سانا نەوزارد: هێزی پێشمەرگە لە نێوان سوپایەکی ڕێکخراو ومیلیشیای حیزبیدا؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پاراستن و ئاسایش یەکێکە لە هۆکارە سەرەکیەکان کە ئێمە دووردەخاتەوە لە دڵەڕاوکێ و ئازادی و بەرەوپێشچوون، یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی پاراستن ئەرکی دەزگاو کارمەندە ئازاکانی پاراستن و سوپایە. سوپا بەتایبەتی کە ئەرکێکی گەورە و مەترسیداریان هەیە ئەویش پاراستنی خاک و هاونیشتمانیانە لەگەڵ ئەوەشدا نیشانەی بەهێزی و پلەو باڵایەتییە لە مەیدانی سیاسی و دنیای ئیمڕۆدا، هاوڵاتیان بڕوای تەواوەتیان بە دڵسۆزی و ئازایەتی سوپا هەیە و بە واتایەکی تر گیان و ماڵیان لە دەستی ئەواندا دەبێت. بەڵام سوپا و دەزگا حوکمیەکانی پاراستن و ئاسایشی وڵاتێک، یاخود هەرێم و ناوچەیەک لە هەندێک کاتدا دەبنە هۆیەک نەک بۆ ئاسایش و پاراستن بەڵکو دەبنە مەترسی بۆ سەر گیانی هەموو تاکێکی هاو نیشتمان و نەتەوەیان ئەگەر پەرتبن و دڵسۆزی خاک و خەڵکی خۆیان نەبن کە ئەمە پێچەوانەی ئەرک و پیشەکەیان دەبێت. لێرەدا ڕوونی دەکەینەوە کە سوپای ڕێکخراو و دڵسۆز بەراورد بە میلیشیا، وە میلیشیا خۆی چیە و کێ بە میلیشیا پۆلێن دەکرێت، وە ئایا هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ئێستادا دەکەونە کام پۆلێنەوە؟
میلیشیا : بریتییە لە هێزێکی چەکداری ناڕێکخراو لە ڕووی ژمارەو چەک و ڕاهێنانانەوە. وە هەروەها هێزەمیلیشیایەکان سەر بەلایەنێکی دیاریکراون و بۆ مەبەستی سیاسی و مەرامی تایبەتی لایەنێک بەکاردێن کە ئەمەش پێچەوانەی پێناسەی سوپا و هێزە سەربازیە ڕێکخراوەکانە. کە سوپا بریتییە لە هێزێکی سەربازی فەڕمی ڕێکخراو و ئەرکی پاراستنی دەوڵەت و خاک و هاونیشتمانیانە دڵسۆزی بۆ هیچ لایەنێکی تر نییە لە ڕووی ژمارەوە دیاریکراون و جل و بەرگ و ڕاهێنان و چەک و پێداویستی دیاریکراویان هەیە کە جیایان دەکاتەوە لە هەموو هێزەکانی تر، لە هەمووی گرنگتر سوپا هێزێکی سەربازی فەڕمی دانپێدا نراوە لە دەستوردا بە پێچەوانەی چەکدارە میلیشیاکانەوە، کە بە چەکدار و مەترسی دادەنرێن. بە پێی ئەم پێناسانە بێت هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان هێزێکی نیزامی و دەستوریە و لە هەمان کاتدا ڕەنگدانەوەی پێناسەی میلیشیابوونیان بە تەواوی تێدا ڕەنگدەداتەوە !
هێزی پێشمەرگە سوپایەکی نەتەوەی هەرێمییە وە بەشێکە لە هێزی چەکدارى عێڕاقی، بەپێی ئەوەی کە سیستەمی عێڕاق فیدڕاڵیە و هەرێمی کوردستان بەشێکە لە دەوڵەتی عێڕاقی. بەپێ دەستوری عێڕاقی مادەی (121) بڕگەی 5 هاتووە کە هێزی پێشمەرگە بە پاسەوانى سنوریش ناوبراون ، لە کاتی بوونی هەر مەترسیەک بۆ سەر خاکی عێڕاق و لە کاتی بوونی هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر سەروەری عێڕاق هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ سوپای عێڕاقدا بەرگری لە خاکی عێڕاق دەکەن. لە کاتێکدا بەهەمان شێوە ئەگەر بێنین هیزەکانی پێشمەرگە بەراورد بکەین بە هێزی چەکدار و میلیشا، بە ڕوونی دیارە کە ئەمە هێزێکی لایەنداری، پەرتن، کە شێوازی جیاکردنەوەیان بەسەر لایەن و کەسایەتی حزبی و بەکارهێنانیان بۆ مەبەست و مەرامی دیاریکراو جگە لە ئەرکە سەرەکیەکەیان ئەمە بەڵگەیە بۆ ئەوەی کە هێزەکانی پێشمەرگە لە ڕێگەیەکی چەوتدایە و مەترسی دروست دەکات. هۆکارەکانی بوونی هێزەکانی پێشمەرگە بە میلیشیای حزبی بریتیە لە حزب و کەسایەتییە سیاسی و بەهێزەکان، کە بە بەکارهێنانی ئایدۆلۆژیا و ئابووری و توندوتیژی توانراوە هەر لایەنە ببێتە خاوەنی پێشمەرگە و چەکداری خۆی و بەکارهێنانیان بۆ خواستەکان و بەهێزکردنی توانا و قایمکردنی کورسی و پلەکانیان و گەرەنتی مانەوەیان لە پلەو پۆستدا.
ئەوەی دیارە لە ئێستادا هێزەکانی پێشمەرگە بە ڕێژەیەکی زۆر دابەش بوون بەسەر دوو حیزبی باڵادەستی هەرێمی کوردستان و جیاکراونەتەوە لە ڕووی ناو، یەکە ،و جل و بەرگ و دڵسۆزی و چەک و هێزەوە. نەک تەنها ئەم دوو حیزبە بەڵکو حیزبە بچووکەکانیش خاوەن پێشمەرگەی چەکدار و لایەندارن. ئەمەش هەمووى زۆر ڕوونە کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان مێژووی ڕەگی دابەشبوونیان زۆر لە مێژە، بەڵام ئەمە هەر لە سەرەتاوە هەڵە بووە. نەبوونی دیموکراسیەت ، هەڵپەی هێز و پارە، هەوڵدان و بەکارهێنانی هێز بۆ بەرژەوەندی تایبەتی ئەمانە هۆکاری زۆرن بۆ ئەم دەرەنجامەی ئێستا .
مەترسی ەکانی بوونی سوپا بە هێزی حزبی و میلیشیا زۆرن و خوێناوین، یەکێک لە دیارترین مەترسیەکان کە خودی کورد پێیدا تێپەڕیوە برییتی بووە لە شەڕی ناوخۆ ( برا کوژی ) بەڵی َ ! ڕێک بەشە ناخۆش و تاڵەکە ئەمەیە کە هاو نەتەوە و زمان و هاو خاک یەکتر دەکوژن و ئازارێکی ساڕێژنەبوو دروست دەکەن. لە پێناو چی؟ سەرکەوتنی حزبێک کە لە کۆتاییدا ئەگەریش سەرکەوێت ئەوانەی کەسیان کوژراون بەهۆی ئەو لایەنەوە چاوەڕێی ئەوە ناکرێت کە لەلایەن بەشێکی کۆمەڵگاکەیەوە قبوڵ بکرێت و بە خەمخۆر سەرۆک دابنرێت چوونکە ئەو بۆ بەدەست هێنانی دەسەڵات بە خوێنی هاوڵاتیانی خۆی هاتبێت ، ئەوا لە بوونی بە دەسەڵاتدار و سەرۆک خوێنی لایەکەی تریش دەڕژێت بۆ مانەوە و فەڕزکرندی خۆی و مەرامەکانی. کەواتە میلیشیا لەکاتی بوونی زەرەرە لەکاتی نەمانیشی ئەو زەرەرانەی دروسی کردووە زۆر بە قورسی و خاوی کەم ئەکرێتەوە!
درک بەم مەترسی و هەڵەی بەکارهێنانی سوپا و هێزە حوکمیەکان کراوە بەلایەنی کەم ئێستا هەموو ئاگادای مەترسیەکانن کە ڕووبەڕوویان ئەبێتەوە لە دەرەنجامی ئەم هەڵەیە، بەڵام بە دڵنیایى چارەسەرەکەی قورسە و ئاسان نییە و ڕێگریەکان جدین. لەهەمان کاتدا ئیشیشی بۆ کراوە و دەکرێت بەڵام ئەم مەسەلەیە ڕیشەییە و ڕێگر و ئاستەنگی زۆرە ، خۆشبەختانە بەئاگایی و هوشیارى کورد لەم مەسەلانەدا بە هەنگاوێکی گەورە دادەنرێت ئەوەی ماوە پلاندانان و ئیشکردنە لەسەری کە ئەمەش هەوڵی بۆ دراوە تەنها ئیرادەی کورد و سیاسیەکانی پێویستە بۆ بەدیهێنان، بە هیوای چارەسەر بوونی ئەم کێشەیە لە ڕیشەوە کە دەبێتە هۆی کردنەوەی دەرگای چارەسەری زۆرتر بۆ کێشەکانی هەرێمی کوردستان.

سانا نەوزارد: دەرچووی کۆلیژی زانستە ڕامیاریەکان بەشی پەیوەندیە نێودەوڵەتییەکان

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت