سەرکۆ یونس: ئۆپێک پڵەس، لەنێوان مۆسکۆ و واشنتۆندا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دواجار “ئۆپێک پڵەس” ئاستی بەرهەمهێنانی کەمکردەوە لەپێناو پاڵپشتکردن لە نرخەکەی، واشنتۆنیش ئەم هاوپەیمانییەتیە بەوەستان لەگەڵ ڕووسیا دادەنێت.
وڵاتانی هاوپەیمانی” ئۆپیک پڵەس” کەپێک دێن لەوڵاتانی ڕێکخراوی هەناردەکاری نەوت(ئۆپیک) و بەرهەمهێنەرانی دەرەوەی ئەم ڕێکخراوە لەنێویاندا، ڕووسیا.
لەمیانەی کۆبونەوەی ڕۆژی چوارشەممە لەڤییەنا، بڕیار درا بەکەمکردنەوەیەکی گەورە لەبەرهەمهێنان، بەڕێژەی دوو ملیۆن بەرمیل لەڕۆژێکدا، لەمانگی نۆڤەمبەرەوە.
لەبەرامبەردا، کۆشکی سپی، ئەم هەنگاوە بەوەستانی ئۆپێک لەتەنیشت ڕووسیا دادەنێت، تەنانەت سەرۆک بایدن، بەبڕیارێکی کورتبین ناوی دەبات و بێ هیوایی خۆی لەبڕیارەکە ڕاگەیاند.
بڕیاری هاوپەیمانی وڵاتانی ئۆپیک پڵەس، لەکۆبونەوەی چوارشەممە، بەکەمکردنەوەی پشکی بەرهەمهێنانی نەوت بەشێوەیەکی گەورە، لەپێناو پاڵپشتی نرخی زیانلێکەوتوو، لەترسی داکشانەوەی ئابوەی، لەم قۆناغی هەڵاوسانەدا دراوە.
ڕەخنەکانی ئەمەریکا بۆ ئەم هەنگاوە، کۆشکی سپی، ڕێکخراوی ئۆپیکی، بەپاڵپشتی و لایەنگیری رووسیا ناودەبات، بەتایبەتی رەخنەی ئەمەریکا، لەقەبارەگەورەکەی کەمکردنەوەکەیە، ئەم بڕیارە، بەهەڵە ناودەبەن.
ئەگەر بڕیارەکەی ئۆپیک پڵەس لەمانگی داهاتوودا، جێ بەجێ بکرێت، واشنتۆن ناچار دەبێت، قەبارەی خستنەڕووی نەوت لەیەدەگی ستراتیژی نەوتی وڵاتەکەی زیاتر بکات، وەک هەوڵێک بۆ دانانی سنورێک لەبەرزبونەوەی زیاتری نرخی نەوت.

بێگومان، ئەم بڕیارەی هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس، بەرهەمی نەوت، کەمتر دەچێتە بازارەوە، کەخۆی لەبنەڕەتدا، پێویستی بەبڕی زیاتر هەیە. هەرچەندە ئەمەریکاو ڕۆژئاواییەکان، فشار دەکەن بۆ زیادکردنی بەرهەمی نەوت، کەبوو بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت بۆ نزیکەی 90 دۆلار/بەرمیل، دوای ئەوەی لەماوەی سێ مانگی ڕابردودا گەشتە 120 دۆلار، دەرئەنجامی ترس لەداکشانەوەی ئابوری، هەروەها بەرزکردنەوەی نرخی سوودی ئەمەریکا، بەرزبونەوەی بەهای دۆلار.

فشارەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ڕێکخراوی ئۆپیک بەردوام بووە، هەتا هەنگاوی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان نەدەن، ئەمەریکا، پێ ی وایە کەبازاڕ بەکەمکردنەوەی بەرهەمهێنان سەقامگیر نابێت، لەبەرئەوە ترسی واشنتۆن لەسەر بڕیارەکە گەورەیە.
بەرزبونەوەی زیاتری نرخی نەوت، ئیدارەی سەرۆک بایدن، زیاتر تووڕە دەکات بەرامبەر هاوپەیمانەکانی، هەروەها مەترسی ئەوەیان هەیە، توڕەیی و نارەزایی گەلی ئەمەریکایان بەسەردا بتەقێتەوە، هەربۆیە پێشبینی دەکرێت، کەواشنتۆن هەندێ کار بکات، لەوانە خستنەڕووی قەبارەی گەورە لەهەڵگیراوەکانی.

لەلایەکی ترەوە، شانشینی سعودی، ڕایگەیاند، کەهاوپەیمانی وڵاتانی ئۆپیک و بەرهەمهێنەرانی دەرەوەی ئۆپیک، کەئەوان هەوڵی ڕێگریکردن لەهەڵبەزودابەزی نرخ دەگرن، ئامانجیان بەدەستهێنانی نرخێکی دیاریکراوی بەرز نی یە بۆ نەوت.
لەلایەکی ترەوە، بەم هەنگاوە، ئۆپیک پڵەس، دەیسەلمێنێت کەتوانای هەیە، لەهەر بارودۆخێکدا گۆڕانکاری لەقەبارە و نرخی نەوتدا بکات.

شەڕی ووزە
ڕۆژئاوا، ڕوسیا تاوانبار دەکات، بەقۆستنەوەی ووزە وەک چەکێک وبەدروستکەری قەیرانەکانی غازو کارەبا لەئەوروپا دادەنێت، بەتایبەت لەم زستانەدا.
سەرەڕای بڕیارەکە، بەڵام شارەزایان پێیان وایە، زۆر کاریگەر نابێت لەسەر ئابوری جیهانی، تەنها ئامانج لەم بڕیارە، گەرانەوەی هاوسەنگی نرخە.
لەبەرامبەردا، مۆسکۆ، ڕۆژئاوا تاوانبار دەکات بەبەرزکردنەوەی بەهای دۆلارو دەرکردنی روسیا لەسیستەمی دارایی(سۆیفت) وەک پەرچەکرداری ناردنی سوپای ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لەمانگی شوباتی ڕابردودا.
لەهەوڵەکانی واشنتۆن، کە ئارەزوویەتی نرخی نەوت بەنزمی بمێنێتەوە، بۆئەوەی هیچ نەبێت، مۆسکۆ بێ بەش بکات لەداهاتی فرۆشتنی نەوت.
لەلایەکی ترەوە، پەیوەندی ریاز و ئیدارەی بایدن، لەوپەڕی خراپیدایە، هەرچەندە سەرۆک بایدن لەمساڵدا سەردانی سعودیەی کرد، بەڵام بێ ئەنجام بوو لەهاوکاری شامحمدی جێنیشین لەبواری ووزەدا.
هەرچەندە، لێدوانی وڵاتانی ئەندام لەئۆپیک، دڵنیایی ئەوە دەدەن کەبڕیاری ئەمجارەیان هونەرییە و سیاسی نی یە. ترس لەروودانی داکشانەوەی ئابوری جیهانی، پاڵنەری کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتە.
شایانی باسە، بەم بریارە، نرخی نەوت بەرزبونەوەی بەخۆوە بینی، نرخی خاوی برێنت بە 92 دۆلار/ بەرمیل، جێگیر بووە.
لەلایەکی ترەوە، بەهۆی ناسەقامگیری سیاسی و ئابوری جیهانی، هەرچەندە نرخی نەوت بەرز ببێتەوە، لەبەرامبەردا، نرخی شمەک وکاڵاکان، زیاتر دەبن، ئەمەش بەشێکی بەهۆی بەرزی تێچونی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی لەوڵاتانی بەرهەمهێنەرەوە بۆ وڵاتانی بەکاربەر، دیاردەی هەڵاوسان بەرفراوانتر دەبێت.
هەرێم وعێراق
ئەوەی پەیوەندی بەهەرێم وعێراقەوە هەیە، بێ گومان، لەبەرئەوەی عێراق، ئەندامی سەرەکی ڕێکخراوی ئۆپیکە، لەبەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتدا، برەکەی کەم دەبێتەوە، واتە کەمتر نەوت هەناردە دەکات.
بەغدا، ناچارە و فشاریش دەکاتە سەر هەولێر کەبڕی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی کەمبکاتەوە بەڕێژەیەک، کەواتە هەردوولا(بەغدا وهەولێر) ناچار دەبن هەناردە کەمبکەنەوە، کەمبونەوەی هەناردەش، واتە ڕێژەیەک لەداهاتی نەوت کەمدەکات، بەڵام ئەگەر نرخی نەوت لەسەروو 100دۆلارەوە بێت، بێگومان بەو نرخە، بۆشایی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن، پڕدەکاتەوە.
بەکورتی، هەر گۆڕانکارییەک لەنرخی نەوت، ڕاستەوخۆ، داهاتی عێراق و هەرێم، گۆڕانی بەسەردا دێت، چ بەدابەزین بێت یان بەرزبونەوە.

* ئابوریناس

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت