عیماد عەلی: بانگەشەکەی مالکی تەڵەیە بۆ کورد.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەر لە دوورەوە دیارە کەبانگەشەکەی مالکی بۆ کۆبونەوەی پەرلەمانی عیراق لە سلێمانی نیاز و مەرامی باشی لە دواوە نیە و ئامانج گەلێکی لە پشتەوەیە کە هیچ قازانجێکی بۆ کورد و رەوتی سیاسی کوردستان و پەیوەندیی لایەنەکانی تێدا نیە. بۆیە دەکرێت لەم جوڵەو هەڵوێستەی مالکیدا هەست بەم مەرامانەی بکرێت:
* ئەگەر ئەو کۆبونەوە لەم کاتەدا لە شارێکی وەکو سلێمانی بکرێت کە واتای خۆی دەگەیەنێت، مەرامی مالکی یان سەرچاوەی بیرۆکەکە روونە، لە کاتێکدا یەکێتی و پارتی لە هەنگاوی یەکەمی نزیکبونەوە و هەماهەنگین لەسەر مەسەلەکان و بەتایبەتی پەیوەندیە سیاسیە ئابووریەکان و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، بە دیاریکردنی سلێمانی نەک هەولێر لە روانگەیەکی حزبی تەسکی لایەنی عیراقیەوەیە، درزە گەورەکەی پەیوەندی نێوان یەکێتی و پارتی گەورەتر دەکاتەوە، ئەمەش قورٍی بارودۆخە نالەبارە نێوخۆییەکەی هەرێم خەستر دەکات.
* درزی پەیوەندیەکانی نێوان رەوتی صەدر و یەکێتی و تەنانەت صەدر لەگەڵ هەرێم و کوردیش بە گشتی فراوانتر دەبێت، ئەمەش لە بەرژەوەندی هیچ کەسێک نیە، بەتایبەتی کورد.
* ئەم بیرۆکەیە تەنها بۆ دەربازبونی مالکی و سەرکەوتنی بلۆکی ئێرانیە لە عیراق و خۆرزگارکردنە لەو چەقبەستنە سیاسیەی کە خۆی و چوارچێوەی هەماهەنگی تێی کەوتوون، ئەمەش لەسەر حسابی بەرژەوەندی کورد و تەنها بۆ ئەوەی داشی ململانێی مالکی لەگەڵ سەدردا سوار بێت و وەکو خۆی و ئێرانیش جوڵەیەکی سیاسی بکەن و لەوانەیە لە چەقبەستوویی وەزعەکەی رزگاریان بێت و زیاتر کورد لە کێشەکانی بەغدا بگلێنن.
ئەگەر ئەم بیرۆکەیە لە بنەرٍەتدا لە تارانەوە دەرچوبێت، ئەوا دەتوانێت بە ئاسانی فشار لەسەر یەکێتی بکات بۆ قبوڵکردنی و یەکێتی ئیحراج دەکات، بەڵام لە رێگەی مالکیەوە دەربچێت ئەوگومانە دوور دەخاتەوە و پێشنیارەکە بە نێوخۆییانە حساب دەکرێت. بۆیە بۆ کورد خۆی زۆر باشترە بۆ یەکجاریش بووە بیری ستراتیجی خۆی بکاتەوە و خۆی لەقەرەی کێشە ئاڵۆزبووەکانی بەغدا نەدات، بۆ ئەوەی دەرئەنجامی ئەم هاوکێشەیە هەرچۆنێک بێت کورد بە سەرکەوتوویی لێی دەرچێت و پێگەی خۆی قورستر بکات و بتوانێت قسەی خۆی هەبێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت