لەتیف ئەمین: دەروازەیەک بەرەو جیهانى نووسین/ بەشی یەکەم.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هیچ کەسێک بە نووسەریى لەدایک نەبووە. کەسیش بە خۆڕسکى نەبووە بە نووسەر. کەسیش تەنها بە حەز و ئارەزوو لە نووسین, نابێ بە نووسەر. نووسین, هەوڵ و ماندووبوونى دەوێ, شەونخوونى دەوێ, لەهەمووى گرنگتر, خوێندنەوەى دەوێ. پێش دەستبردن بۆ پێنووس, دەبێ دەست بۆ کتێب و خوێندنەوە ببەین.

تا نەبین بە خوێنەرێکى ورد و وریا, نابین بە نووسەرێکى ڕژد و کارا.
نووسین, بەرهەمى قووڵبوونەوەیە بەنێو ڕۆحى وشەکان, سەرڕێژبوونى مەعریفە و ڕۆشنبیرییە. نووسین, مەلەکردنە لەناو دەریاى زمان, غەرقبوونە لەنێو شەپۆڵى هزر و هۆشیارى.
هەرچەندە ئەوانەى تازە دەست بە نووسین دەکەن, دەترسێن, دەست و پەنجەیان دەلەرزێ, ترسى ئەوەیان هەیە ڕەخنەیان لێ بگیرێ, هەوڵەکانیان بێ نرخ بکرێ, یان بایەخ بە نووسینەکانیان نەدرێ. زۆرجار خۆ بەراوردکردن بە نووسەرە گەورە و ناودارەکان, هەستى خۆ بەکەمزانین و بچووکى لەلاى نووسەرە تازەکان دروست دەکات.
بەڵام نووسەرە باش و دیار و خاوەن پێنووسە بە بڕشتەکانیش, بە جادوو و پەرجوو نەبوونەتە نووسەر, ئەوانیش لە سەرەتایەکى سادەوە دەستیان پێ کردووە. زۆر ئاساییە, ئەگەر نووسەرى سەرەتا, لە تەنکاوەکانى نووسیندا مەڵە بکات, تا بەرەبەرە و هەنگاوهەنگاو هەوڵى خۆ بەرەوپێشبردن بدات و گەشە بە توانا هزرى و هۆشەکییەکانى خۆى بدا و دەستى بە قووڵایی دەریاى نووسین بگات و بە گەوهەرى زانست و زانیارى و ڕۆشنبیرى, چاوى خوێنەرەکانى ڕۆناک بکاتەوە.
لە قوتابخانەکانى هەرێمى کوردستان, لە هەردوو قۆناغى بنەڕەتى و ئامادەیی, لە وانەى زمان و ئەدەبى کوردى, بابەتێک هەیە بەناوى داڕشتن. لەم بابەتەدا, مامۆستا ناونیشانێک دەداتە قوتابییەکانى, بۆئەوەى سەرنج و بیروڕاى تایبەتى خۆیان لەبارەیەوە بنووسن. هەندێکجاریش, مامۆستا قوتابییەکانى ئازاد دەکات لە هەڵبژاردنى ناونیشانى بابەتەکە, پێیان دەڵێ بە ئارەزووى خۆتان لەسەر بابەتێک بنووسن. هاوشێوەى زمانى کوردى, لە زمانى عەرەبیش بابەتى(انشاء) هەیە. وشەى داڕشتن لەڕووى دروستبوونیەوە وشەیەکى داڕێژراوە, لە پێشگرى(دا) لەگەڵ چاوگى(ڕشتن) پێکهاتووە. داڕشتن, واتە, ڕشتنى ئەوەى لە هزر و بیردایە, ڕشتنى زانیارییەکان, ڕشتن و ڕژاندنى بۆچوون و ڕاو سەرنجەکان لەبارەى بابەتێکى دیاریکراو. داڕشتن, واتە, هەرچى لە مێشکدایە, دایبڕێژیتە سەر کاغەز.
گرنگى داڕشتن لەوەدایە, ئازادى بە قوتابى دەدا بۆئەوەى بیر و بۆچوونەکانى دەربڕێ, ڕا و سەرنجەکانى ئازادانە بنووسێت. چونکە ئەو ئازادییەى کە لە نوسیندا پەى پێ دەبەین, لە قسەکردندا دەستمان ناکەوێ. بەراورد بە گوتن و قسەکردن, پانتایی نووسین فراوانتر و ئارامترە. بیرى مرۆڤ لە نووسیندا چڕتر و قووڵترە.
داڕشتن, ڕەنگە ببێتە هۆى ئەوەى خولیاى نووسین لەلاى قوتابى دروست بکات. دوورنییە, بەهۆى داڕشتنەوە قوتابییەک هەنگاو بۆ نووسەربوون باوێت. ئەوکاتەى لە قۆناغەکانى ناوەندى و ئامادەیی قوتابی بووم, داڕشتن, یەکێکبوو لە بابەتە دڵخوازەکانى من, هەمیشە بەبایەخەوە لەم بابەتەم دەڕوانى. پێش ئەوەى مامۆستاى بابەت بێتە ژوور, من نووکى پێنووسەکەى خۆمم تیژ دەکرد و بە تامەزرۆوە چاوەڕێى هاتنى مامۆستام دەکرد. داڕشتن, بیرکردنەوەى قوتابى کارا دەکات, عەقلى قوتابى دەجووڵێنێ. داڕشتن, خەیاڵ و بیرکردنەوە و تێڕامانى قوتابى تیژتر و قووڵتر دەکات. لە داڕشتندا, قوتابى هەوڵ دەدا وشەکان لە شوێنى خۆیان دابنێت, باس و بابەتەکان تەتەڵە و مشتوماڵ بکات.
داڕشتن, قوتابى فێرە ڕەوانبێژى دەکات, فێرە وشەسازى و ڕستەسازى دەکات. لەداڕشتندا, قوتابى هەوڵ دەدا جوانترین وشە هەڵبژێرێ, ڕێکترین ڕستە پێکبهێنێ. داڕشتن بابەتێکە, وا لە قوتابى دەکا, لەکاتى نووسیندا گرنگى بە لایەنى ڕێنووس و یاسا ڕێزمانییەکان بدات.
لەنووسینى داڕشتندا, ڕێنووس و خاڵبەندى لایەنێکى سەرەکى و گرنگن, پێویستە مامۆستاى بابەت زۆر بە وردى سەرنجى لەسەر هەبێ. باشترین داڕشتن ئەو داڕشتنەیە, کە بە ڕێنووسێکى دروست و بێ هەڵە نووسرابێ, کە ڕەچاوى خاڵبەندى کرابێ, کە پڕبێ لە ڕەوانبێژى و جوانکارى, بە زمانێکى پتەو و پاراو نووسرابێ و وشە و دەستەواژەى بازاڕى تێدا بەکار نەهاتبێ. داڕشتنى ئاستبەرز ئەو داڕشتنەیە, کە ماناداربێ, کە بە ڕوون و ئاشکرا باس لە بابەتێک یان کێشەیەک بکات, سەرەتا و ناوەڕۆک و ئەنجام و کۆتاییەکەى پەیوەندییەکى لۆژیکییان پێکەوە هەبێ. مامۆستایانى زمان, پێویستە قوتابییەکانیان ئازاد بکەن لە دەربڕینى ڕا و سەرنجەکانیان, لە نووسینى ئەوەى کە بڕوایان پێ هەیە. دەکرێ, قوتابى لە دیاریکردن و هەڵبژاردنى ناونیشانى داڕشتنەکەش ئازاد بکرێ, بۆئەوەى بە ئازادانە, هەر چى لە خەیاڵ و هزر و بیریدا هەیە, بێ شەرم و بێ ترس و دڵەڕاوکێ, بینووسێت. هەڵەیەکى گەورەیە ئەگەر مامۆستا داڕشتن بۆ قوتابییەکانى بنووسێتەوە و پێیان بڵێت لەبەریبکەن و ئەگەر لەتاقیکردنەوە هاتەوە, بینووسنەوە. لەوکاتەى لە قۆناغى ئامادەیی بووین, هەندێکجار مامۆستاى بابەت بە ئارەزووى خۆى داڕشتنێکى لەسەر تەختە دەنووسییەوە و دەیگوت:( ئەمە بنووسنەوە, ئەگەر هەر داڕشتنێکیش لە تاقیکردنەوە هاتەوە, ئێوە هەر ئەمە بنووسنەوە, کێشەتان نابێ و نمرەى تەواو وەردەگرن)!. بەم جۆرە داڕشتنەیان دەگوت(داڕشتنى گشتى). نەک هەر ئەم جۆرە داڕشتنە, بەڵکو هەر نووسینەوەى داڕشتن لەلایەن مامۆستاوە بۆ قوتابییان, هەڵەیە و سوودى بۆ قوتابییان نییە, چونکە لەبەرى دەکەن و دواى ماوەیەک لەبیرى دەکەن, تەنها لە تاقیکردنەوەکان نمرەى پێ بەدەست دێنن, بێ ئەوەى هیچى لێ فێربن.
نابێ داڕشتن بە بابەتێکى لاوەکى دابنرێ, دەبێ بە گرنگى و بایەخەوە سەیرى بکرێ. ڕەنگە قوتابییەک خەونى بوون بە نووسەریى هەبێ. ئەگەرى ئەوە هەیە, داڕشتن دەرگایەک بۆ جیهانى نووسین بەڕووى قوتابییەک بکاتەوە.
نووسین بەگشتى هونەرە, پێویستى بە لێزانى و شارەزایی و توانا و سەلیقەى کەسەکانەوە هەیە. وشەڕێشتن و ڕیزکردنیان لەسەر کاغەز و لاپەڕە ڕەشکردن, نابێتە نووسین. نووسینێک, خوێنەر تووشى هەناسەبڕکێ بکات لە کاتى خوێندنەوەی و بە حونجە بخوێنرێتەوە و ڕەچاوى ڕێنووس و خاڵبەندى و یاسا ڕێزمانییەکان تێیدا نەکرابێ, بەوە ناگوترێ نووسین. دەبێ مامۆستاى بابەتى داڕشتن, بەر لە هەموو شتێک, گرنگى داڕشتن بۆ قوتابییەکانى ڕوون بکاتەوە, دواتر هونەرى نووسین و یاسا و ڕێساکانى نووسین, خاڵ بە خاڵ بۆیان بنووسێتەوە.

ماویەتی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت