دانا مەنمی: سیناریۆی پارتی دوای تیرۆرکردنی سۆران مامە حەمە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەمڕۆ لەبەردەم یادو بۆنەی شەهید سۆرانداین، ئەمڕۆ 14 ساڵ بەسەر تیرۆركرنی رۆژنامەنوس سۆرانی مامە حەمە تێپەڕبوو، هاوشێوەی هەریەک لە سەردەشت عوسمان و ویداد حوسێن و عبدالستار تاهیرو تەواوی رۆژنامەنووس و چالاكوانە كوژراوەكانی دیكە، تا ئێستا بكوژانی شەهید سۆران دەستگیر نەكراون، سۆرانی مامە حەمە ڕۆژنامەنوسێك بوو لەژێر سێبەری تیرۆرو لەزۆنی مەرگدا کاری ڕۆژنامەنوسی دەکرد، بەردەوام خەریکی نوسینەوەی چیرۆکی گەنجانی شارەکەی بوو، سۆران مامە حەمە بەهۆی خستنەڕوی گەندەڵی‌و فەزاحەتەكانی پارتی لەکەرکوک چەند جارێك هەڕەشەی كوشتنی لێكراوە و مەترسی لەسەر ژیانی هەبووە، بەڵام ئەو دەیویست لە رێگەی وشەوە دنیایەکی باشتر دروست بکات بۆ ژیان.
قێزەونترین تاوان کە پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوای تیرۆر کردنی هەریەک لە شەهید ( سەردەشت و ویدادو سۆران و عبدالستار تاهیر)و رۆژنامەنوسەکانی تر ئەنجامی دابێت گرتن و ئەشکەنجەدان و زیندانیکردنی رۆژنامەنووس و چالاكوانەکانی بادینانن، ڕۆژنامەنووس و چالاکوانەکانی بادینان سەرباری ئەو گوشارە زۆرەی پارتی بەردەوام بوون لە چالاکی و خۆپیشاندان و ڕەخنەی توندیان لە پارتی و شێوازی حوکمڕانیەتی ئەو حیزبە دەگرت، لایڤەکانیان لە سۆسیال میدیا عەرشی پارتی هەژاندبوو، لەم دۆخەدا پارتی سیناریۆی هەڵمەتی گرتن و زیندانیکردنی بۆ رۆژنامەنووس و چالاکوانەکانی بادینان دەستپێکرد.
سیناریۆکەی پارتی دەستی گەیشت بە بەشێکی ئەو ڕۆژنامەنوس و چالاکوانانەی کە هاوشێوەی شێروان شێروانی سیمبولی گیراوانی بادینان بوون ودەستگیریکردن و تۆمەتی جاسوسیکردن بۆ پەکەکەو تێکدانی ئاسایش و ئارامی کوردستانیان درایە پاڵ، بەشێکی تری سیناریۆکەی پارتی تیرۆرکردن و لەکەدارکردنی کەسایەتی ئەو ڕۆژنامەنوس و چالاکوانانە بوون کە پارتی دەستی پێنەدەگەیشتن ئەویش لە ڕێگەی پەیج و ئەکاونتی فەیکەوە نوسینی بابەت و کۆمێنتی نەشیاویان لەسەر بڵاوبکرێتەوە، بەڵام دیوی پشتەوەی سیناریۆکەی پارتی تاقیکردنەوەی شەقامی کوردی بوو تا چی ئاستێک ئامادەو پشتیوانی لە چالاکوانانی بادینان دەکەن، دواجاریش جیاوازی نێوان کابینەی نۆیەم و کابینەکانی پێشخۆی نەخشەڕێگاکەیەتی! نەخشەڕێگای کابینەی نۆیەم نەخشەڕێگایەکی هەواڵگرییە بۆ ئیدارەدان و کێشەکانی نێوان خۆی و خەڵک و ڕەخنەگران بە هەڕەشەو پەلاماردان و زیندانیکردن و ئەشکەنجەدان چارەسەر دەکات.
ئێستاو دوای چەندین ساڵ لە بێ تاوانی و لە زیندانیکردن و ئەشکەنجەدانی چالاکوانەکانی بادینان کابینەی نۆیەم بەبێ شەرم و سڵەمینەوە بەبەرچاوی خەڵکی کوردستان و دونیاوە تۆمەتیان بۆ دەهۆنێتەوەو یاری بە کەیسەکانیان لە دادگا دەکات! خۆ ئێستا دەبینن پارتی چۆن کۆمەڵگا لە سیناریۆیەكەوە بۆ شانۆیەكی تر دەگوازێتەوە! خۆ دەبینن دوای شەهیدکردنی سۆران دۆخی ڕۆژنامەنوسان ناشیرینتر بووە!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت