محەمەد بەرزی: نیشـانـەکـانـی دواکـەوتـن.!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بە گشتی چەمکی پێشکەوتنی وڵاتێک، ئاماژەیە بۆ ئابوورییەکی پێشکەوتووی پتەو، کە ڕاستەوخۆ کاردانەوەی زۆر باشی لە بارودۆخی کۆمەڵایەتی و کەلتووری و سیاسیدا هەیە. بە پێچەوانەشەوە دواکەوتن بریتییە لە بارێکی نالەباری ئابورییەکی وێران، کە ڕاستەوخۆ کاردانەوەی زۆر خراپی لە بارودۆخی کۆمەڵایەتی و کەلتوری و سیاسیدا هەیە، بەهۆی سود وەرنەگرتن لە سامانی وڵات و دابین نەکردنی ژیانێکی شایستە بۆ زوربەی هەرە زۆری هاوڵاتییان. بێگومان گەندەڵی سیاسیش، کە لەگەڵ دواکەوتندا دووانەی یەکترین و هەرگیز لەیەک جیانابنەوە، یەکێکە لە هۆکارە هەرە گرنگەکانی ئابوورییەکی دواکەوتووی لاواز. جا ئەگەرچیش هەندێک وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوت، بەهۆی سامانی زۆری نەوتەوە دەوڵەمەندن و تێکڕا داهاتی هاوڵاتییەکانی لە تێکڕا داهاتی ئەندامانی وڵاتانی پێشکەوتوو بەرزترە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە گەیشتبن بە ڕیزی وڵاتانی پێشکەوتوو. چونکە پێوانەی پێشکەوتنی ڕاستەقینەی وڵاتێک نەبەستراوەتەوە بە دەستکەوتی دراوی قورسی بەرهەمی نەوتی فرۆشراوەوە، بەڵکو بەستراوە بە توانای دەوڵەتەوە لە دروستکردنی ئامێر و ئامرازە پیشەسازییەکان و سودوەرگرتن لە بەرهەمی خۆماڵی و کەمکردنەوەی ڕێژەی هاوردە کردنی کەرەسە و یەدەک و ماددەی خاوەوە لە وڵاتانی بێگانەوە، کە بۆ کەرتەرکانی بەرهەمهێنان پێویستن. چونکە پشتبەستن بە دنیای دەرەوە، ڕادەی بوژاندنەوە سستدەکات و خۆی لە خۆیدا ملکەچکردنە بۆ ئەو وڵاتانە و زاڵبوونی بەرژەوەندییەکانییانە بەسەر بەرژەوەندی نیشتماندا، چ کاتێکیش بیانەوێت، ئەوا زۆر بە ئاسانی دەتوانن ئەو ئابوورییە وێران و نابووت بکەن. بێگومان ئەمەش ناکاتە ئەوەی بە تەواوی پشتبکرێتە وڵاتە پێشکەوتووەکان، بەڵکو پێویستە لە پێناوی بوژاندنەوە و پەرەپێدان و پیشکەوتندا، بە وریاییەوە پەیوەندی سنورداریان هەبێت، تا بتوانن سود لە تەکنەلۆژیا و ئەزمۆنەکانیان وەربگرن. ئاشکرایە وڵاتانی پێشکەوتوو هەنگاوی گەورەیان بەرەو ژیانی شارستانییەت و ئارامی و خۆشگوزەرانی ناوە، توانیویانە ژیانێکی شایستەی سەربەرزانەو پێویستییەکانی ژیان بۆ گەلەکانییان مسۆگەر بکەن. بە پێچەوانەشەوە ئەمڕۆ گەلانی ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی دواکەوتووی جیهان، بە دەست حیزب حیزبێنە و قۆرخکردنی دەسەڵات، نەخۆشی و دیاردەی گەندەڵی، شەڕی ناوخۆ و دەرەوە، زۆر و ستەم، نادادپەروەری و نەزانی و هەژارییەوە دەناڵێنن. جا جێگای خۆیەتی لێرەدا بە کورتی ئاماژە بۆ هەندێک لە نیشانەکانی دواکەوتن بکەین:
1– بڵاوبوونەوەی هەژاری و بێکاری لە نێو بەشێکی زۆری کۆمەڵگادا، لە ئەنجامی نەبوونی پڕۆژەی ستراتیجیدا، پاشان لاوازی وەبەرهێنانی ڕاستەقینە و سوود وەرنەگرتن لە داهاتی وڵات بە شێوەیەکی گونجاو.
2– کەمبوونی ماددە سەرەکییەکانی پێویستی ژیان، نەبوونی ئاو و کارەبا و سووتەمەنی و خزمەتگوزارییەکان بە شێوەیەکی پێویست. کەڵەکەبوونی قەرزی دەرەکی لەسەر وڵاتی دواکەوتووی بێ بەرنامە.
3– سەرهەڵدانی چینی جیاواز. چینێکی دەوڵەمەندی مشەخۆری دز و چاوبرسی، کە دەستدەگرێت بەسەر بەشی هەرە زۆری داهاتی وڵاتدا و چینێکی هەژار و داماو، کە بە کولەمەرگی ژیانی خۆیان دابین دەکەن. پاشان بەکارهێنان و چەوساندنەوەی چینە هەژار و ماندووکەش بۆ بەرژەوەندی و قازانجی چینە دەوڵەمەندە شڕەخۆر و گەندەڵەکە.
4– هاتنەخوارەوەی ئاستی ئابوری، کەمبوونی ڕێژەی هەناردەکردن، خراپی بەرهەمی ناوخۆ و کەمبوونەوەی داهاتی وڵات، کەمی مووچەی فەرمانبەران، لاوازی و جێبەجێ نەکردنی یاسا و بەرزبوونەوەی ڕێژەی تاوان و ناکۆکی، دەستبەسەرا گرتنی موڵک و ماڵی گشتی.
5– کەمبوونەوەی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، بڵاوبوونەوەی پەتا و نەخۆشییە گوێزراوەکان لە ناو چینەکانی کۆمەڵگادا. دابینەکردنی چارەسەر و دەرمان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی مردن.
6– خۆدزینەوەی دەوڵەت لە ئەرکە سەرەکییەکانی خۆی و هەستانی کۆمپانیای تێرنەخۆری چاوبرسی بەو ئەرکانە و دوور لە بەرژەوەندی گشتی
7– نزمی ئاستی خوێندەواری و ڕۆشنبیری، نەبوونی هوشیاری و بێ ئاگایی لە زۆر لایەنی ژیان. ئەمانەش دەگەڕێنەوە بۆ خراپی و وێرانبوونی کەرتی پەروردە و بڵاوبوونەوەی ئایدیا و بیرۆکە و میراتی کۆنی کۆمەڵایەتی و سەپاندنییان بەسەر کۆمەڵگادا.
8– وازهێنانی منداڵان لە خوێندن و بەکارهێنانیان بۆ کارکردن لە پێناوی بژێویدا .
9– بەرزبوونەوەی ڕێژەی منداڵبوون لە ژێر سایەی ژیانێکی سەختی هەژاریدا و کۆنترۆڵ نەکردنی بەشێوەیەکی گونجاو .
10– ڕێزنەگرتن لە ژنان و دانانی کۆسپ لە ڕێگای پێشکەوتنیاندا، سنوردارکردنی رۆل و توانایان لە بوژاندنەوەدا، ناچارکردنییان لە ماڵدا بمێننەوەو لە تەمەنێکی بچووکدا هاوسەرگیری بکەن.
11- لاوازی کەرتی گرنگ و بایەخداری کشتوکاڵ، کە یەکێکە لەو کەرتانەی ڕۆڵی گەورەی لە بوژاندنەوەی ئابوریدا هەیە. لاوازی ئەم کەرتەش، نیشانەیەکی دیاری دواکەوتنە. بە گشتی هۆکارەکانیشی دەگەڕێنەوە بۆ چۆڵکردنی گوندەکان، پشتگویێ خستن و گرنگی پێنەدانی لە لایەن دەوڵەتەوە، بەکارهێنانی شێوازی کۆن و سوود وەرنەگرتن لە تەکنەلۆژیای نوێ لە لایەن جوتیارانەوە.
12– سود وەرنەگرتن لە سەرچاوە سروشتییەکانی وەک خاک، ئاو، کانزا و دارستانەکان و… هتد. پاشان کەمی ڕێژەی پڕۆژەی پیشەسازی و گرنگی نەدان بەو کەرتە گرنگە.
13– گرنگی نەدان بە زانست و کەسانی زانا و شارەزا، چونکە ئاشکرایە ئەو وڵاتەی سودی لە زانست وەرگرتبێ پێشکەوتووە، ئەوەی پشتیشی تێکردبێ دواکەوتووە.
14– بوونی ڕێگاوبانی باش، ژیان ئاسان دەکات و هاوبەشییەکی زۆر گەورە لە بوژاندنەوەی ئابوریدا دەکات. بە پێچەوانەشەوە نەبوون و خراپی ڕێگاوبان، کرێی گواستنەوە بەرزدەکاتەوە و کاردانەوەی زۆر خراپ لەسەر ئابوری و ژیانی خەڵکی بەجێدەهێڵێت.
ئەوەی شایانی باسە پێش ڕاپەڕین زوربەی هەرە زۆری ئەو خاڵانەی سەرەوە لە عیراق و هەرێمدا بوونییان نەبووە. هۆکارەکەشی وەزارەتێکی چاڵاکی پلاندانان و کەسانی زانا و زیرەک و شارەزا بووە، توانیویانە هەموو کەرتەکانی وڵات بەرەو پێش بەرن. بۆ بوژاندنەوەی ئابوری و هەلی کار و ژیانێکی شایستە، ئەو پڕۆژانەیان دامەزراندووە، کە بەرژەوەندی گشتی و ماددە خاوەکەی لە وڵاتەکەدا بووە. بۆ نموونە کارگەی جگەرە و پوختەکردنی تووتنییان بۆ دامەزراندووین، کە سەرچاوەی بژێوی هەزاران فەرمانبەر و کرێکار و جوتیار و کاسبکار بووە، ساڵانە نزیکەی بیست ملیۆن دۆلاری قازانجی کردووە و تووتنی پوختەکراوی نایابی هەناردەی دەیان وڵات کردووە، کەچی بە نەفامی خۆمان دەرگاکانی دادەخەین. کارگەیەکی ستراتیجی وەک شەکرمان بۆ بنیات دەنێن، کە لە وەرزی چەوەندەردا ڕۆژانە دوو هەزار تەن چەوەندەری کردووە بە شەکر، کەچی خۆمان ئەو کارگە گرنگە دەکەین بە باڵەخانە و هەزاران فەرمانبەر و کرێکار و جوتیار بێ کار دەکەین و سەدان هەلی کار لەدەستدەدەین. بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا و ئاودانی ڕووبەرێکی فراوانی زەوی و گلدانەوەی ئاو و کەمکردنەوەی مەترسی لافاو ، بەنداوی دەربەندیخان و دوکانمان بۆ دروستدەکەن، کەچی بە دەستی خۆمان ئامێرەکانی بەنداوی بێخمە هەڕاج دەکەین و ڕێگاش نادەین حکومەتی عیراق ئەو پڕۆژە زۆر گرنگەمان بۆ تەواو بکەن. بێگومان ئەو جۆرە پڕۆژانە، دەستکەوتی مەزن و پڕ بەها بوون و مشتێکن لە خەروارێک. دیارە جیاوازی پێش و پاش ڕاپەڕین، دوو هۆکاری سەرەکی بووە، یەکەم وەزارەتێکی پلاندانانی چالاک، دووەمیش کەسی شیاوی زانا و زیرەک لە شوێنی شیاوی خۆیاندا بوون. بێگومان ئەگەر دوور لە دەستێوەردانی حیزب و خزم خزمێنە، ئەو جۆرە وەزارەتەمان هەبووایە و بیانزانیایە لە هەرێمدا قەیرانی ئاو و کارەبا و لافاو هەیە، مەحالبوو پێشنیاری بەرزکردنەوەی ئەو هەموو کۆشک و تەلار و باڵەخانانەیان بکردایە، کە هۆکاری سەرەکی کێشەکانن.
جا دەسەڵاتێک پاش سی ساڵ لە گەندەڵی و دواکەوتن، لە هەڵەکانی خۆی پەندی وەرنەگرتبێ، بیری لای پڕۆژەی ستراتیجی و ژیانی خەڵکی نەبێ، ڕیشی درێژی خۆی دابێتە دەستی کۆمپانیاکانی کۆکردنەوەی سەرانە، سەرقاڵی تاڵانکردنی نەوت و بەرزکردنەوەی کۆشک و تەلار و باڵەخانەی بەرزی ڕوو لە ئاسمان بێ، مەحاڵە ئەو هەرێمە پێشکەوتن و ئارامی بە خۆیەوە ببینێ!.

تێبینی: بۆ ئەم باسە سود لە چەند سەرچاوەیەکی عەرەبی وەرگیراوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت