بورهان شێخ رەئوف: په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ ئه‌مریكا و عیراق.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

له‌ كاتێكدا به‌شێكی‌ زۆری‌ لایه‌نه‌ شیعه‌كانی‌ عیراق ئه‌مریكا به‌ هۆكاری‌ سه‌ره‌كی‌ ئه‌و ململانێ‌ و دووبه‌ره‌كی‌ و بنبه‌سته‌ سیاسییه‌ قووڵه‌ ده‌زانن، كه‌ هاتۆته‌ ئاراوه‌ به‌تایبه‌تی‌ دوای‌ هه‌ڵبژاردنه‌ پێشوه‌خته‌كه‌ی‌ 10/10/2021، له‌ هه‌مانكاتیشدا هه‌ندێك له‌ شرۆڤه‌كاران و به‌رپرسانی‌ پێشووی‌ ئه‌مریكا هۆكاری‌ ئه‌م قه‌یرانه‌ سه‌خته‌ی‌ ئێستای‌ عیراق ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ لاوازیی‌ رۆڵ و گرنگی‌ نه‌دانی‌ ئیداره‌ی‌ ئه‌مریكا به‌ عیراق .
له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ دۆگلاس سێلمان باڵیۆزی پێشووی‌ ئه‌مریكا له‌ عیراق و سه‌رۆكی‌ په‌یمانگەی‌ وڵاتانی‌ كه‌نداو‌ له‌ واشنتۆن به‌ پێگه‌ی‌ (میدل ئیست ئی‌) راگه‌یاندووه‌، ئه‌مریكا هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ نییه‌ به‌وه‌ی‌ ئێستا له‌ عیراقدا ده‌گوزه‌رێت، ئه‌مریكا بواری‌ كه‌می‌ له‌به‌رده‌ستدایه‌ بۆ دروستکردنی كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر رووداوه‌كانی‌ عیراق به‌ باش و خراپه‌وه‌.
ئه‌مریكا له‌ دوای‌ 2003 وە هیچ كاتێك وه‌كو ئێستا دووره‌په‌رێز نه‌بووه‌ له‌ رووداوه‌كانی‌ عیراق، هه‌رچه‌نده‌ (2500) سه‌ربازی‌ له‌ عیراقدا ماوه‌، به‌ڵام له‌ دوای‌ شه‌ڕی‌ داعش و به‌ دیاریكراوی‌ له‌ كۆتایی‌ ساڵی‌ رابردووه‌وه‌ ئه‌رك و فه‌رمانی‌ ئه‌م هێزانه‌ گۆڕاوه‌ بۆ پێشكه‌شكردنی‌ راوێژ و پشتگیریی‌ و راهێنان به‌ سوپای‌ عیراق و پێشمەرگە.
له‌ دوای‌ دوا هه‌ڵبژاردنه‌وە جگه‌ له‌ دوو جار، هیچ وه‌فد و به‌رپرسێكی‌ باڵای‌ ئه‌مریكا سه‌ردانی‌ عیراقی نه‌كردووه‌، له‌ هه‌مانكاتیشدا باڵیۆزخانەی ئه‌مریكا له‌ به‌غدا كه‌ گه‌وره‌ترین باڵیۆزخانەیە له‌ جیهاندا له‌ ساڵی‌ 2019 به‌لانی‌ كه‌می‌ كارمه‌نده‌كانییه‌وه‌ كارده‌كات، كاتێك حكومه‌تی‌ ئه‌مریكا فه‌رمانی‌ ده‌ركرد ئه‌و كارمه‌ندانه‌ نه‌بێت كه‌ زۆر پێویستن، باقی كارمه‌نده‌كانی تری ده‌بێت عیراق بەجێبهێڵن له‌ به‌ر خراپیی‌ دۆخی‌ ئاسایشی عیراق.
له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ (جۆناسان لۆرد) به‌ڕێوه‌به‌ری‌ كاروباری‌ پێشووی‌ عیراق له‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگریی‌ ئه‌مریكا و به‌ڕێوه‌به‌ری‌ پڕۆگرامی‌ ئاسایشی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست له‌ ناوه‌ندی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ (CNAS) له‌ واشنتۆن، به‌ پێگه‌ی‌ (میدڵ ئیست ئی‌) راگه‌یاندووه‌: كه‌ ئێستا به‌شداریكردنی‌ ئه‌مریكا له‌ ‌پڕۆسه‌ی‌ سیاسی‌ عیراقدا له‌ شێوه‌ی‌ نه‌بووندایە.
روونتر ئێستا عیراق له‌ سه‌ر لیستی‌ پێشه‌وه‌ی‌ ئه‌و بابه‌تانه‌ نییه‌ كه‌ گرنگن به‌لای‌ ئه‌مریكاوه‌، به‌ تایبه‌تی‌ كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی‌ 10 تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ 2021 به‌ڕێوه‌چوو له‌ عیراق، ئه‌مریكا سه‌رقاڵی‌ پاشه‌كشه‌ ناڕێك و هه‌ڕه‌مه‌كییه‌كی‌ بوو له‌ ئه‌فغانستان، هه‌روه‌ها ئه‌مریكا سه‌رگه‌رمی‌ وتوێژه‌كانێتی‌ له‌گه‌ڵ ئێران سه‌باره‌ت به‌ به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی‌، له‌وانه‌شه‌ ئه‌مریكا زۆر مه‌به‌ستی‌ نه‌بێت، لایه‌نه‌ ناكۆكه‌كانی عیراق رێكبخات، له‌به‌ر هه‌موو ئه‌و هۆكارانه‌یه‌ كه‌ زۆر گوێمان لێ‌ نابێت، ئه‌مریكا قسه‌وباس له‌ پڕۆسه‌ی‌ سیاسیی‌ عیراق بكات، چونكه‌ رۆڵی‌ نییه‌ تیایدا و ناخوازێت رۆڵیشی‌ هه‌بێت.
به‌ هۆی‌ ناكۆكییه‌ ناوخۆییه‌كانی‌ عیراقه‌وه‌، تا ئێستا هه‌موو كابینه‌كانی‌ حكومه‌ت لاواز بوون، 90 %ی داهاتی‌ وڵاتیش پشتی‌ به‌ نه‌وت به‌ستووه‌، وڵات نوقمی‌ قه‌یران و بێ‌ خزمه‌تگوزارییه‌، سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت سه‌رقاڵی‌ ناوبژیی ناوخۆیی و سه‌ردانی وڵاتان و كۆنگره‌و كۆنفرانسه‌كانه‌، له‌ هه‌مانكاتدا عیراق گیرۆده‌ی‌ سه‌خترین وشكه‌ساڵییه‌ و رووباره‌كانی‌ بەرەو وشكبوون دەچن، هیچ كاردانه‌وه‌ و پلانێكی‌ ستراتیژیشی لەوبارەیەوە نییه‌.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت