دانا مەنمی: خەمی پارتی و بونیادی خێڵ لەناو پارتیدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بونیادی حیزب و ڕێکخراوی سیاسی گۆڕانێکی گەورەی بەسەرداھاتووە، لە ڕۆژگاری ئێستادا هەر حیزبێکی سیاسی جگە لەوەی خاوەنی کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووس و ژمارەیەک ئینشانووسە خاوەنی تەلەفیزیۆن و رادیۆو و سایت و چەند پەیجێکی فەیسبووکیشە، لەپاڵ هەبوونی ئەمانەدا حیزبەکانی کوردستان لەوە کەوتون ھەڵگری بەرنامە و ستراتیژ و دونیابینییەکی عەقڵانی سەردەمیانە بن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگا و گۆڕانکاریی لە سیستەمی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابوورییدا، ئەم حیزبانە سیاسەت بە پرسێكی حیزبی تێگەیشتوون نەك گشتی، بەو مانایەی هەموو ناكۆكی و دانوستاندنەكانی نێوانیان، پەیوەندی بە خواستی حیزبەوە هەیە نەك خەڵك و ئەم تێگەیشتنەیان شۆڕکردووەتەوە بۆ هەناوی کۆمەڵگاو کۆمەڵگاش بووە بە بەشێك لەو دابەشبوونە و بە بەشێك لەو فەزایەی کە حیزبەکان دەستیان بەسەردا گرتووە.
پارتی وەک حیزبێکی فەرمانڕەوایی سیاسی ژینگەیەکی پڕ لە ترس و دڵە ڕاوکێی بۆ خەڵکی کوردستان بونیاد ناوەو لەناو ئەو ژینگەیەدا بازاڕی پارتی لە هەموو حیزبەکانی تر گەرمترەو باوەشی کردووەتەوە بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە ویژدانی خۆیان دەفرۆشن. بەڵام ئەم تابلۆیە لە ناوەوە جیاوازەو خوێندنەوەی تر هەڵدەگرێت، لەناوەوە هیچ شتێکی پارتی لە شوێنی خۆیدا نەماوەو خودی پارتیش لەوە کەوتووە کە حیزب بێت و زیاتر وەک کۆمپانیایەک مامەڵە لەگەڵ خەڵکدا دەکات و خاوەنی پشک و موڵکی تایبەت بەخۆیەتی، ململانێی نێوان (مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی) دیوێکی تری تابلۆکەیە لەناوەوە کە پارتیەکانی دابەشکردووەو هەموو جومگە ئەمنی و سەربازی و هەواڵگرییەکان لەلایەن کەسایەتیەکی بارزانی و نزیک لە سەرۆکی پارتی قۆرغ کراوە.
خەمی ئێستای پارتی خەمی خاکێکی لەتکراو و داگیرکراو میللەتێکی پەرتەوازە و لێکدابڕاو نییە! خەمی پارتی زیندانیانی بادینان و نان و موچەو قوتی خەلک نییە! هیچکاتیش پارتی باکی بە کوشتن و شکاندنی شکۆی ئینسان نەبووە و نابێت ،خەمی پارتی پاراستن و قایمکردنی پێگە و ڕووبەرە جوگرافیی و رەمزییەکانی خێڵە کە لەسەری دەژی، خەمی پارتی هێنانە پێشەوەی دەموچاوی تازەیەکە وەکو میراتی سیاسی بناسرێن، جیاواز لە ململانێکانی نێوان (نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی) کە کار بۆ بەهێزکردنی پێگەی کوڕەکانیان ( ئیدریس و ئاریین )دەکەن، مەسعود بەرزانیش سەرۆکی پارتی نەیتوانیوە بێلایەن بێت و گرنگی زۆریشی داوە بە کوڕە گەورەکەی و پاڵپشتی و چاودێری دەکات، بەڵام لەناو ئەم تابلۆیەو نەوەکانی خێزانەکەیدا کوڕە بچوکەکەی بەناوی (مستەفا) ناسراو بە (بابۆ) لە هەمووان خۆشتر دەوێت و ناو بەناو هێناویەتیە پێشەوە بۆ پێشبڕکێ و لە زۆربەی کۆڕو کۆبونەوەکانیدا یان لەگەڵیدایە یانیش نوێنەرایەتی دەکات.
پارتی جگە لەوەی لەئاستی نیشتیمانیدا بۆ ھیچ پرسێکی سیاسیی خاوەن پرۆژەیەکی نیشتیمانیی و پێکەوەکارکردنی ستراتیژیی نییە لەگەڵ هێزەکانی تردا لەئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتییدا سەنگی دیپلۆماسیی زۆر لاوازە، ئەم حیزبە لە ئاستی ناوخۆیشدا لە دۆخی نامتمانەییەکی گەورە و نێرجسییەتێکی کوشندەی سیاسی دایە ، ئەوەی شایستەی باسکردنە ئەوەیە پارتی لەناو روداووەکاندا خۆی بە هیچ پرسێکەوە نەبەستۆتەوە، ئەوە پێرەو دەکات کە لە بەرژەوەندی تەسکی حیزبەکەدایە، پارتی لە سیاسەتدا هیچ دابونەریت و یاسا و رێسایەک و هیچ بەهایەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە بەرچاوناگرێت، دۆخێکی سۆسیۆـ سایکۆلۆژی بونیاد ناوە کە رۆژ لە دوای ڕۆژ كەلتوری خێڵ لەناو کۆمەڵگادا زەقتر دەکاتەوە و بەڕۆحیەتی خێڵیش مامەڵە لەگەڵ هیزو لایەنە سیاسیەکانی تردا دەکات، لەکاتێکدا حیزب خۆی پەیكەرێكی سیاسیی مۆدێرنەیە و لۆژیک و عەقڵی خێڵ لە ناو فۆڕم و دونیای مۆدێرنەدا تەواو جیاواز و دژ بەیەکن، مۆدێرنەو خێڵ پێکەوە ناتوانن گۆڕانكاریى كەلتوری و عەقڵی بونیاد بنێت، بەڵام فۆڕمی خێڵ دەتوانێت فاشیزمی تایبەت بە خۆی بەرهەمبێنێت کە هەمووان ملکەچ بە خۆی بکات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت