محەمەد عەبدوڵا: سنوورەکانی ژێر پێی عەلی کەریمی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

نووسینەوەی یادەورەی لەلایەن شایەتحاڵ و کارەکتەری ڕووداوەکان کارێکی گرنگە و دەبێتە دۆکیۆمێنتی نووسینەوە و ڕاڤەی مێژوویی بۆ نەوەکانی داهاتوو، بۆ پێداچوونەوەی هەڵەکانی ڕابردوو، بۆ خوێندنەوەی خوودی دوێنێ و نووسینەوەی خوودی داهاتوو.
بێگومان سوودەکە هەر بۆ مێژوو نییە، چونکە ڕێژەیەکی زۆرمان هاوسەردەم و لەناو ڕووداوەکاندا بووین، ئێستا لە ڕێی ئەم بیرەوەریانەوە کاتیەتی بزانین ئەوێ ڕۆژێ چی ڕوویدا، چی بوو لە ئێمە نهێنی و ئەوان نەخشەی ژیانمانیان پێ کێشا.
یەکێک لە باوەکانی ئەم ساڵانەی دوایی لە نێو شۆڕشگێڕەکانی دوێنێی کوردایەتییدا، نووسینەوەی بیرەوەری و یادەوەرییەکانی ئەو ڕۆژانەیە، کە گەلێک لەلایەک سووتمەی ژێر نەیری شۆڕشەکەی ئەوان و لەلایەکی دیکەشەوە شپرزە و کەلاکەلای ژێر زەبری دڕە بەعسیاندا بوو. ئەمڕۆ دەستیان داوەتە قەڵەم بۆ نووسینەوەی یادەوەریەکانیان، بەڵام بەو پێوەرەی خۆیان دایانناوە، کە بەدڵنیاییەوە لە حوکمڕانیەکەیان عادیلانەتر نییە.
وەک ئارەزوویەکی تایبەتیم و خولیام بۆ مێژوو، گرنگی زۆر دەدەم بەو یادەورییانە، ئەوەندەی بۆم کرابێت زۆربەیانم خوێندۆتەوە و کارم لە هەندێکیاندا کردووە. بەشی زۆریان لەڕووی شێواز و نەریتی یادەوەری نووسینەوەوە ناچنە ژێر چەتری هیچ پێوەرێکی ئەو ژانرەی ئەدەبیاتەوە و خاوەنەکانیان چۆنیان ویستبێت ئاوا نووسیویانەتەوە، بۆیە کەمیان هەیە کێشەی زمان و ڕێکخستنی زنجیرەیی بابەت و ڕووداوەکانیان نەبێت و لە دەرەوەی پێوەری زنجیرەی ڕۆژژمێردا نەبن. ئەوەی بەشێکی زۆریان کۆدەکاتەوە، بچووک کردنەوەی بەرامبەر و خۆ بەگەورە و فریشتە دەرخستنە.
جەواد حەیدەری هاوڕێم وەسفێکی جوانی ئەو لێشاوە یادەوەرییانەی کرد و وتی: “هەندێکیان زۆر ڕاستگۆیانە درۆمان بۆ دەکەن”، ئەم وتە سادەیە هەڵگری واتایەکی قووڵە، ئەوان باسی مێژوویەکی ناشرین دەکەن و دڵنیان ڕۆژێک دادێت لەسەر زۆر ڕووداو بکەونە بەردەم نەشتەری لێکۆڵینەوەوە، بۆیە هەر کەس ئازابێت ئەمڕۆ خۆی بەفریشتە دەربخات و هاوڕێکانی بکاتە شەیتان.
ئەمەی سەرەوە مانای وانییە، ئەگەر کەمیش بێت، کاری باش نەکرا بێت، یادەوەرییەکانی عەلی کەریمی یان سنوورە ژێرپێخراوەکان، دانەیەکی دانسقەیە لەو یادەوەرییانەی بەڕاستی شایەنی خوێندنەوەیە، من دووجار خویندوومەتەوە، کەریمی زۆر سادە و ڕاستگۆیانە دەستپێدەکات و بە زمانێکی میللی پاراوی موکریانی دێتە گۆ، دەمانباتەوە نێو گوندەکانی ئەمدیو و ئەودیوی ناوچە ئازادکراوەکان و بەنێو شار و دێهاتاندا دەمانگێڕێت و ڕۆژگاری جۆش و خرۆشی شۆڕشمان لە دیدگایەکی ڕەخنەئامێزەوە بۆ شیدەکاتەوە، وەک کارەکتەرێکی چاونەترس ڕووداوەکانمان بۆ باس دەکات و ڕاستیەکانمان وەک خۆی دەخاتە پێش چاو، سڵ ناکاتەوە ئەم ڕووداو یان ئەویدی زیان و لەکە بێت بۆ خوودی خۆشی. من نامەوێت لە ڕووی ڕاستگۆیی و بابەتیبوونی نووسینەکانیەوە هیچ بڵێم، چونکە دەزانم زۆر باسدەکرێت، ئەمما گەرەکمە هەندیک لەو سنوورانە بێنمە پێش چاو کە عەلی هەڵیتەکاندوون.
عەلی کەریمی لە بنەماڵەیەکی دێرینی شاری سابڵاغێوە هاتووە، کە پەروەردەی ناو شار و ژیانی مەدەنی بوون و خوێندەوار و سەوداسەری بازرگانی بوون، خانەوادەکەی هیچ کاتێک لە هەستی کوردبوون دانەبڕاون و تێکڕا تێکەڵی ڕووداوەکانی کۆمار بوون و خۆیان بە بەشێکی دانەبڕاوی داناوە، سێبەری عولەما زەبیحیی خاڵیان بەتەواوی خانەوادەکەوە دیارە، بۆیە سەیر نییە هەر لە تافی لاویی یان مێردمنداڵییەوە، عەلی کەریمی تێکەڵی گەمەیەک دەبێت کە وەک تەمەن زۆر لەخۆی گەورەترە، ماڵەکەیان لێرەوە دەبێتە کاروانسەرا بۆ پێشمەرگە و تێکڕای سەرکردەکانی یەکێتی نیشتمانی، کە ئەوکاتە شۆڕش لەمدیو هەڵایسابۆوە و ئێران تاکە ڕێگە و پشتوپەنا بوو بۆ کادرەکانی ئەو سەردەمەی یەکێتی، بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەبوو ماڵی بابی عەلی کەریمی پشتوپەنا بوو نەک حکومەتی ئەو کاتەی ئێران.
وەک خۆی دەیگێڕێتەوە؛ لە ماڵی جنۆکەکانەوە سەرکێشیەکانی عەلی دەستپێدەکەن و تا بێ ئاگایی خۆی دەکەوێتە نێو دنیای سیاسەتەوە، ئەم مێردمنداڵە کەمتەمەنە کاتێک چاو دەکاتەوە خۆی لە بەردەم یەکەیەکەی سەرکردەکانی ئەو کاتەی شۆڕشدا دەبینێت و ماڵەکەی بابی دەبێتە خانەخوێیان، بۆیە لەو تەمەنە کەمەوە دەبێتە هاوڕێی ئەوانێک کە تەمەن و ئەزمونیان زۆر لەم گەورەترە، دەروازەیەکی بۆ دەکرێتەوە تا ئاگاداری ئەودیوی ڕووداوەکان بێت، بۆیە هەر لەو کاتەوە ئەندامی خوان و ئەنجومەنی سەرکردەکان بووە.
باسی دەکات و دەڵێت بە هەزار فەلاکەت کاسێتی سروودەکانی شۆڕشی بۆ میوانە نهێنیەکانی پەیداکردووە تا لە کاتی بێزاریدا گوێی بۆ ڕادێرن، کەچی نەوشیروان مستەفا ناچار دەبێت داوای گۆرانی فارسی لێبکات، ئەمە بۆ لاوێکی سەرمەستی کوردایەتی سەیربووە. ئەم گێڕانەوەیە دیدی خەڵکی سابڵاغ دەردەخات کە وەک مرۆڤی نائاسایی و ژوورمرۆڤ لە پێشمەرگەیان ڕوانیوە، لەکاتێکدا ئەوانیش مرۆڤن و حەزو ئارەزوویان هەیە.
ئەم دەرفەتانە دەروازەن تا عەلی کەریمی لە یادەوەریەکانیدا زۆر بەسادەیی، بەڵام زیرەکانە، مێژووی هەر دوو کۆمەڵەی ئەمدیو و ئەودیو بە جۆرێکی جیاواز بگێڕێتەوە، لە باسی وردەکاری خۆپیشاندان و داواتر شەڕی پێشمەرگانەدا، لەودیو ڕووداوەکانەوە بەجۆرێکی دیکە دەیانگێڕێتەوە، کە بەلای منەوە گێڕانەوەی کەسێکی ئاسایی نییە و هەر بە تەنیا ڕاستیەکانیش دەرناخات، بەڵکو وەک دەروونشیکارێکی بە ئەزموون دەچێتە قوڵاییەکانەوە و هەست و نەستی پێشمەرگە و خەڵکیش دەخاتە نێو یادەورییەکانییەوە.
لەم کتێبەدا لە ڕێی ژیاننامەی خۆیەوە، کە ڕاستییەکەی وەک ڕۆمانێک خۆی دەخەمڵێنیت، عەلی کەریمی ئەڵقەی مێژوویەک باسدەکات، نوێیە و دەکرێت ببێتە پێگەیەک بۆ هاندانی توێژەران تا کنە و پشکنین لە مێژووێکدا بکەن کە تا ئێستاش بە سۆز و چاوبەستی کوردایەتی و حیزبایەتی ڕاستیەکانی دەشێوێنرێت.
نووسەر لەم کتێبەدا مێژوو وەک خۆی باسدەکات، سڵ لە ڕاستی وتن ناکاتەوە، خۆی ناکاتە پاڵەوان و لە ئاستی کەس کەم ناکاتەوە، بەسۆزی حیزبایەتیەوە ڕتوشی شۆڕش ناکات، لەبەر هیچ کەسێک باز بەسەر ڕووداوەکاندا ناکات، حیزب وەک خۆی دەردەخات و نایباتە پلەی فریشتە، ئەمانە و چەندین سنووری دیکە تێکدەشکێنێت، کە دەبوو پێش عەلی کەریمی سەرکردە پلە باڵاکان ئاویان لە جۆگەی ڕاستبێژیەکان بکردایە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت