بەهرۆز جەعفەر: وزە شارستانیەتی خۆرئاوا ئەخاتە ژێر پرسیارەوە, ئەم ڕووداوانە چۆن کاریگەریی ئەخەنە سەر هەرێمی کوردستان؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

من پێش ئەوەی وەک توێژەرێک بجوڵێمەوەو، نوێنەری داتاکانی بەردەست و کەرەستە تیۆرییەکان بم، بۆ دەستنیشانکردنی جۆر و شێوازی پەیوەندییەکانی هێز، “کوردم”. ئەمەش تاڕادەیەک یەکانگیر ناوەستێت. بەڵام لە جیهانێکی وا ترسناکدا، سەلامەتی، بەرزڕاگرتنی کوردستان و دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی لە هەر پیشەگەرییەک لە پێشترە.
ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، کاری گەورەی بۆ کورد کردووە لەناوچەکەدا. لە میانەی ڕووخانی دیواری بەرلین و کۆتایی هاتنی جەنگی سارد و جەنگی کەنداوەوە، سیستەمی جیهانی نوێ بۆ کورد کەمی نەکردووە، ناوچەی دژە فڕینیان دوای ئەنفالەکان دیاریکرد، هەرێمی کوردستان وەک دیاردەیەکی مێژوویی لەناو نەزمی نوێی سیستەمی نێودەوڵەتی دا بەشێوەی دانپیانراو لە دایک بو. شەڕی ناوخۆی کورد دەرهاویشتەی شەڕی ئێران – عێراقی زیاتر پێوە دیاربو، کەچی ئەمریکا نێوبژیوانی کردن و کۆتایی پێهێنا. سەدام حوسەینی دیکتاتۆریان لە عێراق ڕووخاند، کورد بوو بە فەرمانڕەوای کەرکوک، دەستورێکیان بە قازانجی کورد لە عێراق نووسییەوە. کورد بوون بە سەرۆک کۆماری عێراق و وەزیری دەرەوە. خۆرئاوا بە دەیان ملیار دۆلار فەندی هەزاران ڕێکخراوی جیاجیان کرد لە بواری جیاجیادا. بە هەزاران هەزار کورد چوونە زانکۆکانی ئەمریکا و ئەوروپا خوێندنیان تەواوکرد. لەشەڕی داعش و دژە تیرۆردا لە زەوی و ئاسمانەوە هاوپەیمانان هاوکار بوون. لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەگەر ئیدارەی ئەمریکا نەبوایە بە شەوو ڕۆژێک ئێران و تورکیا خاکەکەشیان داگیر ئەکردو خەڵکەکەشیان ئەکوشت. بە ئێستاشەوە ئەمریکاو ئەڵمانیا هاوکاری ماددی و لۆجیستی هێزی پێشمەرگە ئەکەن. چەندین جار کورد چوونە کۆشکی سپی و بە ملیۆنەها هەواڵ و ڕاپۆرت و هاشتاگ لە میدیای جیهانی دا لەسەر کوردو کوردستان بڵاوکرایەوە. بە دەیان سەرۆک و سەرکردەی خۆرئاوا پەیام و نامەی پاڵپشتییان بۆ کورد ناردووەو (ئەنێرن).
کورد وەکو خەڵک، دامودەزگا و سیستەم خۆی بۆ خۆی بە باشی لە جیهانی مۆدێرن تێنەگەیشتووە کە کاری تیادا بکات، لەجیاتی ئەوە بەرد ئەگرێتە مۆدێرنیتەو جیهانی مۆدێرن. ئۆباڵی مەینەتییەکانی خۆی ئەخاتە ئەستۆی ئەو جیهانەی کە هەر کەرەستەیەکی بۆ ئاسانکاری مرۆڤ فەراهەمکردووە. ئێمە کە نەمانتوانی “هێز” بناسین و شێوازی دابەشبونی پەیوەندییەکانی هێز بخوێنینەوە، لە پەیوەندییە گشتییەکان و گروپەکانی بەرژەوەندی و لۆبی کردن دا کۆڵەوار بوین، لە چییەتی شتەکان و بەکارهێنانیان نەگەیشتین، ئەوکاتە تاکە ڕاسپاردە بۆ “کورد” هەر ئەوەیە، لەکاتێکدا دونیا خۆی بۆ ڕووبەڕووبونەوەی قەیرانە گەورەکانی ئەم هەسارەیە لەڕێگەی سەدان دامودەزگاو ناوەندی توێژینەوەوە ئامادە ئەکات، کوردیش تێبگات کە بەشێکە لەم هەسارەیە. کە گرفتەکانی تێکچونی کەشوهەوا، قەیرانی هەڵاوسانی ئابوری و هەڵکشانی ناکۆکییە جیۆپۆڵەتیکییەکان بەیەکەوە هەڕەشەی گەورەن و، خۆی بۆ ئامادەبکات.
جەنگەکە! باهۆزەکە سەرشێتانە هەڵیکردووە، پێ ناچێت ئەوروپای دۆست شتێکی بۆ کورد پێ بکرێت (مەگەر خۆی).
لە بەرەبەیانی 24 ی شوباتی 2022 ەوە تارمایی جەنگی ڕووسیاو ئۆکراینا هەموو جیهانی تەنیوەتەوە. وا دەرناکەوێت لەسەرەتاوە تا ئێستا لە تاکە یەک ڕووبەردا خۆرئاوا خاڵێکی بەهێزی تۆمار کردبێت. بەڵکو هەموو ئاماژەکان وەهان، کە بلۆکی چین و ڕووسیا زۆرترین یان ” هەموو گۆڵەکانیان” تۆمارکردووە:
یەکەم/ ڕووسیا دەستی بەسەر وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا دا گرت لە ئۆکراینا، کە گەورەترین وێستگەی ئەتۆمی هەموو کیشوەری ئەوروپایە. لەمەش زیاتر لە 5 ی ئۆکتۆبەری 2022 دا ڤلادیمێر پۆتین سەرۆکی ڕووسیا مه‌رسوومێكی سه‌رۆكایه‌تی واژوو كرد و به‌ گوێره‌ی مه‌رسوومه‌كه‌، وێستگه‌ی ناووكی زاپۆریژیا موڵكی رووسیایه‌.
دووەم/ ڕووسیا هەر لە (2014) ەوە دەستی بەسەر دوورگەی قرم “کریمیا” دا گرت لە باکوری دەریای ڕەش، دوورگەکە یەکێک لە مینا ستراتیجییەکان “مینای سیفاستۆبول” ی لە ئەستۆدایە. کە ئێستا بنکەیەکی گەورەی سەربازیی و ئوستوڵی ڕووسیایە. ئەمەش وا ئەکات لە ئاوەکانی خوارەوە هیچ هاریکارییەک نەگاتە هێزەکانی هاوپەیمانان.
سێهەم/ ڕووسیا توانی سەرکەتوو بێت لە سەپاندنی فرۆشتنی گازی سروشتی بە ڕۆبڵی ڕووسی نەک بە دۆلار.
چوارەم/ هەموو تەمەنی یۆرۆ (30) ساڵە ئاوها ئاستی نزمی تۆمار نە- کردووە. بە هۆی قەیرانی ووزەو هەڵاوسانی بازاڕ و بەردەوامی جەنگی ڕووسیاو ئۆکرایناوە.
پێنجەم/ جەنگی ڕووسیاو ئۆکراینا و پرسی گازی سروشتی بە تەواوی شارستانیەتی ئەوروپاو خۆرئاوای خستە ژێر پرسیارەوە. بە ملێونەها باڵەخانەی بەرز بە داهاتی خۆرهەڵات بەرزکراونەتەوەو بە نەوت و گازی ئاسیا ئیش ئەکەن و ڕووناکیان هەیە. ئەوەتا لەدوای کاتژمێر 11 ی شەو ڕووناکیەکانی بورجی ئیڤڵ ئەکوژێننەوە.
شەشەم/ لە ڕووی تیۆرییەوە گوتیان جیۆپۆلەتیک لە بازاڕ گرنگترە.
حەوتەم/ لە ساڵی 1990 ەوە، لە دوای جەنگی کەنداوی دووەم دەستاو-دەستکردنی ئیمپریالیزم کرا، بەریتانیا ناوچەکەی ڕادەستی ئەمریکا کرد، ئەو چرکەساتەی جۆرج بۆشی باوک ناوی ناوە ” سیستەمی جیهانی نوێ- النظام العالمي الجدید”، تا تەمموزی 2022 کە جۆ-بایدن سەرۆکی ئەمریکا سەردانی کەنداوی کرد، بە دەیان شێوە خۆرئاوا و ئەمریکا ئامادەگییان لەناوچەکە هەیە..کەچی ڕووسیاو چین و ئێران بێ ئەوەی یەک دۆلار خەرج بکەن بوونێکی زۆر زیاتریان لە تەواوی کەنداوی عەرەبی هەیە بە عێراقیشەوە.
هەشتەم/ شەڕەکە لە 24 شوباتی 2022 ەوە، ئەگەرچی زیانە مرۆییەکەی وایە بە دەیان هەزار سەربازی ڕووسیا کوژراون، بە هەزاران تانکی ڕووسی تێکشکێنراون، بەڵام بە ملێونەها ئەوروپی و ئۆکرانی لە شوێنی خۆیان هەڵکەندراون و دەربەدەر بوون، دەرگای بۆ کۆچی ملیۆنەها کەسی ئەملاولای دیکە کردەوە. خەرجی ئەم جەنگە بە زیاتر لە (3) تریلیۆن دۆلار لەسەر ئەمریکاو ئەوروپا کەوتووە. ئەوە بێجگە لەوەی، زۆر نییە پەتای کۆرۆناش چەندین تریلیۆن زیانی ئابوریی بە خۆرئاوا گەیاندووە.
نۆیەم/ پۆتین 15% ی خاکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکراینای دابڕی و خستییە سەر ووڵاتەکەی خۆی. بۆ ئەوەی هێڵی پێشەوەی جەنگ بن لەگەڵ دوژمنەکانی ڕووسیادا.
دەیەم/ ئەو هەموو فشار و مانۆڕە جیاجیایانەی دیموکراتەکان بەگشتی و جۆبایدن کردی، بەتایبەت لەسەر ئۆپیک، هەموو فشاری ئەمریکا لەسەر ئەوە بو کە ئۆپیک بڕی کەمتر لە ملیۆنێک بەرمیل نەوت دابنات لە بڕیاری کەمکردنەوەی خستنەڕوودا، کەچی ئۆپیک لە 5 ی ئۆکتۆبەری 2022 دا بڕیاریدا بڕی خستنەڕووی نەوت بۆ (2) ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە کەم بکاتەوە، بۆ ئەوەی نرخ هەر بە بەرزی بمێنێتەوە. تەنانەت لە لۆکسبۆرگ هەمان ڕۆژ وەزیرانی دارایی هەموو وڵاتانی ئەوروپا کۆبونەتەوە بۆ چۆنێتی مامەڵە کردن لەگەڵ قەیرانەکان، بونەتە سێ بەشەوەو نەگەیشتونەتە ئەنجام.
یانزەهەم/ سەرەڕای کاریگەرییەکانی خۆرئاوا لە ڕووی میدیایی و کۆمینیوکەیشندا، پۆتین توانیتی ئەو پەیامە بگەیەنێت کە ئەو هیچ ڕێگە چارەیەکی دیکەی نەبووەو نییە جگە لە هەڵگیرساندنی ئەم جەنگە، لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی ساردەوە ئەو سیستمە نێودەوڵەتییە تاک جەمسەرییە بڕیاری دابو کە ئاسایشی ڕووسیا بپارێزێت و دەستدرێژی نەکاتە سەر سنورەکانی، ڕووسیاش بەو مەرجە دانی نا بە سیستەمی نوێی جیهانیدا. کەچی لە خوارەوە بۆ سەری سەرەوە دراوسێکانی ڕووسیایان کرد بە ئەندام لە ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا، لە خوارەوە بۆ سەرەوە، لە بن لووتی ڕووسیادا چەکی ئەتۆمی و مووشەکی دوورهاوێژیان جێگیر ئەکرد. ڕووسیا پێی ووتن هیچمان داوانەکردووە و دەستدرێژییش ناکەین، تەنها ئاسایش و ئاسایشی خۆمانمان ئەوێت.
دوانزەهەم/ ڕووسیا لەکاتێکدا تەنگی بە ناتۆ و ئەمریکا هەڵچنیوە، کە هەم زستانێکی سەختە، هەم هەڵبژاردن لە ئەمریکا لە ڕێگایە کە بە زیانی دیموکراتەکان و بایدن ئەشکێتەوە. جگە لەوەی هەر لە بەرەی ڕووسیاو ئێرانەوە لە ڕێگەی حیزبوڵڵای لوبنانەوە، هێرشی درۆنی ئەکرێتە سەر کێڵگەی گازیی “کاریش-Karish” لە ئیسرائیل و، کابینەی حکومیی ئیسرائیلیش بەشێوەی کاربەڕێکەر بە سەرۆکایەتی “یائیر لاپید” لە بەردەم هەڵبژاردن و مملانێی نێوخۆییدایە. هەروەک هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەولێری پایتەختی کوردستان بەبێ ئاگاداری ڕووسیا نەبووە.
سیانزەهەم/ لەگەڵ گرانبونی نرخی سووتەمەنی و کەمبونەوەی گازی سروشتی و نەوت، بە هەزاران کارگە لە ئەوروپا داخراون. ئەمەش وایکردووە کاڵای ئەوروپی گرانتر بێت و کاڵای چینی بە هەرزان بازاڕەکانی خۆرئاوا بتەنێت.
سەرئەنجام و گفتوگۆ
بەپێی تیۆرەی “ڕیالیزم” لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، هەڕەشەکان لە دەرەوە دێن، کاتێک دەوڵەت -هەرێم یاخود کیانی نیشتیمانی (هێز-Power) ی کەم ئەبێتەوەو (هەیبەت-Prestige ) ی نامێنێت ئەوە بەهۆی ئەو گۆڕانکارییە ئەمنی و سەربازییانەوەیە کە لە ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتییدا دێنە ئاراوە.
لەبەر ڕۆشنایی ئەو تێکستانەی سەرەوەدا.. چاوەڕوان ئەکرێت ئیدارەی بایدن و کابینەی نوێی شانشینی بەریتانیا بەسەرۆکایەتی “لیز ترەس” چەندین سیناریۆ بۆ ڕووبەڕووبونەوە بخەنە مەیدانەکەوە لەسەر ئاستی جیاجیا. یەکێک لەوانە لە عێراق و ئێران و ناوچەی دەریای سپی ناوەڕاست “مێدیتریانە-Mediterranean” دا ڕووبەڕووی مەترسییەکان ئەبنەوەو بەدوای دەرفەتەکاندا ئەگەڕێن:
٭ لە ئێران نا-سەقامگیریی و ناڕەزایەتییەکان بەردەوام ئەبن.
٭ لە عێراق ڕۆڵی سەدرییەکان زیاتر ئەبێت.
٭ لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاستیش گازی سروشتی قوبرس و ئیسرائیل و میسر پەرەی پێ ئەدرێت بە بۆڕییە (1900) کیلۆمەترییەکەدا ئەچێتە یۆنان.
٭ هەر جموجوڵێکی هەرێمی کوردستانیش بەبێ لۆبی کردنی بەهێز لە دەرەوە، بە بێ بونیادنانی خێرای ژێرخانێکی ئابوریی و سەربازیی، بە بێ یەکڕیزی و لێک تێگەیشتنی ناوخۆیی و وانە وەرگرتن لە هەڵەکانی ڕابردوو، هەرێمی کوردستان ئەخاتە بەردەم مەترسی گەورە، چونکە دەمێکە ئێران و تورکیا پێکەوەو بە جیاجیاش ئەیانەوێت کورد لە پرسی ووزە دوور بخەنەوە.
٭ لە حاڵەتی نا-سەقامگیریی باڵانسی هێزدا، برۆکەرەکان “دەستگێڕە سیاسی و بازرگانەکان”ن. لە کەنداو بن، یان نێردەکانی ئەمریکا، یاخود کەسانی باڵادەستی کورد خۆی بن لە بەغدا ئامادەن دۆسیەی کورد بکەن بە قوربانی بەرژەوەندیی تایبەتی خودی خۆیان، ئەوانە دەستگێڕن، خاوەنی پرس و ناسنامەی دیاریکراو نیین.
٭ لە باری ئێستادا (60%) هێڵی بۆڕی کوردستان و بەبازاڕکردنی نەوتەکەی لەلای کۆمپانیای ڕۆس نەفتە، (53%) کێڵگە نەوتییەکانی عێراق کۆمپانیا چینیەکان بەڕێوەی ئەبەن، ڕۆژانەش چین (1) ملیۆن بەرمیل نەوتی عێراق بۆ خۆی هەڵ ئەگرێتەوە کە ئەکاتە نزیکەی (40%) ی نەوتی عێراق، چینیەکان مۆڵەتی پەرەپێدانی “پاڵێوگەی فاو”یان لە بەسرە بە (٧) ملیار دۆلار لە ساڵی (٢٠٢١)دا وەرگرتووە.. هەرچی ئێرانیشە بوونێکی سەربازیی و سیاسیی زۆر بەهێزی لە عێراق هەیە. ئەم زانیاری و ئاماژانە نیشانی ئەدەن کورد پێویستی بە بوونێکی بەهێز هەیە لە بەغدا لە ڕێگەی تیمێکی بەهێز و متمانە پێکراوەوە.
” بەهرۆز جەعفەر؛ سەرۆکی پەیمانگەی میدێتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی، دکتۆرا لە پەیوەندییە ئابورییە نێودەوڵەتییەکان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت