شەماڵ بارەوانی: خەنجەری خێڵ/ بەشی پێنجەم.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مرۆڤایەتی پێویستی به خۆشەویستییە خۆشەویستیی، نەک ئایین.!
نیچە باسی لە کۆمەڵێک بت کردووە، کە لەبەردەم ئازادی تاک قوتکراونەتەوەو هەزاران ساڵە، بەو هەموو بتانە لە مرۆڤ بوون و ئازادی ژن و ژیان دەدرێت.
بەڵێ ئەو ڕاستی کرد ئیتر کاتی ئاوابوونی بتەکانە.
بتی خێزان، بتی خێڵ، بتی مەزهەب، بتی نێرسالاری، بتی نەریت، بت، بت، بت، ئۆه خوایه گیان، بتخانەیە ئێرە، بتخانە. هەتا هەموو ئەو بتانە تێک و پێک نەشکێنین، مرۆڤایەتی ئازاد نابێت.
ئەو مرۆڤە مەڕ و مەزهەب مێگەڵ و ترسێندرا و هۆشیاری خەسێندرا و بە جەبانکراوانە، ئەو مرۆڤە بە بچووکراوە و ئازادی سەلبکراو کەرامەت و روشێندراوانە، بە مرۆڤ بوون سوێند، مرۆڤە بەد گۆڕاو بە قاڵۆنچه بووەکەی کافکا، زۆر لەمانە هۆشیار تر و بە هێزتر و خۆڕاگرتربوو.
تۆ سەیرکە، گریگۆر سامسا، تا کۆتا هەناسەی ئیرادەو ئێنرژی ڕوو بەڕوو بوونەوە لەدەست نادات و هەوڵدەدات وەکوو مرۆڤێک لەسەر پێ بڕوات و ئەو بە قاڵۆنجە بوون و بەدگۆڕانەی کە بتی سەرمایەداری بەسەریدا سەپاندووە ڕەتبکاتەوەو ئەو لە پێناو بوونی خۆی تامردنە تراژیدیاکەی دەجەنگێت، کەچی ئەو مرۆڤە بە مێگەڵ بوو و مەڕیزمانە، نەک لە بەرامبەر مرۆڤانێکی لەخۆیان هیچ و پووچتر، لەبەرامبەر هەموو ئەو بتیزمە دەستکردانەی مێژوو و کۆمەڵ، نقەیان لێوە نایەت!
ئەو مرۆڤ بێ دەنگکراو بە مەڕکراوانە، نەک هەر ئەوە، بەڵکو ئەو جۆره مرۆڤە کەره تەنانەت” هەر لە دێر زەمانەوە خودایەکی نەویستووە گوێی لە دەنگی بێت، خودایەک قسە بکات و مرۆڤ گوێی لە قسەکانی بێت. خودایەکی ویستووە هێندە بێ دەنگ بێت، چاکە هاتە ڕێی بڵێ ئەوە خودا ناردوویەتی و خراپەش هاتە ڕێی بڵێ کاری خۆمه و ناچار بێت هەست بە لاوازی خۆی بکات و بباڕێتەوە.”(1)
هەر ئەو ترسنۆکی و بێ ئیرادەیی و لاوازیەی ئەو جۆرە مرۆڤه جەبانانە بوو، بیرۆکەی پەرستن و عەبدایەتی و کۆیلایەتی هێنایە بوون و لاوازی و جەهل و جەبانی مرۆڤی گەیاند بە لوتکە. ئەو ترسەنۆک و لاوازانەی دەهاتن پەیکەریان لە بەرد و قوڕ و خورما و گوو و توزانم چی و چی دروست دەکرد و دەیانپەرستن و بە خەیاڵە قۆڕەکەی خۆیان گوایە دەیانکردن بە پشتیوانی خۆیان! ئاخ مردن، دەوەرە تۆ لەکوێ کاکە؟ تکایە، من جەهل کوشتمی!
ئەوانە هێشتا نەگەیشتوون بەو قەناعە و تێگەیشتن و هەست و هۆشیاریە باڵایەی کە خودا هیچ پێویستی بە پەرستن نییه، بەڵکو ئەو پێویستی بە ناسینە ناسین. ئەو نەزانانەی خودایان کردووە و بە بت و کۆمەڵێک شەریعەتی توند و و ڕێسا و یاسای ڕەق و دنیایەک مەزهەبی دواکەوتوو و پەرستگا و بتخانەیان بۆ دروست کرد و ناویان نا: ماڵی خودا ! ئەفسوس ئەو خودا پەرست و بت پەرست و کۆیلانە، تا ئێستا خودایان نەناسیوە. ڕابیعەی عەدەوی زۆر جوان لە دەرحەق ئەو خوا نەناسانە دەیگووت: خودا لە هەموو شوێنێکە، جگە لە مەککە.” ئەو دەیویست بەو خودانەناسانە بڵێت لە جیاتی ئەوەی ئەو هەموو پارەیه سەرف کەن و ئەو هەموو ڕێگایە دووره ببڕن و ئەو هەموو هیلاکی و ماندووبوونە بکێشن” باشترە بگەڕێنەوە بۆ ناخی خۆتان، خودا لێرە نییە لە ناخی خۆتاندایه، خودا شوێنی نییه، خودا ناشوێنە و دابەش دەبێت بەسەر گیانی مرۆڤەکاندا، نەک بەسەر زەویەکاندا. قبیلەی بڕواداری ڕاستەقینە دڵی خۆیەتی، نەک حیجاز.”(2).
ئەو مرۆڤە ترسنۆکانە، لە جیاتی ئەوە یاخی ببن و ئەقڵیان بەکاربێنن و بیربکەنەوە و مرۆڤ بوون بکەن بە پێوەر و مرۆڤایەتی بە ئایین، کەچی هاتن و زۆر ترسنۆکانە، چوونە سەر مەزهەبی کەرێ! ئەو جۆرە مرۆڤە به کەربووە هەرچی لێ بارکەیت نقەی لێوەنایەت.
داروین و زاناو پسپۆڕانی بواری(ئیڤۆڵەیشن) خۆزیا لەجیاتی ئەوەی بێن و مرۆڤ و مەیموون بەراوردکەن و بڵێن: مرۆڤ 46 کرۆمۆسۆم لەهەر خانەیەیەکیدا هەیەو لە بەرامبەریشدا مەیموونی چامپانزی 48، بهاتباناو بیانگوتبا: کەر و هەندێک لە مرۆڤەکان یەکسانن لە کرۆمۆسۆمەکان و هەردووکیان خاوەنی یەکەو پەنجا بە پەنجای کرۆمۆسۆماتن. بە خوای تاوان و لادانە مەیموونی ژیر و هۆشیار، بە بەعزێک مرۆڤی وەعی نزم و خەرەفاو مەڕیزم بەراوردکەیت.
من بڕوام وایە هەر لە کاتی زگماکی و بەر لە دایکبوونیانەوە، ئەو جۆرە بوونەوەرانە تێکەڵیەکن لە مرۆڤ و کەر، لە یەککاتدا هەڵگری کرۆمۆسۆم و جیناتی هەم کەر و هەم مرۆڤن. بۆیه من پێیان دەڵێم: کەرۆڤ. ئەو کەرۆڤانەی بوونەتە کۆیلەی بتەکانی خێڵ و نەریت و مەزهەب و نێرسالاری و چی و چی و چێژێکی مازۆخیانە و کەرۆڤیانەی خۆیان و لە قسە نەکردن و ڕادەست بوون و بێ دەنگ بوونە دەبەن. ئەو کەرۆڤانەی من دڵنیام خوداش لە دروستکردنیان پەشیمانە. ئەو خودا بێدەنگەی کە لە هەمبەر ئەو هەموو ناعەدالەتی و جەنگ و داگیرکاری و ستەم و ژن کوشتن و مرۆڤ ئەتکردن و ژیان وێرانکردن و ماڵوێرانکردنەی بوون، لە خۆیان بێندەنگترە، ناڵێم.
ئەو خودایەی ناو کتێبه مەزهەبی و فیقهی و مێژووییەکان نا، کە هیچ جیاوازیەکی نییه لەگەڵ ئەو بتانەی کە خۆی داوای ڕوخان و نەمان و له ناو بردنیان دەکات. کەچی بووەتەوە بە هەمان بت.
نەخێر من لەگەڵ ئەو خودایەم نییە، بەڵکو من باسی ئەو خودایە دەکەم کە لە ڕێی ویژدان و سروشتەوە ناسیم، ئەو خودایەی سپینۆزا. خودای من خودایەکە هەرچی مەزهەب و ئایینە هەمووی ڕەتدەکاتەوە. خواکەی من پێم دەڵێت: ئایینیش وەکو عیشق، دەبێت لەڕێگەی ڕۆحەوە بگات، نەک شمشێر و زۆری و سەپاندن. خوداکەی من پێم دەڵێت: مرۆڤایەتی پێویستی به خۆشەویستیە خۆشەویستی، نەک ئایین. ئایینی خوداکەی من، عیشق و مرۆڤ بوونە مرۆڤ بوون. ئایینی خوداکەی: مرۆڤ دۆستی و ویژدان دۆستی و ژینگە دۆستی و سروشت دۆستی و نەتەوە دۆستی و ئاژەڵ دۆستییە.
بۆیە من هیچ کاتێک لەسەر جیاوازی دید و بۆچوون و ئایینی جیاواز، ڕقم لەکەس نابێتەوە و هەرگیز، بە کەمیش سەیری هیچ کەسێک ناکەم و ڕێز لە هەموو مرۆڤێک (تەنانەت سەگێکیش) دەگرم و هەموو مرۆڤایەتیم بێ جیاوازی خۆش دەوێت و جوانترین و ڕاسترین و پاکترین ئایینیش لای من، تەنها، مرۆڤ بوونە و لێرە و لە قیامەتیش هەر ئەو ئایینی مرۆڤایەتیەش کۆتا ڕێگا و ڕێبازی قەتعی منە و وەکوو گەورە سۆفیزم و عاریفی مەزن(ئیبنولعەرەبی) دەڵێم: لقد صار قلبي قابلاً كل صورة فمرعي لغزلان ودير لرهبان وبيت لَاوثان وكعبة طائف وألواح توراة ومصحف قريَ‌نأدين بدين الحب أنّي توجــهت ركائبه فالحب ديني وإيماني.
وەکوو مەولاناش دەڵێم: حەقیقەت جامێک بوو شکاو هەرکەسەو پارچەیەکی بەرکەوت.
من باوەڕم بە پلورالیەت هەیە، بەڵێ پلورالیەت. من لە زومڕەی ئەوانە نیم کە تەنها خۆیان پێ ڕاست و بەهەشتی و، هەموو خەڵکی تر بە جەهنەمی و هەڵە دادەنێن. ئەو جاهیلانە جگە لە ڕوانگەی خۆیان هەموو شتێکیتر ڕەتدەکەنەوە!
تۆ سەیرکە هەر ئەو قورئانەی خۆیان باوەڕیان پێیەتی و دیارە لێشی حاڵی نەبوونە دەڵێت (الَّذِينَ يَسْتَمِعُونَ الْقَوْلَ فَيَتَّبِعُونَ أَحْسَنَهُ ۚ أُولَٰئِكَ الَّذِينَ هَدَاهُمُ اللَّهُ ۖ ؤأُولَٰئِكَ هُمْ أُولُو الْأَلْبَابِ)، ئەو القول)ـە، هەر قەولێک و گوتنێکی جوانی هەر فەیلەسوف و بیرمەند و زانا و وێژەوان و کەسێک بیت، دەبێت سەرنجمان ڕابکێشێت. کەچی ئەو فێندەمێنتالیزم و ناحاڵیانە جگە لە ئاین و قسەی گیرفانی خۆیان، حیساب بۆ قسەی گەورەترین فەیلەسوف و ئەکبەر واحید ناکەن.
ڕاستە کە من باوەڕم بە هیچ ئاینێک نییە و تەنانەت ئەو خودایەش کە من دەیناسم، وەکوو وتم: خودای ئایینەکان نییە. بەڵام هەڵبەت من گاتاکانی زەردەشت و دەقەکانی ئینجیل و فەلسەفەی ئەخلاق لای بوداو گووتەکانی ئۆشۆ و دالارمێ و مارکس و مەسیح و هەموو ئەو بیرمەند و ڕیفۆرمخواز و زانایانەش دەبینم، کە بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی خزمەتی ژیان و شارستانیەت و مرۆڤایەتیان کردووە و گۆڕانکاریان دروستکردووە و شۆڕشێکی ڕۆشنبیری و فیکری و مەعریفی و زانستی و هۆشیاریان بەرپاکردووە.
ئینجا گەر(نیوەی پێغەمبەرانی تەورات بخەرە لایەك و بە تەنیا سوقرات بخە لاکەی تر، سوقرات قورسترە، نیوەی پێغەمبەرانی قورئان بخە لایەك و بە تەنیا کۆنفۆشیۆس بخە لاکەی تر، کۆنفۆشیۆس قورسترە، کەچی پێمانوایە ئەمان کەسی پیرۆزن و ئەوان کەسی ناپیرۆز، لە کاتێکدا ئەوانە هەر هەمان ناوەڕۆکن بە ناوی جیاوەو خۆ ئەگەر وا نەبێ، ئیتر خوا هی هەمووان نیەو هەر هی ئەم ناوچەیەبووە!
ئەسڵەن ناوەڕۆکەکە، لەدنیای نوێدا زیاتر دیارە، کەچی تۆ پێتوایە یارییەکە لە فڵاندا تەواوبووە! غاندی و مارکس و کانت و، (زەردەشت) و کێ و کێیتری خۆمان.. ئەمانە بە پێغەمبەر بیانپێوی، زۆر لە پێغەمبەری ئاسایی قورسترن و لە ئولی عەزمەکانی مرۆڤایەتیین!.”( 3 ).
زۆر خەتەره زۆر، مرۆڤ: ژیان و گەردون و مرۆڤایەتی، تەنها لە ڕوانگەی تاقە کتێبەکەوە ببینێت و بخوێنێتەوە. دنیا زۆر لەو چاڵە فیکریەی کە ئێمە تێیدا خۆمان قەتیس و زیندانی کردووە، فروانترە.
ئینجا ئەوە فەلسەفە و پڕەنسیپی منە: کە هەرکاتێک گەیشتیت بە من، ئایین و مەزهەب و نەتەوەو هەموو شتێکت بۆخۆت و لەگەڵ من تەنها مرۆڤ بەو بەس، زیانت بۆمن نەبێت و دەست لە ژیانی تایبەتیم وەر مەدە و ڕێز لە هەڵبژاردنەکان و ئازادیەکانم بگرە و بەس.
بوودا وتەنی حەزدەکەیت: بەرد بپەرستە، من عیلاقەم چییە!؟ بە مەرجێک: ئەو بەردە مەگرە من، بەو بەردە لە کەسایەتی و ئازادی بوونی من مەدە. ســەرویـن وای دەگـووت.

1- مەیخانەی ئۆرتینە، نەبەز گۆران، ل11٠.
2- هەمان سەرچاوە، ل62.
3- پەیکار عوسمان، ماڵپەڕی: ڕوانگە و ڕەخنە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت