پشتیوان جەمال: ئایە سیستەمی دوای 2003 دەڕوخێت؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

10 مانگ تێپەڕدەبێت بەسەرهەڵبژاردنەکانی عێراق، تائێستا ئاسۆی پێکهێانی حکومەت ڕوون نیە. سەرەکیترین ڕێگر لەبەردەمیدا، موقتەدا سەدرە. ئەمەش دوای ئەوەی بۆی دەرکەوت کە گەورەترین سەرکەوتنی بەشکست گۆڕیەوە بەدەستلەکارکێشانەوەی نوێنەرەکانی لەپەرلەمان، بۆیە لەگەڵ ناوهێنانی ئەلسودانی بۆسەرۆکی حکومەت، کەوتە خۆیی و بەکارهێنانی کارتی جەماوەر، لەڕێگای خۆپیشاندان بەشلکردنی جڵەوی ئەمنی، لەلایەن کازمی توانرا بچنە ناو ناوچەی سەوزی بەغداد. ڕۆژ بە بەڕۆژ سەدر کارتەکانی فشار بەکاردەهێنێت، دواهەمینیان چونە بەردەم دادگای فیدڕاڵی بوو. هەفتەی ڕابردوو چوارەم نوێژی بەکۆمەڵکرا، هەرچەندە تائێستا ڕوونیە کەفشارەکانی تر چین. بەڵام پێشبینی دەکرێت فشارەکانی ئایندە بۆ داخستنی دەروازە و سنوور و فڕۆکەخانە لە بەشێک لە پارێزگاکان، هەروەها:
داخستنی دەروازە وشکانییەکانی سەر سنووری ئێران لە هەندێک پارێزگا.
داخستنی دەروازە و بیرە نەوتەکان
کۆنترۆڵی بەشێک لە کۆشکەکانی سەرۆکایەتی.
ئەوەی لێردا جێگای باسە، بەکارهێنانی خۆپیشاندان ودروستکردنی فشاربۆگۆڕینی ئەم سیستەمە ئەوەی لێدەخوێندرێتەوە کەسیستەمی دوای 2003 بڕووخێت؟!
ژمارەیەک لە شرۆڤەکاران باوەڕێکیان لادروستبووە، کە ڕژێمی دوای 2003 لە ڕووخانە، بۆ هەندێك دۆخی عێراق ئێستا وا دیارە لانیکەم بەشێوەی فەرمی هاوشێوەی دۆخی ساڵی 1968 ـە سەرۆکێکی لاواز و هێزە سیاسییەکان لە پێشبڕکێدان بۆ رووخاندنی و کۆنترۆڵکردنی عێراق. ئەمەش پرسیار دروست دەکات، ئایە ڕژێمەکان چۆن دەڕووخێن؟
بەگەڕانەوە بۆ مێژوو بۆمان دەردەکەوێت ڕژێمەکان بەدوو جۆر دەڕووخێن:
یەکەم/ کاتێک خەڵک هەڵدەستن و سوپا بڕیاری دەستێوەردان نەدات، بۆ سەرکوتکردنیان و ڕژێم بۆ چارەنووسی خۆی جێدەهێڵێت. وەک ئەوەی ساڵی 2011 لە تونس ڕوویدا.
دووەمیان/ کاتێک سوپا خۆی بڕیاری دەست بەسەرداگرتنی دەسەڵات دەدات، وەک لە ساڵی 2011 لە میسر ڕوویدا.
ئایا ئەم دوو مەرجە لە عێراقدا بەردەستە؟
سوپای عێراق مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە لە سەرکوتکردنی ڕاپەڕینەکانی عێراق، لە یاخیبوونی کورد و خێڵ و شارەکانی ناو دەسەڵاتی پاشایەتی تا ئەنفال و ڕاپەڕین و… هتد.
ئەمەش دەمانباتە سەر گریمانەی ڕووخانی ڕژێم، لێرەدا مێژوو پێشینەیەک دەخاتە ڕوو کاتێک سوپالەعیراق لە دوو قۆناغدا لە نێوان ساڵانی 1936 بۆ 1941 و پاشان لە نێوان 1958 بۆ 1968 حوکمڕانی کردووە. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا سوپای عێراق سوپایەکی پیشەیی و بەهێز و سەربەخۆیە؟ وەک سوپای میسر، کەلە دژی ڕژێم هەڵگەڕێتەوە.
هەرچەندە زۆرینەى عێراقییەکان دژی سیستمی ئێستابن، بەڵام ئەگەری ڕووخان دوورە (ڕژێمى سەدام لە ساڵى 1980 زۆرینەی عیراقیەکان ڕقیان لێبووە، بەڵام تا ساڵی 2003 نەڕووخا، وە لە ساڵى 1941وە ڕقیان لە دەسەڵاتى پاشایەتی هەبووە، بەڵام تا 1958 نەڕووخا.
لێرەدا دەگەینە ئەودەرئەنجامەی کەبۆڕووخانی هەرسیستەمێک دەبێت کەسێک هەبێت، ئەمەش لەعیراق دا نابینرێت، چونکە بەڕێوەبەری ئەو سیستەمەی ئێستا تەنها تاکێک نیە، کەلەلایەن کەسێکەوە کۆتایی پێبێت و لەناوببرێت. وەسوپاش یارمەتی دەری ئەم دۆخە نیە، وەهمی دەست تێوەردانی ئەمریکاو یان نێودەوڵەتی، ئەمەشیان گریمانەیەکی ئەستەمە، ڕەنگە دەزگا هەواڵگریەکان لەپێناو بەرژەوەندیدا بڵاوی بکەنەوە. بۆیە گریمانەی رووخان بە ئەگەرێکی ئەستەم دەبینرێت.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت