بەیان ئیبراهیم: ژن و بەرپرسیاریەتی ئابوری و ژێرخانی خێزان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

جیهان لەبەردەم گۆڕانکارییەکی خێرادایە، گۆڕانکارییە سەربازیەکان و ململانێی نێوان وڵاتانی زلهێزی دنیا بە تایبەت شەڕی ڕوس و ئۆکراین جیهان دەباتە سەر هێڵی کارەساتێک کە دەکرێ تاک بەتاکی مرۆڤی سەر زەوی بگرێتەوە، بە تایبەتی تریش سەرکێشانی جەنگ لە سەربازییەوە بۆ ئابوری، بە جۆرێ پێداوێستی ڕۆژانەی هەر تاکێک لە ڕوی بەهاوە دوو قات و سێ قات بەرز دەبێتەوە، ئەمەش وا دەکات ئەرک و کاری هەر تاکێک بە تایبەت چینی خوارەوە نەتوانێ بایی ئەوە بێت بەو داهاتەی هەمانە پێداویستی ڕۆژانەی پێدابین بکەین، وە بەهۆی سیستەمەکانی بەڕێوەبردنی وڵاتانەوە ناعەدالەتیەکی گەورە هەیە و ئەمەش وا دەکات زیاتر چینی ناوەڕاست بڕوخێ، بۆیە هەموو خێزانێک و لە ناویاندا تاک و لەو وڵاتانەی هەژارن و دراویان لەبەرامبەر دراوی جیهاندا بەهای کەمە و سیستەمی بەڕێوەبردنیان خراپە، تاک و خێزان ڕوبەڕوی دنیایەک ئاستەنگی ئابوری و بژێوی دەبنەوە، لەم نێوەندەدا هەرێمی کوردستان هەمان شەپۆلی هەڵئاوسانی ئابوری و بەرزبونەوەی نرخی کاڵاکان دەیگرێتەوە، دەبێ ژن وەک تاک و خێزان وەکو یەکەی پێکهاتەی کۆمەڵگا خۆیانی بۆ ئامادە بکەن.
هەرێمی کوردستان سەرچاوەی داهاتی تەنها نەوتە و سێکتەرەکانی تر ڕۆڵێکی کەمیان هەیە، وەک کشتوکاڵ و گەشت و گوزار، ئەوە پیشەسازی زۆر کەمە، ئەگەرچی بە هۆی جەنگەوە نرخی نەوت بەرزە، بەڵام هێشتا ناگاتە ئەوەی خۆمان بۆ بەرزبونەوەی نرخی کاڵا و پێداویستی ڕۆژانە ئامادە نەکەین ، لە ئاستی حکومەتدا دەبێ پلان هەبێ بۆ ژیاندنەوەی سێکتەرەکانی تری ئابوری ، لە ئاستی خێزاندا دەکرێ هەر خێزانە و بەرنامەیان هەبێ بۆ ڕوبەڕوبونەوەی کێشەی پێشبینی کراو.
لە هەرێمی کوردستاندا پێداویستیەکانی خاک و ژینگەیی لەبارە بۆ خۆژیەنی بۆ ئاژەڵداری و کشتوکاڵ ئەمەش دەبێتە هۆیەکی خۆژیەنی و پڕکردنەوەی پێداویستی تاک و خێزان ، لە حاڵەتی کێشەی بەرزبونەوەی کاڵاکان دەتوانرێ پشتی پێ ببەسترێ و تەنها پێویستی بە زانست و شارەزایی و دەستی کار و سەرچاوەی مرۆییە ، لە ئێستادا دەکرێ لە گوندەکانەوە پلان هەبێ هەر خێزانە کار بکات بۆ دابین کردنی پێداویستیەکانی ڕۆژانە، چونکە گوندەکان و زەوییە کشتوکاڵییەکان وەک مەخزەنی مەتبەخی شارەکان دەبینرێ ، خۆ ئەگەر پێشتر بە هۆی سێکتەری نەوت و بەرزبونەی بەهای دیناری عێراقی مەحزەنی مەتبەخەکانمان بە نرخێکی زۆر کەمتر لەوەی خۆمان بیکەین مەحزەنەکانمان پڕ بوبێ لە کاڵای ئێرانی و تورکی ئەوا لە کاتی کێشەی بەرزبونەوەی کاڵا دەبێ پشت بە بەرهەمهێنانی کاڵای ناوخۆ ببەستین، کە ئەمەش پێویستی بە پلان هەیە هەم لەسەر ئاستی حکومەت هەم لەسەر ئاستی خێزانی و تاک.
سەبارەت بە ڕۆڵی ژن لە ڕووی ئابورییەوە لە ناو خێزاندا، دروشمێکی ئابوری هەیە دەڵێ (هیچ تاکێک ئازاد نابێ تا ئابورییەکی سەربەخۆی نەبێ) لەم نێوەندەدا ئەو ژنانەی کە لە گوندەکاندان و هیچ سەرچاوەیەکی ئابوری و داهاتیان نیە، دەکرێ لە پەنای کاری ماڵ و خێزاندا کار لەسەر تواناکانی ژن بکرێت و ئامادەبکرێ شان بەشانی هاوسەر و ئەندامانی خێزان کار بکات بۆ ئەوەی لە حاڵەتی بەرزبونەوەی کاڵا و قورس بونی بەدەست هێنانی کاڵای ڕوژانەدا، بتوانێت بەرهەمی هەبێت و ببێتە خاوەن ئابوریەکی بچوکی سەربەخۆی خۆی.
ئێمە لە ڕێکخراوی ئانیا بۆ گەشەپێدانی تواناکانی تاک لە چوارچێوەی خۆئامادەکردن بۆ ڕوبەڕو بونەوەی کێشەی بەزر بونەوەی کاڵا و پێداویستی ڕۆژانە پلانێکمان هەیە بۆ ژنانی گوندەکان بە پلانێکی درێژخایەن بە پێی توانا کۆی گوندەکان بگرێتەوە تا ئاستی هوشیاری ژنان بەرزبکەینەوە بۆ خۆبژێوی و ئابوری ژن، ئەمەش وەک بەشێکی بچوک لە چوارچێوەی خۆئامادەکردنی ژنان بۆ کێشە ئابورییەکان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت