بەهرۆز جەعفەر: کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ دژایەتی کوردو کوردستان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەرئەوەی:
1- ڕابەری کۆماری ئیسلامی دۆخی تەندروستی نا-جێگیرەو، دەنگۆی مردنیشی هەیە، لەم کاتەدا گرفتی دۆزینەوەو دانان و دانە-نانی “ڕابەر” لە ئێراندا سەریهەڵداوە (سەرهەڵئەدات).
2- نزیکەی دوو هەفتەیە زیاتر لە ( 50 ) شاری ئێران هەستاونەتەوەو، داوای ئازادی و فۆڕمێکی باشتری ژیان لە حوکمی چل ساڵەی مەلاکان ئەکەن. زیاتر لە چل ساڵە ئابڵوقەی ئابوریی سەر ئێران و گەندەڵی و گروپ-گروپێنەی سیاسی و خزمایەتی لە دەستەڵاتی ئێراندا دۆخی ژیان و ناڕەزایەتی هاوڵاتییانی ووڵاتەکەی گەیاندۆتە لوتکە.
3- چینی گەنجان و کچان و کوڕانی ئێران بۆشاییەکی زۆر گەورە لە نێوان خۆیان و تێگەیشتنی سیستەمەکە ئەبینن و بەهۆی شەپۆلی تەکنەلۆژیاوە ئاگاداری ووردو درشتی ڕووداوەکانن.
4- شۆڕشەکە شۆڕشی ژن و بەشداری بەرچاوی ژن و ڕووبەڕووبونەوەیە لەگەڵ ژندا، کە تێکڕا داوای ئازادی پۆشاک و ژیان ئەکەن. لە پەیوەند بە دۆسیەی “ژینا ئەمینی” شەوە، بە سەدان فیگەرو کەسایەتی و ئەکتەری ئێرانی بە فارس و کوردو تورک و ئازەر..و.. تادواییەوە بە نەتەوەیەکگرتوەکان و دەیان دەوڵەت و سەدان ئاژانسی گەورەی ئەم دونیایەوە ئیدانەی ڕەفتارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان کردووە.
لەبەرئەو هۆیانەی سەرەوە، پێویستی بەوەیە کە:
5- کێشەکان فڕێ بداتە دەرەوەی سنورەکانی خۆی، دەمێک بەریتانیاو دەمێک ئەمریکاو ئیسرائیل تۆمەتبار ئەکات. لە دەرەوەی خۆی جگە لە “کورد” و “کورد” و “کورد” و ” کورد” لە هەرچوار پارچەی کوردستان کەسی دیکە نابینێت کە پەلاماری بدات. ناتوانێت گولـلە شووشەیەک بگرێتە ئیمارات، تەنانەت کوەیت کە گەڕەکێکە لە بندەستیدا. ناتوانێت تەنانەت لێدوانێک دژی بزوتنەوەی تاڵیبان بدات، هەڕەشەیەکی بۆ نەچووەتە سەر بەرانبەر ئیسرائیل ئەنجامی بدات. لەناو تاراندا ئیسرائیل بە ڤیدیۆ لێپێچینەوەو لێکۆڵینەوە لە ئەفسەرە ئێرانییەکان ئەکات. کەچی هەر پەلاماری کوردو کوردو کوردو کورد ئەدات. باشترین و بێوەی ترین و بێ کاردانەوەترین ڕێگە ئەو هەڵی بژێرێت ئەوەیە مووشەکبارانی کوردستان بکات. بۆ ئەوەی خەڵک بترسێنێت ملی هەزاران کوردی کردووە بە سرنگدا. چونکە کورد درۆنی نییە، مووشەکی بالیستی و دەوڵەتی نییە.
6- هەروەها کۆماری ئیسلامی، گەرەکیەتی و زۆریش پێویستی بەوەیە حیزبە چەکدارەکانی ئێران ڕابکێشێتە ناو ململانێکانەوەو، تەقو تۆقێکی چەکدارییان لەگەڵ بکات، تاوەکو بە خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران و ڕای گشتی جیهانی بڵێت ” ئەم کوردانەن لە پشت ڕاپەڕین و خۆپێشاندانەکانەوەن”.
بەگشتی کۆمارە ئیسلامییەکەی ئێران، بۆ دەرەوەی خۆی و بۆ پەلاماردانی کوردستان دەیان سیناریۆی لە قوتونراوی هەمیشە ئامادەیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت