سەرکەوتی جیهاز و بەختیار نامیق: ئێران لە نێوان خۆپیشاندانەکان و وڵاتانی دژدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر واقعی خۆپیشاندانەکانی ئێران وەک خۆی بخوێنینەوە، نەک ئەوەی خۆمان دەمانەوێ، ئەوا دەبێت پاڵنەر و سەپاندنەکان شیبکەینەوە، بەدەر لەمە خۆپیشاندانەکان ئەگەرچی داواکارییەکان و دروشمەکانیان داواکردنە بۆ ئازادی و چاکسازی لە دەستور و مافەکاندا، بەڵام مەرگی ژینا دەبێتە وەرچەخانێکی باش بۆ خەباتی ژنان بۆ ئازادییەکانیان بە تایبەت یەک هەڵوێستی و یەکانگیری نەتەوەکانی ئێران و ئەو پشتیوانیە ناوچەیی و جیهانیە بۆ ئەو خۆپیشاندانە و بە تایبەت کە کورد دەبێتە سەرمەشقی یەکێتی ناوەکی ڕای نەتەوەکانی ئێران، وە پاڵپشتی کەسە ناودارەکان و بە تایبەت دارویش کە کاریگەری گەورەی هەبو لەسەر خۆپیشاندانەکان.
هەمو گۆڕانکارییەکان لە حکومی دەستەڵاتەکاندا کە کراوە هۆیەک یان سیناریۆیەکی دەرەکی لە پشت بوە، واتا ڕوخاندنی حکومەتەکان لەبەرژەوندی هاوبەشی وڵاتە زل هێزەکانەوە هاتوە، ئەوەی ئەمڕۆ لەسەر سەکۆی ئێرانی دەبینرێ وەک خۆپیشاندان کەڵەکە بوی دنیایەک گوشارە و لە ژینا ئەمینیدا دەتەقێتەوە، ئەم تەقینەوەیە کە گەیشتوەتە خۆپیشاندان و جۆرێک لە یەکانگیری نەتەوەکانی ئێرانی لەسەر خاڵی ئازادی هاوبەش کۆکردوەتەوە، دەتوانین هۆکاری گەورە بونی خۆپیشاندانەکان لە چەند خاڵێکدا کۆبکەینەوە و پاشان ئەو هۆکارانەی وا دەکەن کە دەرئەنجامی خۆپیشاندانەکان یەکسان نابێت بە خەونی گۆڕینی ڕژێم یان ڕوخاندنی ئاخوندەکان و ڕژێمی فەقێکان:
هۆکاری خۆپیشاندان و گەورەبونی بۆ شارەکانی تر:
1- برسێتی و گرانی کاڵا، بە هۆی گەمارۆی ئابوری.
2- نەبونی ئازادییە تاکە کەسیەکان.
3- نەبونی ئازادی ژنان.
4- نەبونی ئۆپۆزسیوێنێک کە بتوانێ ڕابەرایەتی کۆی ناڕەزایەتی و ماف و نەهامەتیەکانی گەلانی ئێران بکات.
5- فەشەل هێنانی پڕۆژەکانی بەرەی ڕیفۆرمخوازان.
6- فەشەل هێنانی دەرئەنجامی کۆی خۆپیشاندانەکانی پێشو بە تایبەت شۆڕشی سەوز.
7- فەشەل هێنانی ئۆپۆزسیۆنەکانی دەرەوەی ئێران، هەر لە مجاهیدینەوە بۆ تودە و کۆمەڵە و دیموکرات.
8- بێ هیوابون لە هەوڵەکانی وڵاتانی دژەئێران بۆ کۆتایی هێنان بە حوکمی ئاخوند.
ئەو هۆکارانەی وا دەکەن کە خۆپیشاندان نەگاتە ڕوخاندنی حکومەت و دەستەڵاتی ئاخوندییەکان:
1- دوو هێز گرنگە ببنە بەشێک لە خۆپیشاندەران (هێزەچەکدارەکان و هێزە ئەمنییەکان) تا ئێستا جگە لە چەند هێزێکی لاوەکی هێزە گەورەکانی وەک سوپای پاسداران و ئیتلاعات بێ دەنگن.
2- هێزە دژە ئێرانیەکانی وەک ناتۆ و ئەمریکا جگە لە کۆمەڵێک پشتوانی سارد هیچ هەڵوێستێکی سیاسی و سەربازییان نیە.
3- بایکۆتکردنی دەوامی حکومی یەکێکە لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی خۆپیشاندان و ئیفلیج کردنی حکومەت بە تایبەت وەزارەتەکانی (ناوخۆ ، دارایی، پەروەردە، تەندروستی) ئەمانە تا ئێستا هیچ بایکۆتێکیان نەکردوە.
4- هێزە ئۆپۆزسیوێنەکانی دەرەوەی ئێران تا ئێستا خۆیان نەکردوە بە بەشێک لە خۆپیشاندانەکان جگە لە پشتوانیەکی سارد .
5- نەبونی ڕێبەر و ڕابەرێکی جدی بۆ خۆپیشاندانەکان.
سەرەڕای هەمو ئەمانەش لە ئاستی نزمتر لە ڕوخانی کۆی سیستەمی ئایدۆلۆژیای دینی بۆ ئازادی ژنان توانیویەتی گوشار دروست بکات بۆ ئازادییەکان.
کێشەی ئازادی ژنان لە نێوان ئایدۆلۆژیاکاندا ( ئاینی و سەرمایەداری ) جگە لە بەرهەمهێنانی قوربانی و کۆیلە بونی ژنان هیچ بەرهەمێکی تری نەبوە، بۆیە کاتێک داوای ئازادی ژنان دەکرێ و ژینا خوێنی دەبێتە شۆڕشێک، گرنگە خزاندن نەبێ لە ئەیدۆلۆژیای دینیەوە بۆ سەرمایەداری.
خوێنی ژینا دەبێتە سەرەتایەکی باش بۆ ئازادی ژنان، بەرخودانێکی زۆر باشە بۆ یەکدەنگی نەتەوەکانی ئێران بۆ داخوازیەکانی تر.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت