عیماد عەلی: کرٍۆکی کێشەکە ململانێیە لەسەر مەرجەعیەت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پاش قسە و باس لەسەر نزیکبونەوەی مردنی سیستانی و دیارنەبونی جێگرەوەی کە هەمووان دانی پیابنێن و بەردەوام بوونی ئەو ململانێ دوورودرێژەی نێوان مەرجەعیە سەرەکی و لاوەکیەکانی نەجەف و قوم و یەکتر برٍی بەرژەوەندیەکان و دواجار لێدوانی حائری لە قومەوە بە فەرمانی دەسەڵاتی ئێران بەوەی مەرجەعیەتی سەرەکی شیعە خامەنئی بێت و ئەو توانای بەرێوەبردنی کاروباری مەرجەعیەتی نیە. هەموو پرسەکە وەکو خۆی دەرکەوتن و خوێنی عیراقیەکان لەو نێوەندەدا بە فیرۆ دەچێت و هیچ سوودێکیان بەرناکەوێت و لە هەر لایەکیەوە بیخوێنیتەوە تەنها جمهوری ئیسلامی ئێران بەرەکەی دەچنێتەوە.
هەموو دەزانن دەرگای ئیجتهاد لای شیعە کراوەیە و کەس ناتوانێت بەتەواوی و میراتی قۆرخی مەرجەعیەت بکات و ئەویتر رەتبکاتەوە. حائری لە لێدوانی ئیدعای نەخۆشی و گەرٍانەوەی مەرجەعیەت بۆ خامەنئی، بەشێوەیەکی ناراستەخۆ رەخنەی لە موقتەدا صەدر گرت و بەوە تۆمەتباری کرد کە دەیەوێت بە ناوی محەمەد باقر صەدر و محەمەد صادق صەدرەوە ریزی یراقیەکان و شیعە بترازێنیت و موقتەدا هیچ شەرعیەتێکی نیە و توانای ئیفتا و ئیجتهادی نیە و مەرجەکانی مەرجەعیەتی پێنیە، بەڵکو ئەو هەرچەند بڵێت بەخۆی صەدری نیە.
صەدریش لە تویتێکدا وەڵامی حائری دایەوە و وتی زۆر کەس و تێیاندا حائری منەت دەکەن و وا دەزانن خێری ئەوانە ئەم سەرکردایەتیە هەیە، بەڵکو ئەمە بە خێری خوا و چاکەی باوکم محەمەد صادق ئەلصەدرە کە وازی لە عیراق و گەلەکەی نەهێنا. ئەوەشی وت کە وازهێنانی حائری بە ویستی خۆی نەبووە، ئەو باسی عصمەت و مەرجەعیەتی نەکردووە، بەڵکو فەرمانی بە چاکە و نەهی لە خراپە دەکات.
بەو شێوەیە صەدر وا دەیبینێت کە وازهێنانی حائری کۆتایی بە مەرجەعیەتی صەدریەکان دێنێت و رادەستی ئێران و قومی دەکات و دەستی صەدریەکانیش لە ینی هەمبانەکەوە دەردەچێت، ئەگینا حائری بۆخۆی قوتابی صەدری بووە.
وەک دەزانین زۆر مەرجەعیەت هەن ئەوەی جیایان دەکاتەوە باوەربون و نەبوونە بە ولایەتی فەقێ و ولایەتی حەسبی، هەمووانیش دەزانن کە سیاسەت رۆڵی خۆی هەیە لە دیاریکردنی مەرجەعیەت، ئەگینا لە رووی زانستی ئاینییەوە هەموان دان بەوەدا دەنێن کە محەمەد بەشیر ئەلنەجەفی بلیمەت و توانایەکی باڵای هەیە لە حەوزەی نەجەف، واتە لە یەعقوبی و حائری و سیستانیش پر زانیاری و زاناترە، کەچی لە ململانێکە سیستانی لە خوئی نزیکتر بوو و هەروەها ململانێی ابوقاسم ئەلخوئی لەگەلڕ محەمەد صادق ئەلصەدر وایکرد لەدواجاردا سیستانی جێگەی خۆی بگرێت و صەدریەکانیش وەکو دەسەڵات و توانای زانستی لە حەوزە و رۆڵی ئایینی و سیاسی پاشەکشەیان پێکرا، هەرچەند لەم بارەدا لە سەرەتاوە صدام پشتگیریەکی ناراستەوخۆی محەمەد صادق صەدری کرد و دواتر تیرۆریشی کرد.
ئەمرٍۆش ئەوەی دەبینرێت لەسەر ساحەکە پاشماوەی ئەو ناکۆکیە بەردەوامەیە، بەڵام ئەمرۆ بە ئاشکرا و راستەوخۆ و بە ئازادانە بەو شێوەیە دەریدەبرٍن نەک وەکو پێشتر بە نهێنی و ژێربەژێر بێت، کەچی هەمیشە هەژار و داماو سوتەمەنیەکەیە چی ئایینی بێت یان سیاسی. زانینی حەقیقەت و هۆشیاریی ئایینی و سیاسی و عەقڵ ئەو خەڵکە رزگار دەکات و هیجیتر.
ئەوەی زۆر گرنگە، کورد وەکو هەمیشە زیانی کردووە ئەمجارە خۆی نەخاتە نێو ئەم گێژاوە و ئەگەر عاقڵانە بجوڵێت دەتوانێت بێ زیان لێی دەرچێت و بەڵکو رەوشی پرسەکەشی بەرەوپێشەوە بەرێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت