چێنەر عەوڵا: هەموو هەست ناسک و ژن دۆستێک مرۆڤ دۆست نیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پایزی ساڵی 1983 یەو منیش لە هەڕەتی لاویدام، سەرم بە کوردایەتی و وتارەکانی شۆرشی نوێ گەرم بوو، ماڵمان لە هەولێرە لە نزیک (جادەی کۆیە) و لەگەل چەند شانەیەکی نهێنی جار جار نامیلکە بڵاو دەکەینەوە و شیعاری دژە بەعس لەسەر دیوارە سەرەکیەکانی بینا حکومیەکان دەنوسین.
درەنگانی ئێوارەیەک لە کاتی شیعار نوسیندا کاتێک پەمبی بۆیاغەکەم بە دەستەوە بوو دوو رەفیق حیزبی لە پشتەوە پشتە ملیان گرتم و یەکێکیان بە دەنگیێکی گڕی غەزەباوی شیراندی شو سوی یا جبان؟ (چ دەکەی ترسنوک) منیش بە شڕە عەرەبی و کوردیەکی تێکەڵ گوتم: هیچ ناکەم بەو ناوەدا رەت دەبووم!
کە زانیان درۆم کرد هەر بە شەق خستیانمە پشتی سەیارەکەیان و بردیانم بۆ ئەمنی عام، ماوەی 3 هەفتە بەردەوام لەژێر لێدان و ئەشکەنجە و کارەبا لێداندا بووم تا دانی پیابنێم کە ئەندامی شانەی نهێنی شوڕشی نوێم، بەڵام ئیرادەم بۆ کوردایەتی ئەوەندە بەهێز بوو تەواوی نینۆکی پەنجەمیان دەرهێنا کەچی هەر اعترافم نەکرد.
کە زانیان هیچ نادرکێنم بەیانیەک بە کەلەبجە کراوی بردیانم بۆ دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێر و تاوانی تێکدانی ئارامی و پیسکردنی شەقامەکانیان روبەروو کردمەوە. لەناو دادگا لە ژووری لێکۆلەرێکی دادی لە ناوەڕاستی ژوورەکە دایان نیشاندم بەرامبەرم لێکۆلەرێکی گەنجی پرچ ئاڵۆزی قەنافیز درێژی بە لەهجەی هەولێری پرسیاری کرد: تۆ چی؟ سەر بە کێ و بۆچی دژی سەرۆک سەدام (خوا بیپارێزی) شتت لەسەر دیوارەکان نوسیوە؟ منیش ئەوەی پێشوتر گوتبووم کە حاشای کردن بوو هەر ئەوەم گوتەوە سەرم هەڵبری سەیری ناو چاوی لێکۆلەرم کرد و گوتم: بەرێز من هیچم نەکردوە بەو ناوچەیەدا تێدەپەڕیم و دەچومەوە ماڵەوە دوو کەس گرتیانم بردیانم بۆ ئەمنی عام وا چەند هەفتەیە ئەشکەنجە دەدرێم دەڵێن شتت لەسەر دیوار نوسیوە من هەر خوێندەواریشم نیە تا بزانم شت بنوسم.
لێکۆلەر، ئەها: کەواتە تۆ نەبووی و خوێندەواریشت نیە؟
من: نەخێر من خوێندەواریم نیە و نازانم بنوسم خوا ئەو بوختان و ئازاردانە قبوڵ ناکات کە بەرامبەر من کردیان من بێ تاوانم.
ئیتر لێکۆلەر بەو شێوەیە چەند پرسیارێکی تری گشتی و شوێن و ساڵی لەدایک بوون و چ کارێک دەکەم و ئەوانی پرسی دوای 5 دەقەیەک گوتی: زۆر چاکە تەواو بووین ئیفادەکەتم هەموو نوسی ڕێک وەک ئەوەی گوتت، وەرە ئیمزاکە… قەڵەمەکەی خستە سەر وەرەقەکە لە مێزەکەی بەردەمی، منیش کە هەستام بیرم چوەوە کە گوتومە خوێندەواریم نیە دەستم بۆ قەڵەم درێژ کرد و دوو پەنجەی شەهادەو ئەو ترم بەیەکەوە جوت کرد و بەنجە گەورەشم کردوە وەکو ئەوەی کە کەسێکی خوێندەوار قەڵەم دەگرێ. ئەو کە دەستی بینیم بەو شێوەیە چاوە زەق و غەزەباویەکەی تێم بڕی و گوتی: سەگی سەگباب ئەوە درۆشم لەگەڵ دەکەی، ئەوەتا خوێندەواریت هەیە و دەزانی قەڵەم بگری. بە دەنگی بەرز بانگی پۆلیسەکانی کرد وەرن ئەو سەگبابە بە شەق ببەنەوە بۆ ئەمن ئەوە درۆ دەکات و موخەریبە (پێشمەرگەو لایەنگرانی شۆرش ئەو کات بە موخەریب واتە تێکدەر بانگ دەکران). بەو شێوەیە تاوانەکەی لەسەر ساغ کردمەوە و دواتر بردیانمەوە بۆ ئەمنی عام ماوەیەکی تریش ئازارو ئەشکەنجەیەکی زۆر درام، ئیجا بەرێیان کردم بۆ کەرکوک (روخسار و دەنگ و بێ بەزەیی ئەم لێکۆلەرە کوردەی کوڕی هەولێرم هەرگیز بیر نەدەچوەوە تا ئەمڕۆشی لەگەڵ بێ)!
دواتر نزیک بوو بە لە سێدارەدان حوکم بدرێم. بەواستەی دەیان کەس و سەرەک عەشیرەت و بەرپرسی فەوجە خاسەکان و مستەشارەکانی ناوچەکە و بەرتیل و پارەیەکی زۆری عەشیرەتی خۆمان دوای دوو ساڵ و لە ساڵی 1985 بە لێبوردنێکی تایبەت ئازاد کرام.
گەرامەوە هەولێر خەریکی کاسبی خۆم بووم تا ساڵی 1990 بەر لە هێرشی عێراق بۆ سەر کوەیت بریامدا ژن بهێنم، خزمان کچێکی ناسیاویان بۆ دۆزیمەوە خەریکی کاروبارە قانونیەکانی گواستنەوە بووم ڕۆژێک ویستم بچم بۆ دادگای باری کەسیەتی هەولێر دوو شاهید و کەسوکاری کچە و کچەم لەگەل خۆمان برد تا لە دەدگاو لە بەردەم دادوەر مارەی بکەم. لەسە پلیکانەکانی ناو دادگا کە بۆ بەشی احوال شخصی دەچوو لەگەل ئەو لێکۆلەرەی کە چەند ساڵ پێشتر خەریک بوو من بە لە سێدارەدان بدات تێک هەڵەنگوتین و یەکترمان بینی، بە پرچە ئاڵۆز و چاوە زەق و ترسناکەکانی دەست و برد ناسیمەوە چونکە چەند ساڵ بوو بۆ ڕۆژێکیش نەبوە من بیر لەو کابرایە نەکەمەوە و وێنەکەی هەمیشە لە بیرمدا بوو، لە پێشی وەستام و گوتم: حاکم ئەوە نامناسیتەوە تۆ بۆ ئەوەندە بێ بەزەیی بووی بەرامبەر من چەند ساڵ لەوە پێش منت توشی ئەو هەموو ئازار و ئەشکەنجەیە کرد خەریک بوو بە لەسێدارەدانم بدەی.
بەچاوە زەقە غەزاباویەکانی سەیری کردم و نێو چەوانی تێکنا و جەهەنەم لە روخساری دەرکەوت بە دەنگی گڕی توڕەوە شیڕاندی: ئەوە تۆی سەگی سەگبابی تێکدەری تاوانبار ئاگادار بووم بە هەزار واستەو بەرتیل خۆت نەجاتدا ئەتۆ دەبوایە لەسێدارە بدرێی پۆلیس وەرن بیگرن ئەو سەگبابەیە،، کە باسی گرتن و پۆلیسی کرد زانیم ئەوجارە نەجاتم نابێ لەپەنجەرەی رارەوی سەرقادرمەکان کە بەرامبەرمان بوو کرابویەوە لە قاتی یەکەمەوە خۆم هەڵدایە ناو حەوشەی دادگاو لەوێشەوە بە راکردن لە دیواری دادگا خۆم بازدا سەر جادەو خۆم بزر کرد یەکسەر چومە پشدەرو لەوێشەوە بۆ شاخ تا دوای ڕاپەرین نەهاتمەوە هەولێر.
چەند ساڵێک دوای راپەرین ڕۆژێک لە تەلەفزیۆن بینم ئەم دڵرەقی پرچ ئاڵۆزی چاو زەقە لە تەلەفزیۆنی کوردی دەرکەوت باسی سەروەری یاساو دەستوەرنەدان لە کاری دادگاکان دەکات لە ژێر وێنەکەی نوسراوە ئەندامی دادگای تێهەڵچونەوە و دادوەر و شاعیر (قوبادی جەلیزاد).
ئێستا بە ئاواتەوەم ڕۆژێک بیبینم و لێی بپرسم لە ئەو هەموو دڵ ڕەشی رق و کینە چی بوو بەرامبەر من و دەیان گەنجی هەولێری هەیبوو؟ ئەو هەموو خۆشەویستیەی بۆ خوێن ڕێژێکی وەکو سەدام لەکوێ هاتبوو کە خەریک بوو منێکی بێتاوانی لەسەر بە لە سێدارەدان بدات؟

ئەمەی سەرەوە ڕووداوێکە کە هاوڵاتی دانیشتوی هەولێر بەڕێز (م.م.ع). بەدۆکومێنت و شاهیدەوە بۆی گێرامەوە.
ئەمە ئاشکرای دەکات قوبادی جەلیللزاد و چەندانی هاوشێوەی ئەو دڵرەقانە و بێ ئابڕویانە سەردەمی بەعس گەنجی خێر لە خۆ نەدیوی کوردیان ئازار داوەو ژیانی چەندان گەنجیان شێواندوە، ئێستاش لە نوسینەکانیاندا( لە کۆمێنتە) گلەیی لە گەنجی ئێستا دەکات کە ڕوحی نیشتمان پەروەریان نیە و گوێ لە گۆرانی بیانی دەگرن! خۆیان ژن دۆست و لێک لێکە شیعر و وشە بۆ مەمک و سمت و سنگی ژن دەچننەوە بەڵام سەردەمانێک دژی مرۆڤی کورد هەموو نامرۆڤایەتیەتێکیان نواندوە.
بەڕێزان دەیان ڕووداوی لەم شێوەیەم لە هاوڵاتیانەوە بۆ هاتوە کە ئاشکرای دەکا زۆردار و بەعسیە دڵسۆزەکانی ئەو سەردەمە دوای راپەرینیش خاوەن دەسەڵات و پێکەی خۆیانن بۆیە ئەم شۆرشەی کورد کردی لە راپەرین فەشەلی هێنا چونکە هەمان گەندەڵ و نامەردەکانی ئەو سەردەمە بونەوە کاربەدەست و ڕۆشەنبیر و شاعیر و خاوەن قسە لە ئێستادا.
شۆڕشێک کە نەیتوانی دوای سەرکەوتنی کۆمەڵگا لە خیانەتکارەکانی پاک بکاتەوە ئەوا بەدەست نادادی و ئازارەکانی پێشوتری دەناڵێنێ.
لەکۆتایدا پێوستە بڵێین ئەم ڕوداوە سەرەتای دادگایەکی ویژدانی سۆشیال میدیاییە بۆ ئاشکراکردنی روی ڕاستەقینەی دووڕوو و کۆنە بەعسیەکانی ڕابردوە ئەم مێژووە ڕۆژێک دێت هەر دەبێ بەراستی و وەکو خۆی بنوسرێتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت