بەختیار نامیق: کۆنگرەی پارتی لە نێوان ڕاوچی و نێچیردا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بە گشتی دوای ململانێی سەرکردەکانی شۆڕشی شاخ هەر لە برا کوژی و هەوڵی یەکترسڕینەوە و ڕێککەوتن و ئاشتی و شەڕەوە تا ئێستا دۆخ و قۆناغێک بوە. هەرێمی کوردستان لە غیاب و مردنی ئەم سەرکردانەدا دەکەوێتە قۆناغێکی نوێوە، کە بە قۆناغی گواستنەوەی دەستەڵات دێ لە سەرکردە پلە یەکەکانەوە بۆ نەوەکانیان، ئەگەرچی هەروەکو ئێستای دوو زۆنی لە شاخیشدا هەردو بەرەکە ( ی. ن. ک و پ. د.ک) بۆ سڕینەوەی یەکتر پەنایان بۆ وڵاتان و شەیتانەکان بردووە، شەڕی برا کوژی و ئەو هەمو خوێنە شاهیدی ئەم ڕاستیەن، ئەم دوو هێزە دوای شۆڕشی شاخ لە شارەکاندا بونە ستراتیژی پاشکۆیەتی تاران و ئەنقەرە وەک چۆن لە مێژودا هەر وابوە، ئێران و تورکیا بە پێی بەرژەوەندی هاوبەشیان و ئەمری واقع ڕازی بون بە خۆبەڕێوەبەری هەردو زۆنەکە لە چوارچێوەی بەرژەوەندیە گرێدراوەکانی نێوان خۆیاندا، تا ئەو ئاستەی لە نێوان عێراق و سوریاشدا ئەم دابەشکاریە هەیە.
پەنا بردنە بەر شەیتان گواسترایەوە بۆ نەوەکان و خیانەتی قورستری لێکەوتەوە ( خراپیان بە خراپ چارەسەر کرد) ئەم دوو هێزە ئێستە لە قۆناغی گواستنەوەی دەستەڵاتن بۆ نەوەی دوەم، ئەڵبەت ئەمەش هەر ئەجێندای دەرەکی دیاری دەکات و بە تایبەت لە دۆخی ئێستای عێراق و ناوچەکەدا هەرێم بوەتە خاڵی کۆکەرەوەی بەرژەوەندی وڵاتانی زلهێزی جیهانی و ناوچەیی، بۆ ئەمەش هەمو هێزە گەورەکان کۆکن لەسەر جۆرە مۆدێلی خلیجی و وەلی عەهدی بۆ دەستەڵاتێک لە نێوان نەوەی دوو بنەماڵەدا و تاران و ئەنقەرە ڕێکن لەسەر گواستنەوەی ئەم دەستەڵاتە لە سەرکردەی پلە یەکی (ی.ن.ک و پ.د.ک) بۆ نەوکانیان بە مەرجی مۆدێلی سعودی و پاراستنی بەرژەوەندی ئەو دوو وڵاتە.
لە ئێستادا ناوخۆی هەمو حیزبەکان لە ململانێیەکی قورسدایە بۆ گواستنەوەی دەستەڵات بۆ نەوەی سەرکردەکان، ئەمەش بڕیارە و هێزە ناوچەییەکان سەپۆرتی دەکەن (ی.ن.ک بۆ بافڵ و پ.د.ک بۆ مەسرور ) وەک دوو کوڕی گەورەی دوو سەرکردەی شاخ، ئیتر نەوەی سەرکردە پلە دوەکان و پلەکانی تر دەبێت ڕازی بن بەم کڵێشەیه و تەواوکاری نەوەکانی پلە یەک بن و بەیعەت بدەن، پاشان هەر نەوەیەک لە پلە دوو و پلەکانی تر بیەوێ دەستەڵاتی پلە یەک بێت، ئەگەرچی زۆر بە تواناش بێت ئەوا دەبێت یان سفر بێتەوە یان بەیعەت بە دەستەڵاتی کوڕی سەرکردەکان بدات و بڕیارەو لە هێزە ناوچەییەکانەوە هاتوە، یان دەبێت ببن بە نێچیری ئەو ڕاوچییەی کە تیروکەوانی هێزی ناوچەیی پێیە.
ناو حیزبەکان پڕ بوە لەم ململاێیانە، ئەڵبەت (ی. ن.ک) پێشتر ئەم قۆناغەی بڕی و بە هۆی غیابی تاڵەبانی باوکەوە ململانێکان لە نێوان کوڕ و ئامۆزدا زوتر یەکلای بوەیە و تا ئاستێک خوێنی دوەم و سێیەم تەسفیە کراو و بافڵ بوە دەستەڵاتی یەکەم وەک کوڕی گەورەی تاڵەبانی باوک، ئەمەش بۆ بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵ و باقی حیزبەکانی تر ڕاستە، بەڵام نەوەی نوێ تازە لە قۆناغی یەکەمدایە و دیسان کۆپی دەستەڵاتی برادەرانی شاخە کە زیاتر دەستەڵات لای ژن و خوشک و زاوایە، بەڵام (پ. د.ک) بەهۆی بونی بارزانی باوکەوە لەسەرەتای ئەم گواستنەوەدایە.
کۆنگرەی پارتی وەک حیزبی پله یەک و خاوەنی دەستەڵاتی زۆر وەک کۆنفرانس و کۆنگرەی (ی.ن.ک) دەبێت، ڕاوچیەکان کوڕی یەکەم و خوێنی یەکەم دەبن و نێچیرەکانیش خوێنی دوەم و نەوەی سەرکردەکانی پلە دوو و پلەکانی تر دەبێت، یان دەبێت بەیعەت بە گواستنەوەی دەستەڵات بدەن بۆ نەوەی بارزانی باوک یان دەبێت بکەونە ژێر ڕەحمی تیروکەوانی ڕاوچییەکە ببن بە نێچیرێکی داماو کە نەخشەکە لە دەرەوە وا کێشراوە و پاڵپشتی ناوچەیی دەکرێ.
له بەرامبەر ئەم جۆرە مۆدێلە هێزێک و ڕێبەر و ڕابەرێک نیە وەک بەرهەڵستکار ڕوبەڕوی ئەم مۆدێلە بێتەوە، ئەوەشی هەیە تەنها سیناریۆ و کۆپیەکی ناشیرینی ئەم دەستەڵاتەیە.
کۆنگرەی پارتی دەبێتە ئەو ئەمری واقعەی کە هەمان هەڵبژاردنە ناوحۆییەکانی یەکێتی پێدا تێپەڕی، بەڵام بەریەککەوتنی ناو پارتی نەرم تر دەبێت لە چاو بەریەککەوتنی ناو حیزبەکانی تر بە هۆی مانەوەی بارزانی باوکەوە ، وە بارزانی دەستەڵاتەکان دابەش دەکات و وێنەکانی هەمان دەستەڵاتی خلیجی بەرهەم دێنێتەوە.
ئەم کۆنگرەی پارتی وەک حیزبی دەستەڵاتی یەکەم دەبێتە سەرەتای هاوسەنگی نێوان دەستەڵاتی نەوەی سەرکردەکانی شاخ لە نێوان هەردو زۆنەکەدا و پاڵپشتی ناوچەیی و جیهانی دەبێت وەک مۆدێلی خلیجی تا ئەو کاتەی عێراق دەچێتە قۆناغێکی تر و گۆڕانکاریەکی جیهانی ڕودەدا وەک گەردەلولی بیابان و بەهاری عەربی، لە کۆتاییدا ئەم کۆنگرەی (پ. د. ک) بەسەرکردایەتی بارزانی بە هیواشی و نەرمی گواستنەوەی دەستەڵات دەبێت بۆ مەسرور بارزانی، باقی خوێنەکانی تر، دەستەڵاتی دوەم و سێیەم دەبن و دەبێت بەیعەت بدەن بە دەستەڵاتی ڕەهای کوڕە گەورە وەک خۆیان دەڵێن برا گەورە و ڕاوچییەکانی هەردو زۆن دەبنە کوڕی سەرکردە یەکەمەکان و نێچیرەکانیش ئەوانە دەبن کە بەیعەت نادەن و لاساری دەکەن، پێشتریش بارزانی باوک وەک مامی بافڵ پاڵپشتی ئەم نەخشەیەی کرد، ئیتر هەرێم دەچێتە قۆناغێکی تر لەسەر هەمان نەخشەی ڕێککەوتنامەی ستراتیژی و فیفتی بە فیفتی لە فۆرمێکی جیاوازتردا.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت