عیماد عەلی: هاوپەیمانێتیە سێ قۆڵیەکە کۆتایی هاتووە؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

خەریکە گرێکوێرەی پێکهێنانی حکومەتی عیراق بەناچاری بەرەو چارەسەر دەروات و هەنگاوەکان هەمووی بەرەو گرتنەبەری رێگەی ناچاری دەرۆن و هەر لایەک فریای خۆی دەکەوێت و کۆتا بریاری خۆی دەدات و ئەوەی دەمێنێتەوە کە رەوتی صەدرە تەنها دوو ئەگەر لەبەردەمیدا دەمێنیتەوە؛ یان بەناچاری رازیبون بە پێکهێنانی حکومەت لە لایەن چوارچێوەو کورد و سونە و مانەوە وەک ئۆپۆزسیۆن وەک خۆدەربازکردن بە دەرچەیەکی گونجاو یان پشێوی و بەردەوامی ململانێی سەختی لەگەڵ هەمووان تەنانەت گرتنەبەری کردەوەی چەکداری، لەو بارەوە صەدر تەنها رێگەی لەوەدا دەمێنیتەوە بۆ دواخستنی ئەو هەنگاوە ناچاریانەی لایەنەکان دەیگرنە بەر.
پاش کۆبونەوەکەی پارتی و سیادەی سونە دەرچەیەک کرایەوە و هەموو ئەگەرەکان روو لەوەیە کە حکومەتێک ئەگەر کاتیش بێت پێکبهێنرێت و وادەی هەڵبژارنی پێشوەختە کە ئەویش ئەگەرێکە بەم بارودۆخەی عیراق دوور دەبێت و لەم نێوەندەدا صەدر و جادەکەی بە تەنها دەمێننەوە و هەنگاوی کردەیی تەنها لە هەوڵدان بۆ پشێوی زیاتر و دانەنیشتنی یان دواخستنی کاری پەرلەمان خۆی دەبینێتەوە، ئەگینا پارتی تیشکی سەوزی وەرگرتووە لە چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی هاوبەشی هەردوو حزب بە دڵخوازی پارتی و بەشداری کارای لە حکومەتی نوێی عیراق کە بەرای زۆرینەش باشترین رێگەیە بۆ پارتی لەبەر ئەوەی هەنگاوەکانی صەدر متمانەپێکراو نین و هەر رۆژەو لەسەر رایەکەو تەنانەت لە بنەرەتدا زۆریش باوەری بە مافەکانی کورد و سونە نیە و ئەگەر ئەو هاوپەیمانیەی لەگەڵ سونە و کورد پێکهێنابێت، بەڵام کارێکی تەکتیکی بووە.
بە پێی سەرچاوەکانیش لەوە دەچێت کە لە 20 ی ئەم مانگە پەرلەمانی عیراق دانیشتنی خۆی ببەستێت و پرسی سەرۆک کۆمار یەکلایی بکرێتەوە و تەنانەت لەوەش دەچێت سەرۆک وەزیرانی نوێش تەکلیف بکرێت و لایەنەکان بەناچاری زۆر نزیکن لەوەی حکومەتی کاتی پێکبێت. ئەوەی زیاتر هەنگاوەکانی خێراتر کردووە بریاری داداگای فیداراڵی بوو لە مەر هەڵوەشانەوەی پەرەلەمانی عیراق و هەموو رێگەکانی لەوە کۆکردەوە کە هەموو ناچاربن تەنها پێکهێنانی حکومەت تاکە دەرچەیەکی کراوە بێت لە بەردەمیاندا، ئەوە ئەگەر دۆخەکە بوار بدات حکومەتەکە کاتی بێت نەک هەمیشەیی. هەنگاوەکانیش هەمووی ناچاری دەبێت بەو پێیەی کەس نایەوێت پێشێلکردنی ماوە دەستوریەکان بەردەوام بێت و هەر هیچ نەبێت لە بەرژەوەندی هەمووانە کە بریاری ناچاری بدەن ئەگەر رازیش نەبن. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە هاوپەیمانێتیە سێ قوڵیەکە کۆتایی هاتووە و سونە و کوردیش لە حکومەتی نوێ بەشدار دەبن و چوارچێوەش ئەمەی لەخودا دەوێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت