نه‌جیبه‌ فایه‌ق سه‌نگاوی: هه‌ردوو جگەر گۆشەکەم لە برسا مرد.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئامادەکردنی/ عەبدوڵا کەرێم مەحمود
نەجیبە فایه‌ق کەریم لە دایک بووى 1973 ى سەنگاوە، هاوسەرى فەرەج حەمە ئەمین حسێن ى ‏گوندى سەر قەڵایە، لە بارەى هێرشى سوپاى ئەنفالەوە ئاماژەى بەوەکردو ووتی: ئەو دەمانە ماڵمان لە ‏گوندى سەرقەڵا بوو، ئاگامان لە سوپاى پیادەى عێراق بوو، بە هاوکارى گەلە جاش بە پاڵپشتى کۆپتەر ‏و دەبابە و تۆپەقور سەکانیان لە شاخى عەلى مەنسورەوە پەلامارى چیاى ئاشداغى دا.
حەمەى مام ‏حەسەن ووتى:لەو پەلامارەى دوژمن دا حاکم قادر حەمە سالح رەباتى شەهید کرا.
سەعات (6) ى ئێوارە سوپاو جاش چوار دەورى قەڵایان تەنى، ئەو دەمانە من دوو منداڵم لە ‏باوەش دابوو، سکیشم هەبوو، ئێمەیان لە نزیک ئاواییەکە کۆکردەوە و گوندەکەیان بە بەرچاوى ‏خۆمانەوە سوتاند، سەرباز وجاشەکانمان دەبینى خەریکى تاڵانى ماڵەکان بوون، من و مێردەکەم ‏و شوکرى حەمە ئەمین و سازگارى 2 ساڵانەو ڕۆژانى 6 مانگانەى کچم لەگەڵ خەڵکى ئاواییەکەماندا بە ‏پاڵەپەستۆ خراینە ئیڤایەکەوە، نەمان دەتوانى سەیرى ئەم لاو ئەو لابکەین. بە کێبڵ لێیان دەداین، ‏ئەو کاتە سەراپا خەڵکى ئەو گوندانەیان لە ئیمان شاسوار کۆکردەوە، دواتر ئێمەیان برد بۆ چەمچەمال، ‏لەوێ هەموومانیان بردە قائمقامیەت. من و هەردوو جگەر گۆشەکەمیان بردە هۆلێکه‌وه‌، ‏مێردەکەشمیان بردە هۆلێکى تر، شەوەکەى ( رۆژان ) ى کچم نەخۆش کەوت، توشى سک چونێکى توند ‏بوو، هۆڵه‌کەى ئیمە زیاتر لە 100 ژن و منداڵى خەڵکى ( سەرقەڵا، تەپە عەرەب، عەینەکە، قەڵا، ‏سەنگاو) خەڵکى گوندەکانى تری تێدابوو. ‏
بۆ بەیانییەکەى بواریان بۆ نەجیبە فائق رەخساند، لەگەڵ فایەق فەرجى پاسەوان کە ‏کلاشنکۆفێکى بەشانەوە بوو، بە ئوتومبیلێکى تایبەت سەردانى نەخۆشخانەى گشتى چەمچەماڵ بکەن، ‏لەوێ دەرمانیان بۆ وەرگرت، گەڕانەوە بۆ هۆلەکەیان شەوێکى تریش لەوێ مانەوە.
بە یانییەکەى ژن و ‏پیاویان بە جیاجیا سوارى کۆستەرى (21) نەفەرى کرد، پاسەکان ئەوەندە زۆربوو لە ناو چەمچەماڵەوە ‏کاروانى بەستبوو، بۆ سەر بان مەقان، لەو کاتەدا شوکریە حەمە ئەمین ژنى مەلا ئەحمەدیان بە پاڵ ‏خستە ناو پاسەکەوە، دواتر وتى: نەجیبە با لە فرسەتێکدا هەوڵ بدەین خۆمان دەباز بکەین، ئەوەبوو ‏ئەو لە جامى پاسەکەوە خۆى فڕێدا، ووتى: یەکێک لە منداڵەکانم بدەرێ.
من دڵم نەهات چاوم لێ بوو، ‏شوکریە لەلاى مەرکەزەکەوە بەرەو ماڵەکان راى کرد، ئوتومبێلەکان کەوتنە جوڵە، لە ناکاو بوو بە تەقە، ‏خەڵکى چەمچەماڵ هیرشیان کردە سەر سەربازەکان، بۆ ئەوەى ئەنفالکراوەکان دەرباز بکەن، لەو کاتەدا ‏‏(3) کۆپتەر بە نزمى بەسەر ئاسمانى چەمچەماڵ دەسڕێژیان لە خۆپیشاندەران کرد، ئێمەیان برد بەرەو ‏تۆبزاوە، شەوەکەى گەیشیتنە ئەوێ، لەوێ ئەمنەکان خۆیان کرد بە هۆڵى ژنەکاندا منداڵەکانیان بەزۆر ‏لە دایکیان جیا کردەوە، لەو کاتەدا قیژە قیژى ژن و منداڵەکان ئەوەندە بەسۆز و توند بوو، هیچ کەسێک ‏نەیدەتوانى لەبەردەمیا خۆى رابگرێ، کارەبا بڕا قیژە قیژەکە بەردەوام بوو، دواى 2 سەعات ئەمنەکان ‏منداڵەکانیان بە گریانێکى توندەوە. پڕ بوو لە ترسێکى بێ سنور، گەراندەوە بۆ هۆڵەکانیان، دواتر ‏هەموو پیاوەکانیان ناردەوە بۆ لاى ژن و منداڵەکانیان. ‏

بە ڕووتى و دەست بەسراوى
‏ ئەو ئێوارەیەی کە بواریاندا مێردەکەم تا سەعات 2 ى شەو لەگەڵماندا بێت، تۆزێک شۆرباى ‏نیسکیان بۆ هێناین، مێردەکەم وتى: خەجێ توخوا با ئێمە هەر برسى بین، با خواردنەکە بۆ سازگار و ‏رۆژگار بیت، با ئیمە هەردووکمان بمرین و ئەوان بژین، چونکە بەشى ئەوانیش ناکات. ‏
‏ سەعات 2 ى شەو جارێکى تر پیاوەکانیان جیاکردەوە، ئەو شەوە هەردوو منداڵەکە تا بە یانى لە ‏برساو لەبەر بێ شیرى هەر دەکڕوزانەوە، خەو لە چاوەکانم تۆرابوو، سەعات 8 ى بەیانى پیاوەکانمان ‏بە ڕووتى بینی، تەنیا دەرپێیەکى ژیرەوەیان لە پێ دابوو، هەردوو دەستیان لە دواوە بە سترابوو، لە ‏ناویاندا مێردەکەم و فایەقى برام و کەس و کارەکەشم بینى، ئەمنەکان بە کێبڵ لێیان دەدان، لەوکاتە ‏ڕۆژان بە باوەشمەوە بوو دەستى بۆ خاڵە فایەقى بەرزکردەوە، ئەمنەکان بە کێبڵ پەنجەرەکەیان ‏داگرتەوە، لە چەند چرکەیەکدا هەموو پیاوەکانیان بەرەو شوێنێکى نادیار برد، ئیتر جارێکى تر ‏روخساریانمان نەبینیەوە. ‏
‏ دوو مانگ لە تۆپزاوە ماینەوە، نیوە شەوێک بە ئوتومبێلى تایبەتى پەنجەرە داخراو کە ناوەوەى ‏تاریک بوو، هەموو مانیان گواستەوە بۆ دبس، رەشەبایەکى قایم هەڵى کرد، کارەبایان لێ کوژاندینەوە ‏دەنگى لورەى رەشەباکە لەگەڵ تاریکایى و تارمایى دەمو چاوى ئەمنەکاندا، ترس و گومانیکى زۆرى ‏دروست کردبوو، گریانى ژن و منداڵ ناخى ئەو شەوە پڕ مەترسیەى زیاتر دەشلەقاند، لەوێ هەموو ‏مانیان خزاندە هۆلەکانەوە بۆنى ناخۆشى هۆلەکان، هەناسەى لە هەموومان بڕاند، نیوەرۆکەى تۆزێک ‏نیسکیان بەسەردا دابەش کردین، لەو شەش مانگەى کە لەوێ دا زەمەنە وەستاوە دووبارەکانى ناو ‏هۆلەکانمان بەڕى دەکرد، ڕۆژانە (20) منداڵ زیاتر لەبەر سک چوون و برسێتى گەرماو تینویەتى و بێ ‏شیرى دەمردن.

زەمەنەکانى گریان
دواى دوو مانگ لە دبس بووین، رۆژان نەخۆش کەوتەوە، هەموو ڕیخۆلەکانى لەبەر بێ شیرى ‏و لە برسا ووشک ببوو، دایکیشى لە برسا مەمکەکانى وشکى کردبوو، دەم و چاوى ڕۆژان ڕەش ڕەش ‏داگەرا، پێستى سیس بـــــــوو، جەستەى وشک هەڵات، بەبەردەوامى دەگریا، وردە وردە هەناسەکانى ‏تەنگ بوو، قورگى ووشک بوو، نوزەى تیا نەما شەوو رۆژێکى تەواو لە گیانەڵادابوو، دایکى ووتى: بەیانیەکى کپ لە خەو هەستاوم، وامزانى رۆژان خەوتووە سەرم لابرد، دوا هەناسەى سپاردبوو، لەگەڵ ‏بدیعەو مریەم بەچاودێرى چوار ئەمن بە ئوتومبیلێکى عەسکەرى بردمان بۆ ماڵى موختارى دبس، لەوێ ‏بەوانمان سپاردو خۆمان گەراینـەوە بۆ زیندان، لە تاو ڕۆژان شەوو رۆژ بە بەردەوامى دەگریام، گریان ‏لەوێ دیاردەیەکى سروشتى بوو، هه‌موو زەمەنەکانى ئەوى بە گریان بەڕێ دەکرا، دواى 20 ڕۆژى تر سازگارى ‏کچم هەر لە برسا گیانى سپارد، بیرمە سەبرى حاجى فەتاح کە خەڵکى خیلى ئاخە بوو، توشى نەخۆشى ‏دڵ بوو، هیچ چارەسەرێکى بۆ نەکرا، جەستەى لەسەر بەتانیە شرەکەىدا ڕزا، ئەمیش 6 منداڵى پێ ‏بوو، هەر لەوى 2 منداڵى مردوو 4 مندالەکەى تریش ژنەکانى ئەوێ بۆیان بەخێو دەکرد.‏
دواى 6 مانگ بە لێبوردنى گشتى ئازاد کراین، گواستیانینەوە بۆ عەربەت، لەوێ ناویان ‏تۆمارکردین، گەراندیانیینەوە بۆ چەمچەماڵ، لەوێ کەس و کار چاوەڕوانیان دەکرین، دواتر من رووم ‏کردە مالى مامە حاجى سدیق م لەمالە سەنگاویەکانی ( مدینە شۆڕش )، له‌وێزانیم ماڵى باوکیشم لێره‌یه‌، بەیانى زوو پێیان وتم: هاوسەرەکەم شوێن بزر کراووە. ‏

فۆتۆ :سه‌نگه‌ر عه‌بدوڵڵا

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت