رەزا شـوان: خەیـاڵ لە ئەدەبی منـداڵانـدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بێگومان پێشکەوتن و داهـێنان و ئافـراندن، لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، بەری خەیاڵ و بیرکردنەوە و تێکۆشانی مرۆڤـن. گەلی جیاوازی و تایبەتمەندی لە مرۆڤـدا هەن، وایان کـردووە کە توانـای داهـێنان و رێکخـستنی ژیـانی خـۆی هـەبێـت و لە ژینـگە تـێـبگات. بتوانێت کولتوورێکی رەوشتی و مادی و زانیاریی گشتی و زانستی زانیاری بنیات بنێت، لەگەڵ دۆزینەوەی پراکـتیزەکردن لە سەرجەم ئەم کارانەدا. لە نێـو ئەم تایبەتمەندییانەدا تایبەتمەنـدی خەیـاڵکـردنە، کە بـریتییە لە بنیاتنانی هـزری نـوێ لە بابـەتە هەبـووەکان. ئەو رۆڵە گرنـگەی کە خەیـاڵ (فـانتـازیا) لە ژیـانی مـرۆڤـدا هەیەتی، هـەر لە سەرەتای مێژووەوە جێگەی گرنگی پێـدانی مرۆڤ بووە. گرنگی بە رۆشنبیریی گشتی و فەلسەفە و ئەدەب و هـونەر و زانستە مـرۆییـەکان داوە، لەوانـەش زانسـتی پەروەردە.
هێشتا هەر خەیاڵ (ئەندێشە) جێگەی گرنگی پێدانە بە هەموو ئەو لقـە زانستییانە. هەر لـقـێکیشی چـوارچـێوەی ئاماژەیی خـۆی هـەیە، لە مامەڵەکـردن لەگـەڵ ئەم دیـاردانەدا.
خەیـاڵ ئەو رووداو و بابـەت و بیـرۆکـانەیە، کە لەنێـو ئەقـڵی مـرۆڤـدا سەرهـەڵـدەدەن. کە بە ئارەزووی خـۆی دروسـت دەبـن، ئەم خەیـاڵانە دەیبـاتە جـیهـانێکی دیکەوە، لەو رێـگەیـەوە دەتـوانێـت کـۆنتـرۆڵی ژیـانی بـکات و رووبـەڕووی ئـەو رووداو و کـارانە بێتـەوە کە دێنـە رێـی. بەبێ ئـەوەی بەربەستێک هـەبێـت رێی پێبگـریـت و رایبگـرێت. خەیـاڵ بـەوەش پێـناسە دەکرێت کە کـردارێـکی ئەقـڵی زانستی یە. خەیـاڵی داهـێـنەرانە پاڵپشتێکی بەهـێزە بۆ داهـێنان و گونجانـدن لەگەڵ ژینگەدا. بە شێوەیەکی گشتی خەیاڵ بەوە پێناسە دەکرێـت کە بریتییە لە توانای ئەقـڵی بۆ تاقیکردنەوە و دۆزینەوەی تـازە و بنیاتـنـان و پـێکەوەنـان. بیـرمەنـدان و رەخـنەگـران و نـووسـەران، لە پـێـناسەکـردن و راڤـەکـردن و دیـاریکـردنی چـەمکی وشـەی “خەیـاڵ” دا، ناکـۆکن و هـاوڕانـین، هـۆی مشـتومـڕیـشیان، ئەوەیە کە خەیـاڵ زاراوەیەکی درکردنە، بەپێی ناوەڕۆکەکان و تیـۆرە زانستییەکان، چەنـدین واتـا دیـاری دەکات. بەڵام هەموویان لە بارەی گـرنگی خەیـاڵ لە ئەدەبـدا هـاوڕان.

(ئەفـلاتـوون) یەکەم کەس بـوو، کە لە ئەدەبـدا گـرنگی بە خەیـاڵ دا. وای دەبـیـنی کە شاعـیر خەیـاڵ بەکـاردەهـێنـێـت، داهـێـنەرە و سـروشی خـوایی هـەیە.

(ئەرستۆ) ش دەڵێت:”خەیاڵ بریتییە لەو پرۆسەیەی کە لە میانەیـەوە وێنەیەکی زیـنی دەنـوێـنیـت”.
خەیـاڵ لە هەمـوو کـات و سەردەمـێکـدا، تـوخـمێکی هـاوبـەشی گـرنـگە لە هـەمـوو بەرهەمـەکان و بـوارەکـانی ژیـانـدا.

(ئەلـبێرت ئەنیشتاین) دەڵێت:”خەیـاڵ گرنگـترە لە زانین”. زۆر جار زانین سنووردارە بەو شتانەی کە هـەیە. بەڵام خەیـاڵ چەمکـێکە، سنوور و لـۆژیکی تێـدا نییە. لـۆژیک لە ئەلـفـەوە بـۆ یـایە، خەیـاڵیـش دەتبـاتە هـەر شـوێـنێک کە دەتەوێت. نە بازگەیە لێ هـەیە و نە پاسپۆرتـیشی دەوێـت. هەر بە خەیـاڵیش ئایندەیەکی دڵخواز بنیات دەنێیـت.

(کارڵ مارکس) دەڵێت:”ئەوەی خەیاڵی نەبێت، باڵـیشی نییە”. بۆیە لەو کەسە هەژارتر نیـیە کە لە خەیـاڵـدا هـەژارە. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا، وەکو ئەنیشـتاین دەڵێت:” راستی هـەمیشە لە خەیـاڵ سەیـرتـرە”.
شاعـیری ئینگـلیزی (کریستۆڤـەر) دەڵێـت:”یەکەم تـوانا کە پێـویستە گـرنگی پێـبدەین، پێش ئەوەی ژەنگ بگـرێـت، خەیاڵە. ئەوە خەیاڵە وامان لێدەکات، کە هەموو رۆژێک بە تـازەیی لە جـیهـان بـڕوانـین”.
پێویستە ئەوەش بـزانین جیاوازییـەکی زۆر لە پـلەی خەیـاڵکـردن لە نێـوان خـەڵکـیدا هـەیە. هـەیە خەیـاڵ تـیژە، هـەیە خەیـاڵ ناوەنـدییـە، هـەشـە خەیـاڵ کـزە.
خەیـاڵ گـرنگـییەکی زۆری هـەیە لە یارمەتـیدانی منـداڵان، بۆ تێگەیـشـتن لە جـیهـانی دەوروبەریان و بۆ گوزارشتکردن لە خۆیان. خەیاڵ بەشێکە لە چالاکییەکانی رۆژانەی منـداڵان. گەر شتێک هەبێت منـداڵان تێیدا سەرکەوتـووبن، ئەوا توانـای خەیاڵکـردن و دروستکـردنی جیهـانی تایبەتی خۆیـانە. لە هەمـووی گرنگـتر منـداڵان، خەیـاڵەکانیان بۆ گەڕان بە دوای زانیاری و بـیرۆکەی نـوێـدا بەکاردەهـێنن. بـۆ نموونە کە سەردانی رووبـارێـک دەکـەن، دەکـرێـت بـبـێـتە هـۆی خەیـاڵکـردنیـان لـە ژیـان لەنـاو ئـاودا.
خەیـاڵ لە منداڵانـدا، یەکـێکە لـەو شتە بەسوودانـەی کە یارمەتی گەشەکردنی منـداڵان دەدات بە شـێوەیەکی سـروشـتی.
هـەر لە ساڵانی یەکـەمی ژیـانی منـداڵانـدا، خەیـاڵ جـێگەیەکی گـەورە لە چالاکـییەکانی ئەقـڵی منـداڵان پـڕدەکاتەوە. زۆرێک لە بیـرۆکە و یـاری و هـیواکانیان، لەسەر بنەمای خەیـاڵ پێکهاتـوون. خەیاڵیش لە دوو فاکتەر پێکدێت یەکێکیان (دەرەکییە) دەوروبەری منـداڵان. ئەوی دیکەیـان (ناوەکـییە) تـێڕوانیـنیان دەرەبـارەی جیهـان. خەیـاڵ بوارێکی گرنگە و ورووژێنەرە لە گەشەکـردنی منـداڵان. هەموو منداڵێک دەرفەتی ئەوەی هـەیە، کە پـەرە بە داهـێـنان و خەیـاڵی بـدات.
منداڵان لە رێگەی خەیاڵەوە، دەتـوانن بەسەر بەربەستەکانی کات و شـوێن و ئەستەمدا بازبدەن و سـنووری هـێزەکانی خۆیـان تێپەڕێـنن و دەستیان بۆ ئەوشتانە درێـژبـکەن و پەرەیـان پێـبدەن، کە لە راسـتییدا ناتـوانـن بە دەستـیان بهـێـنن. بۆ نموونە منـداڵان، بە خەیـاڵ، لە رێی رۆکـێتێکی کارتـۆنییەوە، یا بە سواری پێنووسێک، دەچـنە سەر مانـگ و هـەسارەکـان. بـەڵام لە راستـیدا ئەمەیـان پێناکـرێت. هەروەهـا لە رێـگەی خەیـاڵەوە، منـداڵان دەتـوانن بەسەر سەخـتییەکانی ژیـانی رۆژانـەدا زاڵـبن و ئاواتەکانیان بەدەست بهـێنن. بەردەوامیـش بە دوای هەمـوو شتـێکـدا دەگـەڕێن کە تـازە و بەسـوودبـن. بەم شـێوەیە گەشـەیەکی گـشـتگـیر و تـەواو و هـاوسەنـگ بەدەسـت دەهـێـنن.
خەیاڵی وەهـمی، لە قۆناغە سەرەتاییەکانی ژیانی منداڵاندا، یارمەتیان دەدات، کە گرنگی بە ئـاژەڵ و باڵـندە و شـتە بێ گـیانەکان بـدەن. خەیـاڵ دەیـانبـاتە جیهـانێکی ئەفـسانەیی ئەفـسووناوی و سەرنجـڕاکێـش. لەم قـۆناغـەدا، منـداڵان خۆشـباوەڕن و باوەڕیان بەوە هـەیە، کـە ئـاژەڵ و بـاڵـنـدە و دار و بـەرد و هـەر هـەمـوو شـتەکـان، زمـان دەزانـن و دەتوانن بە کوردی بـدوین، دەتوان گوێـبگـرن، دڵخـۆشبن، پێـکەنـن، هەڵـپەڕن، بـڕۆن، چـاکە و خـراپە بـکەن، یارمـەتی بـدەن،…هـتد.
منـداڵان لە نێـوان سێ و پـێـنج ساڵـیدا، خەیـاڵ تـیژن. بەڵام ئـەم خەیـاڵەیان لەنـاو ئـەو ژیـنگە تەسکەی تێیـدا دەژیـن سـنووردارە. لـەم قـۆنـاغـەدا خەیـاڵی منـداڵان، رۆڵـێکی گـرنـگ دەگـێڕێـت لـە گـەشـەکـردنیـانـدا. چـونـکە خەیـاڵ رێـگەیـەکە بـۆ رێـکـخـستـنی بەشێکی زۆری چالاکـییەکانیـانیان. بنەمـایەکـیشە بۆ راهـێـنانی توانـا جـووڵـەییەکانیان و چالاکـردنی چـالاکـییەکـانی دیـکەیـان.
منـداڵانی نێوان شـەش و هەشـت و نـۆ ساڵان، خەیـاڵەکانیـان لە بازنـەی سـنوورداری ژینـگە تێـپەڕیـوە. بـەم رۆڵـەش لە رۆڵەکـانی گەشەکـردنی خەیاڵی منداڵان، دەوترێـت رۆڵی خەیـاڵی ئـازاد، کە تـێیـدا تـامـەزرۆی ئـەو وێـنـە زەیـنیـیە ئاڵـۆزانـەن کە بـۆیـان دەکـێشن، یا بە خەیاڵی خۆیان دروستیان دەکەن. بۆیە ئارەزووی چـیرۆک و هـۆنـراوە و پەخـشـان و شـانـۆ و گـەلـێک بابـەتی تـر دەکـەن.
منداڵان تا تەمەنی دوانـزە ساڵان، دەچـنە قـۆنـاغ و رۆڵـێکی تـرەوە. کە لە راستییەوە نـزیکە. بایەخـێکی زۆر بە راسـتی دەدەن، بێ ئـەوەی کە واز لە خەیـاڵکـردن بهـێنن. خەیاڵکـردن لەم قـۆناغـەدا، بە زۆری لەسەر بنەمـای وێنەی بینراوە. لە دوای ئـەوە، منـداڵان مەیلـیان بەرەو خەیاڵی ئەبستراکی”موجەرەد” هـەیە. لەسەر بنەمای هـێما و پێکهـێـنانی بیـرۆکەکان بنیات دەنـرێـن.
بەو پێیەی کە ئـەدەب وێناکـردنێکی خەیـاڵییە بۆ ژیـان و هـزر و هەسـت و سـۆز، لە میانـەی پێکهـاتەی زمانـەوانییەوە. ئەمـەش ئـەوە دەگەیەنێت کە سنووری خەیـاڵ لە ئەدەبـدا، بە ئـەدەبی منـداڵانـیـشەوە بـەرزە. زۆر جـاریـش رێـژەی خەیـاڵ لە ئـەدەبی منداڵاندا بە هـۆی پەیوەندیی بە هێزی خەیاڵ بە ژیانی ئەقـڵی منداڵانەوە، زیاد دەکات.
دەکـرێـت خەیـاڵی مـرۆڤ سـەرچـاوەی ئـەدەب بێـت، بـە ئـەدەبی منـداڵانـیـشەوە.
کەواتا هەموو بەرهەمێکی ئەدەبی دەبێـت هەڵگـری وێناکردنی خەیاڵی بێـت، تەنانەت ئـەو ژانـرە ئەدەبـیـانـەش کە بە راسـتی (ریالـیستی) ناودەبـرێـن، دوورنـین لە خەیـاڵ. چـونـکە وێنـاگـرتـنـێکی فـۆتـۆگـرافـی نیـن.

ئەدەبی منـداڵان، کۆمـەڵـێک بەرهـەمی هـونـەرییە، پێشکەش بە منـداڵان دەکرێت. کە تایبەتـمەنـدی و پێـداویستی و ئاستی گەشەکـردنیـان لەبـەرچـاو دەگـرن. واتـە لە مـانا گـشتـییەکەیـدا، هەمـوو ئەو بابەتـانە دەگـرێتەوە کە پێشکەش بە منـداڵان دەکرێـن. کە مانـا و بـیرۆکە و هـەسـتەکـان بەرجـەسـتەدەکـەن.
گۆمان لەوەدا نییە، کە خەیـاڵ رۆڵێکی گـرنگ دەگـێڕێت لە هەموو ژانـرەکانی ئەدەبی منـداڵان، وەک چـیرۆک و هـۆنـراوە و پەخـشان و شانـۆ، ئۆپـەرێت، رۆمـان، کە پـڕن لە فـانتـازیا، هەموو ئـەو شـتانـەش کە پەیوەندییان بە ئەدەبی منداڵانەوە هەیە. کەواتا خەیـاڵ پێـویستییەکی گـرنگی ئەدەبـیـاتی منـداڵانـە.
لـێرەوە، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێـت، کە پێویستی و تایبەتمەنـدیی یەکـەمی نووسـەرانی ژانارەکانی ئەدەبی منـداڵان، تـوانـای خـەیـاڵکـردنە. لە سایەی خەیاڵ و زمانـدا، بابەتە نـووسـراوەکانیان بۆ منـداڵان دەڕازێنـنەوە.
هەموومان بەشێکی زۆری ئەو چیرۆکانەمان لەیادماون، کە بە منداڵی بۆیان گێڕاینەوە یا خۆمـان خوێنـدمـانەوە، کە لە منـداڵـیدا هـۆگـریان بـووین. خەیـاڵ هـۆیـەکی سەرەکی ئـەم هـۆگـری و لەیـادمـانەوەیە.
یەکـێک لە تایبـەتـمەنـدییـە هـەرە گـرنـگەکـانی چـیرۆکی منـداڵان خەیـاڵە. کە رۆڵـێکی سەرەکیی لە چیرۆکی منداڵانـدا هەیە. ئەوە خەیاڵە منداڵانە بۆ چیرۆکەکان رادەکـێشێت.
پێویستیشە کتێبەکانی منداڵان، لە خەیاڵی ترسناک و تۆقـێنەر و لە کاری لە تـوانابەدەر پـاک بکـرێنـەوە. تێکەڵاوی چـەمـکەکان و تـێکەڵکـردنی راسـتیـش لەگـەڵ خەیـاڵـدا لە چـیرۆکی منـداڵانـدا، نابێـت ببـنە هـۆی جـۆرێـک لە سەرلـێـشـێـوانـدنی منـداڵان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت