زاهیر باهیر: قەڵەم بەدەستانی کورد و پەکەکە و چالاکی و هەردوو لایان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

جێگای داخە کە زۆرێك لە قەڵەم بەدەستانی کورد بە ناوی دڵسۆزی بۆ پەکەکە و باکور و ڕۆژئاوای کوردستنانەوە گەورەترین خزمەت بە دەوڵەتی تورکیا و لە سەرویانەوە ئاکەپە و ئەردۆگان دەکەن.
ئەمانیش وەکو میدیای دەوڵەتی تورکیا و میت، بەڵام بە وتار و نوسین و بە مەبەستی جیاواز تەواوکەری سیاسەتی ئێستای ئاکەپەن. ئامانجی سەرەکی بەناوی بەرگرییکردن لە کورد و باکور و باشوور دنەی شەڕی بەردەوامی نێوان پەکەکە و تورکیا دەدەن، هانی ڕشتنی خۆێنی زیاتر و سوتانی جەرگی دایکان و باوکانی گەریلاکانی پەکەکە دەدەن، ئەمانە خەنجەر لە کا دەدەن، بەنزین بەسەر ئاگری کڵپەسەندووی چەند دەیەیەك دەکەن کە چی تر تین و گەرمی گڕەکەی کارایی نەماوە و کاتی کوژاندنەوەیەتی و گۆڕین و بەکارهینانی ئەو وزە و تینە لە کە ناڵێکی دیکەی تێکۆشانەوە: خەباتی جەماوەریانەی سەرانسەری تورکیا.
ئەمانە خەریکی ئەو کارە قێزەوندەن، کاری هاندان و بەردەوامیدانی بە خوێنڕشتن بە کوشتاری بە کۆمەڵ، بە وێرانکردنی خاك و نیشتمان و ژینگە کە لە لە کاتێکدا زۆربەی ئەم ئەفەندییە قەڵەم بەدەستانە لە دەرەوەی کوردستان دەژین و لە تەڕ دەخۆن و لە وشک دەنون. زۆریان لەم وڵاتانەدا بەردێك ناخەنە سەر بەردێك و وەکو تەڕاح لێیکەوتوون و جار بە جار بۆ دەستخۆشی لێکردنیان و لایك و کۆمنێنت و وتارەکانیان پۆستێکی قەبیح یا وتارێکی بێ ناوەرۆك و بێ بەڵگە بۆ بەردەوامیدانی شەڕ دەنوسن کە گوایە ڕێگەی سەرەکی ڕزگاری کوردە.
گەر بەڕاستی دەتانەوێت دۆستی کورد بن، ڕاستگۆ بن، بە ویژدان بن با هەڵوێستتان هاریکاری و ڕەخنە بێت. پەکەکە و بزوتنەوەی ڕۆژئاوا زیاتر لەوەی کە پێویستیان بە هاوپشتی و دەستخۆشی هەبێت، پێویستیان بە ڕەخنەی جددییە، پێویستیان بە سەرەکۆنە لەسەر سیاسەتی هەڵە و چالاکییەکانیانە کە تەنها کوشتن و بڕینی زیاتر دەهێنیت نەك ڕزگارکردنی بستێك زەوی.
لام وایە وەختی ئەوە هاتووە کە بوەستین لە لایکباران و دەستخۆشی ‌هێڕشی هەسەدە لە کوژرانی چەند سەربازێکی لەشکری تورکیا کە زۆر نزیکە کوردیش بن نەك تورك.
هاوکاتیش ئایە وەختی ئەوە نەهاتووە کە پەکەکە پێداچونەوەیەك بە سیاسەتەکانی خۆیدا بکات؟
دیارە ئەوەی کە من دەیڵێم پێشنیار نییە بۆ پەکەکە، چونکە حیزب بە سەرکردە و بە بنکردەوە هەرگیز خۆیان بە هەڵە نازانن و بە قسەی کەسیش ناکەن. ئەم تێڕوانینەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هەمیشە سەرکردەکان و ڕابەرانی حیزب خۆیان لە هەموو کەس بە باشتر و بەتواناتر و زیرەکتر و ئاوەزدارتر دەبینن. کاری ئەوان کۆنترۆڵکردنی ئەندامان و کەرتکاریی نێوانی هاووڵاتیان و ململانێی دەسەڵات و کورسییە.
ئەوەی کە دەیڵێم دەربڕینی سەرنج و هەڵوێست و خوێندنەوەیەکە. پەکەکە بە بارودۆخێکی ئێکجار سەختدا تێدەپەڕیت کە هیچ حیزبێکی کوردستانیی و عێراقیی لەو بارودۆخە مەترسیدار و نادیارەی ئایندەدا ناژین. پەکەکە لە قەیرانێکدایە کە تەنها و تەنها مەگەر هەڵبژاردنی حوزەیرانی ساڵی ئایندە بە گۆڕانی ئاکەپە ڕزگاری بکات، ئەویش بە دەستپێکردنەوەی وتووێژ. بێ گومان ئەمەش هۆکاری زۆری هەیە، بەڵام هۆکاری هەرە سەرەکی لەو قەیرانەی کە پەکەکە تێیدا دەژی و شکستی تەواویش بە ڕۆژئاوا دەهێنێت هەر وەکو چۆن بە هەدەپەی هێنا من لە دوو خاڵێ سەرەکیدا کۆی دەکەمەوە. ئەو دوو خاڵەش:

یەکەم/ پەکەکە هیچ جۆرە پێداچونەوەیەك بە سیاسەتەکانی خۆیدا ناکات.
بڕوانە لە تەموزی2015 وە پەکەکە هەزار کەسی زیاتر لێکوژراوە، کوردستانی باکور وێران بووە، تورکیاش بە پاساوی بوونی پەکەکە لە باشووردا ناوچەیەکی تەواوی وێرانکردووە ژیان و سروشتی لە هەزاران دانیشتوی بناری قەندیل سەندۆتەوە، لەو لاشەوە هەرکەسێكی بوێت بەبێ ترس و بەو پەڕی ئازادییەوە دەیکوژێت. هاوکاتیش ئەم حەوت ساڵ شەڕەی نێوانی پەکەکە و ڕژێمی تورکیا نەك هەر کێشەی کوردی باکوری بستێك نەبردۆتە پێشەوە، بەڵکو ئەوەندە زەرەری لێداوە کە هەرگیزا و هەرگیز نایەنەوە جێگای خۆیان.
لەمانەش سەیرتر ئەو دیمانە و قسە بێ سەرو بەرانەی سەرکردەکانی پەکەکە و پەیەدە، ڕۆژئاوا دەیکەن جێگەی تێڕامانە کە کەسێك 40 بۆ 50 ساڵ لە حیزب و بزوتنەویەك بیت کەچی قسە لە هەوادا بکات! لەمانەش خراپتر کەسێك نییە لەناو پەکەکەدا چالەنجیان بکات؟ چەپڵەلێدەرەکانی دەرەوەی پەکەکەش هەر دەستخۆشی دەکەن و هانی شەڕ دەدەن بێ ئەوەی خۆیان لەسەفەر و گەشتی تورکیا و کڕینی کاڵای تورکی و تورکیا و سەیرکردنی دراما توڕەهاتەکانی تورکیا دوور بگرن!
پرسیارەکە ئەوەیە ئایە وەختی ئەوە نەهاتووە کە پەکەکە تەنها بۆ دەقەیەك بیر لەوە بکاتەوە کە بەم شەڕە چییان بەچی کردووە؟ خەڵکی مامەڵەیەك دەکات، ڕەدەڵ و بەدەڵێك دەکات، دوکانێك دادەنێت، کە پاش ماوەیەکی کەم کە دەزانێت زەرەری لێدەکات ئیتر بیر لە چارەسەرێکی دیکە دەکاتەوە.
دووەم/ ئەم ڕووداوە جەرگبڕانەی کە یەك بە دوای یەکدا لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا ڕوویان داوە و ڕوودەدەن کە لەڕێگەی درۆنەکانی تورکیاوە ڕوودەدات یاخود لە ڕێگەی تیرۆرکردنەوە. لە هەموو ئەم ڕووداوانەدا پەکەکە پەنجە بۆ پارتی و دەزگەی سیخوڕی پارتی ڕادەکێشێت بێ گومان ڕەنگە بەشێکی کاری هاوبەشی نێوانی دەزگەی سیخوڕیی پارتی و میتی تورکیا بێت. بەڵام دەکرێت لە کاری تیرۆرکردنی درۆنەکاند ، دوو خاڵ ڕەچاو بکرێت:
یەکەم/ کوشتارەکان پێشوەخت پلانی بۆ کراوە ئەوە نییە کەسێك پەیوەندی بە بەشی سەربازیی تورکییەوە کردبێت یا بە میت ڕابگەیەنێت. بەڵکو ئاگەدارکردنەوەکە زۆر وردەکاری تێدایە تەنانەت میت یاخود بەرپرسانی درۆنەکان پێشوەخت تەواوی پلانەکانیان پێدەدرێت و دەزانن: کەی ئەم سەیارەیە دەردەچێت، چەندکەسی تێدایە، لە کوێ دەوەستن، مەنزڵگەیان کوێ و کوێیە.
گەر ئەمانە نەبێت چۆن درۆنێکی تورکی دەتوانێت سەیارەیەك لە ڕێی کەلار بکاتە ئامانج. گەر وا نەبێت چۆن دوو کەس لە ئەزمڕ لەناو دەیەها کەسدا دەکوژرێت؟ گەر پلانی پێشوەخت نەبێت چۆن لە دەروازەی موسڵدا درۆن تەعین دەبێت و هەڵدەکوتێتە سەر سەیارەیەك؟ گەر وا نەبێت چۆن مام زەکی و دیار غەریب دەبنە قوربانی بە درۆن یا ئامرازێکی دیکە؟ گەر پلانەکە زانراو نەبێت چۆن 3 لە ژنانی شەرڤانان کە یەکێكیان جێگری سەرەکی مەزڵوم کۆبانییە هەر ئاوا بە ئاسانی دەکوژرێن؟ چۆن ژنێکی دیکەی خاوەن ئەزموون و مێژوی تێکۆشان لە کەمپێکی خەڵکانی ڕۆژئاوادا لە عەربەتدا نەك شوینانی ژێر دەسەڵاتی پارتی دەکوژرێت؟ چؤن هەر لەم مانگەدا ئەو قوربانیانە دەدرێت بە تایبەت کەسی وەکو ڕێزان جاوید؟ کە هەڵسوکەوتی ئەم هەڤاڵە و جێگرەکەی مەزڵوم کۆبانی و کوشتنی مام زەکی و دیار غەریب و ئەوانی تریان. کە جوڵەی ئەمان زۆر دیاریکرا و نهێنی بووە و لە دانیشتنێکی تایبەتیدا باس کراوە و بڕیاری لەسەر دراوە. بە داخەوەم کە کاتێك دەڵێم لە ئایندەدا زۆری تریشی بە دوادێت.
ئەوانەی کە دەمێننەوە فەرماندەکانی قەندیلن نەك لە بەر ئەوەەی کە سەر بە دەوڵەتی تورکیان، بەڵکو لەبەر ئەوەی کە مانەوەیان پێویستە بۆ بەردەوامیدان بە جەنگ، جەنگێکی ماڵکاولکەر، شەڕێکی نیشتمان وێرانکەر، جەنگێکی بێ مایە و بێ دەسکەوت کە 3 کوردستانی بە خۆیەوە کاولکردووە.
دووەم/ ئامانجی تیرۆرکردنەکان هەڵبژاردەیە و قوربانییەکان یەکیی یەکین و کوردانی ڕۆژئاوا و باکور و ڕۆژهەڵاتن، نەك کوردی باشوور. باشە چۆن دەکرێت کە یەکێکی وەکو زەکی چەلەبی، ڕێگای پێبدرێت نزیکەی ساڵێك لە حیواردا بێت لەگەڵ میتی تورکیدا؟!. ئەمە جێگای سەرنج و تێڕامانی وردە دیارە ئەم کابرایە ئەوەندە ساویلکە بووە کە باوەڕی نەبووە کە دەیکوژن، یاخود بەو پەیوەندییەی کە هەیبووە لە خشتەیان بردووە کە بێ خەم بێت ناکوژرێت. زەكی دەبوایە هەر لەیەکەم حیوارەوە ژمارەکەی بگٶڕیایە و ئیحتیاتی وەرگرتایە. ئێمە نازانین چی وتراوە و چی نەوتراوە، بەڵام بڵاوکردنەوەی ئەو حیوارە بۆ من زۆر قسە هەڵدەگرێت و زۆر وردەکاری دەردەخا. تکایە وا مەزانە کە من زەکی تاوانبار دەکەم بە هەبوونی پەیوەندیی لەگەڵ مییت-دا.
ئایا ئەی قەڵەم بەدەستانی کورد ، ئەی پیاوان و ژنانی هەلهەلەکێشی جەنگ و دەستخۆشی لێکەری پەکەکە ئەی ئەندامانی ڕیزەکانی خوارەوەی پەکەکە و پەیەدە هەرگیز ئەو پرسیارەتان لە خۆتان کردووە کە بۆچی دەوڵەتی تورکیا ئۆجەلان بەرنادات؟
دەوڵەتی تورکیا نایەوێت ئۆجەلان بەربدات لەبەر ئەوەی کە دەزانێت ئۆجەلان زۆر دەمێکە گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی کە شەڕی چەکداریی لە قازانجی کورد نییە و دەبیت بە هەر نرخێك بێت بوەستێت. دەزانێت گەر ئۆجەلان بەرببێت ئیتڕ شەر و شەڕکەران دەوەستێنێت، نەک هەر ئەوەش زۆرێك لە سەرانی پەکەکەش وەدەر دەنێت و نزیکیشە کە دادگاییان بکات.
دەسەڵاتدارانی تورکیا دەزانن بوونی بزوتنەوەی چەکداریی پەکەکە گەورەترین سوودیان پیدەگەیەنێت، هۆکاری سەرەکی مانەوەیانە، هاندەرێکی باش و بیانوویەکی چاکە بۆ وێرانکردنی تەواوی کوردستانی باکور، هۆکارێکی گرنگە لە ڕوونەدانی مانگرتنی گشتی و خۆپیشاندان و پرۆتێستی زۆر گەورە لە تورکیا، چونکە میدیا و پاگەندەی تورکیا توانوێتی کە هاووڵاتیانی ئاسایی تورکیا بگەیەننە ئەو قەناعەتەی دووژمنی سەرەکی ئەوان” تیرۆریزم و تیرۆریستانە ” کە هەڕەشە لە کییانی گەلی تورك و دەوڵەتەکەیان دەکەن.
وەستانی ئەم شەڕە هەتا زووتر بێت سوودمەندترە، ئاگربەستی یەكلایەنانە بۆ هەمیشە، باشترین خزمەتێکە کە پەکەکە بیکات بە خۆی و مانەوەی و بە میللەتی کورد و بە چینی کرێکاران و هەژارانی تورکیاش. کاتی ئەوە هاتوە کە دەستبەرداری چەك ببن دەبێت ئەوە تێبگەن کە ئەزموونەکان و ڕووداوەکان و گۆڕانی بارودۆخەکە بزوتنەوەی چەكداری و چەکبازیی توڕداوەتە زبڵدانی مێژووەوە.

* 31/12/2017 ئەم وتارەی کە لەم لینکەدا هاتووە بە هەردوو زمانەکە، کوردی و ئینگلیزی، لەسەر پەکەکەم بڵاوکردۆتەوە. تکایە گەر خوازیاری بیبینی کلیکی لەسەر بکە.
https://zaherbaher.com

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت