عیماد عەلی: گوز بەرامبەر گوز، خورما وە نرخ بازار.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دوێنێ پەندێکی پێشینانی شێوەزاری ئەو دەڤەرەی گەرمەسێرم نوسی، لەوبارەوە پرسیارێکی زۆرم لێکرا، ئەم پەندەش رێک و کتومت بۆ ئەم رکابەری و ململانێیەی پارتی و یەکێتی دەگونجێت و هەر یەکەیان بەرگری لە رەفتاری نابەجێی خۆی لەکاری نائاسایی و شەرمهێنەر و ناپاکی خۆی دەکات و هەموو مێژووی خۆی زۆر بە جوانی و بێگەرد باس دەکات. وەکو ئەوەی ئەوەندە دڵسۆز و خاکپەرست و کوردپەروەر بێت، نمونەی نەبێت و ئەویتریش دەداتە بەر رەخنەی هەمەجۆر و تانە و تەشەر و دەیگەیەنێتە سەر سفر و هیچ بەهاو نرخێکی بۆ ناهێڵێتەوە.
کابرایەکی کرماشانی بە ناوی میرەوەگ لە سیەکانی سەدەی پێشوو لە کرماشان خەریکی خورما فرۆشتن دەبێت، عەلی میریش پاوێکی پیری دنیادیدە دەبێت، رۆژێک دەچیت بۆ خورما کرٍین لای خاڵۆ میرەوەگ. لەوکاتەدا کە خەریکی کێشانی خورماکە دەبێت دەنگێکی لێ بەرزدەبێتەو بە کرماشانی پێی دەڵێن گوز. خاڵۆ عەلی میریش دەڵێت: مادام گوزێکت لێبەربووەوە دەبێت خورماکە بەهەرزان و نیمە قیمەت پێم بدەیت، ئەگینا دەرٍۆم لەبازار هاوار دەکەم و دەڵێم میرەوەگ گوزێکی لێ بەربۆتەوەو حەیات دەبەم، خاڵۆ میرەوەگیش رازی دەبێت و دەڵێت: ئەمە ناحەقیە و خواهەڵیناگرێت، بەڵام قەیناکا بە نیمە قیمەتەکە بیبە و باسی گوزەکە مەکەو حەیام مەبە. عەلی میریش لەو کاتەدا دەیەوێت خورماکە هەڵگرێت و برٍواتەوە بۆ ماڵەوە، ئا لەو کاتەدا ئەویش دەنگێکی لێ بەرزدەبێتەوە، خاڵۆ میرەوەگیش وەکو هەنگوینی لەداردا دۆزیبێتەوە، دەڵێت: ها عەلی میر ( گوز بەرانبەر گوز خورما وە نرخ بازار) باسی کێ دەکەیت و حەیای کێ دەبەیت، ئەوە هەردوکمان یەکسان بووین و پارەی خورماکەشم وەک نرخی بازار پیدەدەیت و هیچ قسە ناکەیت. هەر لەو رۆژەوە ئەمەش بۆتە پەندێک و لەسەر زمانی کوردانی گەرمەسێر دەوترێتەوە.
لای خۆمانیش، پارتی 31ی ئابی هەیە و یەکتێیش 16ی ئۆکتۆبەر، کەچی هەر یەکە و ئەویتر بە ناپاک و خیانەتکار تۆمەتبار دەکات و خۆی لە هەموو شتێک بێبەری دەکات و هەموو کوردستانیش دەزانێت هەردوانیان دوو گوزیان لێبەربۆتەوە و رێک وەکو یەکن، بەڵام ئەوان وەکو ئەوەی نە بایان دیبێت نە باران تا ئێستاش بزەی سمێڵیان دێت و هیچ شەرمێک نایانگرێت. بەڵێ با باش خۆیان و کردەوەکانیان بناسن و گوزەکانیان لەبیر نەکەن و کار وا بکەن پاشەڵیان پاک بکەنەوە و ئەوسا یەکتر رەخنەباران بکەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت