شـــــــوان خورشــید: بۆ ئەوەی قەرزاوی بناسین؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دوای ئەوەی یوسف قەرزاوی، سەرۆکی پێشووی یەکێتی جیهانی زانایانی موسڵمان لە تەمەنی 96ساڵی لە دۆحەی قەتەر دوێنێ لە 26/9 کۆچی دوای کرد،زۆرێک لە شەقامی کوردی تەعزێ بار کرد. چونکە قەرزاوی هەوادارێکی زۆری لە ناو کوردا هەبو بە تایبەت ئەو بەناو کوردانەی تەنها بە ناسنامەکەیان کوردن و هیچ خوێنێکی کوردی لە دەمارەکانیان دا هاتوچوی نەکردوە، مردنی قەرزاوی وای کرد تەنانەت سەڵاحەدین بەهادینی ئەمینداری یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان بە نیگەرانیەوە بلێت: (بەکۆچی یوسف قەرزاوی کەلێنێکی گەورە لە بواری میانڕەوی و ئیجتیهادی هاوچەرخ دا دروست بوو)، جگە لە تەنینی سۆسیال میدیای کوردی شین و شەپۆڕو دڵگرانی چەندین لایەن و کەسی ئیخوانی کوردی، وەک ئەوەی هاوخوێنی خۆیان بێت و لە پێناوی ئەوان دا ژیانی کردبێت.
یوسف عەبدوڵا قەرزاوی یەکێکە لە بانگخوازو زاناکانی جیهانی ئیسلامی، لە9 ئەیلولی 1926 لە گوندی سەفت توڕاب، پارێزگای غەربیە لە وڵاتی میسر لە دایک بوە، لە زۆر بواردا خوێندویەتی و سەرکەوتوش بوە، ئەوەی ویستویەتی بۆ بڕەودان بە عەقیدەکەی بەدەستی هێناوە، دوای خوێندنی سەرەتای و ناوەندی کۆلیجی بنەماکانی ئاینی لەزانکۆی ئەزهەر بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ساڵی 1953بە دەس هێناوە. لە 1973بڕوانامەی دکتۆرای بە پلەی نایاب لە جامیعەی ئەزهەر بەدەست هێناوە، تێزی دکتۆراکەشی بە ناونیشانی ٫٫زەکات و کاریگەرییەکانی لە چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتیەکان،، بووە. لە ساڵی 2004 لە گەڵ دامەزراندنی یەکێتی زانایانی ئیسلامی جیهانی، بە سەرۆکی یەکێتیەکە هەڵبژێردرا، قەرزاوی بە یەکێک لە دیارترین کەسایەتیەکانی نێو جوڵانەوەی ئیخوان مسلمین دادەنرێت و ڕۆڵی بەرچاوی لە نێو ئەو جوڵانەوەیەدا بینیوە.کاریگەر بوە بە ئیمامی غەزالی و حەسەن بەنا، لە ساڵی 1949چەند جارێک زیندانی کراوە، لە 1954 لەشاڵاوی گرتنی ئیخوانەکان، جارێکی تر گیراوەتەوە لەلایەن حکومەتەکەی جەمال عەبدول ناسرەوە، قەرزاوی لە سەردەمی ناوەندیەوە پەیوەندی بە ئیخوان موسلمینەوە کردوە، لە ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشی نێوان میسرو سعودیەو بەحرێن و ئیمارات لە ساڵی 2017دا هاتوە و بڵاو کراوەتەوە کە ناوی 59 کەسایەتی و12 ڕێکخراوی خێرخواز، خراوەتە لیستی تیرۆرەوە، یەکێک لەو کەسایەتیانە یوسف قەرزاوی بوو.
یوسف قەرزاوی بە موفتی دەربارو فتوا دژ بە یەکەکانی ناسراوەو لەسەر ڕەئی خۆی تا سەر نەماوەتەوەو، هەرجارەی بیروبۆچونێکی دەربڕیوە، بە جۆرێک بەرژەوەندی لە کوێ خواستبێتی خۆی لە گەڵی گونجاندوە، تەنانەت کەسایەتیەکی زۆر دوو ڕوو بەرژەوەندخواز بوە، لە ساڵی 2003 سەردانی قەزافی سەرۆکی لیبیای کردوە، لە سەردانەکەیدا قەزافی بە براو سەرکردەی شۆڕش و خاوەنی دونیابینی و بەرگریکاری ئیسلام ناو هێناوە.
لە سەروبەندی جەنگی ناوخۆی لیبیاو لەسەردەمی بەهاری عەرەبی، فتوای ئەوەیدا کە قەزافی تاغوتەو داوای لە سوپای لیبیا کرد، فەرمانەکانی جێبەجێ نەکەن. گەر کەسێک بە گولەیەک قەزافی بپێکێت مانای ڕزگارکردنی جیهانە لە جەهەنمەکەی ئەو. بەهەمان شێوە لە ساڵی 2004کاتی سەردانی سوریای کرد، بەشار ئەسەدی بە سەرکردەی ئوممە ناساند، هۆکاری دژایەتی کردنەکەی بۆ مل نەدانی ڕۆژئاوا گەڕاندەوە. کەچی لە 2013 ئەسەدی بە جاشولکەی شیعەو عەلەوی وەسف کرد.
بونی بنکەو بارەگاکانی ئەمەریکای لە کوێت بە ناشەرعی وەسف دەکرد، کەچی کێشەی لەگەڵ ئەو سوپایە نەبوو لە قەتەر، کە خۆی نیشتەجێیەتی. هەر قەرزاوی بوو فتوایدا کە پێویست ناکات موسڵمانان دەرگای جیهاد لە فەلەستین بکەنەوە دژی ئیسرائیل. بەڵکو دان بە خۆیاندا بگرن و ڕوو لە سوریا بکەن بۆ جیهاد. هەر زاتێکی وەک قەرزاوی بوو لە ئەستەمبوڵەوە، خەباتی کوردانی باکوری، بە ئیرهاب و بێدین لە قەڵەم داو، شەرعیەتی قڕکردنی کوردی دایە ئەردۆگان و پشتی ئەو کورد قڕانەی گرت. دەبینین قەرزاوی داوا لە جیهانی ئیسلام دەکات، یارمەتی ئابوری لیرەی تورکی بدەن، بەڵام ڕۆژانە دەیان موسڵمان لە سۆماڵ بەهۆی برسێتیەوە گیان لە دەستت دەدەن،کەچی داوای بەهاناوە هاتنیانی بۆ نەکرد،کە برسێتی و هەژاری بڕستی لێ بڕیون.
لە عێراق و لەلایە ڕژێمی بەعسەوە سەرەڕای ئەنفال و کیمیا بارانی هەڵەبجەو، زیندەبەچاڵکردنی 182هەزار لە ژن و مناڵ و خەڵکی سیڤیلی کورد، نەک دژی نەوەستایەوە تەنانەت سەرەڕای بێدەنگیکەی، کە سەدام حسێن لە سێدارە درا، بە شەهیدو قارەمان ناوی برد.
نازانم چۆن و بە چی ناوی زاناو بانگخوازی موسڵمانی لێ بنرێت،لە کاتێک دا بێدەنگە لە کوشتنی زیاتر لە ملێوێک موسلمانی دارفور لە سودان و لەسەر دەستی عومەر بەشیر،دەستدریژی سێکسی کردنە سەریان، لەلایەن (نەجەوید) واتە سوارچاکەی عەرەب، هەرچەندە دارفور نەتەوەیەکی ئیسلامن بەڵام لەبەر ئەوەی عەرەب نین، ئەو داکۆکیکارەی ئیسلام نوتەقی لە دەم دەرنەچوو، لە بەرامبەر ئەو هەموو کارە قیزەونانەی بەرامبەریان کرا.
لە کاتی هێڕشی ئەمەریکا بۆ سەر عێراق پاڵپشتی سەدامی دیکتاتۆر بوو، سوپای ئەمەریکای بەداگیرکەر ناو ئەهێنا. بەڵام بۆ دژایەتی قەزافی داوای یارمەتی لە هەمان سوپا دەکرد، تا بە دەنگ گەلی لیبیاوە بچن. بۆ سەقامگیری ئاشتی ئاژاوەگێڕی یاری تۆپی پێی نیوان میسرو جەزائیر، بەیانی سەرکۆنەی دەردەکرد،کەچی بێ دەنگی لەبەرامبەر جینۆسایدکردنی کوردانی باکور و ڕۆژئاواو دارفور دەکرد، قەرزاوی و یەکێتی زانایانی جیهانی ئیسلام بەرامبەر کۆمەڵکوژی عەفرین نەک هەر بێ دەنگ بوون، تەنانەت پشگیری ئەردۆگانی ئیخوانیشی دەکرد، لە جەنگی هەشت ساڵەی عێراق و ئێران پشگیری عێراقی دەکرد، کەچی دژی سعودیە پشگیری ئێرانی دەکرد، هەر سەبارەت بە کوردو دۆزی ڕەوای کورد، نەک هەر بە ووشەیەک پشتیوانی نەکردوە، بەڵکو دژایەتی کردوەو ڕەوایەتی بە دوژمنانی کورد داوە تا زیاتر سەرکوت بکرێن و جینۆساید بکرێن، کەچی زۆر لە ناحاڵیە کوردەکان بە مردنی قەرزاوی نیگەران و توشی شۆک بونە، بۆیە ئەمە حاڵی کورد بێت، هەر ئەو بەشەی دەبێت کە هەیەتی و چاوەڕوانی زیاتری لێ ناکرێت.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت