سەردار عبدالکریم: مشتومڕەکانى هەڵبژاردن و کێشەی درێژکردنەوەی خولی پەرلەمان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دوابەدواى دیارکردنى وادەى دەنگدانى گشتى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لەلایەن سەرۆکى هەرێمى کوردستانەوە، باسکردن و گفتوگۆکردن و دەربڕینى بیروڕاى جیاواز لەسەر چۆنێتى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێمى کوردستان بۆتە بابەتێکى گرنگى لایەنەسیاسیەکان بەتایبەتى هێزە کاراکانى گۆڕەپانى سیاسى کە ڕاو بۆچوونى جیاوازیان هەیە لەبارەى سیستمى هەڵبژاردن و فرەبازنەیى و تاکبازنەیى و دەنگدانى کەمایەتیەکان و دەنگدانى تایبەت و تۆمارى دەنگدەران و … هتد. سەرەڕاى ئەوەى لەم ماوەیە هێزەسیاسیەکان بەشدارى بەڕێوەچونى چەند کۆبونەوەیەکى تایبەت بە هەڵبژاردن بونەو ڕێکەوتون لەسەر دانانى لیژنەیەک لە نوێنەرانى دەزگاکانى هەڵبژاردنى لایەنەسیاسیەکان، بەڵام تا ئێستا ئاسۆى گەیشتن بە ڕێکەوتن لە سەر هیچکام لەو تەوەرانە ڕوون نیە، بەڵام ئەوەى لامان ڕوونە هەبونى مەترسیى درێژکردنەوەى زیاد لەجارێکى تەمەنى ئەم خولەى پەرلەمانە، کە بەبێ پشتبەستن بە دەقێکى یاسایى بڕیارى لێ دەدرێ، بڕیارێک کە سەرلەبەرى پرۆسەى سیاسى و پابەندبون بە پرەنسیپەکانى دیموکراسى و باوەڕهێنان بە دەستاودەستکردنى دەسەڵات دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
لەڕاستیدا دواخستنى وادەى هەڵبژاردن لە خولەکانى پێشوشدا بەهۆکارى جیاجیا ڕوویداوە ، بەڵام لەم خولەى ئێستا گەر بهاتبا گفتوگۆى تایبەت بە بابەتەکێشەلەسەرەکانى چۆنێتی ئەنجامدانى هەڵبژاردن لەکاتى گونجاودا بکرابان ،ئیدى لەم کاتەدا پاساوێک نەدەما بۆ دواخستنى وادەى دەنگدان . ئەم دواخستنە زیاتر وەک سزایەکە دەسەپێنرێتەسەر دەنگدەران کە بەبێ ویست و خواستى خۆیان ماوەى کارکردنى ئەم خولەى پەرلەمان درێژدەکرێتەوە ، زەمینەسازییشە بۆ خولەکانى داهاتو کە بەبێ سڵەمینەوە بڕیار لەسەر درێژکردنەوەى ماوەى کارکردنیان بدەن ، بەمەش سیماى پرۆسەى سیاسى زیاتر و زیاتر لەکەدار دەبێ و پەرلەمان بچوکدەکرێتەوە بۆ جێبەجێکارێکى بەرئەمرى ویست وخواستى دەسەڵاتداران کە دەبێتە نەنگیەکى گەورەو هەرگیز لەگەڵ بنەماکانى دیموکراسى یەکناگرێتەوە.
دەبێ بگوترێ کە شرۆڤەو باسکردنى ئەم بابەتە بەم درەنگوەختەو درێژەپێدانى بەبێ گەیشتن بەڕیکەوتن، قسەى زۆر هەڵدەگرێ و پاساو دەدات کە بگوترێ ڕەنگە ویستێکى پێشوەختە لەئارادابێ بۆ درێژکردنەوەى تەمەنى ئەم خولەى پەرلەمان و دواخستنى ئەنجامدانى هەڵبژاردن بۆ کاتێکى نادیار، لەکاتێکدا زۆرێک لە چاودێران پێیان وایە لەگەڵ دەسبەکاربونى ئەم خولە ڕۆڵى پەرلەمان و پێگەکەى لەجاران لاوازترکراوە بەتایبەتى لەڕووى چاودێریکردن و لێپرسینەوە لە وەزارەت و دامودەزگاکانى حکومەت. بۆیە جێى خۆیەتى سەرجەم هێزەسیاسیەکان حاڵى حازر بابەتى بەرزڕاگرتنى پێگەى پەرلەمان و بەهێزکردنى ڕۆڵى لە سیستمى حوکمڕانى و بەرزکردنەوەى ئاستى چۆنایەتیى بکەنە بابەتى هەنوکەیى لێدوان و گفتوگۆ لەسەرکردن. لەهەمان کاتدا جێى خۆیەتى پابەندبون بە ماوەى یاسایى پەرلەمان بکرێتە هێلى سوور و بەسەر هەمواندا بسەپێنرێ. هەر لەم قۆناغەشدا هێزەسیاسیەکانى هەرێمى کوردستان چاوەڕوانى ئەوەیان لێ دەکرێ گفتوگۆو شرۆڤەکاریەکى ورد بکەن بۆ ئەوەى تەکانێکى تازە بدەنە پەرلەمان و ڕێگەى گونجاو بدۆزنەوە تا لە داهاتودا پێگەو ڕۆڵىئەو دامەزراوە گرنگە بەهێزتر بێت و بتوانێ بکەوێتە هەوڵ و تەقەللاى چڕو بەردەوام بۆ دانانى سنورێک بۆ ناعەدالەتى و گەندەڵى و کەمتەرخەمى و مشەخۆری و سەرجەم کەموکوڕیەکان لەڕێى یاساى تۆکمەو چاودێریکردنى وردى ئەدائى وەزارەت و دامودەزگاکان بەئامانجى گەیشتن بەو حوکمڕانیە باشەى ئامانجى زۆرینەیە و هەموان لەبەرى دەحەسێنەوە.

* ئەندامى پێشوى بۆردى کۆمسیۆنى هەڵبژاردن لە عیراق

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت