دلێر محەمەد نوری: خولقێنەر و خنکێنەری ئۆپۆسزیۆن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

خولقێنەری ئۆپۆسزیۆنی ڕاستەقینە، خودی دەسەڵات نیە، یاخود خودی پارت یان پارتەکانی فەرمانڕەوا نین. چونکە دەسەڵات یان پارتی فەرمانڕەوا هەرگیز حەز بە چارەی ئۆپۆسزیۆنی ڕاستەقینە ناکات. ئەوان تەنها پەسنی ئۆپۆسزیۆنێک دەکەن، کارتۆنی و دەستکردی خۆیان بن. بەڵام ڕۆڵی دەسەڵات یان پارتی فەرمانڕەوا، لە خوڵقاندنی ئۆپوسزیۆنی ڕاستەقینە، خۆی لە ئەدائی خراپ و گەندەڵی و تاکەڕەوی و ستەم و نادادی و خۆسەپاندنیدا دەبینێتەوە. هەر یەک لەم ڕەوشتانەی پارتی فەرمانڕەوا، دەبن بە هۆکاری سەرهەڵدانی ئۆپۆسزیۆنی ڕاستەقینە.
سەرۆکی پارتێک، لە ئۆپۆسزیۆنی ڕاستەقینە ئەترسێ، کە خۆی و بنەماڵەکەی بە خاوەنی بەردەوامی پارتەکە بزانن. بەڵام سەرۆک و سەرکردەیەک، کە خۆیان بە سەرۆکی کاتی و تێپەڕی حیزب بزانن، لە ئۆپۆسزیۆنی ڕاستەقینە ناترسن. ئەم جۆرە لە پارت، کە ئێمە پێی ئەڵێین پارتی بنەماڵەیی یان خێڵەکی، ناتوانن خاوەن دیدگا و پرۆگرام و بەرنامە و ئەجێندای نشتیمانی و نەتەوەیی بن. چونکە سەرکردەکان یان باشتر بڵێین خاوەنەکانی پارتەکە، نەهاتوون کاری پارتایەتی یان ڕێکخراوەیی بە دیسپلین کراو بکەن. بەڵکو ئەوان هاتوون، سواری ملی سیاسەت و مەسەلەی نەتەوەیی ببن و تا لە ڕێگەیەوە کاسبی سیاسی بکەن. چونکە ئەم جۆرە لە سەرۆکی پارتەخێڵ، لە ژیانیاندا کاسبییەکی دیکە فێر نەبوون، جگە لە بازرگانیی کردن بە سیاسەتەوە نەبێت. ئەوان حزب وەکو کۆمپانیا و سیاسەتیش وەکو بازار و میللەتیش وەکو کاڵا تەماشا دەکەن. میراتی ئەم سامانە سیاسییەش، وەک دەبینین، وەچە لە باوکەوە وەریدەگرێت. هەر بۆیە لەم پارتانەدا، لە جێی بەرنامە و پڕۆگرام، مەزاجی خاوەن حزب و لە جێی رێکخستن و کاری‌ رێکخراوەیی توند و تۆڵیش، فشە ڕێکخستن و فشە ئیلتیزام و فشە پارتایەتی کردن هەیە. هەموو ئەم فشانەش ئەچنە خزمەتی بنەماڵەی خاوەنداری پارتەکەوە. هەموو کادیرانی ئەم فشەخانە حزبییانەش ئەو ڕاستییە ئەزانن کە ئەوەی ئەیکەن، کاری پارتایەتی نیە. بەڵکو کویلایەتییە بۆ بنەماڵەیەک لە فۆرمی حزبدا و بە سەر شانی سیاسەت و لە سەر قووتی میللەت و ڕەوایەتی مەسەلەیەکی نەتەوەییدا. هەر بۆیە پەیوەندی نێوان خاوەن پارت و ئەندامانی دەرەوەی بازنەی بنەماڵە خاوەن پارتەکە، پەیوەندی نێوان کرێکار و مقاولە. تۆی کادری حزب، کار بۆ پارتەکەت (بنەماڵەکەت) ئەکەیت بە دڵسۆزی، تا لە پاداشتیدا ژیان و گوزەران و مووچەت مسۆگەر بێت. هەر بۆیە پارتی لەم جۆرە، گەرچی لە سەرەتاوە بە دروشم خەڵکی لە دەوری خۆی کۆ دەکاتەوە، بەڵام لە دوربینا، چاک ئەزانێت، کە ئەم سیحرەی دروشمەکانی زوو بەتاڵ ئەبنەوە. هەر بۆیە هەوڵی بەستنەوەی ژیانی کادیر و ئەندامانی خۆی، بە مانەوەی پارتەکەوە (بنەماڵەکەوە) دەدات. بۆ ئەمەش پێویستی بە پارەی بەردەوامە. بۆ بەدەستهێنانی پارەی بەردەوامیش، دەبێت لە سەرتاوە هێندە هێز پەیدا بکات، تا بتوانێ قۆرخکاری ئابوری بکات. لە بەر هەموو ئەمانەی سەرەوەش، ئەم جۆرە لە پارتی بنەماڵەیی هیچ پڕۆژەیەکی نشتیمانی و نەتەوەیی ڕاستەقینە لە ستراتیژیدا نیە، جگە لە سەرخستنی ئەجیندای بنەماڵە نەبێت. دواجار بۆ گەیشتن بە سەرچاوەکانی دارایی و ئابووریش، پێویستی بە کاری چەتەیی و قۆرخکاری و گەندەڵییە. بۆ گەیشتن بەوانەش هەمیشە دەبێت بە فشە ئامانجی نەتەوەیی و نشتیمانی، پەردەپۆشیان بکات. وەکو ئەوەی بێی گومرکی ئیبراهیم خەلیل، وەکو تاکە سەرچاوەی قووتی میللەتێک، قۆرغ بکەیت و ئامادەش بی، چوار پێنچ ساڵ، خەڵکی لە سەر بە کوشت بدەیت و لە ئاکامدا خیانەتێکی عەیارە قورسی وەکو ئەوەی ٣١ی ئابیشی لێ بکەوێتەوە. هەموو ئەمانەش، دواجار، بە نشتیمان پەروەری بە خەڵکی بفڕۆشیتەوە. یاخود بە ناوی ئابوری سەربەخۆوە، سامانی سروشتی وڵات، بە تاڵان بدەیتە دوژمن و جگە لە بنەماڵەیەک کەس نەزانێ لتری بە چەندە؟ هەر بەم هۆیانەشەوەیە، کە حزب دەوڵەمەند و میللەت هەژار ئەکەیت. ئەنجا بە پارەی بەردەستت، ئەکەویتە نێو یارییەکی نادادی سیاسییەوە، لە کڕین خەڵک و حزبۆکە و دوکانی سیاسی و لە کڕینی دەنگی کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینییەکان، لە کڕینی کادیر و سەرکردە چاوچۆکەکانی حزبەکانی دیکەش، لە کڕینی دەنگی تەزویر، تەزویر کردنی به بەرنامە، سامانی میللەت بەم جۆرە، بۆ مانەوەی حزبی بنەماڵە خەرج ئەکەیت. تا بە هۆی هەموو ئەمانەوە، لافی حزبی قائید لێبدەیت و فشە زۆرینەی پارلەمانی بسەپێنیت. لێرەشەوە حزب و بنەماڵەی خاوەن پارت، لە ستراتیژی پارتەکە (بنەماڵەکە) نزیک ئەبنەوە. ستراتیژێک بنەماڵەیەک قەڵەو و دیار و دەوڵەمەند و بە قودرەت نیشان ئەدا و میللەتێکیش زەلیل و لاواز و بێ هەیبەت ئەکات و پاساری ئاسا، چاو لەو کەمە کرم و گەندەیەی بنەماڵە و حزبی فەرمانڕەوایە، بیکات بە دەمییەوە. ئەم پڕۆسەیە، زۆر بە جوانی، لە باشوری کوردستاندا ئەبینین. بە داخەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان، سەرمەشق و داهێنەرێتی. هاوکێشەکە ئاوهایە (مەسەلەی نەتەوەی بە کاربهێنە، گێچەڵی سیاسی و سەربازی بکە، داهات و دارایی قۆرخ بکە، خۆ بسەپێنە و یاری بە چارەنووسی میللەتەوە بکە). پارتی وا، هەر وەک چۆن، لە ناو خۆدا کاری ڕێکخراوەیی و دیسپلینی حزبی ڕاستەقینەی پێ هەرس ناکرێ، جگە لە دیسپلینی بنەماڵە و سەرۆک نەبێت، لە دەرەوەی خۆیشی، جگە لە حزبی رێکخراو، دوو پایەی گرنگیشی پێ هەرس ناکرێ و هەمیشە هەوڵی لە ناوبردنیان دەدات. کە ئەوانیش ململانێی پارلەمانی کاریگەر و هەبوونی ئۆپۆسزیۆنی ڕاستەقینە. چونکە ئەم سێ شتە دەبنە هۆکاری گەشەی دیموکراسی و ململانێی شەریفانە. یەکێتی نشتیمانی کوردستان، لە شاخ و لە سەرەتاکانی خەباتی شاریشدا، لە چاو پارتی حزبێکی رێکخراو و بە دیسپلین بوو. وە هەڵگری ئامانجی نەتەوەیی و نشتیمانی بوو. هەمیشە بەربەست بوو، لە بەردەم پڕۆژە دۆزەخییەکانی پارتیدا. بزوتنەوەی گۆڕانیش لە سەرەتای دروست بوونییەوە تا نزیکەی ساتی مردنی ڕێکخەرەکەی، بووە بەربەستی ڕاستەقینەی بەردەم پارتی و بنەماڵەکەشیان.
بزوتنەوەی گۆڕان، وەکو پێویستییەکی قۆناغی دوای دەستەمۆبوونی زۆرینەی سەرکردایەتی یەکێتی بە دەستی پارتییەوە، پەیدا بوو. پارتی هەمیشە یەکێتی و گۆڕانی، بە مەترسیتر، لە دوژمنانی چواردەور، بۆ خۆی و بنەماڵەی خاوەنی زانیوە. هەر بۆیە قۆناغ بە قۆناغ، بە چەندین ڕێگە، هەوڵی لاواز کردن و بێ کاریگەر کردنی داون. لەو ڕێگایانەش موئامەرەی ئیقلیمی و خیانەت لێکردن، شەڕی خوێناوی و براکوژی، دەستگرتن بە سەر جومگەکانی دەسەڵات و دارایی، فشاری جاسوسی بۆ لەکەدارکردنی سەرکردە دیارەکانیان و بەکارهێنانیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان لە ناو خودی حزبەوە، کڕینی سەرکردە چاوچنۆکەکانیان، کڕینی پارلەمانتار و چالاکوانیان، جوڵاندنی کەیسی وەهمی لە دادگاکان لە دژیان، هەموو ئەمانەش بە تەرخانکردنی بودجەی زەبەلاح، بۆ هەر یەک لەم کارانە. یەکێ لەو پیلانانەی، دیکەی پارتی، لە نێو خودی یەکێتی و گۆڕاندا، هەوڵی گەندەڵکردن و بە بنەماڵەیی کردنی ئەم دوو حزبە بوو. ئێستاش، لەم ڕۆژگاری ئەمڕۆدا، لە بری ئەوەی حزبێکی فەرمانڕەوا و دوو حزبی ئۆپۆسزیۆنی بەهێز و خاوەن دیدگای نشتیمانی، بەرانبەر پارتی ببینین. دوو حزبی سکشت خواردووی، شەریکە گەندەڵی، بێ دیدگای، بە بنەماڵەکراوی، پڕ کێشە و گیروگرفت ئەبینین، بەرانبەر بە حزبێک، کە تەنانەت بڕیارەکانی دانان و لادانی کارمەندە حکومییە لۆکاڵییەکانی، ناچەی یەکێتی و گۆڕانیشی لە دەستدایە. هەر بۆیە لە دوای هەموو ئەوەی کە وترا، ئەتوانین بڵێین ڕەفتار و ستراتیژەکانی پارتی، هەم هۆکارە بۆ خوڵقاندنی ئۆپۆسزیۆنی ڕاستەقینە و هەم هۆکاریشە، بۆ خنکاندنی دەنگی ئەو ئۆپۆسزیۆنە کاریگەرە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت