لەتیف ئەمین: بلێسەى هاواری مامۆستایەک.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەموو هەوڵ و تێکۆشان و شەونخوونییەکانى مرۆڤ, هەموو هیوا و ئاوات و خەون و خۆزگەکان, هەر بۆ ژیانێکى ئاسوودە و ئارام و پڕ لە ئۆقرەییە, بۆ دڵێکى خۆش و بۆ ئاییندەیەکى گەشە, بۆ گەیشتن بە ئامانج و ئاواتەکانە, بۆ دنیایەکى جوانتر و جیهانێکى کراوەتر و ڕەنگاوڕەنگە. مرۆڤ بۆئەوە هێز و توانا و گڕوتین و عەقل و هزر و هۆش و هۆشیارى خۆى بەگەڕ دەخات, بۆئەوەى گۆڕانکارى لەژیانى خۆى و دەوروبەریشى بێنێتەدى, بۆئەوەى کاریگەرى هەبێت بۆ بەرەوپێشبردنى ئەو کۆمەڵگە و وڵاتەى کە تێیدا دەژیت.
هەر کەسێک, لەهەر بوار و پیشە و پلە و پایە و پۆستێکدا بێت, کۆمەڵێک ئەرک و بەرپرسیارێتى لە ئەستۆدایە, لە بەرانبەریشدا مافی هەیە. کارمەندێک, چ لە کەرتى تایبەت بێ, یان لە کەرتى گشتى, بەپێى یاسا, یان بەپێى ئەو گرێبەست و ڕێککەوتنەى لەنێوانیاندا هەیە, مافەکانى وەردەگرێت. کرێکارێک, لەبەرانبەر کارکردن و ماندووبوون و ئارەقەڕشتنەکەى, کرێیەکەى پێ دەدرێت. پۆلیس و پێشمەرگە لەبەرانبەر ئەرک و پاسەوانى و خزمەتکردنەکەیان مافى خۆیان هەیە. دارتاش و ئاسنگەر و وەستاکان, لەبەرانبەر هونەر و دەستڕەنگینییەکەیان, مافى وەرگرتنى هەقدەستەکەیان هەیە. هەموو مرۆڤێک, چ شوان و سەپان و ڕەنجبەر بێت, یان لە چینى بەرز و خەوەن مەقامى باڵا بێت. ئەرک و مافى تایبەت بەخۆیان هەیە, مافى خۆشترین ژیان و گوزەرانیان هەیە, هەر لە خواردن و جلوبەرگ و خانوو و ئۆتۆمبێل و گەشت و گەڕان و سەیران, تا لوتکەى بەختەوەرى و خۆشنوودى.
مافەکان تەنها مافى دارایی و مووچەوەرگرتن نین, بەڵام من لێرەدا تەنها باس لە مافە داراییەکان دەکەم, لەنێویشیاندا, مافى مامۆستایان و خراپى ژیان و گوزەرانیان و ڕەنگدانەوە و لێکەوەتە خراپەکانى لەسەر پرۆسەى پەروەردەوفێرکردن باس دەکەم.
مامۆستایان, کە هەستیارترین توێژى کۆمەڵگەن, ئەرکى پەروەردەکردن و فێرکردنى قوتابییانیان لە ئەستۆیە, شایەنى ژیانێکى شکۆمەندانە و شایستەن. مامۆستایان, وەک هەر توێژێکى دیکەى کۆمەڵگە, مافى دارایی خۆیان هەیە, ئەویش مانگانە بەپێى تەمەن و ساڵانى خزمەت مووچەیەکیان پێ دەدرێ.
وشەى مووچە لەڕووى زمانەوانییەوە, لە فەرهەنگى خاڵ, بە واتاى((جومگەى لاى مەچەک))دێت, کە ئاماژەیە بەو حەقدەست و کرێیەى کەسێک لە بەرانبەر ئەنجامدانى کارێک بە دەست و بازوو و مەچەکى خۆى وەرى دەگرێت, لە ئێستادا بەو بڕەپارەیە دەگوترێ, کە فەرمانبەران لە بەرانبەر دەوام و ئەرکەکانیان, لە حکومەت وەرى دەگرن. بەڵام ئەو مووچەیەى کە مامۆستایان وەری دەگرن, ئایا, بەشى دابینکردنى پێویستییە بنەڕەتییەکانى ژیانیان دەکات؟ مووچەکە بایی ئەوەندە هەیە کە مامۆستایان بتوانن بە ئاسوودەیی و بێ کێشە بژین؟ مامۆستایەک, هەمیشە لە خەمى ژیان و ئازار و مەینەتییەکانى بێت, چۆن دەتوانێ بە ڕوویەکى گەش و بە دڵێکى خۆش, هەنگاو بەرەو قوتابخانە بنێ؟! ئەگەر مامۆستا لەبەر کەمى مووچەکەى, کە بەشى بژێوى و پێداویستییەکانى ژیان نەکات, ناچار بێت ئیش و کارێکى دیکە بکات, جا هەر کارێک بێت, دکاندارى بێت, بازرگانى بێت, کرێکارى و وەستایی بێت, شۆفێرى بێت, گومانى تێدا نییە, کاریگەریگەرى خراپ و نەرێنى دەبێت لەسەر ئاست و ئەدا و پیشەى مامۆستایەتییەکەى. ئەگەر مامۆستا جگە لە مامۆستایەتییەکەى, خەریکى کار و کاسبى دیکە بێت, بوار و دەرفەتى بۆئەوە نامێنێتەوە کار لەسەر خۆ پێگەیاندن و خۆ بەهێزکردن بکات لە بوارى پەروەردە و فێرکردندا. مامۆستا, کە لەخەمى دەستکەوتنى کار و پارە پەیداکردندا بێت, ناپەڕژێتە سەر بوارى زانست و مەعریفە و ڕۆشنبیرى.
ڕۆژبەڕۆژ زانست و تەکنەلۆژیا و داهێنان و دۆزینەوەى نوێ سەرهەڵدەدەن. ڕێگا و میتۆد و شێوازى نوێ و هاوچەرخ سەبارەت بە وانەگوتنەوە دادەهێنرێن. تیۆر و توێژینەوەى نوێ لەبارەى پەروەردە و فێرکردنەوە دەخرێنەڕوو.
بۆیە مامۆستا هەمیشە و بەبەردەوامى پێویستى بە خۆنوێکردنەوە و بەدەستهێنانى زانست و زانیارى تازە هەیە. مامۆستا دەبێ ئاگادارى گۆڕانکارى و پێشکەوتنەکانى زانست بێت. نابێ مامۆستا دابڕاو بێ لە جیهانى زانست. مامۆستا بەهۆى خراپى گوزەرانى ژیانیەوە, ئەو بەهرە و توانایەى هەشیەتى, نامێنێ, هەر وەک گوڵێگى گەش و جوان, ئەگەر خزمەتى نەکرێ و ئاو نەدرێ, هەر زوو بەرەو ژاکان و وەریان دەچێ و ڕەنگ و بۆنى نامێنێ. مامۆستایەک, ئەگەر لەڕووى دەروونییەوە ئارام و ئاسوودە نەبێت, ناتوانێ پەیامە پەروەردەییەکانى بگەیەنێ. مامۆستایەک, هەر خەریکى گرفتە تایبەتییەکانى خۆى بێت و سەرقاڵى سەروسەودا و ڕاکەڕاکى ژیان بێت و هەمیشە ماندوێتى و بێ ئۆقرەیی پێوە دیار بێت, ئەستەمە بتوانێ وەکو مامۆستایەکى سەرکەوتوو, ئەرکە پەروەردەییەکانى جێبەجێ بکات.
ژیانى تاڵ و پڕ لە ئازار و ژان و ناسۆر و مەینەتى مامۆستا, کاریگەرى خراپى بۆ سەر لایەنى دەروونى هەیە, شکۆ و کەسایەتیشى تێک دەشکێنێ. مامۆستایەکى بێ ماڵ و حاڵ و هەژار و نەدار و بێ بەش و چارەڕەش, لەنێو کۆمەڵگەدا بەزەیی بەخۆیدا دێتەوە, کە دەبینێ ئەوانەى لە سەرەتاکانى قۆناغى خوێندندا, هاوڕێ و هاوپۆلى ئەو بوون, بەڵام ئەوان وازیان لە خوێندن هێنا و بوونە خاوەن کار و ماڵ و پارە و لە ژیانێکى شاهانەدا دەژین.
مامۆستایەک, دواى ساڵانێک لە خوێندن و خۆ ماندووکردن و شەونخوونى, دواى تەواوکردنى قۆناغەکانى خوێندن و بەدەستهێنانى بڕوانامەى زانکۆ و کەڵەکەکردنى زانست و زانیارییەکى زۆر, ئەگەر بەرهەمى ڕەنج و ماندووبوونى خۆى نەچنێتەوە, زانست و بڕوانامە و خوێندنەکەى, ژیانێکى پڕ لە ئاسوودەیی و ئۆقرەیی پێ نەبەخشن, چۆن باسى گەورەیی و گرنگى و بایەخى خوێندن و زانست بۆ قوتابییەکانى بکات؟! چۆن هانى قوتابییەکانى بدا بۆئەوەى بخوێنن و بەردەوام بن لە خوێندن و دانەبڕێن؟! ئەگەر واش بڵێ, بە ئاخ و داخ و دڵێکى پڕ لە ئازارەوە وا دەڵێ.
خراپى بارودۆخى ژیانى مامۆستا, کاریگەرى لەسەر هزر و هۆش و بیرکردنەوەشى دەبێت, دواجار, کاریگەرى خراپى لەسەر تەواوى پرۆسەى پەروەردە و فێرکردنیش دەبێت. مامۆستا ئەگەر لەڕووى هزرى و دەروونییەوە ئارام و ئامادە نەبێت, جگە لە کار بەڕێکردن و پڕکردنەوەى بۆشاییەک, هیچى لێ بەرهەم نایێ. دەبوو بەجۆرێک خزمەتى مامۆستا بکرایە, کە خەڵکى ئیرەییان پێی بردبا, خەڵکى خۆزگەیان بە مامۆستایی بخواستبا, نەک وەک ئێستا, خەڵک بەزەییان بەگەنجێکدا دێتەوە کە مامۆستا بێت.
هەرچەندە سەرکەوتن و لێهاتوویی مامۆستا, بەشێکى پەیوەندى بە دڵسۆزى و خولیا و خۆشەویستییەوە هەیە, مامۆستایەک ئەگەر بارى دارییشى باش بێت, کە حەز و خۆشەویستى بۆ پیشەکەى و بۆ پەروەردەوفێرکردن و وانەگوتنەوە نەبێت, هەموو ڕۆژێ فەرشى سوورى بۆ ڕابخرێت, ئەو هەر وەک خۆیەتى و سروشت و کەسایەتییەکەى ناگۆڕێت و قەتیش سەرکەوتوو نابێت. بەڵام دەبوو ژیان و مافەکانى مامۆستایان لە ئاستێکى ئەوەندە باش و پێشکەوتوو بووایە, تا قوتابییانى قۆناغى دوازدەى ئامادەیی, کێبڕکێیان لەسەر چوونیان بۆ کۆلێژى پەروەردە کردبایە. دەبوو قوتابییە ئاست بەرز و نایابەکان بۆ مامۆستایی وەرگیرابان, نەک ئەوانەى کە بێئومێد دەبن لە کۆلێژەکانى پزیشکى و ئەندازیارى و یاسا, دواجار بەناچارى و نابەدڵى, بە نمرەیەکى کەم, ڕوو لە کۆلێژەکانى پەروەردە دەکەن و دواى چوار ساڵ دێنەوە و داوا دەکەن ببن بە مامۆستا.
مخابن بۆ ئەوانەى کە لە گەورەیی و گرنگی مامۆستا نازانن. پیشەى مامۆستایەتى یەکێکە لە هەستیارترین و مەترسیدارترین پیشەکان, سەرکەوتنى دەوڵەت و پێشکەوتنى کۆمەڵگەى پێیەوە بەندە. لەلایەکى ترەوە, ڕەنگە سەرچاوە و هۆکارى نەزانی و دواکەوتوویی و وێرانکارى و شەڕ و ئاشووب ئاڵۆزى بێت.
ئەوە مامۆستایە کوڕان و کچانى کۆمەڵگە ئاراستە و ئامادە دەکات بەرەو ئاییندە, جا یان ئاییندەیەکى گەش و پڕشنگدارە, یان ئاییندەیەکە, تەمى جەهل و دواکەوتوویی و دەبەنگى دایپۆشیوە.
بەکورتى, سەرکەوتنى پرۆسەى پەروەردەوفێرکردن, پەیوەستە بە چاڵاککردن و هاندانى مامۆستایان, پەیوەستە بە گرنگیپێدان و دابینکردنى ژیانێکى شایستە بۆیان. پێشکەوتنى کۆمەڵگە بەگشتى, پەیوەستە بە پێشکەوتنى مامۆستایانەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت