زمناکۆ ئیسماعیل: بۆ میدیاکان, هەواڵی بەپەلەی گەشمردبوونی پەکەکە دامەبەزێنن.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پارتی کرێکارانی کوردستان، خاوەنی تۆڕێکی بەهێزی میدیایین، چەندین کادری باش و بەهێزی میدیاکارییان هەیە، لەو کادرانە دەناسم کە خاوەنی ئەزمونێکی 30 ساڵەی کاری میدیایە، لەهەمانکاتدا ئەو حیزبەش خاوەنی، دەیان چەناڵی تی ڤی و سەتەلایت و ڕادیۆو چاپەمەنی و بڵاو کراوەیە، جگەلەوەی کە خاوەنی، چەندین چەناڵ و پێگەو هەژمارە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی (فەیسبوک، یوتوب، تویتەر، ئینیستاگرام، ڤی کەی ڕووسی و وویچاتی چینی، وەتس ئەپ و سیگناڵ و تێلیگرام و سناپچاتن)، ئەوان سوچێکی گەیاندنیان نەهێشتۆتەوە بە بۆشایی، هەتا پەیامی خۆیانی لێوە نەگەیەنن، چونکە خاوەنی پەیامی نەتەوەیی و خاوەنی قەزیەیی نیشتیمانی و مرۆیین، ئەوان گەرەکیانە بەهەموو شێوەیەک پەیامەکانیان بگات، ئەگەر بەتەنها بە یەک کەسیش بێت لەجیهان، پشوو درێژن و کار بۆ گەیاندن دەکەن.
لەهەمانکاتدا خاوەنی گۆتەبێژ و پەیڤێنەرو ئاخڤێنەر و قسەکاری خۆیانن، دەبێت و دەکرێت، میدیاو میدیاکاری ئێمە، لەڕووداوە نەخوازراوەکانی سەر ئەوان، چاوەڕوان بێت، ئارامگر و هەناسە درێژ بێت، با ئەوان خۆیان لەڕێگای بەشی چاپەمەنی و بڵاوکردنەوەی خۆیان، هەواڵی گەشمردبوونی هەڤاڵان و کەسایەتییە سیاسییەکان و فەرماندەکانی نێو ئەو حیزبە ڕابگەیەنن، با ئێمەی میدیاکار، مامەڵەیەکی جیاواز لەتەک ئەو حیزبەدا بکەین لەچاو حیزبەکانی دیکەی کورد و نەتەوەکەمان، چونکە ئەوان دژمنەکەیان کە دووژمنی من و تۆیە، دژمنەکەیان کە تورک و سوپای تورکە، هیچ بۆشاییەکی ئاکار و ڕەوشتکاریی، نەهێشتۆتەوە بۆ ئەوەی دەستی بۆ نەبات و شەڕی کوردو پەکەکەی پێنەکات، لەو ڕوانگیەوە، ناکرێت کە ئەوان تورک، لەڕێگای میدیاکانیانەوە، هەواڵی گەشمردبوونی هەڤاڵێک بڵاو دەکەنەوە، میدیاو میدیاکاری ئێمەش، بیکەن بەشایی و لۆغان، یەکڕاست بەپەلە بەپەلە بگرنەوەو خێرا هەواڵی لەسەر دروست بکەن، ئەمە خزمەتکردنە بە دژمنانی کورد، دەبێت لەم جۆرە هەواڵانەدا، وەک چەناڵی الجزیرە کار نەکەین، دەبێت ئارام بگرین و وەک (بی بی سی) کار بکەین، با هەواڵ دوا بکەوێت لە وادەو کاتی خۆیی، بەڵام گرنگ ئەوەیە، ئامانجی گەیاندنی هەواڵەکە، شکێنەری شکۆیی تاکی کورد و مرۆڤیی کورد نەبێت و بەرزکارەوەی ورەیی سوپای دژمن نەبێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت