مەحمود عەبدوڵا: سێ ڕۆژ بۆ ئینتیما.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەداخەوە !بەرپرس و ڕاوێژکارانی بواری پەروەردە لەهەرێمی کوردستان، پێدەچێت گۆڕینی بەرواری دەسپێک و کۆتایی ساڵی خوێندن تاکەشت بێت کەدەیزانن،هەموو ساڵێک بڕیارێک دەردەکەن، وەک ئەوەی تائێستا ئەم بەڕێزانە شارەزای ئاوو هەوای کوردستان نەبن! ئاخر چ حیکمەتێکی تێدایە سێ ڕۆژ دەوام پێش و پاش بخەیت، جگە لە بێزارکردنی قوتابی و مامۆستا. من گومانم نییە، ئەم بڕیارە تەنها سودێکی هەیە، ئەویش بێزاربونی قوتابیان لە خوێندن تا یەکی مانگی تشرینی یەکەم. واپێدەچێت بەرپرسانی پەروەردە کار لەسەر چەندێتی خوێندن بکەن، نەک چۆنیەتی! بەڕێزان پەروەردە بەوە چاک نابێت کە دەسپێک و کۆتایی ساڵی خوێندن بگۆڕن، بەڵکو بە چۆنیەتی خوێندن و بونی فەلسەفەیەکی پەروەردەیی ڕون و ئاشکرا چاک دەکرێت. من دڵنیاتان دەکەم ئەم بڕیارو لێدوانانەتان هیچ سودی نییەو بگرە زیانیشی هەیە. پشوی خوێندن زیاتر پەیوەستە بە ئاو و هەوا، نەک میزاجی بەرپرسانی پەروەردەو ڕاوێژکارەکان.
بەهەرحاڵ، ئەوەی لێرەدا دەمەوێت باسی بکەم، ئەو لێدوانەی سامان سیوەیلی یە،کەدەڵێت: سێ ڕۆژ تەرخان بکرێت بۆ باسکردنی ئینتیمای نیشتیمانی.
بەداخەوە، ئەم لێدوانە ئەقڵێکی زانستی لەپشتەوە نییە، فەلسەفەی پەروەردەی لەپشت نییە، ڕاستتان پێبڵێم جگە لە بێ مەعریفەیی بواری پەروەردە هیچیتر نابینم لەپشت ئەم بڕیارە.
پەروەردە پڕۆسەیەکی درێژ خایەنە و کرداریشە نەک گوتار، بۆ پەروەردەیەکی پراکتیکی هیچ پێویستناکات ڕۆژو دوڕۆژ و وانەیەکیش تەرخانبکرێت بۆ ئامۆژگاری، ئەوە ئەقڵیەتی واعیز و ئامۆگاریکارەکانە کە دەیانەوێت سروشتی مرۆڤ بە ئامۆژگاری بگۆڕن. ئینتیما بەقسان دروستنابێت، لەلایەکیتر ئەقڵیەتی پەروەردەی بانکی لەپشت ئەم بڕیارەوەیە، ئەقڵیەتێک کە وەک پاول فرێری دەڵێت: مامۆستا قسەکەرەو قوتابی گوێگر، مامۆستا فەرماندەرەو قوتابی جێبەجێکار. ئەم پڕۆسەیەش هیچ نییە لە کوشتنی بیرکردنەوە و بەرهەم هێنانی دۆگماتیزم و خۆ بەرهەم هێنانەوە. دکتۆرکتۆر علی وەردی دەربارەی ئەم جۆرە لەمامۆستا کە تەنها دەیانەوێت بەئامۆژگاری سروشتی قوتابی بگۆڕن، دەڵێت: ئەم مامۆستایانە هیچ جیاوازیان نییە لەگەڵ واعیزەکان، کە بەدرێژایی مێژوو ئامۆژگاری خەڵک دەکەن، بەو کارەشیان هیچ شتێک ناکەن جگە لە دروستکردنی مرۆڤی ئیزدیواجی. بەڕێزان ئینتیما بەقسان دروست نابێت،کاتێک ئێوە بەکردار ئینتیما دەکوژن. ئینتیما چەمکێکی ئایدیاڵی نییە بیخەیتە مێشکی قوتابییەوە، بەڵکو ڕەنگادانەوەی بارودۆخ و ژیانی تاک بەتاکی تاکەکانی کۆمەڵگایە. قوتابیەکان دەتوانن پێناسەی بکەن، بەڵام هەرگیز ناتوانن مومارەسەی بکەن، ئەگەر پێتان وایە دەتواندرێت بەقسان مرۆڤ فێری ئینتیما بکەن، وەک ئەوەوایە بڵێن کەسێک بەدەرخکردنی پێناسەی شۆڕش دەبێتە شۆڕشگێڕ. باوەڕ بفەرمون ئەمە هیچ جیاوازی نییە لەگەڵ ئەم نمونەیەی باسمکرد. بەرپرسانی پەروەردەو مامۆستایانیش پێیان وایە دەبێت هەرچی وتیان قوتابی وەری بگرێت، لەشێوەی ئامۆژگاری و فەرماندان، لەکاتێکدا قوتابی هیچ شتێک وەرناگرێت بەشێوەی فەرماندان. لە هەرێمی کوردستان شتێک هەیە بەناوی ڕیزکردنی قوتابیان لە ڕۆژانی شەممە یان پێنجشەممان، مامۆستایەک دێت لەسەربابەتێک قسە بۆ قوتابیان دەکات، وەک چۆن فەرمادە سەربازیەکان قسە بۆ سەربازەکان دەکەن، ئەم بابەتە لەڕاستیدا جگە لەنەزانی دەربارەی پەروەردە هیچی تر نییە و بێ سودە، بەڵکو قوتابیانیش ئەگەر بەزۆر و مۆڕە ئەگینا گوێناگرن. ئاخر ناچارکردنی مرۆڤ بۆ ئەوەی گوێت بۆ بگرێت زۆر شتێکی گاڵتە جاڕانەیە. دواجار وتاردانی مامۆستا بەباوەڕی من شتێکی ناپەروەردەیی و ناپێویست و بێکەڵکە. پەروەردە بریتییە لەکارلێکی بیرکردنەوە و دیالۆگی نێوان مامۆستاو قوتابی نەک وتاردان. بەکورتی ئەمە ئەقڵیەتی پەروەردەی هاوچەرخ نییە، جۆرێک پەروەردەی بانکییە، ناکاریگەرە، پراکتیکی نییە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت