زەبەنگ بەهادین: ڕقی چێنراو.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کوشتنی ژینا ئەمین تەنها هۆکار لەچکەکەی یان کورد بونەکەی نییە، هێندەی رقێکی چێنراوە. رۆژانە هەزارەها ژینا ئەمین و هاوشێوەکانی جا چ کچ بێت یا کور بێت دەکوژرێ یان زیندانی دەکرێ یان سوکایەتی پێدەکرێت. نەک تەنها لە ئێران، بەلکو لە تورکیا و سوریا و عیراق یان هەر وڵاتێک کە رق تێیدا چێنراوە، رۆژانە لەم کارەساتە دڵتەزێنانە دەبینین و دەبیستین.
رقی چێنراو دروستکردنی دۆخێکی دەرونییە لە ناو تاکدا بۆ بە ئاراستە بردنی بەو رێگاو بیرەی کە خولقێنەری رقەکە دەیەوێت ئاراستەی کەسەکە بکات تا مەبەستە شاراوەکانی بپێکێت، ئامانجە تایبەتەکانی بەدیبێنێت. سەرەتا دروستکردنی جیاوازی چینایەتی لە ڕووی ئابوری بێت یان نەتەوەیی یان رەنگی پێست و زمان و رەگەز، هۆکاری سەرەکی دروستکردنی رقە لە ناو تاکدا. هەر ئەم تاکە هێدی هێدی تەشەنە دەکات بۆ بەشەکانی دی کۆمەڵگا و بەرەو ژێرتری خۆی تا دەبێتە دیاردە لە ناو کۆمەڵگادا.
سەرتاکانی چاندنی رق لە کوردوستانیش بە دیار کەوتوە، لە جیاکردنەوەی ئەوانەی لە بەرزاییەکانی دەژین، لەوانەی لە نزماییەکانی. لە نێوان ئەوانەی لە مزگەوتەکانن، لەگەل ئەوانەی لە دەرەوەی مزگەوتەکانن، مودێرنانە دەژین لە نێوان ئەوانەی لە خوێندنگای تایبەتن، لەگەل خوێندنگای حکومیدا. لە نیوان ئەوەی لە ناو حیزبدایە و ئەوانەی لە دەرەوەی حیزبن. ئەم جیاکارییە دەبێتە هۆی دروستبوونی دوو فەزای جیاواز، دوو بیر و دیدبینی جیاواز. ئەمە دروستە ئەگەر تاکەکانی دوو دنیاکە بە ئاسانی تێکەڵبکرێن و بە شێوەیەکی زانستی و مۆڤدۆستانە پەیوەندییەکان رێکبخرێت. بەڵام دروستکردنی سیاجی بەرز لە نێوانیاندا جیاکردنەوەیان بە بیانوی جیاواز و دورخستنەوەیان لە یەک رق دروست دەکات لە ناو هەردولادا، ببینە لە شارەکانی هەرێم زۆنی ئاڵتونی و زۆنی قوراوی بە جۆرێک زەق کراوەتەوە، وەک ئەوەی ئەوانەی زۆنی قوراوی لە جیهانی سێهەم بن و زۆنی ئاڵتونی لە چینە یەکەمەکانی کۆمەلگە بن.
چاندنی رق یان رەوانەوەو نەهێشتنی کاری دەسەڵاتە لە هەر جێیەک، ئەو جۆرە لە رق گەشەی کرد و زەق بوەوە لە سودی دەسەلاتە. ئەو پولیسەی دارەکەی دا بەسەری مینایە، نە لای خوداوە هاتبو نە خودا نامەی بۆ ناردبوو. لە پشتی مێشکی ئەو پۆلیسە براوانە، هەموو جۆرەکانی رق دەبینی کە تێیدا چێنراوە. رق بوونی لە جیاوازی جێندەری لە جیاوازی ئاینی و بیروڕا.! لە جیاوازی نەتەوەی و زمان، لە جیاوازی ئاستی رۆشنبیری و رەوشتیدا. ئەمە نمونەیەکە ئەگەر بەراودر بکرێت بە تاکێکی تورک، پێی قبولناکرێک. کوردێک لە ئەستەمبولدا بە کوردی قسە بکات، هەمان ئەو رقە چێنراوەیە یان بەراوردی بکەی بە کەسێکی ئەمنی، کاتێک لە خۆپیشاندانەکانی هەریمی کوردستان، قاچ دەخاتە سەری هاولاتیەک یان شەق لە مامۆستایەک هەلدەدات یان سوکایەتی با ئافرەتێک دەکات هەمان رقی چێنراوە. هەموو ئەمانە کاریی دەسەڵات و پەروەردەیە کە ئەو رقە بچێنن و گەشەی پێبدەن یان بیرەوێننەوە کاڵی بکەنەوە و نەیهێڵن.
دەبینین میناکان بەرەو زۆر بوون و دەچن و پۆلیسەکانیش زیاتر دەکەن و رقەکانیش گەورەتر دەکرێن. ئەمە سیستمی نوێی جیهانییە کە تێیدا دەژین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت