عەتا قەرەداخی: دووانەی رۆژهەڵات/ رۆژئاوا لە شیعری” بەرزاییەکانی ئەزمڕ، بەرزاییەکانی وەزەرینگ” ی نەزەند بەگیخانی دا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

(بەرزاییەکانی ئەزمڕ، بەرزاییەکانی وەزەرینگ) ناونیشانی شیعرێکی نەزەند بەگیخانیە، کە لە کۆمەڵە شیعری ( زەنگۆڵی وتن)دا لە لاپەرە 141- 146دا بڵاوبووەتەوە، کە ساڵی 2007 نووسیوێتی. ئەزمڕ زنجیرە چیایەکە لە باکوری سلێمانی، بەرزاییەکانی وەزەرینگ شوێنێکە لە یۆرکشیر لە بەریتانیا. ئیمیلی برۆنتێ (1818-1848) رۆمانێکی بەم ناونیشانە نووسیووەو لە راستیشدا ئەم رۆماننووسە کە خوشکی شارلی برۆنتێی رۆماننووسی بەناوبانگی سەدەی نۆزدەی ئەدەبی ئینگلیزیە، ئەمیش هەم شاعیرو هەم رۆماننووس بووە، بەڵام لە بواری رۆماندا هەر ئەم تاکە رۆمانەی نووسیووە. بیرۆکەی سەرەکی ئەم رۆمانە دووانەی چاکە / خراپە -یە، کە لە رێگای بەزەیی و خۆشەویستی و تۆڵەو خولیاوە گوزارشتی لێ دەکرێت. هێڵی سەرەکی رۆمانەکە قسەکردنە لەبارەی چیرۆکی خۆشەویستی نێوان دوو کەسێتی سەرەکی رۆمانەکە کە ئەوانیش هیسکلیف و کاترین-ن.

لەم رۆمانەدا، رووداوەکان لە نێوان دوو شوێنی سەرکیدا روودەدەن، کە ئەوانیش یەکەمیان بەزاییەکانی وەزەرینگە، کە ناوچەیەکە لە یۆرکشیر، دووەمیان سراشکرۆس گرینجە کە ماڵێکی گەوەرەیە لە دەوروبەری بەرزاییەکان، واتە ئەویش لە هەمان جوگرافیادایە. رۆمانەکە زیاتر لە سەر زمانی بەخێوکەر یان پەروەردەکارێکەوە دەگێڕرێتەوە. کاترین و هیسکلیف یەکترییان خۆش دەوێت، بەڵام دواجار کاترین هاوسەرگیری لەگەڵ ئیدگار لینتن دەکات لەبەر دەوڵەمندییەکەی، بەڵام سەباری ئەو هاوسەرگیریەش، هێشتا خۆشەویستیەکەی بۆ هیسکلیف هەر بەردەوام دەبێت. هیسکلیف بۆ تۆڵەکردنەوە لە ئیدگار لینتن، هاوسەرگیری لەگەڵ ئێزابیلای خوشکی ئیدگاردا دەکات. ئەمە کورتەی رۆمانەکەیە.

هەروەک هەندێ لە رەخنەگرانی ئەم رۆمانە بەراوردێکی گرنگ لە نێوان بەرزاییەکانی وەزەرینگ و سروشکرۆس گرینجدا دەکەن، کە یەکەمیان وەکو سروشت و چۆڵەوانی نمایش دەکرێت، دووەمیشیان وەکو نموونەی شارو شارستانی و شوێنێک بە کەلتوری شارەوە نمایش دەکرێت. کاترین و هیسکلیف پەروەردەی بەرزاییەکانی وەزەرینگن، بەڵام کاترین ماوەیەک لە سروشکرۆس دەمێنێتەوەو گۆڕانکاری بەسەر رەفتارو بۆچوونیدا دێت. دوای مانەوەی بۆ ماوەی ماوەیەک لە سرۆشکرۆس، کاترین کە دەگەڕێتەوە بۆ بەرزاییەکان وەکو خانمێک خۆی نمایش دەکات و رەفتار دەکات، هەرچەندە هەستی بۆ هیسکلیف ناگۆڕێت، بەڵام عەقڵی شتێکی تر دەڵێت و روانینی بۆ خۆشەویستەکەی دەگۆڕێت و وەها سەیری هیسکلیف دەکات، کە رەش و وشک و مایەی گاڵتەجاڕی و پەستی بێت و دەگاتە ئەوەی کە شووکردنی بە هیسکلیف روخان و هەرەسە بۆ ئەو، بۆیە شوودەکات بە ئیدگار لینتن. لە راستیدا ئیدگار لینتن یەکلایەنە عاشقی کاترینە، بەڵام کاترین هیچ هەستێکی بۆ ئەو نییە. کاترین دوای هاوسەرگیرییەکەی، لەناخیدا پەشیمانەو بەردەوام خەیاڵی لای خۆشەیستی یەکەمیەتی. کەواتە با چاوەڕوان بکەین و بزانین دوای شیکردنەوەی بنیادی پێکهێنەرانەی دەقەکەی نەزەند بەگیخانی، چ پەیوەندییەک لە نێوان بەرزاییەکانی ئەزمڕ و بەرزاییەکانی وەزەرینکدا هەیەو ئەم دوو شوێنە وەکو کەرەستەی بەرهەمهێنانی دەقەکە چ رۆڵێک لە بەرهەمهێنانی شیعریەتی دەقەکەو پرسیارو جیهانبینی دەقەکەدا دەبینن. هەروەها با چاوەڕوان بکەین بزانین شوێن و پێگەی هەریەکە لە کاترین و هیسکلیف و ئەمی قسەکەر لە ژێر ماسکی کاترینداو ئەوی نادیار لەژێر ماسکی هیسکلیفدا چیەو چۆنە.

بۆ خوێندنەوەی تەواوی بابەتەکە، کلیک بکەرە سەر/ دووانەی رۆژهەڵات رۆژئاوا لە شیعری بەرزاییەکانی ئەزمڕ، بەرزاییەکانی وەزەرینگ ی نەزەند بەگیخانی دا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت