەوە، بەڵام ئەمجارەیان وەک پێویست سەرکەوتوو نەبوونە. ئەویش ئەوە بووە کە حکوومەتی محەممەد ڕەزا شای پەهلەوی (کوڕی ڕەزا شای پەهلەوی) لە ساڵی 1959. ڕای گەیاند کە دەتوانرێت هەم وشەی “فارس” و ” ئێران” هەردووکیان بە شێوەی فەرمی لە ئیدارە ناوخۆییەکان و وڵاتان بەکاربهێنرێن.
هەرچەند لە ئێستاشدا لە زۆر بواردا هەردوو ناوەکەیان دابەشکردووە، بە تایبەت لە بوارەکانی مێژوویی و پیشەیی، وەک .ئاسەوارە مێژووییەکان، دەریا و پێگە مێژووییەکان، فەرش و بابەتە دەستدرووستەکان، بەشێک لەمانە هەر بە ناسناوی پەرسیان یا فارس ناویان دەهێنن. بەلام لە بابەتی حوکمداری و سیاسیدا ناوی ئێران دەهێنن. لەو بوارەدا بۆ خۆیان بە سەدان مێژوو سینارێوی سەیر و سەمەرەیان دروستکردووە، خۆیان کردووەتە قارەمانی مێژوویی جیهاون و بە شان و باڵی مێژوویی خۆیاندا هەڵدەدەن و هەزاران پەرتووکیان نووسیوە، کە من بە پێویستی نازانم لەوە زیاتر لەو بەشە خوێنەری پێوە ماندوو بکەم.

ئایا ئێرانی داهاتوو چۆن چاوەڕێ دەکرێت و چۆن دابەش دەبێت؟
وەک لە بەشی ژمارە یەک ئاماژەم پێکرد. کە ڕەزا پەهلەوی بۆ خۆی باش دەیزانی کە خاکی زیاد لە ٧ نەتەوەیان داگیرکردووە و لە ژێر ناوی فارسی بۆیان پینەناکرێت وناشاردرێتەوە. هەوڵیدا بە گۆڕینی ناوەکە لە فارسەوە بۆ ئێران گوایا سۆزی نەتەوەکان بۆ یەک جۆغرافیای هاوبەش ڕابکێشێت. بێجگە لە سەردەمانی سەدەکانی پێشتووتر کە پەیتا پەیتا خەباتی ڕزگاریخوازی درێژەی هەبووە، بەڵام کۆتایی سەدەکانی٢٠ و سەرەتای سەدەی٢١دا، خەوەکانی ئەوانی بە تەوای شێواند و بە خەباتی نەتەوەیی و ناسیونالیستی و نیشتیمانویستی لە نێو گەلی کورد و گەلانی دیکەی بندەست بە شێوەیەکی سەردەمیانە سەریهەڵدایە. لە ئاکامدا کۆماری کوردستانی بە شوێندا هات، لەم سەردەمانەی سەرەتای سەدەی بیست ویەکەم، ڕاپەڕینەکانی کوردستان و ئەحواز و بەلووچستان، زۆربە ڕوونی دیارو بەرچاوە، کە هەیکەلی ئێرانی داهاتوو! درزێکی زۆر زۆری تێکەوتووە، و نەک بە وردە بەرد و لم پینە ناکرێت بگرە بە تابووکی شیرازیش بەرگە ناگرێت. پێگەکانی وا خەریکە لە هەیکەڵی ئیمپراتۆرییە خەیاڵیەکەیاندا دەپچڕێت، و نەخشە پشیلەیەکە دەشێویت ودەبێتە دیزانی چەند باڵندەیەکی ڕەنگاوڕەنگی ئازادیخواز. لە ئاکامدا زیاد لە حەوت جۆغرافیای بە زۆر داگیرکراو سنووری خۆیان ڕادەگەینن، و کەش و هەوای یەکدەسەڵاتی داگیرکەری حاکم بۆ هەمیشە لەو مێژووە دروسکراوەی سەدانساڵەیان کۆتایی پێدێت.
ئەو نەتەوە حاکمەی کە هەمیشە لە هەوڵی تێکدانی دەسەڵاتی دەوروبەرەکەی بووە، بۆ ئەوەی ئاژاوە لە ناو مالی دراوسێکانی درووستبکات، ئەمجار وڵاتانی دیکە، لە باتی پشتیوانیکردنی بە پێچەوانەوە دەکەونە تۆڵەکردنەوەی هەمیشەیی لەو جۆرە دەوڵەت و حاکمیەتە.
ئیتر تاران وەک ناوەندی دەسەڵات بۆ چارەسەری کێشەکان نابینرێت.
ئەو بەڕێزانەی کە هەمیشە دەڵێن هیچ ڕێگە چارەیەکی دیکەمان لە بەردەست نییە، تەنیا گەڕانەوە بۆ دیالۆگ لەگەڵ تاران. دەبێت ئەوە باش بزانن کە نەمانی ئەم ڕێژیمە نەمانی ئیمپراتۆری فارسییە بۆ هەمیشە لە ناوەچەکەدا. هەر بۆیەش حیزبە ئوپوزوسیونەکانی دەرەوەش هەستیان بەو ڕاستییەکردووە. هەموومان دەبینین کە ئەوان لە حاکمانی ئێستای کۆماری ئیسلامی خراپتر لەگەڵ گەلانی بندەست دەدوێن، و دەسانن ئایندەی ئەوان ئاییندەیەکی کەمینەیە.
بۆیە پێویستە کەسانی سیاسی و چالاکی کوردستانی، لە ئێستاوە بیر لەوە بکەنەوە ئەو تارانەی کە ئێستا وەک هێزێکی سەربازی خۆی پێشاندەدا، هۆکاری ئەوەیە کە کۆنترۆڵی بە سەر ئەو هەموو سنوور و سەرچاوە ئابوورییەی گەلانی بندەستدا هەیە. بەڵام کاتێک لانیکەمی٧٠٪ خاک و خەڵک و سنوور و ئابوورییەکانی نەتەوەکانی بندەستی لە دەستدا، ئیر ئیفلیج دەبێت، وەک نەتەوەکانی : کوردستان، ئەحواز، بەلووچستان، ئازەربایجان، تورکمەنستان و لوڕستان و قەشقایی و کاسپیان و چەندین وردە نەتەوەی دیکەی. ئیتر ئەو پۆز و هێزەی جارانی نامێنێت کە لە ئاست نێودەوڵەتیدا حیسابی بۆ بکرێت. نابێت گەلی کورد و گەلانی دیکەش، بە وشەی دیمۆکراسی و پێکەوە ژیان لەو سەردەمەدا شاندەنە ژێر باری لاری فارسەکان و زیندوویان کەنەوە، هاوشێوەی ئێراقی پاش 2003. دڵنیاشبن کە هەر تۆزێک بە خۆیان کەوتنەوە! وەک ئەزموونی سەرەتای ساڵی 1979یەکەم کاریان پەلاماردانی گەلی کورد و گەلانی دیکەی بندەست دەبێت.
کەوابێت گەورەترین هەڵەی مێژوویی سیاسی دەبێت، ئەگەر خەڵکی کورد و گەلانی دیکەش لە هزری ئەوەدابن بۆ داهاتوو بیر لە ئێرانێکی بە هێز بکەنەوە. بێگوومان وەک پێشەی فارسان لە سەرەتاوە زمانیان لە هەنگوین شیرینتر دەکەن، تا پشتیوانی و دەنگی گەلان بە دەستدێنن و خۆیان پووخت و پۆشتە دەکەنەوە. جا دواتر دڵۆپی هەنگوینەکە دەبێتە ژەهری تاڵ بۆ سەر گەلان، و دیسانەوە دەبێت شاخ هەڵبژێرینەوە بۆ بەرەنگار بوونەوەیان. لەو کاتانەش پشتیوانی نێودەوڵەتی لە دەستدەین، چوون وڵاتێک بۆ خۆمان ڕۆڵی سەرەکی لە درووستبوونی بگێرێن، چۆن دەبێت دژی ڕاوەستینەوە. پەشیمانیش لە پاش لە دەستدانی ئەو هەڵە نۆییە هیچ دادێک نادات، و ڕۆڵەکانی وڵاتمان لەگەڵمان ناکەون و دیسانەوە چارەنووسی خۆیان نادەنەوە دەست 50 ساڵی دواتر.
حکوومەتی تاڕاوگە! تاکە ڕێگە چارەسەرە لە ئێستادا؟
ڕێگە چارەی دروست ئەوەیە کە پارت و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەر لە ئێستاوە بیر لە دروستکردنی حکوومەتێکی کاتی لە تاڕاوگە بن. بۆ ئامادەیی تەواو لە ئەگەری پاش نەمانی ئەم ڕێژیمە. بۆ ئەوەی بە شارەزایی پێشوەختە بە شێوەیەکی ڕێک و پێک ئیدارەی سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەن. بە واتای ئیدارەیەکی باشی ئارامی، ئابووری و سیاسی و پەرلەمانی، لە سەرەوەی هەمووشیەوە ئاسایشی تەواوی بوارەکانی کوردستان بکەن. بەو شێوەیە بۆچوونەکان لە سەر ناوەندی فارسان پێچەوانە دەبێتەوە. لە باتی ئەوەی بگووترێت تاران ناوەندی چارەسەرە، ئەو کات هەم کرماشان دەبێتە ناوەندی ئاشتی بۆ کێشەکانی دەوروبەر، هەم کرماشان دەبێت ناوەندی دیالۆگی کوردی فارسی، لە سەر شێوەی دەرکردنی دەسەڵاتیان لە سەر خاکی کوردستان.
دیسانەوە دەیڵێمەوە کە ئامادەکاری لە چوارچێوەی حکوومەتێکی کاتی پارت و لایەنە سیاسییەکان، بۆ هەر ئەگەرێکی ڕووخانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران. یارمەتیدەر دەبێت بۆ پاراستانی خاک و سنووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە:
یارمەتیدەر دەبێت بۆ: پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانی کوردستان لە پیلانی دەزگای وڵاتانی داگیرکەر گرووپە تووندڕەوەکان.
یارمەتیدەر دەبێت بۆ: ڕیگردتن لە دابەشبوونی دەسەڵاتی گووند و شارەکان بە سەر دەسەڵاتی حیزبەکاندا.
یارمەتیدەر دەبێت بۆ: پاراستنی گشت بەڕیوەبەرایەتی دامودەزگاکانی کارو ژیانی رۆژانەی خەڵک.
یارمەتیدەر دەبێت بۆ: پاراستنی بانک و سەرچاوەکانی دیکەی ئابووری وەک چاڵەنەوتی و گازییەکان. خەزینەکانی دیکەی زێرو سامانی وڵات.
یارمەتیدەر دەبێت بۆ: چاودێری کۆنترۆڵی گومریکی وڵات لە ڕێگەی ئەو حکوومەتە کاتییەوە.
هەروەها یارمەتیدەر دەبێت بۆ : خۆ ئامادەکرن بۆ هەڵبژاردنێکی خاوێنی سەرتاسەری کوردستانی لە نێوان 6 مانگ بۆ 1 ساڵی پاش نەمانی حکوومەتی ئێرانی، لە ناوچەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان. کە دەیان خالی دیکەی گرنگ کاری ئەو حکوومەتە کاتییە دەبێت. بەو شێوە کوردستان پێچەوانەی زۆر ناوچە و نەتەوەی دیکە، هەم پاڕێزراو دەبێت، هەم نموونەی حوکمداری و ئەزموون دەبێت، و سەرنجی دۆستانی جیهانیش بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت