عیماد عەلی: نیازم نەبوو ئەمە بنوسم بەڵام!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەم رەفتارەی ئەم دوکتۆرە بەرێزە زانیم کە زانکۆ کانمان پرٍن لە نەخوێندەوار و خەڵکی بازارٍی باڵیان بەسەریاندا کێشاوە و خوێندکارانی ئازیزیش چۆن گیرۆدەی دەستی ئەم نمونانەن.
لە کتێبخانەی گشتی سلێمانی دانیشبووم و کتێبی (کەسایەتی محەمەدی) وەرگێراوم بردبوو لەسەر مێزەکەم دانابوو، دکتۆرێکی بەرێزی ئەم زانکۆی سلێمانیە خۆی کرد بە ژووردا و هەر لە خۆیەوە بێ ئەوەی مۆڵەت وەربگرێت، کتێبەکەی گرت بە دەستیەوە و فرێیدایە سەر مێزەکە و وتی؛ توخوا ئەوە کتێبە وەرتگێراوە و خۆتت پێ هیلاک کردووە؟ منیش هیچ قسەیەکم نەکرد و زانیم کە هەرچەند دکتۆری فیزیایە، بەڵام بەو رەفتار و قسەیەی لە هەموو روویەکەوە چەند بێ ئاستە.
ئا ئەمانەن تەنها بە چاوێک سەیری هەموو شتە زانستیەکان دەکەن و ئەوە بە زانستی و باش دەزانن کە لەگەڵ راو بۆچونی خورافی خۆیاندا بگونجێت و بەس.
دەبێت ئەوانە بزانن کە تەنها پسپۆریە زانستیەکە و ئایین و عەقیدە و بیری خەیاڵی نیە میلەتان پێشدەخات، ئەوە ئەگەر لەوەشدا لێی بزانن و هەموو شتێک تێکەڵ نەکەن، بەلکو دەبێت کە تەنهاەبەناو هەڵگری شەهادەی دکتۆرا نەبیت هیچ نەبێت دەبێت زانیاری راستودروست با کەمیش بێت لە مەعریفەت و ئەتەکێت و بواری ئەدەبیشت هەبێت. دەبێت بزانیت کە دکتۆرێک لە فەرەنسا نادۆزیتەوە ئەگەر پسپۆرٍێتیەکەی زانستیش بێت، بالزاک و راسین و رامبۆ و مەدام دوستایل و فیکتۆر هۆگۆ نەناسێت و تەنها باوەری بە ئایین و شتی خورافی هەبێت. دکتۆرێک نیە لە روسیا تۆلستۆی و مایوکۆفسکی و پوشکین و ئایتمانۆف و چیخۆف و دستۆفسکی و کارل مارکس نەنانسێت. ئەوانە نەک هەردەیانناسن بەڵکۆ شانازیشی بە خۆیان و بەرهەمە ئەدەبیەکانیانەوە دەکەن و باوەریان بە نوسین و وەرگێران و چالاکی هەمەجۆری زانستی و ئەدەبی هەیە نەک لەخۆبایی وزلزانی هیچ نەزان بن و چالاکی ئەویتر بێ بەها بکەن و باوەر و عەقیدە و ئایین و خورافات بکەنە سەنگی محەک بۆ هەڵسەنگاندنی بەرهەمی زانستی و رۆشنبیری .
سەرۆکی فەرەنسا فرانسوا میتیران وتی؛ من نوسەری روسی سولجینتسین بە گەورەترین رۆشنبیر لە سەدەی بیستەم دادەنێم. پێش ئەم جەنەرال دیگۆل رەتیکردوە سەرکوتی خۆپیشاندانەکەی فانسان بکات لەبەر ئەوەی فەیلەسوف جان پۆل سارتەر و کۆمەڵێک لە ئەدیبان و رۆشنبیران بەشداریان تێدا کردبوو. ئەوەشتان پێ بڵێم کاتێک نوسەری کۆڵۆمبی گابریل گارسیا مارکیز هەڵگری خەڵاتی نۆبڵ مرد، باراک ئۆباما سەرۆکی ئەمریکا وتی: جیهان ناوێکی گەورەی لەدەستچوو کە ئاسان نیە قەرەبو بکرێتەوە.کاسترۆ ئەو قاوەخانەیەی کە ئەرنیست هەمەنگوای تێیدا دادەنیشت کردیی بە مۆزەخانە و لاقرتەی پێ نەکرد کە لە قاوەخانە دادەنیشێت و بەرهەمەکانی فرێبدات و خۆیشی بە شت بزانێت و تەنها باوەری بە ئایینەکەی هەبێت و بەس، وەکو ئەوەی ئایین سەرجەم کێشەکانی چارەسەر کردبێت. ئەمە و هەزاران نمونەی تر هەن لە جیهاندا بۆ رێزلێنان لە کاری ئەویتر و پێزانینی لە هەر بوارێکدا بێت.
کە ئەو رەفتار و هەڵوێستەی ئەو دکتۆرەم بینی لای خۆمەوە وتم هەر باش بوو شتێکی زۆر گرنکی نەدۆزیوەتەوە و خەریکی شتی خورافیە و زانستەکەی بەفیرۆ چووە، ئەگەر لەوەش بزانێت و زانیاری زانستیانەی دوور لە خورافاتی لەو بابەتەدا هەبێت. بۆیە لێرەدا قسەکەی برناردشۆی نوسەری گاڵتەداری دووبارە دەکەمەو کەدەڵێت: تۆڵستۆیش وەکو من بوو باوەری بە هەندێک خورافاتی وەکو زانست و پزیشکی نەبوو.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت