مەحمود عەبدوڵا: ئەوپزیشکەی ناوبانگی گەورەترە لەخۆی دکتۆر عبدالواحد بەنمونە.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

زۆر جار ناوبانگیش وەک دەوڵەمەندی ڕەوانییە. دەوڵەمەندی بێ ماندوبون و ناوبانگی ناڕەوا سودیان تەنها بۆ خودی خاوەنەکەیان هەیە،کەسێک کە بێ ماندوبون و توانا ی پێویست دەوڵەمەند دەبێت، و کەسێک کەناوبانگەکەی لە خۆی گەورەترە هەردوکیان خۆ پەرست و قۆڵبڕن. بەدڵنیاییەوە ناوبانگی دکتۆر ئایدیۆلۆژیاکەیەی نەک زانستەکەی کە لەسودان فێریبووە! تا ئێستا خەڵکی دو مەسەلە تێکەڵدەکەن، مەسەلەی فێربون و داهێنان، زانایی وزانین. ئاخر پزیشکی شتێکە مرۆڤ فێری دەبێت، بەڵام داهێنان و زانایی بلیمەتییە. بلیمەتی و زیرەکی و توانای وەرگرتن “ئەزبەرکردن” جودان.
ئیسلامیەکان زیاد لەپێویست دکتۆر گەورە دەکەن، لەوانەیە ئەمەش پەیوەندی بەگرێیەکی دەرونییەوە بێت، دەکرێت بڵێین گرێی زانست و زانایی، چونکە ئیسلامیەکان هەست بەکەمی دەکەن لەبەرامبەر زانست و زانا “کافرەکان”، کەبەردەوام ئەوەیان بەگوێدا دەدرێت. زانست بەرهەمی ئەقڵەو دین دورە لە لۆژیک و زانست، ئەوەش کێشەیەکە هەرخۆیان دروستیان کردووە، چاوەڕوانی زیاد لەپێویستیان له دینەکەیان هەیە، یانی بەوە ڕازینین کە دین کایەیەک یان دیاردەیەک بێت و بەشێک بێت لە ئەخلاقیاتی کۆمەڵگە. بەڵکو دەیانەوێت دین بخزێننە ناو هەمو خانەو شانەکانی کۆمەڵگا. ئیسلامیەکان لەو ڕوەوە کە گرێیەکی دەرونییان هەیە لەکەس شاراوەنیە. هەربۆیە شاگەشکە دەبن کە زانایەک موسڵمان بونی خۆی ڕابگەیەنێت” ئەگەرچی پێدەچێت دینیش خزابێتە ناو گەمەو یاریەکانی سەرمایەداری و فرۆشتن و کڕینی بیروباوەڕەکان” بۆنا ئەم سیستەمە چاوی قازانجی لەسەر هەموشتێکە، پاشان تێکەڵ بونی مەسەلەکە بە سیاسەت و خاپاندنی کۆمەڵگ موسوڵمانەکان. بەکورتی دەمەوێت لەم هەڵە تێگەیشتنەی کۆمەڵگاکەمان بدوێم سەبارەت بە ناوودەنگی هەندێ کەس لەوانەش د کتۆر عبدالواحید. ئەو پزیشکێکە ئاسایی ئەمڕۆ پزیشکی پیشەیەکە، هەرکەسێک دەتوانێت فێری ببێت، چونکە زانستی پزیشکی زانستێکە هەیەو هەرکەس بتوانێت بگاتە کۆلیژێکی پزیشکی و ئەوبەشە بخوێنێت ئیتر پێشناوی دکتۆر هەڵدەگرێت، بەڵام هەرکەس بچێتە بەشی فەلسەفە نابێتە فەیلەسوف،وە دکتۆریش نابێتە زانا لەبەر ئەوەی پزیشکی خوێندووە. ئینجا لەسودان بێ یان لەوڵاتێکیتر. لەم وڵاتە زۆرپزیشکی بەتواناتر لە م بەڕێزە هەن، بەڵام خەڵک نایان ناسێت، لەبەر چی؟ لەبەرئەوەی ئەوان بەدوای ناوبانگەوەنین، ئایدیۆلۆژی نین، ئەوەی وادەکات ئەم بەڕێزە ئەوەندە گەورەبکرێت، لەڕاستیدا بیروباوەڕەکەیەتی نەک پیشە و زانستەکەی. لەلایەکیتر مەسەلەی خێرخوازی و هەرزانکردنی نرخی نەشتەرگەری!
بەڵام ئەمە ناحەقییە، ناڕەوایە، لەبەر ئەوەی بەشێکی هەژاری کۆمەڵگە سودیان لێبینیویت، خۆشیان دەوێیت، هەلەکە بقوۆزیتەوەو ببیتە واعیز و خزمەتی ئایدیۆلۆژیایەک بکەیت،ئاخر دکتۆر و ناوبانگەکەی هی کارە مرۆیەکانی نییە ئەوەندەی هی ئەفکارە نامرۆیی و خوڕافیەکانیەتی، ئەو واعیزێکی گەورەیە نەک پزیشکێکی گەورە.
دکتۆر خۆشەویستی بەشێک لەکۆمەڵگەو، ئەوکەسانەی هاوکاریکردون، قۆستۆتەوەو بەکاریدێنێت بۆ بەرژەوەندی ئایدیۆلۆژیاو بیروباوەڕەکەی خۆی و لەوێوە پەلاماری گروپی دینی جیاواز دەدات، تەنانەت پەلاماری نیشتیمانیش! ئەمە دەسەڵاتی ئایدیۆلۆجییە وادەکات دکتۆر بێ منەتانە خاکی کورد هەڕاج بکات، دەبێ دکتۆر بزانێت هەڕاج و هەرزانکردنی نۆرینگەکەی، شەفاعەت ناکات بۆ هەڕاجکردنی نیشتیمان، ئەو تەنها دەتوانێت نرخی نەشتەرگەری کەمبکاتەوە، کە داشکاندن و هەرزانکردنی نرخ پیشەی بازرگانی زیرەکە! ئێمە لەو کارە خێرخوازیانە دەگەڕێین، بەڵام ڕەواش نییە خەڵکانێک خۆیان بەچاو لەبەربزانن و لەبەرئەوەی هاوکاریت کردون، چاو لە بیروباوەڕت بپۆشن! چونکە بیروباوەڕی کەسانی دیار کاریگەری لەسەر تەواوی کۆمەڵگە هەیە. مەرج نییە ئەوەی پزیشکێکی باش بو، مرۆڤێکی باشیش بێت. ئەم دونیایە پڕە لە پزیشکی نامرۆڤ، فاشی! ئەم پزیشکانەی خزمەتی هیتلەریان دەکرد پزیشکی گەورەبون، بەڵام مرۆڤ نەبون. دکتۆر غبدالواحید یەکێکە لەو پزیشکانەی بیروبۆچونەکانی نامرۆڤانەن، فاشیستانەن، ئەوە بۆ ئێمە گرنگە و لەسەری بوەستین، نابێت کاری باش بۆ ئامانجی چەپەڵ بەکاربێت، لە مێژودا کەم نین ئەوانەی بەناوی مرۆڤ و مرۆڤایەتی کاری شەیتانیان کردوە. دکتۆر لەپەنای پزیشکی پەلاماری ئێزیدیەکان بدات، پەلاماری کەلتورو مێژویان بدات، ئەو بەڕێزە زۆر نامرۆڤانە هێرشی کردنە سەر دوای ئەو کارەساتەی بەسەریان هات! باخەڵک گوێ لەوتارەکانی بگرێت. ئەم پزیشکە کە لەسودان خوێدویەتی و ئینتیمای بۆ خاک نییە، ئاسایە، بەڵام نابێت لەپەنای پزیشکیەوە پەلاماری پیرۆزیەکانمان بدات. ئەو بەڕێزە ئەگەر سودێکی بۆ جەستە هەبێت، ئەوا لەبەرامبەردا ئەقڵ نەخۆش دەکات! ئاخر بیروبۆچونەکانی بەگوێرەی لۆژیک و زانستی سەردەم دۆگماو نەخۆشی ئەقڵین، بەگوێرەی پێوانەکانی مافی مرۆڤ نالێ بوردەیی و توندوتیژی و فایستانەن.
دکتۆر پەلاماری ژن و کەسێتی ژن دەدات،کە لەم وڵاتە چەندین، ژنە پزیشکی بەتوانا هەن، بەڵام دکتۆر گاڵتە بەژن و مافی ژن دەکات. ئەو گاڵتە بە ئاینەکانیترو بێباوەڕان دەکات، باوەڕی بەئازادی و ماف و دیموکراسی نییە!
لێرەدا دەبێت خەڵکی دو مەسەلە لێک جودا بکەنەوە، مەسەلەی زهنیەت و زیرەکی، یاخود زهنیەت و پیشە. باشە دەکرێت کارەکانی دەزگا خێرخوازیەکانی بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان، شەفاعەت بۆ دزینی سامانی خەڵک و گەوجاندنی خەڵک بکەن. ئێ ئەمە بۆ هەموو لایەنێک ڕاستە. وتراوە کورد ئەقڵی لەچاویدا، ئێمە دەبێت ورد تربین لە داوەریکردن لەبارەی کەسایەتیەکان.
من ناتوانم بڵێم پزیشکێکی خراپە، بەڵام دەتوانم بڵێم بیروبۆچونەکانی فاشیستانەن، دۆگمایانەن، نامرۆڤانەن، نازانستی و لۆژیکین.
لەحاڵێکدا ئەگەر مرۆڤێک گریمان بلیمەتیش بێت، مانای وانیە توانای خۆی بۆکۆنتڕۆڵکردنی خەڵک و بەکارهێنانیان بۆ مەبەستی ئیدۆلۆژی خۆی، ئەوکاتە خێروشەڕ یەکسان دەبن.
بریتا بولەر دەڵێت: کاتێک بەمناڵی تێستی زیرەکیم بۆکرابو، باوکم ئەوەی لێشاردبومەوە، تا لەقوتابخانە خۆم فەرز نەکەم بەسەر هاوڕکانم، پاشان دەڵێت: باوکم فێری کردم،کە دبێت لەڕوی سیاسی هاوکاری خەڵک بیت، نەک پارەیان بدەیتێ و خێریان پێبکەیت. هەوڵدان بۆ عەدالەت و هاوکاری سیاسی خەڵکی داماو باشترە لەوەی خێروخێراتیان پێبکەیت. ئەوە کۆنە پارێزانن، ئەوانەی خواپێداون، پارچەیەک بۆخەڵکە هەژارەکە فڕێدەدەن، و لەملاوە لەسەر ئەوسیستەمە دەژین کە خەڵکی هەژارخستووە. بەکورتی ئەوەی کۆمەڵگا پێشدەخات بیروبۆچونی پێشکەوتنخوازانە و بیرکردنەوەی زانستیە، ڕزگارکردنی ئەقڵە لەدۆگما، نەک نەشتەرگەری هەرزان. بەڕێز عبدالواحید لە یەک گوتەدا دەڵێم: ئەگەر بۆتەندروستی جەستە پێویست بێت، ئەوە بۆ تەندروستی ئەقڵ مەترسیە، ئەگەر جەستەیەک چاک بکاتەوە ئەقڵێک نەخۆش دەکات. وڵات پێویستی بەئەقڵیش هەیە! دەکرا دکتۆر هەر خەریکی پزیشکی بوایە، بەڵام بیرکردنەوە نا، چونکە ئەو نازانێت بیربکاتەوە. من لەگەڵ ئەوە نیم کەسێک لەسەربیروڕاکانی زەڕبی صفربکرێت، بەپێچەوانەشەوە نابێت لەبەر باشیەکانی چاو لەخراپیەکانی ببەخشرێت، لەکۆتایدا دەڵێم: ئەگەر ئەم پزیشکە نەبێت کەس پەکی ناکەوێت و نامرێت لەبەر ئەوەی دکتۆر وجووودی نییە، بەڵام لە وانەیە ئەگەر ئەم کۆمەڵگایە نەبێت دکتۆریش ناتوانێت ئەوەبکات کە لێرە دەیکات.

هیچ میللەتێک ڕێگە نادات سوکایەتی بە مێژوو و خاک و کەلتوری بکرێت. ئەڵبەت کەس گومانی نییە کە لەڕوی تیۆریەوە نەزانە بەزانستی پزیشکیش! شتانێک دەربارەی جەستە دەڵێت کە پێچەوانەی زانستە. کەدیارە بیروباوەڕەکەی ڕێگەی پێنادات ددان بەزانستیش دابنێت، ئەگەر هاتو پێچەوانەی بیرو بۆ چونەکانی بو، جا چ کارەساتێک لەوە گەورەترە حەقیقەت بە مەسڵەحەت بفرۆشیت. دەربارەی هاوسەرگیری کچی بچوک، دکتۆر وەک دینی قسە دەکات نەک وەک پزیشک، لەوە دەچێت ئەم بەڕێزە لەزانستدا بەس باوەڕی بە نەشتەرگەری و هەڵدڕین و دورینەوە هەبێت! دکتۆر ئەگەر عەرەبایەتی نەبێت، کێ و بۆچی و چۆن هاتیت خاکی ئێمە بەراورد بە پیرۆزی میلەتێکی تر بکەیت. ئێستا یەکێک بڵێت هەنجیر پیرۆزترە لەخورما، ڕەنگە دکتۆر بڵێت بێ باوەڕە و دژە دینە. بەڵام لەڕاستیدا ئەوە مەنتیقی عەرەبایەتیە نەک ئیسلامەتی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت