جیهانگیر محەمەد: بۆچی خۆپیشاندانەکان لە هەرێمی کوردستان بێ ئەنجامن؟

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

خۆپیشاندان مافێکی هەموو هاوڵاتییەکە، هەموو کەسێک ئازادە لەوەی گوزارشتی لێ بکات؛ پێویستە هەموو وڵاتان و حوکمەتەکان زەمینەسازی بکەن بۆ هاوڵاتیانیان کە بتوانن بەئازادی داوای مافەکانی خۆیان بکەن و ڕاوبۆچونی خۆیان بەرامبەر هەر پرسێک یان ڕووداوێک بخەنە ڕوو کە پەیوەندی پێوەیانەوە هەبێت، ناکرێت باسی دیموکراسی بکەین بەبێ ئاماژە بە مافی ئازادی ڕادەڕبین و خۆپیشاندان.
سەرەڕای ئەوەی کە خۆپیشاندان وەک مافێک لەجاڕنامەی گەردونی مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی پێدراوە لەسەر بنەمای ئەوەی مافی هەموو تاکێکە کە بەئازادانە تەعبیر لە ڕاوبۆچی خۆی بکات بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی کات لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانەوە خۆپیشاندان سنوردار دەکرێت و کۆت و لەمپەر لەبەردەمیدا دادەنرێت ڕێگا نادرێت بەئەنجامدانی.
هەروەک لەڕابردوودا بینیمان لە خۆپیشاندانەکان (17)ی شوبات و دوای، کە چۆن لەلایەن دەسەڵات دارانەوە و لە ڕێگەی هێزەئەمنیەکانەوە بە شێوەکی دڕندانە و دوور لە هەموو بەهاکانی مافی مرۆڤ خۆپیشاندەران سەرکوت دەکران و توندوتیژیان بەرامبەر دەکرا.
لەپاڵ ئەو هەموو ڕێگر و لەمپەرانەی کە دەسەڵاتداران لەبەردەم خۆپیشاندان دایدەنێن ئەوەی وادەکات خۆ پیشاندانەکان بێ ئەنجامبن کۆمەڵێک کەسی پۆپۆلیست (هەڵپرست)ە کە دەهاتن قۆرخی خۆپیشانداندانەکانیان دەکرد و بۆ ئەوەی خۆیان کاندید بکەن و بڕۆنە پەڕلەمان لەسەرماندوبونی خۆپیشاندەرە ڕاستەقینەکان؛ بەداخەوه لە پاڵ ئەوەی ئەزمونمان زۆرە لەگەڵ ئەم کەسانەدا بەڵام تاوەکو ئێستا نەمانتوانیوە ئەو خەڵکانە بناسێنین بە ڕای گشتی بۆ ئەوەی خەڵکی لەوە زیاتر فریونەخۆن.
لە ئێستادا سەرەڕای خراپ بوونی دۆخی ئابووری هاوڵاتیان، گران بوونی خۆراک، نەدانی مووچە لەکاتی خۆیدا، قەیرانی بەنزین و گاز، بێ کارەبای و بێ ئاوی، نەبوونی داودەرمانی پێویست لە نەخۆشخانەکان بەڵام خۆپیشاندانێکی ڕاستەقینە و ڕاستگۆیانە نییە لەبەر ئەوە دەسەڵات بەردەوامە لە دروستکردنی قەیرانەکان.
خۆپشاندانەکان نەبوونەتە هۆی هەنگاونان بەرەو باشبوونی دۆخی خراپی هاوڵاتیان بەڵکو دۆخەکە بەرەو خراپبوونی زیاتر چووە و دەچێت . لەبەرامبەدا هیچ یەکێک لە هێزە ئۆپۆزسێونەکان و دەستە و گرووپەکانی فشار و میدیاکان نەیان توانیوە بەشێوەیەکی ڕاستەقینە ببنە چاو و گوێی خەڵک و فشار بۆ سەر دەسەڵاتداران دروستبکەن و ناچاریان بکەن بەخزمەتکردنی هاوڵاتیان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت