شەماڵ بارەوانی: ڕەگەزی دووەم.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کتێبێکی فەلسەفی قەبارە گەورەو پڕبایەخ و گرنگی(سیمۆن دو بۆڤوار 1908- 1986 ) ژنە نووسەرو فێمینیست و فەیلەسوفی فەڕەنسی و ڕابەڕی فێمینیستە ڕادیکاڵەکانە.
خاتو سیمۆن ئەو کتێبەی لەتەمەنی ( 38 ) ساڵیدا نووسی و دوتر لە دوو بەرگدا و یەکەم چاپی لەساڵی 1949 بە زمانی فەڕەنسی لێ بڵاو بووەوەو تاوەکو ئێستا بۆ زۆریک لە زمانە زیندوەکانی جیهان وەرگێڕدراوە. ئەو کتێبە بە مانیڤێستی جێندەری و تێکست و دەستووری بنچینەی سەرەکی بواری فەلسەفەی ژن و کاری بزوتنەوە فێمێنیزمگەراکان و ئینجیلی خەباتی ژنان و ڕزگاری ژن و خاڵی سەرەتای شەپۆلی دووەمی فێمینیزم لە جیهاندا دادەنرێت.

ڕەگەزی دووەم/
هۆشیاری نامەو ژننامەیەک و تێگەیشتنێکی جیاوازە لە بارەی جێندەرو سێکس. کتێبێک، پێمان دەڵێت تاوەکو دەستکاری بناخەی تێگەیشتنی بیروڕای گشتی و ئەقڵی کۆمەڵایەتی و نەریتە کۆنەکان و مەزهەبەکان و بەربەست و هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان نەکەین، ژنان هەرگیز ناتوانن لەگەڵ پیاواندا یەکسان بن.
ئەو کتێبەی ژنە یاخیبووەکان خۆشیان دەوێت و پیاوەنێرسالارەکان ڕقیان لێیەتی و مەزهەبگەراکان پێی قەڵس دەبن و بە کودەتاو شۆڕشێکی دەبینن لەدژی ئەقڵیەتە نێرسالار و دەسەڵاتە پاتریارکەکەی خۆیان.
ئەو کتێبەی ڤاتیکان وەختێک بە کتێبێکی ڕۆشنگەری داناو ناوی خستە ناو لیستی کتێبە ترسناك و قەدەغەکراو تابۆکراوەکان، تاساڵی 1966، ئەوکاتە ناوی لە لیستی کتێبە قەدەغەکراوەکان هێنرایە دەر. لێکۆڵینەوەو شیکارییەکی گرنگ و تێر و تەسەلە لەبارەی پرسی ژن، قسەکردنە لە مێژووی سەرکوتکاری و چەوساندنەوەی ژن، باسکردنە لەو دۆخە ڕامیاری، ئابووری، کۆمەڵایەتیەی کە سەدان و هەزاران ساڵە درێژەی هەیەو دۆخی ژیانی ژنی وەکو مرۆڤێک بەو ڕۆژە ڕەش و ناخۆشە گەیاندووە.
نووسەر لەو کتێبەدا، لەپاڵ باسکردن لە هەڵ و مەرجی ژیانی ئابووری کۆمەڵایەتی ژن لە مێژوودا، هەروەها پەیوەندیی ناکۆکی و ململانی نێوان ژن و پیاو بە ململانێی تەبەقات و چینایەتییەوە، لێکدانەوەیەکی ماتریالیزمانەی مێژوویی بۆ دۆخ و پێگەی ژنان دەکات و ئەو ڕەهەندو هۆکارە مێژووییانەباس دەکات کە بوونەتە فاکتەری کۆنتڕۆڵکردن و دەستبەرداگرتنی ژن، لە لایان پیاوەوە.
هەر لە کۆن و چاخی بەردینەوە، بگرە تا شارستانیەتی یۆنانی و ڕۆمانی و سەدەکانی ناوەڕاست و سەردەمی شۆڕشی فەڕەنسی و نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمەوە، هەمووی شرۆڤە و موناقەشەدەکات لە بارەی پەیوەندی ئەو دوو ڕەگەزەو چەوسانەوەی ژن و زەوتکردنی ئازادیەکانی مێیە. بە تایبەتی ئەو ژنانەی سیمۆن دو بۆڤوار پێی وایە، کە خۆیان مەیلی ژێردەستەیی و بوون بە کەرەستەی چەوسانەو هۆکار و هاوکاری پیاون لەوەی وەکو ئەویتر و ڕەگەزی دووەم سەیربکرێن.
ئەو ژنانەی کە نایانەوێت ئازاد بن و خۆیان لە چوارچێوەی چواردیواری ماڵەوەدا زیندانی دەکەن و باوەڕیان بە ئازادی نییە بە مانا فراوانەکەی( ئازادی فیکرو بۆچوون و ژیان، ئازادی ڕزگاربوون لە کۆت و بەندە کۆمەڵایەتی و نەریتیەکان). ئەو ئازادیەی خەون و ئاواتەکانیان بەدیدێنێت و لە زیندانەکان و لە کڕنۆش بردن بۆ بتەکان ڕزگاریان دەکات. ئەوان وا دەزان ئازادی واتا: مانەوە لەبۆتەیەکی تەسک و داخراوداو، مانەوە لەناو چوارچێوەی خێزانداو ڕازیبوون بەوەی لەژێر دەستەیی و پاشکۆیەتیدا بمێننەوە. بەو چەشنە.
سیمۆن دو بۆڤوار باس لە ستەمی ژن لە خودی ژندەکات. ئەو ستەمەی بە کەنیزەبوون و خۆبەکەم زانینەی ئافرەت کەخۆی لێی بەرپرسیارە و ئەو خۆی خۆی دەکات بەڕەگەزی دووەم و ئەوەیتر و ناسنامەی مرۆڤ بوون لە خۆی دەسەنێتەوە. جا فاکتەر و پاڵنەری ئەو ستەم لە خۆکردن و خۆ کەم زانی و خۆ بچووکردنەوەی ژن،
جاری وایە لە ترسی ئەوەیە پیاوەکە وازی لێ بێنێت و دەست بەرداری بێت، یاخود کۆمەڵ وەک ژنێکی جیابووەو تەڵاقدراو قێزرا و بە کەم سەیرکراو سەیری بکەن.
ئەو ستەمەی لە شێوەی بازنەو دائیرەیەکەوە بەردەوامی بە خۆی دەدات و خۆی دووبارە دەکاتەوە، ژن ئەو فەزا دۆزەخی و جەوە جەحیمی و چەوسێنەرەی خۆی پێیدا تێپەڕیوەو لەناویدا چەووسێندراوەتەوە، هەموو ئەو موعانات و تاڵیانەی بەدەست کۆمەڵ و جڤاتی بابسالاریدا چەشتوویەتی، لەهەموو کایەکانی ژیاندا، جا چ چەوسانەوە لە بواری خوێندن و پەروەدەبێت، یاخود ژیانی کۆمەڵایەتی، یان سیاسی و… تاد، بێت.
ئەوە ڕێک هەمان شێوە بێ دەستکاری و گۆڕانکاری بۆ کچەکەی خۆی دەیگوازێتەوە وەکو خۆی، هەمان کەشە چەوسێنەرەکەی کەخۆی لەناویدا بوو بە قوربانی، بێ ئەوەی هەوڵی گۆڕانکاری واقیعی ژیانی کچەکەی بدات و ڕووبەڕووی جەوری نێرسالاری و کابووسی چەوسانەوە ببێتەوە! دایک فشار لەسەر کچەکەی دروست دەکات، تا هاوسەرگیریەک پێک بێنێت، کە پێچەوانەی خولیاو چاوەڕوانی و ویست و هەلبژاردن و حەزی خۆیەتی، کچ کەپرۆسەی هاوسەرگیری پێک دێنێت، دەڕواتەوە ناو هەمان بازنەی ژیان، بازنەی چەوسانەوەی پێشووتری جەحیمی ژیانی دایکی.
واتە زیندانی و مانەوە لەناو چواردیواری ماڵەوەدا، زیندانێک تابع و شوێنکەوتەی نێر و لەژێر هەژموون و دەسەڵات و بڕیارەکانی نێردایە، بەو چەشنە ئەو ستەمە دووبارەبووەو ئەو بازنەداخراوە نێرگەرێتیە، بەردەوامی بەدەسەڵاتی سەرکوتکار و نێرسالارانەی خۆی دەدات و ژن دەکات به سوتماک و قوربانی ویست و حەزەکانی نێرسالاری و ئیتر ژن ناتوانێت لەوەها کەشێک و لەناو وەها جورە بازنەیەکدا هەرگیز ئازادی بەدەست بێنێت و ئازاد بێت.
ئەو ئازادیەی ژن خۆی بە دەستەکانی قوڕی بۆ دەگرێتەوەو پیاو لێی دەترسێت، وەک خاتو سیمۆن دوبۆڤوار باسی لێووکەدەکات و دەڵێت: کاتێک ئێمە ژنمان ئازادکرد، ئەوە پیاویش ئازاد دەبێت، وەلێ پیاو لەوە دەترسێت. پیاو نایەوێت دان بە ئازادی سەربەخۆیی ژندا بنێت و ژن وەک مرۆڤێکی سەربەخۆی خاوەن ئیرادە و ماف و کەسایەتی ببینێت، پیاو دەخوازێت ژن دایمە لەژێر چڕنوکی بیری دێوەزمەی نێرسالاری و دەسەڵاتی خۆی و دابێت و ژن وەک ئەوەیتر(ڕەگەزی دووەم)و کیانێکی ناموستەقل ببینێت. ئێ ژن بە تەواوی ئازاد بێت، ئەی کێ خزمەتی پیاو بکات؟ ئەو پیاوەی خودی خۆی وەک ڕەگەزێکی باڵاو مرۆڤێکی ڕاستەقینەو ژنیش وەکو ڕەگەزی دووەم دەبینێت!
بەو شێوەیه، نووسەری فەیلەسوف لەڕەگەزی دووەمدا، بەوردی باس لە مێژووی چەوسانەوەی ژن و لێدان لە کەسایەتی ژن دەکات، لەسایەی دەسەڵاتی پاتریارکی(باب سالاری)داو گەنگشەی ئەو دوو پرسیارە دەکات:
یەکەم/ چۆن ژیانی ژن بەو دۆخه دۆزەخیەی ئێستا گەیشت و ئەوڕۆ ژن ببێت بە”ئەویتر.
دووەم/ بۆچی ژنەکان لەنێو خۆیاندا یەکگرتوو نەبوون و پێکەوە شان بەشان کاریان نەکرد بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی سیستەم و واقعی نێرسالاری!؟
ئەو سیستەمە نامرۆڤانەیەی بەسەریاندا سەپێندراوە، ئینجا خاتوونی فەیلەسوف دێت لەهۆکار و فاکتەرەکان دەدوێت و تیشک دەخاتە سەر بەربەست و کۆسپ و ڕێگریەکان و باس لە خاڵەکان دەکات و پەنجە دادەنێتە سەر برینەکان و مناقشەی ماهیەت و چیەتی هەردووك ڕەگەز وەک مروڤ چی ژن، چی پیاو دەکات و پێمان دەڵێت: کێ ئەو پلەو پیرۆزی و پێگەی بە پیاوداوە، کە لەسەرووی ژنەوەبێت و ڕەگەزێکی باڵاو خاوەن دەسەڵات و سەرو ژن بێت!؟
کێ ئەو ماف و ئمتیازات و گرنگیەی بە پیاو بەخشیوە کە ببێت بە سۆپەرمان و بوونەوەرێکی فوڵ پێرفێکت و کامل مواسەفات و بە نێریەتی خۆیەوە بنازێت و پۆزی پێ لێبدات و لەبەرامبەریشدا، ژن کائینێکی بێ تواناو لاواز و ناکامل و کەم ئاوەزو بێ دەسەڵات و پلەدوو ژێر دەستەی پیاو مایەی نەنگی و عەورەت بێت؟
ژن و پیاو(دوو مرۆڤ) کەهەردووکیان لەیەک ڕەگەزەوە هاتوونەتە بوون و هیچیان لەمادەیەکی جیاو باشترو گرنگتر لەوەکەیتر درووستنەکراون، تەنها ئەو جیاوازیەی ئەندامی زاوزێ و وەچەخستنەوە و شتانێکی تری فیسیۆلۆجی و جەستەیی سادەنەبێت، کە هەرگیز نیشانە و هێماو واتای ئەوە نین، کە فەزل و بەهێزی و پاڵەوانێتی پیاو لەسەر ژندا بسەلمێنن و ئاماژە بن بۆ کەمایەتی بایۆلۆژی و فیسیۆلۆژی و جەستەیی و ئەقڵی ئەو ڕەگەزە ستەم لێ کراو چەوسێندراو مافخوراوە(ژن)!
دو بۆڤوار پێمان دەڵێت: سووڕی مانگانەی ژن و هێڵکەدان و منداڵ بوونی ژن و هۆکارە بایۆلۆژیەکان، هیچ ماقوڵیەت و ڕەوایەتیەکان تێدا نییە، بکرێن بە پنتی نایەکسانی و هەنگاوی جیاکاری ڕەگەزی و سەرچاوەی دوو بەرەکی و چەوسانەوە و ملکەچکردنی ژن. کەواتە بوچێ دەبێت پیاو مێژووی ژنی دروستکردبێت و چارەنووس و جڵەوی ژن بگرێت بەدەستەوەو بڕیار لە وردو درشتی ژیانی ژن بدات و ئەندامی نێرینەی خۆی وەک ئمتیازێک و پلەیەکی بەرزو سەرووی ژنەوە ببینێت!؟
پێمان دەڵێت جیاوازیە بیۆلۆجیەکان کە مەفهوم و چەمکی نێرو مێیەتی لەسەردرووست بووە، نابن بە پاساو بیانووەک بۆ ئەوەی بە ژن وەک مرۆڤێک، بگوترێت “ڕەگەزی دووەم”، چونکوو ئەو جیاکاری و نابەرابەریەی نێوان ژن و پیاو، کە لە زۆر شوێن و زەمیندا هێشتا، لە تڕۆپک و لەو پەڕیدایە، بەتایبەتی لە جڤاتە نەریتگەرا و خێڵگەرا و نێرسالاراو مەزهەبگەراکاندا، کە هیچ لۆژیک و ماقوڵیەتێکی تێدا نییە و نەزانست و نەسروشت و دەروونی تەندروست و نەواقعیش پشت ڕاستی ناکەنەوەو پشتی ناگرن.
لەکۆتاییدا خاتو سیمۆن دو بۆڤوار، سەربەخۆیی ئابووری بۆ ژن و وەک پێشمەرجی بەدەست هێنانەوەی هەموو مافە زەوتکراوەکانی تری وەک مافە کۆمەڵایەتیەکان و سیاسەکان و مافی کارکردن و… تاد. بۆ ژن دەبینێت.
لەتێڕوانینی دو بۆڤواردا: ژن کاتێک ئابووریەکی سەربەخۆی هەبوو، ئیتر خۆی دەتوانێت خۆی بەڕێوەبەرێت و چیتر پێویستی بەوە نابێت، لەپێناو پاروە نانێک، یان جوتێک پێڵاو، یان کراسێک و هەرپێداویستیەکی تری ژیاندا، دەست لەبەر پیاو پانکاتەوەو لەپیاو بپاڕێتەوە، پیاویش وەک سندوقی دراوی نێو دەوڵەتی، ئەوپارەو یارمەتیەی وەک منەتێک و بە مەرجی سەلماندنی هەژموونی خۆی بەسەریدا بسەپێنێت پێی دەبەخشێت!
ماوەتەوە بڵێم:ڕەگەزی دووەم/ پێمان دەڵێت: هیچ کەس وەکو ژن لەدایک نابێت بەڵکو دەبێتە ژن.کەواتە ئەوە خێزان، کۆمەڵ، نەریت، مەزهەب … تاد. بەرپرسن لە لێدان لە ڕەگەزی ژن و چەوسانەوەی ژن و دەست بەسەرداگرتنی ماف و ئازادیەکانی ژن وەک مرۆڤێک. پێمان دەڵێت نابێت ئێمە بەراوردکاری بکەین لەنێوان ڕەگەزی مێینەو نێرینەدا، مەگەر لە گۆشەنیگای مرۆڤانەوە نەبێت.
سیمۆن دو بۆڤار پێمان دەڵێت: ژن وەک مرۆڤێک ببینن، ئەو بە تەنها دایک، خوشک، کچ، یان هاوسەر نییە، ئەو پێناسەیە، پێناسەیەکی نێرسالارانە و سەقەت و نا تەواو نامرۆڤانەیە، ژن ڕەگەزێکی گرنگ و مەرجی سەرەکی پرۆسەی گەشەندنی کۆمەڵ و پێشڤەچونی ژیانە، هەرکۆمەڵ و وڵاتێک بییەوێت سەرکەوێت و پێشبکەوێت و جێدەستی لەشارستانیەت دیاربێت، دەبێت ڕۆڵ و پێگەو بەژداری ژن بەهەند و لەبەرچاو بگرێت.
دەنا بێ بەژداری ژن، کۆمەڵ کەم ئەندام و کۆمەڵێکی نەخۆش دەبێت، کۆمەڵێک دەردەچێت، ئیفلیج و ناکامل. پێمان دەڵێت دیموکراسیەت کامڵ نابێت تاژن وەک مرۆڤێک سەیرنەکرێت و تەواو مافەکانی دیاری نەکرێت و ڕۆڵ و پێگەو شیانی ئەو بوونەوەرە پیرۆزو مەزنە لەبەرچاونەگیرێت.
پێمان دەڵێت واز لەو ڕوانگە سەرەتایی و دیدە سەقەت و جیهانبینیە هەلەو نامرۆڤانەیە بێنن، کە ئەرک و ڕۆڵ و کاری ژن، تەنها لە نێواو زیندانی چوار دیواری ماڵەوەو چێشت لێنان و وەچە خستنەوە و بەخێوکردنی منداڵ و خزمەتکردنی پیاوەوە کورتدەکاتەوە.
پێمان دەڵێت: ئەوە ڕوانینێکی نامرۆڤانەیە، دژ و پێچەوانەیشە لەگەڵ پڕەنسیپەکانی یەکسانی جێندەری و جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و، تێکیش دەگیرێت لەگەڵ کەرامەت و مەزنێتی ژن وەک مرۆڤێک. ئەو ڕوانینەی پیاو، وەک کەسێکی باڵادەست و پاڵەوانێکی بێ وێنەو و ژنیش وەکو بونەوەرێکی لاواز و ئەویترێکی بەشتکرا و بەکاڵاکراو دەبینێت.
پێمان دەڵێت، چیتر دەبێت، تێرمی ژن و پیاو، لە دیدەنیگا و هزر و زمانی ڕۆژانەمان فڕێبدەینە دەرەوەو لەجیاتی ئەو، ئیدیۆمی(مـــرۆڤ)لەفەرهەنگی ژیاندا جێگیربکەین.
پێمان دەڵێت دەبێت چیتر پیاو دەست بەرداری گرێیەکانی نێرسالاری بێت، ئەو گرێیانەی سیمۆن دیبوڤوار کە بۆچوونی وایە، کە هەر لە قۆناغی منداڵیدا، گەشە دەکەن و لەگەڵی دادەبن و هەڵدەکشێن بۆ دواتر و تەمەنی گەورەیی و لە دەرفەت دەگەڕێن، بۆ خۆ نمایشکردن و گوزارشت لە خۆکردن لە ڕێگەی ژینگەیەکی بچوکی وەکو خێزاندا، تاکو بە توندو تیژی و قیژە و هاوارکردن و چەسپاندنی دەسەڵاتدارێتی و حاکمیەتی نێرسالاری خۆیدا دەری ببڕێت و لەڕێگەیەوە خۆی زاڵبکات.
پێمان دەڵێت پیاو یاسا، لاهوت و فەلسەفەکانی هەمووی بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆی ڕامکردووە و لە شێوەی بتێک و خواوەدنێک خۆی لەبەرامبەر ژن دەردەخات،
بۆیە ژن دەبێت چیتر ڕادەستی بتی بیری سالاری نەبێت و چیتر کڕنۆشی سەرشۆڕی بۆ ئەو بتە خورافیە نەبات و دەنگی بوێری و یاخی بوون هەڵبڕێت و هەوڵبدات ئازادیەکانی خۆی بەدەست بێنێتەوە.
پێمان دەڵێت لە ئەفسانە و میتۆلوژیای کوندا هاتووە، کە ڕۆژگارێک و سەردەمێک جیهان ژن سالاری و سیستەم مێ سالاری بووەْو ژن وەک ڕەگەزێکی پیرۆز و سەنتەر و خواوەند و ئیمپڕاتۆرو سەرکردە ناودار بووە.
ئەفسووس دواتر پێوەرەکان بەرەواژ بوون و پیاو خۆی سەپاندو سیستەمی نێرسالاری ڕۆناو جڤاتی باب سالاری جێگیربوو دۆخەکە خراپ بەسەر ڕەگەزی ژن وەک مرۆڤێک داشکایەوەو ژن بوون یەکسان بوو بە کەمایەتی و نیوە مرۆڤ و پەتی ئەهریمەن و نیوە میرات و بێ ئەقڵ و… تاد.
دواتر و لە دەرەنجامی ئەو ئەقڵیەتە نێرگەرێتی و سیستەمە نێرسالاریە نامرۆڤانەیەی کە بۆ ماوەی سەدان و هەزاران ساڵ، درێژەی بە دەسەڵاتی سەرکوتکاری خۆیداوەو ڕەگی خۆی لەمێژوو شارستانیەت و ژیاندا داکوتاوە و کەڵبەی خۆی وەک دڕندەیەک لە کەرامەت و ماف و ئازادی و سەربەستیەکانی ژن وەک مرۆڤێک گیرکردووە، تائێستاش لە وڵاتە دواکەوتووەکاند درێژە بەو دەسەڵاتە دیکتاتۆریە تۆتالیتێرەی خۆیدەدات و ژن وەک مرۆڤێک دەکات بە سوتەمەنی و قوربانی پاوانخوازی و تاکڕەوی و تاکڕەهەندی و بڕیارە نێرسالارەکانی خۆی.
وەک ناڕەزایەتی بوونێک و بۆ بەدەست هێنانەوەی مافە زەوتکراوەکانیان و ئازادیە سەلبکراوەکانیان و سەربەستیە دەست بەسەرداگیراوەکەیان، بزوتنەوەی ژنان لەسەرتاسەری جیهان سەریان هەڵداو دروست بوون و دەنگی ناڕەزایەتیان بەرزکردووەو داوایان کرد چیتر ژن وەکو مرۆڤێک سەیربکرێت، بێ ڕێزی پێ نەکرێت و مافەکانی نەخورێت و کەسایەتی پێشێل نەکرێت و ئازادییەکانی بۆ بگەڕێندرێتەوە و شان بە شانی پیاو دوور لە جیاکاری ڕەگەزی بەژداری تەواوی سێکتەرەکانی ژیان بکات.
پێمان دەڵێت کۆمەڵی مرۆڤایەتی لە دایک سالاریەوەو ژن لە پێشەنگیەوە، دەکەوێتە ژێر چنگی پیاوەو دەبێت بە پاشکۆ و چەشنی کاڵایەکی مادی دەبێت بە بەشێک لە مولکی پیاو دەسەڵات و سەربەخۆیی خۆی لەدەست دەدات. ئیتر کارەسات و تراژیدیاکە لێرەوە دەست پێدەکات و دۆزەخ بوون و جەحیم بوون و ماڵوێرانی ژن بوون دەسپێدەکات. ئیدی ژن دەکرێت بە کەنیزە و کەسایەتی تیرۆر دەکرێت و ئازادیەکانی سەلب دەکرێت و پیاو چۆنی بوێت ئەوها لەگەڵی هەڵسوکەوت دەکات. لێی دەدات، قسەی پێدەڵێت، سێکسی لەگەڵ دەکات، دەیچەوسێنێتەوەو… تاد.
ژن چیتر تەنها بۆی هەیە دڵی پیاو ڕابگرێت و ڕەزامەندی ئەو بەدەست بێنێت و خزمەتی حەز و ئارەزووەکانی بکات. بەو شێوەیە ژن وەک مرۆڤێک، مرۆڤ بوونی لە بۆتەی بیری نێرسالاریدا ئیلغاوکانسڵ دەکرێت و یەکسان دەکرێت بە هیچ و بە بوونەوەرێکی بەبارمتەکرا و دەستەمۆکراو دەستبەسەرداگیراو بۆ خزمەتی پیاو دروست کراو.
ژن دەکرێت به ئامێری خۆ خاڵیکردنەوەو هۆکاری چێژبردنی نێر و پیاو جاڕی دەسەڵاتێکی ڕەهاو بێ سنوور بەسەر سنوری جوگرافیای مەملەکەتی ژن بوون دەدات و کۆڵۆنیالیزمانە، دەست بەسەر ژن دادەگرێت و کەسایەتی و بوونی داگیردەکات و لە شێوەی گیاندارێک، خاوەندارێتی دەکات و دەبێت ئەوی(ژن) بە کۆڵۆنیالیست کراویش، بە تەواوێتی ڕادەستی کۆڵۆنیالیزم(پیاو) بێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت