حەمەئازاد بەرزنجی: هەقە سەرکردەکانمان لە ئاستێکی بەرزترا بونایە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەقە پارتی دۆسیەی سەرکردەی خوالێخۆشبو مەلا مستەفا تەسلیم بە مێژوی کورد بکات و بیخاتە ناو قوڵایی مێژوی نەتەوەکەیەوە. واتە باخەڵک و نوسەران خۆیان بەسەربەستی خۆیان لەسەری بنوسن، وە هەر خۆیان وەڵام بدەنەوە. ئەو لێکۆڵینەوەو وتارانەی لەسەری دەکرێ و دەنوسرێ دورییەک و ئامانجێک و مەبەستێکی مێژوییانە و سیایانەی کوردەواریانەی هەبێ، دور بێ لە هەژمونی حزبی پارتیانەو هەژمونی بنەماڵەیی بارزانییانە. ئەمەش بەواتای ئەوە نا گەیەنێ ئەوەی پارتی بێت هیچ نەڵێت و ئەوی بارزانی بێ هیچ نەنوسێ. بەڵکو بەو واتایەی بە عەقڵێکی کراوە و بە ڕەخنەگرتنێکی بونیاتنەرانەی دروستکەرانە دور لە هەژمونی حزببی و بنەماڵەیانە بنوسرێ. نوسینەکان بۆ وەڵامدانەوە و بەڵگە هێنانەوە نەبێ بۆ هەڵەکان و ، بەشان و ملدا هەڵدانی بێ بنەما نەبێ. لە مێژوی نزیکی ئەم سەردەمەدا بێجگە لە شێخ مەحمود و قازی محەمەد تا ئێسا هیچ سەرکردەیەکی کورد بە کۆچکرد و لە ژیاندا ماوەکانیش هیچیان ئەو قۆناغی جوغزی حزبی و بنەماڵەیی و ناوچەگەرییان تێنەپەڕاندووە. ئێستا هەمو کوردێک بێ سڵەمینەوە کەی بیەوێ ڕێگە بە خۆی دەدا لەسەر قازی و شێخ بنوسێ، وە هەرکوردێکیش لە هەر پارچەیەکی دی کوردستان بێ و لە هەر شوێنێکی ئەم کوردستانەو گێتیەدا بێ بە هەقی خۆی دەزانێ وەڵامی بداتەوە و دەیداتەوە، پێش ئەوەی هیچ ئەندامێکی خێزانی ئەم بنەماڵانە پێوست بکات وەڵام بدەنەوە یان تەنانەت بە نوسین و وەڵامەکەشیان زانی بێ. ئەمەیە بەقوڵایی و بێ لایەنیانە چونە ناو مێژووەوە.
وە بەم شێوەو جۆرە هەڵسوکەوت کردنە سەرکردەکان زیاتر ڕۆ دەچنە ناو مێژو و زیاتر گەورەتر دەبن، ئەوسا هەمو کەس خۆی بە خاوەنی دەزانێ کەلەسەری بنوسێ و کەموکوڕیەکانی دەرخا بۆ مێژو، تا ببنە پەند و ئامۆژگاری بۆ داهاتو، بە هی خۆشی دەزانێ بەرگری لێبکات لەوکارو درۆ هەڵبەستراوانەی بۆی ڕێکخراوەو ڕاستیەکان بخاتە ڕوو. چونکە ئەمانە هەرچیەک بن مرۆڤن و کوردن. مرۆڤیش فریشتە نیەو پاکیزە نیە لە هەڵەو کوردیش مێژوەکەی هێندە بەرز و نزمی و ناهەمواری و ئاستەنگی تیا بوە کە سەرکردەکانیشی نەک جارێ بەڵکە چەند جارێکیش، توشی هەڵە و نوچدان کردووە.
فرسەتێکی مێژویش بۆ کاک مەسعود هاتە پێش بەداخەوە نەیتوانی بەکاری بهێنێ. بە تاقی تەنیا مانەوەی لە گۆرەپانی سیاسی باشوری کوردستان و نەمانی دو سەرکردەکەی دیکە. بە کۆچی دوایی مام جەلال و کاک نەوشیروان دەیتوانی، لەگەڵ ڕۆڵی خۆیدا ڕۆڵی ئەوانیش ببینێ. نەک ئەمەی نەکرد، بەڵکو نەیتوانی لە جوغز و چوارچێوەی پارتی بێتە دەرەوە. دەڵین عەشایەریانە بیر دەکاتەوە و هەڵسوکەوتی کردوە، سەرۆک عەشیرەتە کوردەکانی کۆن هەر سیفەتی خراپەیان نەبوە، بەڵکو سیفەتی زۆر باشیشیان هەبوە. وە گەلەک جار دڵفراوان و لێبوردە بون، کێشەی نێو خۆیان و ناو کۆمەڵگاشیان چارەسەرکردوە و کەوتونەتە نێوان خەڵکیشەوەو زۆر جار ڕۆڵی نێوەند گیری وحاکمیشیان بینیوە . گەر عەشایەریانە بیری بکردایەوە دەبوایە ڕۆڵی مامی گەورەی ببینیایەو بهاتایەتە سلێمانی و بچوایەتە سەر گۆڕی مام و کاک نەوشیروان و دەستی بەسەری کوڕەکانیاندا بهانیایە و بیوتایە ئێمە لە گەڵ هەمو ڕکابەرییەکی حزبیدا هەرچۆنێ بوبێ بەیەکەوە هەڵمانکردبو، ئێستا ئەوان نەماون ئەوا من لەمەو دوا ڕۆڵی هەردوکیان دەبینم و، مامێکی گەورە دەبم بۆ ئێوەش. نەک بەڕێزی ئەوەی نەکرد، بەڵکو ڕکابەریەکانیشی زیاتر قوڵتر کردەوەو کێشەکانیشی زیاتر گۆری بۆکێشەی نیوان تاکی حزبەکان ( بە شەخسیکردنی کێشەکان ) و حزبەکان و بە کێشەکاندا زیاتر چوە خوارەوەو زامەکانی زیاتر قوڵکردەوە، کە هیوا داربوین وا نەبوایە، لەباتی دڵفراوانی دەستی کرد بە ورك گرتن. ئێ باشە سەرکردەیەک لە نیوان چەند شارێک و چەند حزبێکدا نەتوانێ خۆی بگونجێنێ چۆن دەبێتە سەرکردەیەکی نەتەوەیی و سەرکردەیەکی جیهانی. بۆ ئەمە خەتای تاکی کوردە یان خەتای خودی سەرکردەکان خۆیانە. بڕوا ناکەم تاکی کورد پێی ناخۆش بێت سەرکردەیەکی هەبێ جیهانی بێت و نەک کورد بەڵکە نەتەوەکانی دیکەیش شانازی پێوە بکەن، ئەوانیش وەک سەرکردەیەکی جیهانی بیناسن. بۆ تاکی کورد پێی نا خۆشە مەهاتما گاندی و نیلسۆن ماندێلا و جیڤارایەکی هەبێ.
ئەو سەرکردە جیهانیانە لە دڵسۆزی و خۆ ماندوکردنێکی بەردەوام و بێ بەرامبەر بۆ میلەتەکەی خۆیانەوە دەرکەوتن. لە ناوخۆی میلەتەکەی خۆیانەوە هەڵقوڵاون و بون بە جیهانی، نەک بە پێچەوانەوە. ئێ سەرکردەکانی ئێمە نیوەی زیاتری میلەتەکەی خۆیانیان لێ ناڕازییە، ئیتر بە چی دەبنە جیهانی. ئەوەتە هەمو جیهان تەکلیفیان لێ دەکات یەک بن یەک هێزی پێشمەرگەتان هەبێ، گوشاریان لێدەکەن، یارمەتی مادی و مەعنەویان دەدەن ئەمان هێشتا نە هاتونەتە ژێر بار.
ئێستاش کە لە ژێر لێوەوە یادی چەند ساڵەی ڕیفراندۆم دەکەنەوە بکەرانی ڕیفراندۆم لەسەر یەک تەوەرە دەکوتن کە ئەویش ئەوەیە کە هەمو لایەنەکان و زۆربەی جەماوەر، لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستان و لەگەڵ ڕیفراندۆمدا بون، بۆ سەربەخۆیی کوردستان. جا نەک کوردێکی دڵسۆز ئەگەر، ئەگەر جاشە کۆنەکانیش زیندو بکەیتەوەو بیانگەڕێنیتەوە بۆ سەردەمی کۆن و بە ئارەزوی خۆیان دەنگ بدەن و ترسی ئەوسای ڕژێمیان نەبوایە، بێگومان دەنگیان بە سەربەخۆیی دەدا. ئیتر بۆ مزایەدە بەسەر خەڵکەوە دەکەن و گوایە ئەمان خاوەنی بیرۆکەی سەربەخۆیی و ڕیفراندۆمن. کاکە خەڵک و دونیا گۆتی مافی خۆتانە، بەڵام کاتەکەی نەشیاوەو زیان دەکەن. بەڵێ واقعیش سەلماندی و وادەرچو ، کەکاتی نەبو، وە نیوەی خاکی کوردستان و کەرکوکیشمان لە دەستدا. ئیتر بە چ حەیایەکەوە مافی ژێرکەوتن دەکەنەوە وخۆتان دەکەن بە پاڵەوان. بەڵێ ئێوە پاڵەوانی دۆڕاندنەکان وئەو نوشوستیانەن کە لە دەرەنجامی ڕیفراندۆم کەوتنەوە. بەڵام دور بێت یان نزیک، بە ڕیفراندۆم بێت یان بە شۆڕش، کوردستان سەربەخۆیی خۆی وەردەگرێت. وە لەو کاتەدا ئەوە ئێوە نین پاڵەوانی سەربەخۆی بەڵکە میللەت خۆیەتی و کەسانی دیکەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت