ڕه‌ووف محه‌مه‌د ئالانی‌: گرنگی‌ و بایه‌خی‌ شوێنه‌واره‌كان و چه‌ند سه‌رنجێك.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئه‌وه‌ی‌ بۆته‌ مایه‌ی‌ شانازی‌ ڕابوردوومان، كه‌لتورو مێژووی‌ باپیرانی‌ ئه‌م گه‌له‌یه‌، ئه‌و شوێنه‌وارانه‌ی‌ كه‌ له‌ناو سنگی‌ خاكدا، پارێزراون، بۆئه‌وه‌یه‌ ڕابردووی‌ پڕ شكۆو ڕووداوو كاره‌سات و شێوازی‌ حوكمڕانی‌ و جۆری‌ ده‌سه‌لاَته‌كان و ناسینیان، نه‌فه‌وتێت و جیابكرێنه‌وه‌ و به‌ نه‌وه‌ی‌ داهاتوو ئاشنا بكرێن، بۆیه‌ بایه‌خی‌ شوێنه‌واره‌كان زۆرگه‌وره‌ن و نابێ‌ به‌ سانایی‌ و ساده‌یی‌ بكرێنه‌ مه‌به‌ستی‌ تایبه‌ت و كه‌سی‌، كه‌سایه‌تیه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ وه‌ك ( عه‌بدولڕه‌حمان ئه‌بو زكری‌) ئاوا باسی‌ شوێنه‌وار ده‌كات و ده‌ڵێ‌: ( له‌شوێنه‌واره‌كه‌دا گێڕدرایه‌وه‌، كه‌ مرۆڤه‌كان سێ‌ جۆرن، زانایه‌ك، كه‌سێكی‌ خوێنده‌وار، دڕنده‌، دڕنده‌كان له‌ناو ئاگردان، كه‌واته‌ بزانه‌ سه‌ربه‌كامیانیت).
ئه‌و ده‌ربڕینه‌ زۆر شتمان پێده‌ڵێ‌ و ئاشنامان ده‌كات، به‌ شوێنه‌واره‌كان و جۆری‌ ژیان و مێژووی‌ گه‌لان، و پۆلێنكردن و زانینی‌ ئاستی‌ شارستانی‌ و چاخ و قۆرخكاری‌ وداگیركردن و جۆری‌ په‌یوه‌ندی‌ و ڕاده‌ی‌ توانای‌ ده‌سه‌لاَت و قه‌ڵه‌مڕه‌وی‌، ئه‌و حوكمڕانانه‌ی‌ سه‌رده‌مه‌ جیاوازه‌كان.
دیاره‌ كوردستانیش له‌ بوونی‌ سه‌دان شوێنه‌واری‌ گرنگ بێبه‌ش نیه‌، زۆریان دۆزراونه‌ته‌وه‌و كنه‌وپشكنینیان بۆ كراوه‌، له‌ ئه‌نجامدا، توێژه‌ران و شیكه‌ره‌وانی‌ بواری‌ شوێنه‌وار، گه‌یشتونه‌ته‌، ئاكامی‌ گرنگ و دڵخۆشكه‌ر بۆ مێژووی‌ ڕابوردووی‌ گه‌له‌كه‌مان، له‌وانه‌ گوندی‌ چه‌رمۆو و گوندی‌ بێستان سوورو ئه‌شكه‌وتی‌ هه‌زار مێرد و شوێنه‌واری‌ قزقاپان و شارستانێتی‌ دێرینی‌ زه‌رزی‌ و زۆریتر.
جگه‌ له‌و شوێنه‌وارانه‌ی‌ دۆزراونه‌ته‌وه‌ و خراونه‌ته‌ سه‌ر ڕه‌فه‌ی‌ مێژوو یان له‌مۆزه‌خانەكاندا كراونه‌ته‌ به‌ڵگه‌ی‌ حاشا هه‌ڵنه‌گری‌ ڕاستی‌ و دروستی‌ مێژووی‌ زێڕینمان، سه‌دانی‌ دیكه‌ش هه‌ن، هه‌ر له‌ناو سنگی‌ خاكدان و مرۆڤی‌ ئه‌م سه‌رده‌مه‌ په‌یپێنه‌بردون و نه‌دۆزراونه‌ته‌وه‌، نابێ‌ وا ده‌سته‌وستان دانیشین و بێ‌ بایه‌خ سه‌یریان بكه‌ین، وه‌ك (سامۆیل جۆنسۆن) ده‌ڵێ‌: (هه‌موو سه‌رسوڕمانه‌كان كاریگه‌ری‌ تازه‌گه‌رییه‌، له‌سه‌ر نه‌زانی‌).
دیاره‌ ئه‌م وته‌یه‌، ته‌واو ته‌باو گونجاوه‌ بۆ ئه‌و شوێنه‌وارانه‌ی‌ كه‌ نه‌دۆزراونه‌ته‌وه‌، به‌لاَم كاتێ‌ ده‌ستی‌ زانین پێیان ده‌گات و شاراوه‌ و نه‌زانه‌كان، ده‌بنه‌ جێی‌ سه‌رسوڕمانی‌ هه‌مووان، ئینجا ئاشنامان ده‌كات به‌وه‌ی‌ نه‌مازانیوه‌.
ئه‌وه‌ی‌ تێبینی‌ من و ده‌یان كه‌سه‌، له‌سه‌ر شوێنه‌واره‌كان، بۆته‌ مایه‌ی‌ خه‌مێكی‌ قوڵ و ناخ هه‌ژێن، چونكه‌ وه‌ك پێویست مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسه‌ گرنگه‌ نه‌كراوه‌، له‌م هه‌رێمه‌ بچووكه‌ی‌ ئێمه‌دا، سالاَنه‌ چه‌ندین كه‌س به‌شی‌ شوێنه‌وارناسی‌ ته‌واو ده‌كه‌ن و ده‌رده‌چن، جگه‌ له‌وه‌ی‌ چه‌ندین ساڵه‌ دامه‌زراندن بۆوه‌زاره‌تی‌ تایبه‌تمه‌ند و به‌تایبه‌تی‌ و هه‌موو سێكته‌ره‌كانی‌ تر، وه‌ستاوه‌ و كه‌س دانامه‌زرێت.
وه‌ك ئاگاداریشین، چه‌ندین ڕێكخراوو زانكۆی‌ جیهانی‌ باوه‌ڕپێكراو، به‌مه‌به‌ستی‌ كنه‌و پشكنین، دێنه‌ كوردستان و مۆڵه‌ت وه‌رده‌گرن بۆ ئه‌نجامدانی‌ كاره‌كانیان، ئه‌وه‌ جێی‌ ده‌ست خۆشی‌ و دڵخۆشیه‌، كه‌ ئه‌وان بێن و مێژووی‌ گه‌شی‌ ئێمه‌ بنه‌خشێنن، به‌لاَم له‌و تیم و گروپانه‌ی‌ به‌و كارانه‌ هه‌ڵده‌ستن، پلان و به‌رنامه‌یه‌كی‌ گونجاویان نیه‌، تا به‌شێكی‌ زۆر له‌و ده‌رچووانه‌ی‌ دانه‌مه‌زراون، له‌گه‌ڵ ئه‌و تیم و گروپانه‌ دابنرێن و كاربكه‌ن، پێویسته‌ وه‌زاره‌تی‌ شاره‌وانی‌ و گه‌شت و گوزار به‌پلان كار له‌سه‌ر داواو خواستی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ بكات، نه‌ك ئه‌وانه‌ی‌ دامه‌زراون و فه‌رمانبه‌رن، یان به‌هه‌رهۆیه‌ك بێت، ده‌خرێنه‌ ئه‌و لیژنه‌و تیمانه‌، دیاره‌ سودێكی‌ زانستی‌ و ئه‌زمونی‌ بۆیان هه‌یه‌، جگه‌ له‌وه‌ی‌ ده‌بێته‌ ده‌ستكه‌وتێكی‌ مای‌ باش و بژێوی‌ بۆ خۆیان و كه‌سوكاریان.
چونكه‌ ئه‌و پلان و نه‌خشه‌ی‌ كاركردنانه‌، ده‌بێ‌ ئاراسته‌ كراوبن، بۆئه‌وه‌ی‌ سود وئامانج به‌دی بێنن، هه‌ربۆیه‌ (ئه‌لفرێد مارشاڵ) ده‌ڵێ‌: (هه‌موو كاره‌كان، ئاراسته‌كراون، بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ندێك كاریگه‌ری‌ دروست بكه‌ن).
له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ پێویسته‌، ئه‌و كه‌سانه‌ به‌باشی‌ ڕاهێنانیان پێبكرێت، بۆ چۆنێتی‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و تیمانه‌، ناكرێ‌ كه‌سانێك بن ته‌نها بۆكاری‌ به‌رده‌ستی‌ و ڕایی‌ كردنی‌ ئه‌و ئه‌ركانه‌ی‌ ئه‌وان گه‌ره‌كیانه‌، واباشه‌ شاره‌زایی‌ و ئه‌زمونیان هه‌بێت، تا ئه‌وانیش ڕاو بۆچونیان وه‌ربگرن، یان ده‌بێت نوێنه‌ری‌ وه‌زاره‌ت و مۆزه‌خانه‌ له‌گه‌ڵ تیمه‌كان بێت، تا هه‌موو زانیاریه‌كان و نه‌هێنیه‌كانی‌ ئه‌و شوێنه‌وارانه‌، تۆمار بكرێن و وه‌زاره‌تی‌ لێ ئاگادار بكرێته‌وه‌، له‌وانه‌ش گرنگتر، ڕێگری‌ له‌ كاری‌ فرۆشتن و به‌قاچاخبردنی‌ شوێنه‌واره‌كان بكرێت، بەو‌هۆیه‌ی‌ كورد دوژمنی‌ زۆره‌، بۆ سڕینه‌وه‌و به‌لاڕێدابردنی‌ میژووه‌كه‌ی‌، واباشه‌ مامه‌ڵه‌یه‌كی‌ دۆستانه‌ و مرۆڤانه‌ بكرێت، گیانی‌ به‌رزی‌ خۆشه‌ویستی‌ نیشتمان و مێژوومان بخرێته‌ سه‌روو، ئامانجی‌ تایبه‌ت.
(گیای‌ لوبالین)ده‌ڵێ‌: هه‌ندیكجار ڕونكردنه‌وه‌، ده‌كه‌یته‌، قوربانی‌، بۆزیاد بوونی‌ كاریگه‌ری‌.
ئه‌و داوایانه‌ی‌ من بۆ لایه‌نی‌ په‌یوه‌ندیدارن ته‌نها خه‌م و دڵسۆزییه‌، بۆ نیشتمان و مێژوون شوێنه‌واره‌كان و ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ ئه‌و به‌شه‌ گرنگه‌ ته‌واو ده‌كه‌ن و نه‌توانراوه‌، سوودیان لێببینرێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت