زەبەنگ بەهادین: دادوەری بەرامبەر.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

قورسترین دادوەریەک، مرۆڤ بیدات، دادوەریەتی بەسەر بەرامبەرەکەیدا. سەرەتا هیچ نازانین لە خەسلەت و پێکهاتەی ئەو بەرامبەرە، وە هیچ شارەزاییەکمان نییە لەسەر ئەو ژینگە و کات و شوێنەی ئەو کەسەی تێدا گەورە بووە یان پەروەردە بووە، لە پاڵ ئەمانەدا هیچ زانیاریەکمان نییە لەسەر بیر و ئایدیای کەسەکە، تێروانینی بۆ خودی خۆی و بۆ دەورو بەرەکەی. هەلسوکەوتی لە پێشتر و لەئێستادا، ئەگەر سەرەتا سەیرێکی خۆمان بکەین بە ئاستەم خۆمان دەناسین، لەگەل ئەوەی کە خۆمان لەگەڵ خۆمان گەورە بووین بەرادەیەک، هەموو ژیانمان لەگەل خۆمان بووە، لەگەل ئەوەش هەر لە ناو خۆماندا زۆر لایەنی شاراوەمان هەیە کە تا ئەم چرکە ساتە درکی پێناکەین و زانیاری دروستمان نییە لەسەری. بگرە بە پێی ئەزمون و گوزەرەکانی ژیانمان چەندەها خەممان بەرێکرد کە هەریەکیان شێوازێک و بیرکردنەوەو ئەکتی هەنبووە لەو کات و شوێنەی ئەزمونەکەی تێدا کردوە. بەم هەموو بێ زانیاریە و بێ بوونی داناییەکی هۆشیارانە، رۆژانە سەدەها دادوەری و سەدەها بریار ئەدەین.
کیشە ئەوە نییە، دادوەریەکە تەنها پەیوەست بێت بە ژیانی خۆمان، بەلکو تەواو دەچینە کرۆکی ژیانی دەوروبەرەکەمان و بە ئاسانی دادوەری دەکەین و جۆرەها بریاری لەسەر دەدەین، تەنانەت ئامادەی شکاندنی بەرامبەرەکەمانین بە جۆرێک، نەزانانە دادوەری دەدەین، هیچ بیر لە داهاتوی بەرامبەرەکە ناکەینەوە، چی بەسەر دێت، لە ئەنجامی دادوەرییەکی نەزانانەی کاتی ئێمە، بێ ئەوە بزانین لە دوای خۆمان چ وێرانەیەک جێدێڵین. لە مانە گرنگتر ئێمە یان من یان تۆ یان ئەو کێین تا بتوانین دادوەری بەرامبەرەکەمان بکەین. ئێمە کێین تابتوانین ژیرانە قسە لەسەر رابردو ئێستا و داهاتوی بەرامبەر بکەین. مەگەر خۆمان کەم و کوری و نەنگیەکانی خۆمان زۆر پێچارەسەر کراوە، تا دەست بخەینە ژیانی ئەوانی دی. مرۆڤ لە دوو حاڵەتدا رەخنە لە بەرامبەرەکەی دەگرێت و دادوەری دەکات: یەکەم/ بۆ شاردنەوەی کەم و کوریەکانی خۆی. دووەم/ بۆ تێرکردن و زاڵکردنی دەسەلات و سەپاندنی بیری خۆی و ئایدیاکانی بەسەر بەرامبەردا، هیچ کەس مافی ئەوەی نییە قسە بکات یان دادوەری لەسەر بەرامبەرەکەی بکات. زۆر ئەستەمە تەنانەت دادوەرەکانی یاسا بتوانن لە ژێر کاریگەری هەستەکانی خۆیان دەربچن تا بتوانن دادوەریەکی دادپەروەرانە بدەن. بەلام رۆژانە بەم هەموو گرێ دەرونیانەی لەم کۆمەڵگایە هەیە، هەر تاکێک دادوەرە بەسەر بەرامبەرەکەیەوە، بەبێ ئەوەی کەس ئەو مافەی پێدا بێت. دەبێت تاک خۆی هۆشیارو دانا بێت، رێگە نەدات کەس پەنجە وەرداتە ژیانییەوە. مافی ئەوە بە کەس نەدات دادوەری ژیانی بکات یان قسەی لەسەر بکات. داخستنی دەرگای ئەم جۆرە پەیوەندییانە، مرۆڤ ئارامتر و هیمنتر دەکات، لە هەمان کات، دانایی مرۆڤ، بەرەو هەلکشان دەروات. ئەوە خۆمانین دەرگای هاتنە ناوەوە بۆ هەموان دەکەینەوە تا چۆنیان بوێت رێگا و رێسا و دادمان بۆ دیاری بکەین. ژیری و دانایی، بە مانای داخستنی هەموو ئەو دەرگایانە و پەرچدانەوەی دادوەرە بێ ئەرزشەکان.
نمونەیەک لێرەدا دێنمەوە: کورێک لە دێیەک پەیوەندی سۆزداری دەبێت لەگەڵ کچێکی دێکەی ئەوبەر، کە روبارێک بە نێوان دوو دێکەدا دەروات. باوکی کچە رازی نییە کچەکەی هاوسەرگیری بکات لەگەل کورەکەی دێکەی ئەوبەر، کچەکە شەو دێتە دەرەوە لە ماڵ و رادەکات بچێتە لای کورەکە، باخەوانی ماڵەکە کەسێکی ژیر و دانایە زۆر هەول ئەدات کجەکە بگێرێتەوە مالەوە، واز لەم بیرۆکەیە بێنێت. بەلام کجەکە گوێی بۆ ناگرێت و دەرواو دەیەوێت لە روبارەکە بپەرێتەوە، بەلەمەوانەکە دەڵیت: بم بەرە ئەو بەری ئاوەکە. ئەویش دەڵێت، باشە. بەلام دەبێت هەموو پۆشاکەکەی لەبەرتایە بمدەیتی، جونکە کەسێکی پارە پەرستە کجە ناجار دەبێت و دەیداتێ، بەلەمەوان دەیپەرێنێتەوە.
کە دەگاتە ئەوبەر پیاوێکی چاوبرسی کە کجە دەبینێ بێ پۆشاک پەلاماری دەدات، بەمشێوەیە کچە دەگاتە لای کورەکە بە خوێنەوە کە کورەی کجەکەی خۆشدەوێت بەو شێوەیە کجە دەبینێت، فیشەکێک دەنێت بە کجەکە و دەیکوژێت.
لەم نمونەیە بیهێنە بەرچاوی خۆت، ئەگەر تۆ دادوەر بیت بریاری لە سێدارەدان بۆ کام لەمانە دەرەکەیت بە مەرجێک تەنها یەک کەسیان تاوانباری سەرەکییە و دەبێت یەک کەس بریاری لە سیدارەدان بیگرێتەوە ئایا:
1- باوکی کچەکە.
2- باخەوانەکە.
3- بەلەمەوانەکە.
4- پیاوە چاوبرسیەکە.
5- کورەی خۆشەویستی کچەکە.
هەولبدە تۆ دادوەر بیت بەمەرجێک لە ژێر کاریگەری هەستەکانی خۆت وەرە دەرەورو دادوەری بکەو بریاڕبدە کێ تاوانباری سەرەکییە لەم تاوانەدا تا لە سێدارە بدرێ. ئێستا تێدەگەیت دادوەری و بریاردان لەسەر خەلک و قسەکردن لەسەر بەرامبەرەکەت چەندە کارێکی قورس و ترسناکە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت