سیروان عەبدول: قەتڵ بە مەعروف و، نەهی لە ئازادیی.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

خومەینی لە پێشەکیی کتێبی (حکومەتی ئیسلامیی)دا، سەبارەت بە حوکمی ئاینیی و پێشکەوتنەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا دەنووسێت: «لێگەڕێن وڵاتانی ڕۆژئاوا، نەک مانگ، با بگەنە سەر مەڕیخیش. یاساکانی ئەوان هەر لە دواوەیە و وەک یاساکانی حوکمی ئیسلامیی خۆشبەختیی بۆ خەڵک دابین ناکەن.
کاتێک کە دەبینیت حوکمکردن بە وەسیلەی ئاین دەبێتە هۆی ئەوەی پیاوانی دەوڵەت کچێکی جەوانی (22) ساڵە لەسەر ئەوە دەکوژن کە پێی خۆش نییە هەموو قژی داپۆشێت، ئینجا تێدەگەیت ئیسلامیزم چی پرۆژەیەکی سیاسیی تۆتالیتاریی خەتەرناکە بۆ سەر خۆشبەختیی خەڵک، وە چۆن تەنانەت مومکینە لەو پرۆژەیەدا پیاوێکی مێشکداخراو و توندڕەو و گەمژەی وەک خومەینی جڵەوی بڕیاردان بۆ ژیانی دەیان ملیۆن کەسی بکەوێتە دەست.
ئەو کتێبەی خومەینی، کە کۆمەڵێک موحازەرەیە کە ساڵانی (1969) و (1970) لە نەجەف داویەتی، لە زۆر ناوەنددا بە کتێبی (ماین کامپف)ی هیتلەر دەشوبهێنرێت و چەندین دەزگای چاپ لەسەر بەرگی کتێبەکە نوسیویانە: ماین کامپفی خومەینی. بەڵام بە بەراوردکردنێکی سادەی ناوەڕۆکی ئەو دوو کتێبە، ئینسان بێ دوودڵیی دەتوانێت بڵێت ئایدۆلۆجیای گشتگیری ئیسلامیزم زۆر خەتەرناکترە لە ئایدۆلۆجیای گشتگیری ناشیوناڵ-سۆشیالیزمی هیتلەر.
ئاخر ئایدۆلۆجیای نازیزم بە ئارگیومێنتی دونیەویی پاکانەی بۆ نەقاوەتی ڕەگەزی جێرمانیی و دژایەتیی سامییەت دەکرد و، خەڵکەکەی لە ڕێگای ئینتیما و بەرژەوەندیی ”نەتەوەییەوە” لە دەوری خۆی تەعبیئە دەکرد. لەبەرامبەردا، ئیسلامیزم مرۆڤ دابەش دەکات بەسەر دوو بەرەی (کافر-ئیسلام)دا و، تەبریری ئەو جیهانبینییە پووچ و ڕاسیستییانەیەی خۆی دەبەستێت بە ئیرادەیەکی ئیلاهییەوە و، لە ڕێگەی یاریکردن لەسەر هەستی ئینتیمای دینیی و باوەڕداریی خەڵکەوە، خەڵک لە دەوری خۆی تەعبیئە دەکات.
ئەم ڕەهەندە ئاسمانیی و ترانسێندێنتاڵەی ناو ئایدۆلۆجیای ئیسلامی سیاسیی وا دەکات خەڵکی موسڵمان ناڕەخنەییانەتر پێوەی پەیوەست بن و، چاو لە هەزاران ناڕێکیی بپۆشن. سەیری لە هەرێمی کوردستان دەیان پیاوی ساختەچیی کە چەند خولەکێک زیاترت پێویست نییە گوێیان لێ بگریت تا ببینیت یەک دڵۆپ ئەخلاق بە دەماریاندا ناگەڕێت، بە ناوی مەلا و ڕابەری سەلەفیی و بانگخواز و ڕابەری حیزب و ئەمیرەوە دەرکەوتوون، کەچی هەزاران گەنج لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بوونەتە داکۆکییکاریان و، ڕەخنە لەو مەلا سیاسییانەی ناو بزوتنەوەی ئیسلامی سیاسیی، وەک ڕەخنە لە ئاینەکەی خۆیان تێدەگەن.
خەڵکی موسڵمان لەبەر بەهاگەلێکی گرنگی وەک «دادپەروەریی» و «سۆلیداریتیی» و «دەستپاکیی» باوەڕیان بە ئاینی ئیسلام هەیە. بەڵام لە درێژەدا بەشی هەرە گەورەی موسڵمانان، لەبەر جیدییەتیان بۆ کارکردن بۆ ئەو بەها جوانانە، ئاین و ئایدۆلۆجیایان لێ تێکەڵ دەبێت و، لەناو سیاسەتدا دەبنە ئەحمەقی بەسوود بۆ ئیسلامی سیاسیی و، دەچنە پشت ئەو ئایدۆلۆجیا و حیزبە تۆتالیتارییە دژە-ئازادیی و دژە-دادپەروەرییانەی کە بۆ بردنەوەی دڵ و دەنگی ئەو خەڵکە، دەست بۆ پۆپۆلیزمی ئاینیی دەبەن و، خۆیان وەک وەفدی نێردراوی خودا بۆ حوکمڕانیی سەر ئەرز عەرز دەکەن.
بەم جۆرە ئێستا لە وڵاتانی زۆرینە موسڵماندا ملیۆنان ئینسانی پاک و دڵچاک و ئاشتییخواز و خۆشەویست کە باوەڕیان بە ئاینی ئیسلام هەیە، بوونەتە وەسیلەی بەپێوەڕاگرتنی دەیان حیزبی دژە-دیموکراتیی و تۆتالیتاریی و تیرۆریستیی، وە لەسەرحوکمڕاگرتنی چەندین ڕژێمی نادادپەروەر و سەرکوتگەر.
ڕێک ئەم جیدییەتەی خەڵکی باوەڕدار بوو بۆ بەهاکانی دادپەروەریی و دەستپاکیی کە وایکرد لە نیسانی ساڵی (1979)دا، خەڵکی ئێران لە ڕاپرسییەکدا (99.3 %)یان داوایان کرد حکومەتی نوێی ئێران حکومەتێکی ئیسلامیی بێت.
ئەگەر حکومەتی نازیی دوای گرتنەدەستی دەسەڵات یەکسەر پەلاماری خەڵکی جوو و قەرەجەکان و هۆمۆکان و مارکسیستەکان دەدات، ئەوا دوژمنی سەرەکیی لای حکومەتی ئیسلامیی، کچان و ژنانن.
جیهانبینیی و بەهاکانی کۆنسەرڤاتیڤییەتی ئاینیی بە ئەندازەیەک پاتریارکیین کە پیاوان هەر پلەیەک لە ئازادبوونی ژن بە هەڕەشەی گەورە دەزانن بەسەر پلەی پیاوەتیی و سەردەستەیی خۆیانەوە. پیاوان لە ترسی ئەوەی کچان و ژنان بێنە دەرەوە و خۆیان بسەلمێنن و ئیتر خۆیان ببنە خاوەنی خۆیان، وە ئەمان ئیتر لە ئاستیاندا بچوک بنوێنن و ئیتر هەست بە «قەوامیی» و «پیاوەتیی» نەکەن بەسەریاندا، زوو دەکەونە بەرتەسککردنەوەی ماف و ئازادییەکانی ژنان و نواندنی دەسەڵاتدارێتیی و کۆنتڕۆڵ بەسەریاندا، بەتایبەت دەسەڵاتدارێتیی و کۆنترۆڵ بەسەر جەستە و ژیانی سۆزداریی و سێکسییاندا.
لەم پێناوەدا ڕژێمە ئیسلامییەکان و تەنانەت زۆرجار حیزبە ئیسلامییەکانیش، ئایەتی (الامر بالمعروف والنهي عن المنكر) دەگرنە دەستەوە و، زوو بە زوو دەزگای پۆلیسی ئەخلاق دادەمەزرێنن. دەزگای (گشت ارشاد) لای کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەو پۆلیسی ئەخلاقەیە کە بە پلەی سەرەکیی ئەرکی ئەو ڕاوەدوونانەی سەربەخۆبوونی ژنان و کچان و، ڕێگرییکردن لە هەوڵی خۆڕیالیزەکردنیانە.
پرسیارێک کە لێرەدا خۆی فەرز دەکات ئەوەیە ئایا کێ بڕیار دەدات چی شتێک (مەعروف)ە و، چی شتێک (مونکەر). بۆ نمونە: ئایا ناچاکردنی کچێک بەوەی لە چلەی هاویندا بەبێ ویستی خۆی چادور لەبەر بکات، وە ماچکردنی نێوان کچ و کوڕێک لە پارکێکدا، کام لەم دوو کردارە کردارێکی مەعروفە و، کامیان مونکەر؟
ئینسان کاتێک دەبینێت کرداری یەکەم لە سایەی ڕژێمی ئیسلامییدا مەعروفە و، کرداری دووەم مونکەرێکە و سزای هەیە، ئینجا تێدەگات پرۆژەی دروستکردنی کۆمەڵگای ئەخلاق بەناوی ئیرادەی ئیلاهییەوە، سەر لە چی بێئەخلاقییەکەوە دەردەهێنێت.
ژینا ئەمینی یەکێک بوو لەو دەیان هەزار کچەی کە هەموو ڕۆژە لە ئێران بە شلکردنەوەی ڕووسەرەکانیان، ناڕەزایی لەبەرامبەر ئەو تۆتالیتاریزم و سەرکوتگەرییەی ڕژێمی ئیسلامیی دەردەبڕن و پێداگریی لەسەر کەرامەتی خۆیان دەکەن.
بەم مانایەیە کە دروست نییە ژینا تەنها وەک قوربانییەک سەیر بکرێت، بەڵکو ئەو لەسەر کارێکی شۆرشگێڕانە و لە کاتی پێداگیریی لەسەر کەرامەتی خۆی و ژنانی تر پەلامار درا و ئەو غەدرەی لێکرا ژیانی لێ سەندرایەوە.
ئەمرکردن بە مەعروف لەلایەن ئیسلامی سیاسیی و حکومەتی ئیسلامییەوە زۆربەی جار ئا ئاستی قەتڵ و تاوانی گەورەتریش دەچێت. لەبەرامبەردا، نەهی لە ئازادیی وەک بەجێگەیاندنی فەرمانێکی خودایی چاو لێ دەکرێت. ئەمە جورئەت و گەورەیی ژینا و ئەو کچ و ژنانە لە ئێران و ئەفغانستان و وڵاتانی تری ئیسلامیی پیشان دەدات کە دەوێرن ڕووبەڕووی ئەو سیستەمە ببنەوە.
هاوەڵانی خومەینی دەگێڕنەوە کە خومەینی لە سەردەمی مانەوەی لە فەڕەنسا زۆربەی جار عەتری ژنانەی بەکار دەهێنا. کە لێی دەپرسن بۆچی وا دەکات، دەڵێت: ئەم ڕۆژئاواییانە لایەنگری ژنن. بۆیە بۆنە خۆشەکانیان بۆ ژنان داناوە و، بۆنە ناخۆشەکانیش بۆ پیاوان. من ئەوە بەکار دەهێنم کە دەڵێن هی ژنانە چونکە بۆنە خۆشەکە دەبێت بۆ پیاوان بێت.
ئەمە پیشانی دەدات کە ڕقی پاتریارکانە و کۆنەپەرستانەی ئەو پیاوە لە کائینی ژن تا ئەو ئاستە چووە کە لە مێشکیدا تیۆری موئامەرە بۆ هەموو شتێکی ژن دروست دەبوو. بەڵام خومەینی لە پاڵ ڕقی پیاوسالارانەوە لە ژن، ترسی لە تووڕەیی ژنان هەبوو و دەیزانی تووڕەییان بە هۆی پلەدووییەوە لە کۆمەڵگادا، پۆتێنسیاڵێکی گەورەی تیایە بۆ ڕاپەڕین و داڕوخاندنی شۆڕشگێڕانە. ئەو دوای ئەوەی لە شوباتی (1979) لە فەڕەنسا گەڕایەوە بۆ ئێران، ژنانێکی زۆر دەچوون بۆ بینینی و سەرقاڵیی زۆریان بۆ دروست دەکرد. هاوەڵانی داوایان کرد بڕیارێک دەربکات کە ژنان ئیتر نەیەن. خومەینی لە وەڵامدا دەڵێت: نامەوێت ژنان تووڕە بکەم. بیرتان نەچێت ژنان ڕژێمی شایان ڕووخاند نەک ئێمە. بەڵام زۆری نەبرد بڕیاری بەزۆر موحەبەجەکردنی هەموو ژنانی دا و، وا چل و سێ ساڵە بە زەبری دەسەڵاتدارێتیی و چەک، فەرزیان کردووە بەسەر بەشی گەورەی خەڵکەکەدا.
کوژرانی ژینا لەسەر شلکردنەوەی ڕووسەریی، هەم پیشاندەری ئەوەیە کە کچان خەریکی ڕووبەڕووبونەوەن. هەمیش پیشاندەری ئەوەیە کە پیاوانی ڕژێم پێیانوایە ترس هەیە کۆنتڕۆڵ لەدەست بدەن بۆیە دەبێت توندتر بن.
ئەو ڤیدیۆیانەی لە ئێرانەوە دێن و پیشانی دەدەن کە کچان لەچکەکانیان دەسووتێنن و سەمای بە دەوردا دەکەن، جوانترین دیمەنێکی چێژبینین لە ئازادییە کە لە چاوی مندا دیمەنەکانی ڕوخاندنی دیواری بەرلین لە کۆتایی سەدەی ڕابردوودا تێدەپەڕێنێت.
بە هیوای ئەوەی ئەو ڕژێمە، لە چل و سێ ساڵ زیاتر تەمەن نەکات و، بەم زووە کۆمەڵگای بەشەریی لێ پاک بکرێتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت