شەماڵ بارەوانی: خەنجەری خێڵ/ بەشی یەكەم.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوە چارەنووسی تۆیه هەڵاڵە، کە خەنجەرێک شاخە و شاخ، شارە و شار و وڵاتە و وڵات شوێنە بکەوێ، تا لێرە لە ستۆکهۆڵم، لە گەڕەکی فلەمینسسبرگ، نهۆمی چوارەمی باڵەخانەی ژماره هەژدە لە سنگت بچەقێ. کێ دەزانیێ ئەو خەنجەرە له کێڵانی ئێستای ونبوونیدا قەفی پشتێنی چەند نەوە لە پیاوانی وڵاتی بەردی پشکنیوە؟ سنگی چەند نەوە له ژنانی وڵاتی بارانی هەڵدڕیوە؟”( 1 )
ئاری گیان زۆر دەترسم بەختی تۆ چارەنووسی منیش، هەمان شێوەی هی هەڵاڵە بێت و خەنجەری نەریت شارە شارە و وڵات به وڵات و کیشوەر به کیشوەر شوێنمان بکەوێت و سنگمان بپشکنێت.
تکایە ڕۆندك گیان، واز لەو بیرکردنەوە نەرێنی و ئەهریمەنیانە بێنە.
ئێمەدەدەین لەشەقەی باڵ و دەفڕین بۆ کەشکەڵانی ئاسمان، دەڕۆینە ژێر سێبەری عەرشی خوداوەند، لێره ون دەبین بۆ دوورگەیەکی خاڵی لە کەڵبەی نەریت و خەنجەری خێڵ، دەرۆین بۆ کیشوەرێکی هێمن، شوێنێک، نە کولتووری نێرسالاری تیابێت و نەیش دەستی عەشیرەتی وێ بگات.
هەرێمك، مەزهەبی تیایدا یاساخ بێت و عیشق دەستوور بێت.
ئاری گیان، تۆ مرۆڤێکی زیاد لە حەد خەیاڵیت و زۆر ڕۆمانتیکیانە بیردەکەیتەوە.
ئێمە هەرگیز لە کەڵبەی نەرین و خەنجەری خێڵ ڕزگارمان نابێت.
ئاخ لەدەست ئەو ڕەشبینیه بێ تامەی تۆ ڕۆندک گیان، ئاخ.

ئاری گیان:”
کورد هەمو ئامراز و ئامێرە هاوچەرخ و تازەکان بەکار ئەهێنێت کەچی کە قسەی لەگەڵ ئەکەیت بەزمانی خێڵ ئەدوێ!
ئێمە شوناس و پێناسەی هەڵەمان هەیە بۆ شارستانیەت و مەدەنیەت و پێشکەوتن و، مامەڵەیەکی تەقلیدی لەتەک فۆرم و لێکەوتەکانی دنیای هاوچەرخ و نوێ ئەکەین بە جۆرێک نەدەستبەرداری کلتور و نەریتی دواکەوتوی خۆمان ئەبین و نە برواو قبوڵی عەقڵانیەت و شارستانیەتی پێشکەوتوی مرۆڤایەتی ئەکەین .”( 2 )
ڕۆندک گیان، ئێمە، دەبێت شۆڕشێک لە مینتاڵێنت و ئەقڵیەتی خەڵک بکەین و هەوڵدەین دەسەڵاتی دەرەبەگ و ئاغا و شت لاواز کەین و لە ڕێگای چەکی مەعریفە و هێزی هۆشیارییەوە، مرۆڤەکان لە ئافاتەکانی ئەقڵیەتی عەشیرەگەرێتی و لە دەست خەنجەری نەریت و کولتووری نێرسالاری و دێوەزمەی مەزهەب قورتارکەین.
ئاریەکەم، کتێبی (مینتەڵێتی خێڵ)ت خوێندووەتەوە؟
نەخێر،
هیوادارم بیخوێنیتەوە، من چوار ساڵ بەر لە ئێستا خوێندمەوە
دەی ڕۆندک گیان، تۆزەک واز لە خێڵ و مێڵ بێنە.
خۆشم دەوێیت بە قەد هەموو دنیا
زۆر منت خۆش دەوێت ئاریەکەم؟
بەڵێ گیانەکەم زیاتر لەخۆم و لەهەموو شتێک، تەنها دایکم نەبێت.
ئاری دەزانت ئیشق جەنگێکی بێ ئامانە و یان دەتکوژێت یان شێتت دەکات، یاخود کەرت دەکات.
بەڵێ گیانەکەم، ئەی ئەوە نییە ئیشقی تۆ، تا سنووری شێت بوون و کەربوون بردوومی!
گیانەکەم، من ئامادەم لە پێناوت کێوی بێستون هەڵکۆڵم و لەگەڵ دێو بجەنگم و ئەستێرەت بۆ لە ئاسمان داگرمەخوارەوە.
نا، زور سوپاس ئاریەکەم، من ئەوانەم هیچ ناوێت.
ئەی؟
تەنها پاک و دڵسۆز و بە وەفاو ڕاستگۆبە، لەگەڵ من و ئیشقەکەت.
چییە، متمانەت بەمن نییە گیانە؟
با، بەڵام پیاوێک دەناسم دوو هۆزی بەردا یەکتری لە پێناو خۆشەویستی کچێك،
کەچی دواتر و دوای دەمێك، لەگەڵ ژنێکی تر دەستی تێکەڵ کرد و هاوسەرەکەی خۆی بەسەرگەردانی جێ هێشتوو هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو ژنەیتر پێکهێنا.
بەو چەشنە، ئەو مەعشوقەی جارانی، کە سوێندی بەسەرەوە دەخوارد و دەیگووت: هەموو دنیا لەچاوی تۆوە دەبینم و لە پێناوتدا ئاینەکەشم دەگۆڕم و دەسبەرداری هەموو پڕەنسیپەکانم دەبم و هەر
هۆنراوەی ڕۆمانسی بەسەردا دەخوێندەوە، لە پڕ بە تەنیایی و دڵتەنگی و دڵشکان و حەسرەت و ئازارەوە سپارد.

ئاری گیان:
گیان، رۆندکی چاوەکانم، قلەکەم، هەناسەکەم، دیدەم، هەموو دنیام، ئیمپڕاتۆڕی هەرێمی دڵم، ئەمرکە و کۆیلەکەت لە خزمەتدایە.

ئاریەکەم:
“وا دابنێ تۆ حەزت لە ژنێکە، زۆر شەیدای ئەویت، گەر ببێتە هاوسەرت دەتوانیت بەهەشتێکی بۆ درووست بکەیت، ژیانی بۆ بڕازێنیتەوە، بەڵام ئەو کەسەی خۆشتدەوێت گوێی لە دەنگی تۆ نییە، هەست بە هیچ هەستێکت ناکات، دەڕوات و فەرامۆشت دەکات.
تۆ لە تەنیایی و تاریکی خۆتدا نوقم دەبیت، ئەوە دەتخنکێنێت کە دەبینی ئەو کەسەى خۆشتدەوێت نرخی دەنگی تۆی نەزانی، فەرامۆشی کردوویت.
بەڵام ئەو خۆشەویستە دەڕوات و پاش ماوەیەکی درێژ دەگەڕێتەوە، هەست دەکات ژیانی شتێکی گرنگی کەمە، هەست دەکات بەهەڵەدا ڕۆشتووە، هەست دەکات بە جۆرێک لە جۆرەکان لە جێگایەکدا هەڵەیەکی کوشندەی کردبێت کە بۆ دواوە دەگەڕێتەوە، دەگاتەوە بەردەمی تۆ، تۆ کەسێکی نەخۆش و تێکشکاوی، ئەو کەسەی تۆی تێکشکاندووە ئێستا لە بەردەمتدایە، بەڵام زەمەن ناگەڕێتەوە.”( 3 ).
تۆ ئاوام بەسەر بێنیت، دواتر من هەرگیز قبوڵت ناکەمەوە . من خاوەنی دڵێکی هێنده گەورە و لێبوردەییەکی لەو شێوە نیم. هاهاها
دڵنیابە ڕۆندک گیان، تۆش جێم بێڵیت، منیش ئەوکات هەرگیز دوایی شیعری وات بۆ ناهونمەوە و پێت ناڵێم”
دەترسم لە دووریت
گۆرانییەکانم
پڕبن لە دڵ شکان
و
زمانی حەرفەکانم
هێشووە ترێی لاڵی بگرێت

دەترسم
گڵۆپی چاوەڕوانیم بکوژێتەوە
و
شکان لەباڵی چۆڵەکەی شیعرم بڕوێت

دەترسم
پەڕەسێلکەی شەوی تەنیاییم
بگەڕێتەوە
و
قەڵەمی مەراقم
مان بگرێت

دەترسم
کەمانچەی دڵم
بێ ناز بکەوێت
و
کەس نەبێ
هۆنراوەکانم بژەنێت

کەس نەبێت
فوو لە ئاگری تامەزرۆییم
بکات
و
مۆمی خەڵوەت لەمیحرابی ڕۆحم
داگیرسێنێت

لە چاوەڕوانی تۆ
لۆچی پیری
لەسەرتابلۆی تەمەنم
ڕوا
و
پشتی ئاواتم چەمایەوە

قەسیدەم
گۆچانی حەسرەتی گرتە دەست
و
سۆمای خەونەکانم کوژایەوە

لە چاوەڕوانی تۆ
پەرێزی ڕۆحم
بوو بە خۆڵەمێش
و
پەرداخی مەستیم
پڕبوو لەفیراق

لەچاوەڕوانی تۆ
کەس نییە
کەوچکێک ماچ
و
کولێرەیەکی خۆشەویستیم
بداتێ

کەس نییە
قاوەی عەشقم
بۆ بگرێتەوە
و
لانکی مەراقم
ڕاژەنێ

کەس نییە
ببێتە مۆسیقای حەرفەکانم
و
دەستی خەیاڵم پڕکات لە ئیلهام

کەس نییە
تنوێتی شیعرم بشکێنێت
و
چاوی خامەم تەڕکات

کەسێ نییە
سوراحی گریانم لێوان لێوکات
لە خەندە
و
کراسی پێکەنینم
لەبەرکات”( 4).

1- گرەوی بەختی هەڵاڵە، عەتا نەهایی، ڕۆمان، چاپی سێیەم 2018، چاپخانەی:ئەندێشه، لاپەڕە( 7 ).
2- کورد؛ بۆ ئەقڵی خێڵ تێناپەڕێنێ !؟، عەلی حەمە، ڕۆژنامەی(زەمەن)،23. 6. 2021 .
3- کەشتی فریشتەکان، بەختیار عەلی، ڕۆمان.
4- پارچە شکاوەکانی دڵم، شەماڵ بارەوانی، شیعر(پەرەسێلکەی شەوی تەنیایی)، چاپی یەکەم 2022، چاپخانەی: کارۆ، لاپەڕە(73-74).

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت