سەرکۆ یونس: ڕیکلام، لەنێوان ئامانج و واقیعدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕیکلام و بانگەشە، بەیەکێک لەهۆکارەکانی ناساندن و ساغکردنەوەی شمەک و کاڵاو خزمەتگوزارییەکان دادەنرێن. لەسیاسەتی بەبازاڕکردنی هاوچەرخدا، گرنگییەکی تایبەتی هەیە.
لەئابوریدا، بەرهەمهێنان گرنگەو بەهەنگاوی یەکەم دادەنرێت، بۆئەوەی پرۆسەی بەرهەمهێنان بەردەوام بێت، پێویستە بەرهەمەکان ساغبکرێنەوە و بناسرێن لەڕێگای ڕیکلامەوە، پاشان تێچوونی گۆڕاوو نەگۆڕی پرۆسەکە دابین بکرێت، سەرئەنجام قازانج بەدەست بهێنێت.
لەچالاکی بەبازاڕکردندا، ڕیکلام و بانگەشە، بەچالاکترین کار دادەنرێت بۆ ناساندن و ساغکردنەوەی بەرهەمەکان. چەندین توێژینەوە، ئەو ڕاستییەیان سەلماندووە، کەبەرهەمێك ڕیکلامی بۆ بکرێت، باشترو خێراتر ساغدەبێتەوە، بەبەراورد بەبەرهەمێک کەڕیکلام وناساندنی بۆ نەکرێت.
بابەتی ڕیکلام، لەنیوەی دووەمی سەدەی رابردوو، سەری هەڵداو لەسەرەتای سەدەی نوێ گەشەی کرد، بەشێوەیەک لەئێستادا، گەشتووەتە بەرزترین ئاستی پێوانەیی لەهۆکارەکانی ڕاگەیاندندا.
هەرێمی کوردستان، لەدوای کرانەوەی بەڕووی تەکنۆلۆژیاو ئامڕازەکانی ڕاگەیاندندا، بێ بەش نەبووە لەم بوارە گرنگەی بازاڕکردن.
بوونی دەیان کەناڵی ئاسمانی و ناوخۆیی و ڕادیۆ و لاپەرەکانی سەر شاشەکان، سایت و پەیج و تەنانەت ئەکاونتە تایبەتەکان، هۆکارگەلێکی بەردەست و گونجاون بۆ ڕیکلام و ناساندن وساغکردنەوەی بەرهەمەکان.
بازاڕکردنی ئۆن لاین، لەئێستادا بەشێوەیەکی بەربڵاو هەیەو دەیان کەس و کۆمپانیا، لەم بوارەدا ئەسپی خۆیان تاو داوە.
لەڕاستیدا، ڕیکلامی دروست و زانستی و واقیعی، هۆکارێکی گرنگە بۆ ناساندن و ساغکردنەوەی شمەک و خزمەتگوزارییەکان، بەڵام بەداخەوە لەکوردستان، بەهۆی نەبوونی چاودێری حکومی، بەشێکی زۆری ڕیکلامەکان، لێدانە لەبەهاکۆمەڵایەتی و کلتورییەکان، هەندێجار لەپێناو بەدەستهێنانی قازانجدا، ڕەچاوی باری دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئابوری هاونیشتیمانیان ناکرێت، ڕۆژانە دەیان نمونەی ڕیکلامی ناتەندروست، دەدرێت بەگوێ و چاوی هاونیشتمانیاندا.
بەداخەوە هەندێ ڕیکلام لەسەر شاشەی تیڤییەکان و ماڵپەرو سایتەکان، دەبینین، کەدوورە لەبنەمای زانستی و واقیعی، بەشێوەیەکی هەرەمەکی بەرهەمهێنراوە و بەکۆمیدیایەکی ناتەندروست، بەتایبەتی لەسەر شاشەی تیڤییەناوخۆییەکان.
لەلایەکی ترەوە، بەداخەوە بەشێک لەبازرگانان، تەنها لەپێناو ساغکردنەوەی کاڵاهاوردەکراوەکانیان، بەشێوەیەک ڕیکلام دەکەن، ڕاستەوخۆ لێدانە لەئاسایشی خۆراکی هەرێم و بێ بەهاکردنی ئەو ڕێژە کەمەی بەرهەمی ناوخۆیە، ئەمە سەرەڕای خراپی کواڵیتی کاڵاکان، نادروستی لەنرخەکان و… هتد.
لەڕیکلامی ناڕاست ساختەدا، بەکاربەران و کڕیاران، زەرەرمەندی یەکەمن، بەدەیان و سەدان حاڵەتی زەرەروزیانی بەکاربەران هەیە، بەتایبەتی لەڕیکلامی ئۆن لایندا.
ئەوەشمان لەبیر نەچێت، هەندێ لەریکلامەکان، ڕەچاوی بەهاکلتوری و کۆمەڵایەتی و ئابورییەکانی کۆمەڵگایان کردوە، لەم لایەنەوە جێگای سوپاس و پێزانینن.
ئاشکرایە، یەكێک لەڕێگاکانی دەستکەوتنی داهات بۆ ناوەندەکانی ڕاگەیاندن، پەخشکردن و بڵاوکردنەوەی ریکلامەکانە، ئێمە هیچ گرفتێکمان لەو بوارەدا نی یە و مافی خۆیانە، بەڵکو ئەوەی گرنگە، دەبێت ئەو ناوەندەی کەپەخشی ریکلام دەکات، ڕەچاوی باری دەروونی هاونیشتمانیان و شێوازی ریکلامەکە و زانستی و واقیعبینی ریکلامەکە بکەن. چونکە کۆمەڵگا ماندووە، تاک و خێزانەکان بەدەست دەیان دەردو گرفتی ژیانەوە دەناڵێنن، وەک بێکاری و هەژاری و… هتد. بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت، ریکلام، زیاتر ئاراستەکردنە بۆ گۆڕینی حەزو خواستی بەکاربەران بەگشتی و حەزوهەڵسوکەوتی ژنان و منداڵان بەتایبەتی، لەم لایەنەوە کۆمپانیاکان بەباشی ئەم دەرفەتەیان قۆستووەتەوە و ئامانجەکانیان بەدەستهێناوە.
هەربۆیە، گرنگە وەزارەتی ڕۆشنبیری هەرێم، بەهەماهەنگی وەزارەتەکانی بازرگانی و ناوخۆ، بەووردی دراسەی ئەم بابەتە بکەن، بەفلتەری لیژنەیەکی پسپۆڕی خاوەن ئەزمون، ریکلامەکان پاڵفتە بکەن.
لەلایەکی ترەوە، زۆر گرنگە ڕیکلامەکان، واقیعی بن، دوور بن لەهەڵخەڵەتاندنی بینەران و هاونیشتمانیان، تا کۆمەڵگا و تاکەکانی لەدەردی دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئابوری بەدوور بن.
بەداخەوە، تائێستا یاسای پاراستنی مافی بەکاربەران، سەرەڕای پەسەندکردنی یاسای پاراستنی مافی بەکاربەری فیدڕاڵی، لەپەرلەمانی کوردستان، بەڵام لەهەرێمدا کارا نەکراوە و کاری پێ ناکرێت.
ئەوەشمان لەبیر نەچێت، لەم بوارەدا، هۆشیاری تاک و خێزان و کۆمەڵگا، پێویستییەکی گرنگە.

* ئابووریناس

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت