عەبدولکەریم شێخانی: خرتکە و پرتکە/ بەشی سییەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان
بە بۆنەی جەژنی ڕەمەزان گەرمترین پیرۆزبایی لە هەموو موسڵمانانی جیهان و بەتایبەتی لە گەڵی کوردی موسڵمانی بە دەستی موسڵمانی درۆزن کوژراو و لە ئاین لادەر دەکەم. لەم جەژنە چاوەڕوانی ئەوە بووین حکوومەتی هەرێممان جەژنانەمان بداتێ, کەچی مووچەکەی خۆشمانمان وەرنەگرت و ڕەنگە بەیانێک دەربکات و لە تەلەفزیۆن جەژنە پیرۆزەمان لی بکات, بەڵام من زووتر ئەو پیرۆزباییەتان لێ دەکەم و هی منیش وەکو هی حکوومەت هەر قسەی ڕووتە و فلسێکی تێ ناچێ و قسەی ڕووتیش ناچێتە ناو گیرفانەوە, بەڵام ئەوەی هەیە من لە دڵەوە خۆشم دەوێن و هەر خۆشەویستیشم هەیە پێشکێشتانی دەکەم و بەگەورەیی خۆتان لێم قبووڵ کەن.
پێش ئەوەی هیچ شتیک بنووسم زۆرم بیر لەم دانارە (بابەتە ) کردەوەو هاوشێوەی ئەوەم لە وڵاتانی دنیا هێنایە بەرچاوی خۆم و ویستم بابەتیانەو بێ لایەنانە لێی بدوێم, هەرچەندە دەزانم ڕەنگە هەندێک کەس بە جۆرێکی دیکە لە نووسینەکەم بڕوانن و بەلاڕێیدا ببەن و بە شێوەیەکی دیکە لێکی بدەنەوە، بەڵام من باکم بە قسەی کەس نییە, چونکە من لەڕووی پەرۆشی و دڵسۆزیمەوە قسە دەکەم و چاوم لە هیچ بەرژەوەندییەک نییە لەلایەن هێچ کەسێکەوە و ناشمەوێ خوانەخواستە هیچ کەس و لایەنێک بریندار بکەم.
ئەوەی لە لەندەن ڕوویدا بەرانبەر بە کاک مەسروری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان, من بە کارێکی زۆر ئاسایی دەبینم و ئەو جۆرە ڕەفتارانە ڕۆژانە لە وڵاتانی دنیا ڕوودەدەن و وڵاتە دیموکراتەکان وا بە هەستیاری وەریناگرن. بیرمە پێش هێرش کردنە سەر عیڕاق لەلایەن ئەمریکاو هاوپەیمانانەوە کە بەریتانیا یەکێک بوو لەوانە, لە بەریتانیا خەڵکی خۆپیشاندانیان دەکرد و دژی هێرشکردنە سەر عیڕاق بوون, بە تایبەتیش دژی بەریتانیا وەستان. لەو کاتانەدا (تۆنی بلێر) ی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا سەردانی یەکێک لە زانکۆکانی لەندەنی کرد نازانم ( کامبریدج, یان ئۆکسفۆرد) بوو, قوتابییان دایانە بەر ڕێژنەی تەماتە. تۆنی بلێر دەستی بەسەریەوە گرتبوو تا بەر سەری نەکەوێ. تەماتەیەکی گەورە بەر چاکەتەکەی کەوتبوو, بڕواتان بێ پەڵەیەکی بەقەد لەپە دەستێک بە چاکەتەکەیەوە دیار بوو و هیچ کاردانەوەیەکی دەمارگیرانەى نەبوو و کەسیش هێرشی نەکردە سەر ئەوانەی تەماتەبارانیان کردبوو.

لەم یەک دوو ڕۆژانەدا ئەمەم لە ڕۆژنامەی ( الشرق الأوسط ) خوێندەوە:
سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ( دۆناڵد تڕامپ ) لە گەواهی دانێکیدا دواى سوێند خواردن, دووپاتی کردەوە کە ساڵی 2016لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردندا لەوە دەترسا خۆپبشاندەران چەند جۆرە میوەیەکی زۆر مەترسیدارى وەک تەماتە و ئەناناس و مۆزی تێگرن. چونکە ئەو شتانە بەڕای ئەو ڕەنگە کوشندە بن, بەڵام وا دیارە ترسی لە هێلکە نەبووە.
جاران لە گۆڕەپانی خەبات و تیکۆشان لە کوردستان تەنیا پارتی هەبوو, مەبەستم لە ساڵی 1946ەوە و هەر ئەو ساڵە ( حزب التحرر الوطنی ) ی ڕووی ئاشکرای حزبی شیوعیی عیراقی دامەزراو لە گۆڕەپانەکە بوونە دوو حزبی ڕکابەری یەکدی. ئیدی هەروا مایەوە ( شیوعی و پارتی ) لە کوردستان. دوای هەرەس هێنان و نسکۆی شۆڕش لەساڵی 1975 حزبی دیکە لە کوردستان سەریان هەڵدا, وەک یەکێتی و حسک و پاسۆک و زەحمەتکێشان, ئیدى هەر حزب بوو دروست دەبوو, تا واى لێهات ئێستا ژمارەیان گەییوەتە 17 حزب. رەنگە ئەو حزبانە هاوئامانج بووبن بەڵام هاوڕا و هاوبۆچوون نەبوون, چونکە ئەگەر وابوونایە, ئەوا هەموویان دەکەوتنە چوارچێوەی حزبێکەوە و دەبوونە یەک حزب. بێ گومان ئەندام و هەوادارانی یەک حزب تا ڕادیەک تەبان و ڕقیان لە حزبەکانی دیکەیە و هیچ حزبیک ئەوی دیکەی خۆش ناوێ و با سەرزارەکیش واى دەرنەخەن, بەڵام لە دڵەوە هیواى نەمانی یەکدی دەخوازن و ئەمە لە هەموو دنیا وایە. ئەوەتا وەک نموونە حزبی کۆماری و حزبی دیموکراتی لە ئەمریکا و حزبی کرێکاران و حزبی موحافەزەکاران لە بەریتانیا. بۆیە نە حزبەکان کەیفیان بە یەکدیکە دێت و نە سەرۆک و باڵادەستەکانیشیان. لەبەر ئەوە زۆرجار لە گەلێک هەڵوێستدا دژی یەکدی دەوەستنەوە و تەنانەت شەڕ و کوشتاریش لە نێوانیاندا ڕوو دەدات هەر وەک لە شاخ دیمان و دوژمنایەتی کردنی یەکدی تێکەڵ بە خوێنیان بووە. لەبەر ئەوە نابێ هیچ لایەک لەو حزبانە چاوەڕانی ئەوە بێ کە هەموو لایەک وەک هەوادارانى حزبەکەی خۆی خۆشیان بوێ و خۆى بە پیرۆز بزانێ و بێ گومان بەرهەڵستکاری بۆ پەیدا دەبێ و لەوانەیە ڕووبەڕووی هەڵوێست و قسەی ناشایستەش بێتەوە, چونکە ئەوەی سیاسەت بکا, دەبێ چاوەڕوانی ئەوە بێ کە بەرهەڵستکاریشی دەبێ, وەکو پەندە کوردییەکە دەڵێ: (ئەوەى بچێتە ڕاوە ماسی پاشەڵى تەڕ دەبێ ).
ئەو جیاوازیی بۆچوونە ڕەنگە لە نێو خێزانێکدا سەر هەڵبدات, دوو برا, باوک و کوڕ, دایک و کچ لەوانەیە ڕایان وەکو یەک نەبێ. زۆرمان دیوە لەسەر ئەو جیازییە, ئەندامانی خێزانێک لەگەڵ یەکدیکە کۆک نەبوون. هەروەها لە نێو ئەندامانی خێڵێک و ئیدى سەرکەوە بۆ ناو کۆمەڵگا کە هەرگیز ناکرێ بیر لەوە بکەینەوە کە دەبێ هەموویان یەک جۆر بیر و بۆچوونیان هەبێ. تەنانەت لە نێو حزبیشدا ئەو جیاوازیی بیرو بۆچوونە هەیە و هەرگیز ناکرێ وابزانین ئەوەی لە سەرەوە گوترا، دەبێ هەتا خوارێ هەموویان وەکو یەک بیر بکەنەوە. ئەگەر وابوو, ئەوا مرۆڤ دەبێتە ڕۆبۆت و وەک بووکەڵەی قوڕمیش کراوی لی دێت و دەبێ زوو زوو قورمیش کرێتەوە. هەر ئەو جیاوازیی بیر و بۆچوونەشە دەبێتە هۆی کەرت بوون و لێک ترازان لەنێو حزبدا و هیچ حزبێک لەوە بەدەر نییە و ئەگەر بە ئاشکراش دەرنەکەوێ بێ گومان دیارە لە ئەنجامی گوشارێکی لەڕادەبەدەر سەر هەڵنادات.
ئەو جیاوازیی بیر و بۆچوونانە بوو لە پەنجاکان حزبی شیوعیی عیراقی دووچاری کەرت بوون و لێک ترازان کرد و زیانێکی زۆری پێ گەیاند, تا دواجار بە هەوڵی دڵسۆزان یەکتریان گرتەوە. بەڵام بە داخەوە حزبەکانی دیکە ئەوە ناکەن و هەتا ناو گۆڕەکە دوژمنایەتیی یەکدی دەکەن و تەنانەت هانا بۆ دوژمنانیان دەبەن لە پێناوی سەرپێ شۆڕکردنی ڕکابەرەکانیان.
با لەم ڕووەوە سەیرێکی حزبە ئیسلامییەکان بکەین, کە وەکو موسڵمان هەموو یەک خوا و یەک پێغەمبەریان هەیە کە چی وەکو ڕێکخستنی حزبی لێک جیان و چەند جارێکیش پێشنیازکراو هەوڵ درا بۆ یەکگرتنەوە, بەڵام یەکیان نەگرتەوە و نەبوون بە یەک حزب. ئەوە خۆ باسی داعش هەر ناکرێ کە هەر بە ناوی خوا و پێغەمبەر وەک کارە کۆرپە خەڵکیان سەردەبڕی, بێجگە لە تاوانەکانی دیکەیان بەرانبەر بە خەڵک کە لە دڕندە، دڕندەتر بوون.
وەکو گوتم حزبەکان و سەرانیان بە چاوى نەیار سەیری حزب و سەرانی ئەوانی دیکە دەکەن, خۆ دەبێ بەرانبەر بەوە ئەمانیش چاوەڕوانی ئەوە بن کە حزبەکانی دیکە و سەرانیان ئەوانیش بەو شێوەیە سەیری ئەمان بکەن, واتە هاوڕق و هاوناحەز و هاونەیاری یەکترن. بۆیە ئەوەی لە لەندەن ڕووى دا بەرانبەر بە کاک مەسرورى سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەنجامی گۆڕینەوەى ئەو یەکتر قبووڵ نەکردن و ئەو بارودۆخە داراییە ناهەموارەی ئێستاى هەرێمی کوردستانە و وەکو دەڵێن تۆ گەر بە شەق وزیللە بەربیتە یەکێک , گوناحە رێی هاوار و باوکەڕۆی لێ بگری.
هەر ئەو ڕاو بۆچوونە جیاوازەیە خەڵک دێنیتە سەرشەقام و ناڕەزایی دەردەبرن و هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش بەشەق بەردەبنە مامۆستا و دکتۆری زانکۆ, یان ئەفسەرێک شەق لە کەللـەی سەری قوتابییەک هەڵدەدات. ئەو ناحەزی نواندنە بەرانبەر دەسەڵاتی هەرێم و کاربەدەستان لە ئەنجامی نادادی و نایەکسانی و برسی کردنەوە سەرى هەڵداوە. دەتۆ وەرە دادپەروەر بە و مافی هاووڵاتییان زەوت مەکە و مووچەیان لە کاتی خۆی بدەیە و داهاتەکان بە ڕوونی و تراوی, واتە بە شەفافی بۆ میللەت دەربخە و وەک یاپراخ مەیشارەوەو وەک بە یاپراخ دەڵێن ( ئەگەر حیلە نەداری چرا لەف لەف میکونی ) و وردە وردە مووچە بەزۆر پاشەکەوت کراوەکانیان بدەوە, بزانە چۆن خۆیانتان بە قوربان دەکەن. میللەت چاوەڕوانی ئەوە دەکات کە پاداشتی قوربانی دانەکانی بدەنەوە, نەک برسی بکەن و سزای بدەن. ئەگەر خەڵک ناڕازییە لە ئەنجامی نادادپەروەریی ئێوەیە و وەکو دەڵێن ڕق و خۆشەویستیی هاوبارانبەرن و گەر خۆشت بوێم, خۆشم دەوێیت و گەر ڕقت لێم بێتەوە منیش ڕقم لیت دەبێتەوە. چەند دەمێکە ئەو خەڵکە دلسؤزە هاوار دەکەن, تکایە هەتا زووە بەخۆتاندا بچنەوە و میللەت ئاشت بکەنەوە با کار لەکار نەترازێ, چونکە خوانەخواستنە ئەگەر بقەومێ, لە هەموومان دەقەومێ و دەگەڕێینەوە سەرچوارگۆشەی یەکەم و مێژووش رەحم بەکەس ناکات.
توخوا با ئەو قسە خۆشەشتان بۆ یگێڕمەوە، چونکە ئەویش هەر دەچێتە خانەی بۆچوونی جیاوازەوە. هەموومان دەزانین کە فەروەی عەڕەبی هەیە لە پێستى بەرخ دروست دەکرێ و زۆر جوانەو گەرمیشە بۆ زستان کە بەشاندا دەدرێت و خورییەکە دەکەوێتە دیوی ناوەوەو پێستەکە بۆدەرەوەیە. جارێکیان کوردێک فەروەی بەشانی خۆی داداوە, بەڵام خورییەکەی بۆ دیوی دەرەوەیە, عەڕەبێک دەیبینێ و دەڵێ ( کاکە مایصیرلازم الصوف جوە). کوردەکە دەڵێ ( د روح یابە قابل عرب أعقل من الخروف ). واتە دەبڕۆ , قابیلە عەڕەب لە بەرخ ئاقلتر بێت. مەبەستی ئەوەیە بەرخەکە خورییەکەی بەدەرەوەیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت