عەبدولکەریم شێخانی: خرتکە و پرتکە/ بەشی بیست و هەشت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ستایشی کاکی دز و شتێکی دیکە
لوید جورج یەکیکە لە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و ڕۆڵێکی باڵای لە مێژووی نزیکی ئەو وڵاتەدا دیوە. ئەو لە ناوەڕاستی جەنگی یەکەمی جیهانی بوو بەسەرۆکی وەزیران و وەزاڕەتێکی تەباخواز(إئتلافی) ى پێک هێنا. لوید جۆرج لە حزبی ( ئازادان = الأحرار ) بوو. ئەوسا حزبی کریکارانی بەریتانیا پەرەی نەسەندبوو. حزبی موحافەزەکاران و ئازادان هەبوون. دزڕائیلی سەرۆکی حزبی موحافەزەکاران و گلادستۆن سەرۆکی حزبی ئازادان بوو و هەردوو حزبیش, وەک حزبەکانی ئێستای ئێمە کە هیچ کامێکیان چارەی ئەوی دیکەی ناوێ و حەز دەکا خوا زوو لەناوی بەرێ, تا شەیتان حەز بکا ڕقیان لە یەکدیکە بوو. ڕۆژێکیان لە دزڕائیلییان پرسی ناخۆشترین هەواڵ پێت بدەن چییە؟ گوتی ناخۆشترین هەواڵ ئەوەیە پێم بڵێن گلادستۆن کەوتە ناو زێی تایمس. گوتیان لەوە ناخۆشتر چییە؟ گوتی بێن و پێم بڵێن نەخنکاو فریای کەوتن و هێنایانە دەر. بەخوا هەمووی هەر وایە, تەنیا ڕوو بە ڕوو دۆستن هەر وەکو شیعرە عەڕەبییەکە دەڵێ: یعطیک من طرف اللسان حلاوة // و یروغ منک کما یروغ الثعلب.
هەوڵ دەدەم بۆ ئەم دانارە ( بابەتە ) جارێکی دیکە سەرێکتان لێ بدەمەوەو جارێ دەچمەوە لای لوید جۆرج. کە ئەویش چیڕۆکێکی سەیری هەیە . ئێوارەیەک بە تەنیا و بە ئۆتۆموبیل خەریکى گەشت و گەڕان بوو لە هەندێک ناوچەی لادێی دەور و پشتی لەندەن. بە ڕێکەوت ئۆتۆموبیلەکەی بەنزینی لێ بڕا و نەیتوانی بگەڕێتەوە و هەوڵێ ئەوەى دەدا شوێنێک بدۆزێتەوە ئەو شەوەی تێدا بباتە سەر. لە دوورەوە بینایەکی گەورەی بینی و وایزانی کۆشکە. ئیدی بەرەو بینایەکە چوو و زەنگی لێدا و حزمەتگوزارێک هاتەدەر لێی پرسی چیت دەوێ؟ لوید جۆرج گوتی: دەمەوێ ئەمشەو لێرە بم، چونکە ئۆتۆموبیلەکەم بەنزینی لی بڕاوە. کابرا گوتی: ئێرن نە ئوتێلەو نە ماڵە… ئێرە شێتخانەیە, شێتخانە. لوید جۆرج گوتی: با شێتخانەش بێت قەیدی نییە، بەڵام با من خۆمت پێ بناسێنم.. من لوید جۆرجم، لوید جۆرج سەرۆک وەزیرانی پێشووى ئینگلستان.
خزمەتگوزارەکە بە پێکەنینەوە گوتی: کەواتە تۆش فەرموو, چونکە پێنج شێتی دیکەمان لایە و هەر یەکە دەڵێت: کە گوایە لوید جۆرجە و با تۆش ببیت بە شەشەم لوید جۆرج.
ئەم شیعرە پێم وایە حەوت ساڵ دەبێ نووسیومە و لێم بزر بوو بوو و نەمدەدۆزیەوە. ئەمڕۆ بە دوای شتێکی دیکەدا دەگەڕام و لە نێو چەن پەڕە کاغەزێکدا دۆزیمەوە و دوای مشتوماڵ کردن, چەند دێڕێکیشم بۆ زیاد کرد و پێشکێشی ئێوەی بەڕێزی دەکەم و دلنیاشم بە دڵتان دەبێ.

ستایشی کاکی دز
لەم وڵاتە با پێت بڵیم شاى هەموو شاهانە دز
کاکە وەک من لێی بزانم گەورەی گشت گەورانە دز
دز کەسێکە گەورەبێ, دەستی هەبێ, ترسی نەبێ
لەم ڕووەوە دەزانم مەردی چاونەترسانە دز
چەند ستایشی کەم دەزانم کۆڵم و بێ توانام ئەمن
هەر من قەدری دەزانم باشوەستای وەستایانە دز
حوڕمەت و ڕێزی دەبێ بخرێتە سەر چاو و دڵان
هەر بۆیەیە کە قەدر و ڕێزی لەسەر چاوانە دز
کەس نەڵێ ناخۆشەویستە یان دزێو وبەدفەڕە
یاخوا تۆ لاڵ بێ زمانت, شیلەى سەر زمانە دز
ئەو یچێتە هەر شوێنێ خەڵکێ پێشوازیی دەکەن
ئێستا زانیت برا چۆن دایم لەبەر دڵانە دز
قاسە و سندووقی پووڵ خۆیان لەبەر ئەو ناگرن
باش بزانە و تێ بگە سەردەستەی گشت جەردانە دز
هەر کە دۆلاری لە دوور ڕا بینی دەدرەوشێتەوە
سیگەو باز بۆی دەڕوا برا ئاى کە یاریزانە دز
هێندە ڵێزان وبەکارە ڕاوکەری دؤلارە ئەو
بۆیە دەیبینی براکەم خاوەنی سامانە دز
سەردەمێکی من نەزان بووم قینی زۆرم بوولە دز
داخەکەم دێر تێگەیشتم کە چەند قارەمانە دز
قەت نەکەی ڕوو وەربگێڕی لۆچ بخەیتە نێوچەوان
چونکە ئەمڕۆکە عەزیزم پیاوی ناو پیاوانە دز
ئێستا زانیومە کە چەند گێل و نەزان و گەمژە بووم
نەمدەزانی هێندە ژیر و تا بلێی زۆرزانە دز
چەندە باسى کەی براکەم قەت تەواو نابێ بەمن
هەندێ جار تووڕە و شەڕانی یان زۆر نەرم ونیانە دز
تۆ کە دەیبینی هەمیشە وەک فریشتە دێتە پێش
هەندێ جار پێوەت دەدا وەک ماری بێ ئامانە دز
دەزانم کاکی دز تووشی دەردی کوشندەت دەکا
چاوەکەم زۆر باش بزانە دەردی بێ دەرمانە دز
هیچ درۆ ناکەم ئەگەر بێژم کل دەفڕێنێ لە چاو
ئەى خودا یە چەند تەڕدەست و چاپووک لێزانە دز
پێم دەڵێن تۆ زۆر نەزانی ماری مارخۆریش هەیە
ماری مارخۆر لێرەدایە شاهی مارخۆرانە دز
من بە چاوى خۆم دەبینم هەر خەریک گیرفانە دز
ئەو لەبۆ تاڵانی زۆرتر وێڵ و سەرگەردانە دز
ئەو لای خەڵکی هەژار خۆی بە دیندار پیشان دەدا
باوەڕی قەت پێ نەکەی بێ دێن بێ ئیمانە دز
سەیری چۆن سامانی میللەت هەر هەمووی تاڵان دەکا
سوێند دەخوا بۆ سەروەتی گەل خاوەنی قۆچانە دز
چاکە کۆتایی بهێنم من بە داستانی دزان
هەرچەندە دەزانم خاوەنی سەدان داستانە دز.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت